ئۆقیانوسێک لە درۆ
ئەم پەیکەرە (پەیکەری ماچ) بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەو کارە ناڕەوایە کراوە، کاتێک چەند کەسێکی توندڕەوی ئیسلامی، پەیکەرێکیان تێکشکاند کە ناونرابوو ؛ پەیکەری ( ماچ ) لە باخچەیەکی شاری سلێمانی .
ناوی ئەم وتارە؛ ئۆقیانوسێک لە درۆ. بۆ وەبیر هێنانەوەی کتێبی نایابی ؛ (ئۆقیانوسێک لە تاوان )ی خەندان محەمەد جەزایە. بەڵکو بەو بۆنەیەوە ئەم پەیکەرەش بخەمە سەر هەمان ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە مێینە دەکرێن لە کوردستان، ئەگەریش ناتوانین وەک تاوان پێناسە بۆ ئەم کارە هونەریە بکەین، چونکە تاوان کاتێک بە تاوان هەژمار دەکرێت، کە کەسەکە بە ویست و بە ئاگاییەوە کارەکەی کردبێت، بە پێچەوانەوە ئەم کارە بە ئاگامەندی و مەبەستی خراپ نەکراوە، بە ڵکو لەلایەن کەسێکی نەزانەوە کراوە بە مەبسسی ئازادی و بەتایەتی ئازادی مێینە کراوە.
کتێبی ئۆقیانوسێک لە درۆ.
بۆئەوەی لە کارێکی هونەری تێ بگەین، باشتر وایە بە ووردی و بەبێ درۆکردن سەیری کارە هونەریەکە خۆی بکەین، پێویستیش بەوە ناکات بزانین کێ کردویەتی و بە چ مەبەستێکیش کراوە، تەنها تێروانینی خۆمان بەسە بۆ ئەو کارە کە ئەیا چ مەسجێکمان دەداتێ، ئەگەر کارە هونەریەکە لە توانایدا نەبوو شتێکمان بۆ بدرکێنێت، ئەوا قسەی هونەرمەند پولێک ناهێنێت. راستە، هونەر مێژوویەکی هەیە و زوانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک مۆسیقا و دانس و شانۆ و فەلسەفە، بۆ تێگەیشتن لەکارێکی هونەریی پێویستمان بە زانیاری هەیە لەسەر هونەر، بەڵام لێرەدا ئەم پەیکەرە وەک کارێکی هونەریی بەرز هەڵناسەنگێنین، لەبەر ئەوەی لەو ئاستەدا نیە، بەڵکو تەنها وەک کارێکی سادە باسی دەکەین، وەک هەموو ئەو کارانەی لە سەر جادەکاندا دادەنرێن بۆ جەماوەرێکی فراوان کراون و بەزمانێکی گشت.
لە یەکەم تێڕوانینماندا بۆ ئەم کارە، چەقۆیەکی زۆر گەورە و جوان دەبینین، بە شێوەیەکی هیپەر ڕیالیسمی دروستکراوە، چەقۆکە ئێجگار گەورەیە، هەر خیرا سەرنجی بینەر بەلای خۆیدا رادەکێشیت، لەسەر چەقۆکە نوسیویەتی ؛ love and culture پاشان ناوی هونەرمەندەکە لەسەر چەقۆکە نوسراوە بە پیتی لاتینی.
چاومان بەچۆقەکەدا دەخشێت هەتا نوکی چەقۆکە و لەسەر ئەم چەقۆیە کوڕێک دەبینین وەستاوە بە پێوە، کیژێکی گرتۆتە باوەش، کوڕەکە دەستی باش ئاڵاندوە لە کەمەری کچەکە و نیازی نیە بەری بدات، بەلام کچەکە لە کردەدا نیە؛ نە باوەشی بۆ کوڕەکە کردۆتەوە، نە دەستی بە کوڕەکەوە گرتوە نە لەسەر چەقۆکە وەک ئەو جێگیر بووە. لە بۆشایدایە، وادەردەکەوێت کە کچەکە وەک بوکە شوشەیەک بە ڕێکەوت لە ئاسمانەوە کەوتبێتە باوەشی ئەو کوڕەوە، وەک خواوەندێک یان دیاریەکی خودایی. دەستی رانەکێشاوە بۆ کوڕەکە بە ئامانجی دەربڕینی ئارەزویەک بۆ ئەو، باوەشیشیی بە کوڕەکەدا نە کردووە. شازادەکە وەهای نیازە کچەکە ماچ بکات، بەبێ ئەوەی لێویان بەریەکتر بکەون، کچەکە بەهۆی شازادەکەوە جێگیرە لەسەر چەقۆکە و کوڕەکە بڕیار دەدات.
