جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکانی «گەڕانەوەیەک بۆ مێژووی سلێمانی بە نێو خوێندنگەی فەیسەڵییەدا»

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
(پەڕەی دروست کرد بە «نووسینی: '''هەڤاڵ رەوف یەحیا''' وێنۆک پێشەکی: ‌سته‌مه‌، که‌ باس بێته‌ سه‌ر باسی خوێندنگەکانی سه‌ده‌ی رابردووی شاری '''سلێمانی''' و باسی خوێندنگەی فەیسەڵییە نەکرێت، فەیسەڵییە تەنها ناوەندی خوێندن و زانست و خوێندنگە و ناوەند...»ەوە)
(بەبێ جیاوازی)

وەک پێداچوونەوەی ‏٢٢:١٧، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

نووسینی: هەڤاڵ رەوف یەحیا

72112022 wena.jpg

پێشەکی:

‌سته‌مه‌، که‌ باس بێته‌ سه‌ر باسی خوێندنگەکانی سه‌ده‌ی رابردووی شاری سلێمانی و باسی خوێندنگەی فەیسەڵییە نەکرێت، فەیسەڵییە تەنها ناوەندی خوێندن و زانست و خوێندنگە و ناوەندێکی په‌روه‌رده‌ یان هەر سەنتەرێکی برایەتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکو تەلارێکی جوان و خاوەن مێژوویەکی شکۆمەند و پڕ سەروەری بوو، لەم سەنتەرەوە بەشێک لە کەسایەتییە دیارو گرنگەکانی شاری سلێمانی لەژێر دەست و كاریگه‌ریی کۆمەڵێک مامۆستای دڵسۆزو نیشتمانپەروەردا بیر رۆشنکران و ئەوانیش نەوەی دوای خۆیان رۆشنترکرد.

دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ کە خوێندکاری خوێندنگەی فەیسەڵییە بووە، لە دوای خوێندنگەی غازی، دواتریش بووە بە مامۆستا لە هەمان خوێندنگەدا. بەم جۆرە باسی خوێندنگەکە دەکات: «ساختمانی (کۆشکی گەورە) خوێندنگەی فەیسەڵییە کە پێشتر بینای روشدی عەسكەری تورك بوو، مامۆستا مستەفا عەبدولكەریم مەزهەر كردی بە خوێندنگەی فەیسەڵییە. خوێندنگەی فەیسەڵییە ئەو خوێندنگەیە بووە كە چەندین مامۆستای زانا، یان لەوێ مامۆستابوون یان خوێندکار، كە ئێمە كردمان بە بازاڕی عەسری، ئەو جۆرە ساختمانانە، لە وڵاتان هەڵدەگیرێت، بەڵام لێرە كرا بە بازاڕ، تەنانەت جۆری بیناكردنەكەشی تایبەتی بوو، هی دەورانی عوسمانی بوو، بەڵام ئێمە ئاوامان لێكرد، لەبەرئەوەی خزمەتی شارەكە و خوێندەواری زۆری كردووە».

مێژووی خوێندنگەی روشدییەی سەربازی

سەعید پاشای کوڕی حسێن پاشای کوڕی ئەحمەد ئاغای خەندان، لە حوجرەکەی خواجه ئەفەندی، داوا لە تەحسین پاشا والی ولایەتی موسڵ دەکات، کە بەسەردانێک بۆ شاری سلێمانی هاتبوو، لەسەر بودجەی میری، خوێندنگەیەک بۆ شاری سلێمانی دروست بکات. لەدوای رازیبوونی والی، دەستدەکرێت بە دروستکردنی یەکەم خوێندنگەی رەسمی لە سلێمانیدا، مامۆستا (خواجه ئەفەندی) ش دەبێتە یەکەم مامۆستای خوێندنگەکە و نازناوی خواجە (مامۆستا) شی پێ دەبەخشرێت.

تەلاری خوێندنگەی روشدییەی سەربازی، لە ساڵی 1889 دا دروست کراوە و لە مانگی ئابی ساڵی 1891 دا کراوەتەوە، بریتیبووە لە دوو پۆل، خوێندکارانی پۆلی یەکەم لە مانگی ئاداری ساڵی 1895 دا نێردراون بۆ خوێندنگەی ئیعدادی عەسکەری بەغدا و لە وێشەوە لە دوای سێ ساڵ، واتە لە مانگی ئاداری ساڵی 1898 دا نێردراون بۆ حەربییەی ئیستانبوڵ. لە ساڵی 1903 دا بودجەی خوێندنگەکە 150 لیرە بووە و 13 مامۆستا و 106 خوێندکاری هەبووە.

مێژووی خوێندنگەی فەیسەڵییە

بۆ گۆڕینی خوێندنگەی روشدییەی سەربازی بۆ خوێندنگەی فەیسەڵییە چەند بۆچونێکی جیاواز هەیە:

بۆچونی یەکەم: بە پێی بۆچوونی هەندێک لە رۆشنبیران، مێجەر سۆن کە زمانی کوردی و فارسی بەباشی زانیوە، لە ساڵی 1919 تا 1921 لە سلێمانی حاکمی سیاسی بووە، لە ساڵی 1921 دا تەلاری روشدییەی عەسكەری کردووە بە خوێندنگەی فەیسەڵییە و زمانی کوردیشی لە خوێندنگەکان و فەرمانگەکانی شاری سلێمانیدا کردووە بە زمانی رەسمی، رۆڵی بەرچاوی هه‌بووە له‌ ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی تێگه‌یشتنی راستی لە شاری بەغدا، ساڵی 1920 چاپخانه‌یه‌كی‌ پیتی عه‌ره‌بی لە شاری بەسرەوە بۆ شارەوانی شاری سلێمانی‌ هێناوە و لە رێکەوتی 1/5/1920 دا یەکەمین ژمارەی رۆژنامه‌ی پێشکەوتنی دەرکردووە، دواترو بەهەمان چاپخانە رۆژنامەکانی بانگی كوردستان‌، رۆژی کوردستان، بانگی هەق، ئومێدی ئیستقلال، ژیانەوە و ژیان دەرکراون. هەر ئەو هۆکاری سەرەکیی رێکخستنی ئیدارەی شار و بەرقەرارکردنی یاسا و پێشخستنی زمان و کەلتوری ئەو سەردەمەی شاری سلێمانی بووە.

پیرەمێردی نەمر دەڵێت: «مێجەر سۆن زمانی کوردیی بۆ خستینە مەیدان».

محەمەد زەکی بەگ مێژوونوس دەڵێت: « ئەم زاتە (مێجەر سۆن) بەقەد کوردێک کوردی دەزانی و لە عالمێکی کورد گەلێ زیاتر شارەزای زمانەکەمان بوو». دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر ده‌ڵێت: «مێژوونووسی عیراقی ناسراو خوالێخۆشبوو عبدولڕەزاق حه‌سه‌نی، مێجه‌ر سۆن‌-ی بە مامۆستا و هاندەری کورد دادەنا، بەڵام وەک بە خۆیم دەوت: نابێت هەرگیز ئەوە لەیاد بکەین، کە سۆن بە خوێنی سەری شێخ مەحمود تینوو بوو، ئه‌وەشم عەرز دەکرد خوا ئەوانە بگرێت، کە کورد ناچار دەکەن پەنا بەرنە بەر ئینگلیز و غەیری ئینگلیز».

بۆچوونی دووەم: بە باوەڕی کۆمەڵێک روناکبیر، لە داوی گەڕانەوەی مەلیک مەحمود لەگەڵ مێجەر نۆئێل لە رێکەوتی 30 ئەیلولی ساڵی 1922 دا لە هیندستانەوە بۆ سلێمانی، بۆ بەڕێوەبردن و حوکمڕانی شاری سلێمانی، شێخ کابینەی دووەمی حوکمڕانی وەک مەلیکی کوردستان پێکدەهێنێت و بۆ جاری دووەم بۆوە بە حوکمداری کوردستان، ئاڵای کوردستانی هەڵکرد، پوولی کوردستانی دروستکرد و ئەنجومەنی وەزیرانی رێکخست، کە لە هەشت وەزیر پێک هاتبوون، مستەفا پاشای یاموڵکی کرد بە وەزیری زانیاری مەعاریف (پەروەردە)، کاری سەرەکی یاموڵکی دروستکردن و دامەزراندنی خوێندنگە بووە، پێدەچێت یەکێک لەو قوتابخانانە، خوێندنگەی فیسەڵییە بووبێت.

بۆچوونی سێیەم: بۆ سوود وەرگرتن لە نیشتەجێبوونی بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەکانی شاری سلێمانی، سەرای سلێمانی لە 1926دا بە مەبەستی گەورەکردن، سەرلەنوێ دروستدەکرێتەوە و لە ساڵی 1928 دا تەواو دەبێت، کە پێکدێت لە دوو نهۆم و 43 ژوور.

تەلاری روشدییەی عەسكەری، لە مانگی تشرینی دووەمی 1918دا بۆتە شوێنی کاری مێجەر نوئێلی حاکمی سیاسی سلێمانی، لەدوای ئەو لە 1919 تا 1921 بیناکە دەبێتە شوێنی سەربازی و کارو حوکمڕانی مێجەر سۆن، لە 1922 تا 1928 بینای روشدییەی عەسکەری دەبێتە فەرمانگەیەکی سەربازیی حوکمڕانی فەرمانبەرانی بەغدا و مێجەر گوڵد سمیسی حاکمی سیاسی ئینگلیز.