نە هەوڵی ماچ کردنی دەدات نە هیچ، دەستی بڵاوکردۆتەوە، وەک منداڵێک یان هەر وەک بوکەڵەیەکی سیرک، بە باڵە کراوەکانیەوە کە لەوە دەچیت بێ گیان بێت، لە بوکە شوشەیەکی فوتێکراوی سێکس شۆپەکان دەچێت بۆ گەمەی سێکسی، پاش ئەوەی کە خاوەنەکەی بێزار بووە لێی، لە پەنجەرەیکەوە هەڵی داوەتە خوارێ و کەوتۆتە باوەشی نێرینەیەکی برسی بە سێکس . کچەکە کەوشی پاژنەبە رزی لەپادایە و بە جلێکی مۆدێرنەوە دەبینرێت، چاەروانی کوڕەکەیە، چاوەروانی فریادرەسە، وینەکە زیاتر لە فیلی جێمس بۆند دەچێت.
ئەگەر چەقۆ خۆی لەخۆیدا تەنێکی دژوارە، ئەوا لەویادا ئەگەر باش تێڕامانی بۆ بکەین، بۆتە سەکۆیەک بۆ کوڕەکە، بەو هۆیەوە لەسەری وەستاوە، نەبۆتە بەربەستێک یان ڕێگرێک یان هەر شتێکی دژواری تر لە نێوانیاندا، نەش بۆتە بەربەستێک بۆ کچەکە و بەپێجەوانەشەوە بەهۆی ئەو چەقۆیەوە هەردوکیان وەستاون پێکەوە لەو بارەدا. کەواتە لەویادا ئەو چەقۆیە هیچ دەورێکی ڕێگر و دژواری نابینێت، زیاتر لە ڕێکلامێکی جوان دەچیت بۆ چەقۆ . کەواتە بۆ کورتکردنەوەی باسەکەمان ؛ چەقۆیەکی گەورە دبینین کە بۆتە سکۆ بۆ کوڕێک، کوڕەکەش وەک فریادرەسێک کچێکی گرتۆتە باوەش، کچەکە لە شوێنێکەوە کەوتۆتەخوارەوە و هیچ دەورێکی نیە و چاوەروان دەکات.
هاتم و بردم هەتاوەک و بزانم مەبەستی هونەرمەند لەم کارە چی بووە، چونکێ بێ شک چیرۆکێکی سادە خۆی حەشارداوە لە مێشکۆلەی بکەردا، خۆ لەبەر ئەوە نیە ئەگەر من کوڕێک و کچێکم بینی لەسەر چەقۆیەک، ئیتر هەر خێرا بکەومە گیڕانەوەی بەسەرهاتی دژوار و بێ سەروبەر، وەک ئەوانەی دەیا نخوێنمەوە لەسەر سایتە کۆمەڵیەتیەکان، باسی هەموو شتێک دەکەن، بەڵام باسی کارە هونەریەکە خۆی ناکەن وباسی ئەوە ناکەن کە دەیبینن. ئێمە باسی چیرۆک و هۆنراوە و پەندی پێشینان ناکەین، ئێمە باسی کارێکی هونەری دەکەین، ئایا ئەم پەیکەرە چ مەسجێکمان پێ دەدات ؟ باسی چیمان بۆ دەکات؟ گوزارشت لە چی دەکات ؟ پاشان، ئایا ئەم کارە هونەریە بە زوانی هونەر کراوە یان بەزوانی بێ ئاگا لە هونەر ؟
چیرۆکەکە زۆر سادەیە لە دیدی هونەرمەندەوە ؛ کچێک لەشوێنێکەوە کەوتۆتە خوارەوە کە نازانین لەکوێوە. حۆری نیە، (وەک باوە لە کوردوستان )، کچەکە وا خەریکە بکەوێت بەسەر نوکی چەقۆکەدا، بەڵام بەڕێکەوت ئەو کوڕە جوانخاسە، ئەو شازادەیە، وەک لە فلیمە هندییەکاندا، یان لە فیلمی جیمس بۆندا، بەویادا تێ پەڕ دەێت و دەیگرێتە باوەشی هەتاوەک و نەکەوێت بەسەر چەقۆکەدا. هەر ئەوە ماوەتەوە ئێمەش لە جێگەی خۆماندا دەست بکەین بە چەپڵە ڕیزان و بڵیین ؛ زۆر جوانە کوڕەکە، وەک کاتێک گچکە بوین لە سینەما لەبەردەم فلیمی هندیدا.
لەمە زیاتر هیچی تر ناتوانین هەڵکڕێنین لەم پەیکەرەدا، ئەگەر مەبەستی هونەرموند ئەمە بێت، کەواتە بەراستی بیرو بۆچوونی لە لوتی خۆی دوورتر ناڕوات و بیرۆکەیەکی هەتا بڵییت دواکەوتو و باوک سالاریە، بە پێجەوانەی ئەوەی کە گوایە باسی دژواریمان بۆ دەکات لە خۆشەویستیدا لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا، جگە لەوەی کە ئەم جۆرە دەربڕینە دوورە لەزوانی هونەر و، زیاتر زوانی چیرۆکێکی فەنتازیایە بۆ منداڵان. زوانی هونەر چیرۆک گێڕانەوە نیە، یان فۆتۆگرافیەکی سینەمایی نیە .
لە هەمان کاتا لەم کارە هونەریەدا چەقۆکە بە شێوازێکی تر کراوە لە کوڕ و کچەکە، وەک ئەوەی دوو کەسی جیاواز ئەو پەیکەرەیان کردبێت، کە ئەمەش ڕیی تێ ناچیت لەکارێکی هونەریدا، بۆیە وەک ڕێکلام دەبینرێت بۆ چەقۆ، نەک چەقۆ وەک مەترسیەک، وەک چەکێکی کوشندە یان هەڕەشەیەک لە سەر خۆشەویستی لە کۆمەڵگەی کوردیدا. بۆ تێگەیشتن لەم باسە دەچین سەبیلەکەی دەمیئۆتۆپۆرترێکەی ڤانگۆگ دەگۆڕین بۆ سەبیلێکی ڕیالیست، ئەگەر ڤانگۆگ سەبیلەکەی بە تەکنیکێکی جیاواز بکردایە لە دەموچاوی.
پۆرترێی ڤانگۆ بە سەبیلێکی ڕێالیستەوە.
ئەگەر سەیری ئەو تابلۆیەی ڤانگۆگ بکەین سەرنجت دەروات بۆ سەبیلەکە و دەموچاوەکەت لەبیر دەباتەوە لەبەر ئەوەی سەبیلەکە جیاواز نەخشێنراوە ، ئەمەش تەکنیکی ڕێکلامە بۆ سەرنجڕاکێشانت بۆ سەبیل وەک کاڵایەک، بەڵام لەوانەیە بڵێن ئەوە کەی تەنگژەیە، کاکی هونەرمەندیش ویستویەتی سەرنجی خەڵکی ڕابکێشیت بۆ چەقۆکە، راستە، بەڵام، بۆ چ چەقۆیەک ؟ دەوری ئەم چەقۆیە چییە جگە لە سەکۆیەک بۆ ئەو کوڕ و کچە ؟ ئەگەر هونەرمەندیک بە دوو تەکنیک کارێکی هونەری بکات بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دروست بپێکێت، لەسەر تابلۆیەک یان لەسەر پەیکەرێک واتە ئەوکەسە بۆچوونێک یان بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی نیە، هەمو بڕیارەکان لە هۆشمەندی هونەرمەندەوە نەهاتوون، هونەرمەند نەگەشتۆتە راستیەک هەتاوەکو بتوانێت بە زوانێکی ژیر گوزارشت لە باسێک بکات، کەسێکی وونە، ناهۆشمەندە و نازانێت چی کردووە، یەک پێکهاتەی هارمۆنی نیە لەگەڵ بیر و بۆچونی خۆیدا. بەسادە و ساکاری دەتوانین بڵیین : کە ئەو کوڕە هونەرمەندە، گەوجەو هۆشمەند نیە بە کارەکەی.