پێدەچێت لە دوای نۆژنکردنەوەی سەرای سلێمانی لە ساڵی 1928 دا، کارمەندان و فەرمانبەرانی ناو تەلاری روشدییەی سەربازی بۆ ناو سەرای سلێمانی گواسترابێتنەوە و بیناکەش لەلایەن مامۆستا (مستەفا عەبدولكەریم مەزهەر)ەوە کە ئەو سەردەمە بەڕێوبەری مەعاریفی باکوور بوو، کرابێت بە خوێندنگەی فەیسەڵییە. مامۆستا مستەفا مەزهەر خوێندکار و مامۆستابووە لە خوێندنگەی روشدییەی سەربازی، ماوەیەکیش بەڕێوبەری مەعاریفی شارەکانی باکوور بووە و لە ئیشوکاریشدا پیاوێكی بەخزمەت بووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئینگلیزەکان فراوان بووە، لەهەمان کاتدا پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی حکومەتی عیراقدا بەجۆرێک باش بووە، کە قسەی رەتنەدەكرایەوە، رەنگە هەر لەبەر ئەوەش بووبێت، کە ناوی خوێندنگەکە ناونرابێ فەیسەڵییە کە لە ناوی مەلیک (فەيسەڵ)ەوە هاتووە، بەمانای دەسەڵاتداری عادل، جگە لەوەش، بەپێی ئەو وێنەیەی کە لە بەردەستی نووسەری ئەم بابەتەدایە، لەسەر دەرگای خوێندنگە کە ساڵی 1928 وەک ئاماژەی دامەزراندنی خوێندنگەی فەیسەڵییە نووسراوە.

رووخاندنی خوێندنگەی فەیسەڵییە

Im014ages (8).jpg

لەدوای سەرژمێریی ساڵی 1957 و گەشەکردنی شاری سلێمانی، نەخشەیەکی گشتی (ماستەر پلان) لە هەمان ساڵدا بۆ گەورەکردن و بەشارستانیکردنی شار و بۆ فراوانکردنی جادە و بەردەرکی سەرا و دروستکردنی دوکان و بازاڕ ئامادە کرا. ماستەر پلانەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئینگلیزەوە، لە سەردەمی پارێزگاری سلێمانی عومەر عەلی تورکمان و ئەندازیار حەسەن رفعەت مەحمود ئەحمەد ئاغا کە سەرۆکی شارەوانی شاری سلێمانی بوو، نەخشەی بۆ کێشرا و ئامادەکرا، بەداخەوە فەیسەڵییەی شکۆدار كە جوانترین تەلاری کۆنی شاربوو، لەناو نەخشەی ماستەرپلانەکەدا بووە.

قوتانخانەی فەیسەڵییە لە ساڵی 1964 داو لە سەردەمی پارێزگار محەمەد رەشاد الحمامی رووخێنرا و لە شوێنەکەیدا نەخشە بۆ بازاڕێکی نوێ دانرا، کە دواتر ناونرا بازاڕی عەسری (1965 - 1967) کە لە دوو نهۆم پێکهاتبوو، نهۆمی یەکەم دوکان و بازاڕ بوو، نهۆمی دووەم کرا بە بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەی شارەوانیی سلێمانی.

دیارە پێش رووخاندنی خوێندنگەی فەیسەڵییە و دوای رووخاندنیشی، کۆمەڵێک بینا لە گەڕەکەکانی مەڵکەندی، شێخان، دەرگەزێن، سەرشەقام، کانێسکان، چوارباخ رووخێنران، لەوانە لە شەقامەکانی کاوە، پیرەمێرد، گۆران، مەڵکەندی، مەولەوی، سەرشەقام، کانێسکان، سابونکەران و سالم، وەک حەمامی فاتمەخان، کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا روخێندرا و خرایە سەر سەرای سلێمانی، باڵەخانەکەی نوری عەلی، کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بە مەبەستی فراوانکردنی گۆڕەپانی سەرا رووخێندرا، مزگەوتی شێخ لەتیف و مزگەوتی تەكیەی شێخ مارف، کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو بەر جادەی سی مەتری كەوتن و روخێندران، مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵ بەر جادە كەوت و شوێنەكەی کرا بە فولكەی نالی و چەندانی تر. خوێندنگەی فەیسەڵییە و هاوشێوەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازادیخواز و رۆشنبیریان دروستکرد، پەروەردەیەکی پێشکەوتنخواز و تەندروستیان بەدیهێنا، نیشتمانێکی رۆشن و پڕلە زانستیان رەخساند.

  • لای مــن خوێندەوارییە، ئـاه خــــوێندەوارییــە
  • هـــــەر میللەتێ کــــە فەننی نەبێ دەردی کارییە
  • ئاخ خۆزگە خوێندنیش وەکو من ئارەزوو ئەکەم
  • بیبینم و نــــــــەبێتە گرێی قورســــی کفنــــەکەم
                پیرەمێردی نەمر

سەرچاوە:

  • - تاریخی وڵاتی سلێمانی 1939، محەمەد ئەمین زەکی
  • - خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان بەغداد 1931، محەمەد ئەمین زەکی
  • - یادداشته‌كانی رەفیق حیلمی 1956
  • - سیاسەتی مێجەرسۆن بەرامبەر به كورد 1919 – 1922 لێكوڵینەوەیەكی مێژوویی ــ سیاسییه، هه‌ردی هادی رشید
  • - رۆژنامەی کوردستانی نوێ، مستەفا مەزهەر كانییەكی روون، 22/07/2020
  • - کردستان العراق فی ضوء التعدادات السکانیة- الدکتور خلیل اسماعیل محمد
  • - اربعون عاما من تاريخ الصحافة الموصلية 1885-1925- الدكتور ابراهيم خليل.