پاشان لەم پەیکەرەدا، مێینە وەک کەسێکی بێ توانا پیشان دراوە، هیچ دەورێکی نیە، هیچ بڕیارێک نادات، نێرینەش ڕزگارکەرەو بڕیاردەرە و لە کردەدایە و شازادەکەش ئەوی لەخۆ گرتوە و دەیپارێزێت، بەڵام لە راستیدا هونەرمەند ویستویەتی پێچەوانەکیمان پیشانبدات، ئەمەیە پارادۆکس لەم کارەدا، وەک چۆن هەندێک لە دەڵالەکانی کتێبی ئۆقیانوسێک لە تاوان وەهایان باوەرە کە داڵدەی ئافرەتانیان داوە و یارمەتیان دەدەن، کاکی هونەرمەندیش بەهەمان شیوە وادەزانێت کە بەرگری لە مافی مێینە و خۆشەویستی دەکات بەڵام کارەکەی ێچەوانەی بیرۆکەکەیەتی.
بە هەمان چەقۆ و بە هەمان فیگور، دەتوانین ئەو کارە ڕاست بکەیەنەوە، هەتاوەکو ئەو مانایە بدات کە لە ویست، لە هۆش (هەست) ی هونەرمەندایە، نەک لە نەست ( نائاگایی )دا ؛ چاقۆکە بە چل و پێنج پلە دەسوڕێنینەوە، وەک ئەوەی بەرەو ڕوی ئەو دوو خۆشەویستە بووبێتەوە، بە جۆرێک کە چوبێت بە نێوان هەردووکیاندا، ئەوانیش هەریەکەێكیان لەمالا و لای چەقۆکەوە باوەشیان کردووە بەیەکدا و کچکە وەک کوڕەکە لە کردەدایە، چەقۆکە لە بەشی خوارەوە بە نێوانیاندا تێ پەڕیوە. ئەو کاتە گرنگیش نیە ئەگەر چاقۆکەی بە ستایلێکی جیاواز کردبێت چونکە لێرەدا دەوری دژ دەبینێت.
لەوانەیە بڵێن کە ئەم پەیکەرانە، کاریگەری نەرێنی نەبێت لەسەر بینەر، لەسەر کۆمەڵگە، لەوەڵامدا دەڵێم بەڵی هەیەتی، ئەگەریش خەڵکی ڕساتەوخۆ تێ نەگەن، ئەوا لەنەستیاندا مانا رەسەنەکە جێگیر دەبێت و کاریگەری لەسەر هزری بینەر دەبێت.
هەمو ئەو کارانەی لە کوردستانی باشوردا بۆ بەرگریکردن لە مافی مێینە کراون، جۆرێکن لە گاڵتە پێ کردن بە مێینە، هونەرمەندان لە بری هاندانیان، جارێکی تر دەیانکەنەوە بە ناخی زەویدا، دەیان گەڕێننەوە بۆ دواوە، ڕیسەکەیان لێ دەکەنەوە بە خوری، ئەمەش بۆمان پێمان دەڵێت کە تێروانینی هونەرمەندان بۆ ژنان ئاوێنەی فکری ئەو کۆمەڵگەیە کە تێیدا دەژین و ناتوانن لەوە زیاترمان بۆ پێشنیار بکەن.
شێرە کچانی کۆبانی خواوەندی نایک
ئەگەر ئاوڕێک بۆ کارە هونەریەکانی رابورد و بدەینەوە وەک شێرە کچانی کۆبانی یان خواوەندی نایک، هەر هەمان ئەقڵ دەبینین کە خۆی حەشارداوە لە ناخی ئەم هونەرمەندانەدا، کە ژنان هەمان دەوری نمایشکەرو حۆری و پەری دەبینن و هەرگیز لە کردە و بڕیارداندا نین، وەک بوکەڵە دانراون و نمایشیان دەکەن. لەبەر ئەوەی بە هۆکاری یەکەم هونەرەکەیان لە هزرێکی هۆشمەندەوە نەهاتوە، کەواتە هۆشمەندیش نین بەو کارە هونەریەی کە دەیکەن، بۆیە راستی بیر و بۆچونیان وەک خۆیان دەردەکەون کە جیاوازیان نیە لەگەڵ فکری کۆنەپەرستیدا و لە هەمان کاتا دەیانەوێت بیری پێشکەوتو خوازی و هونەرمان پێ بفرۆشنەوە، لە شوێنێکدا کە خەڵکی لە ئەلفو بێی هونە شارەزاییان نیە.
کاتێک هونەرمەند، شەرەڤانێکی داناوە لەسەر شیرێک و ناوی ناوە؛ شێرە کچانی کۆبانێ، دەبینین کە لە ویادا شەرەڤانەکە هیچ لە ئەکسیۆندا نیە، نە چەکی بەدەستەوەیە نەبەرامبەر بە دوژمن وەستاوە، نە باسی خەباتی ژنانمان بۆدەکات، ژنێک دەبینین خۆی نمایش دەکات لەسەر شیرێک کەهیج پەیوەندیەک نیە لەنێوان ئەو شیرە و ئەو کچەدا جگە لەوەی کە شێرەکە وەک سەکۆیەک دانروە بۆ ئەو، ژنەکەش وەک نمایش کەرێک بۆ بینەر یان بۆ فۆتۆگرافێک. ئەم پەیکەرە بۆشە لەهەمو بیرکردنەوەیەک، بەتاڵە لەهەمو ئەقڵێک و پێی دەڵێن ؛ هەژاری لە بیرکردنەوەدا، ناهۆشمەندی لە ئەقڵا، دەنا چ مانایەک دەبەخشیت ژنێک وەک بوکەڵەیەک دانێیت لەسەر شێرێک ؟ ئەمەیە زمانی هونەر ؟ ئەو هەموو خەباتوو تێکۆشان و گۆرانکاریەی کە شەرەڤانان کردویانە، ئاوا پیشانمان ئەدەیت کاکی هونەرمەند ؟
لە پەیکەری خواوەندی نایکدا، کە بۆ شەرەڤانان کراوە، کچە شەرەڤانەکان کە دەیانەوێت بێنەوە سەرزەوی و وەک مرۆڤ خۆیان بناسێنن، خۆیان بخەنە ئاستی تۆی پیاو، کە مێینەت هەمیشە وەک حۆریەک دەبینیت و بینوتە. کاکی هونەرمەند بە دوو باڵەوە دەیان باتەوە بۆ ئاسمان و دەیان کاتەوە بە حۆری و پەری، بینەریش هەڵدەخەڵەتێنێت بە میتۆلۆژی خواوەندی نایک، خواوەندی نایک کە بۆتە مارکەی پیلاوی وەرزش لە ئەوروپا. بەڵام لە راستیدا ئەوە ویست و خەو و ئارەزوی هونەرمەند خۆیەتی وەک تاکێکی ڕۆژهەلاتی، کە بریتیە لە وێنەی حۆری و پەری، نەک شەرەڤانێکی چەک بەدەست، شەرەڤانێکی بڕیاردەر، شەڕەڤانێکی شۆڕشگێڕ بە چەکەکەیەوە، بەتەنیشت پیاوێکەوە، شەرەڤانێکی خاوەن ئایدیۆژی.
وەک سەرنج ئەدەین لەم سێ کارە هونەریەدا راستی مۆنتالیتێی تاکی ڕۆژهەڵاتی بۆ مێینە خراوەتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە یان وەک بوکەڵەیەکی پلاستیک لە ئاسمانەوە کەوتۆتە باوەشی کوڕێکی فریاد رەس، یان نمایش کراوە لەسەر شێرێک یان بۆتەوە بە حۆری و پەری. لە هیچ لەو کارانەدا مێینە لە ئەکسیۆندا نیەو بڕیاردەر نیە، بەڵکو زیاتر وەک کاڵایەک دانراوە .
بەڵام ئەگەر لە بکەری ئەم پەیکەرانە بپرسین تەواو بە پێجەوانەی کارەکانیانەوە ئەدوێن، هەمویان بۆ ئازادی ژنان تێ دەکۆشن و فکری پێشکەوتوخوازیان هەیە، بەڵام ئازادی بۆ ژنانیش ئەوەیە کە ژن وەک خۆی ببینیت؛ نەک بیکەیت بە حۆری پەری، یان بە پەتیارە و لەشفرۆش، یان وەک تەنێکی بێ گیان.
وەک مرۆڤێک بیبینە یەکسان بە تۆ، کاتێک پەیکەرێک دەکەیت کە کوڕێک باوەش دەکات بە کچێکدا، ئەو هێزەش بدە بەو مێینەیەش کە باوەش بکات بەو کوڕەدا، ڕۆڵێک بدە بە مێینە ئەگەر دەتەوێت شتێک بگۆڕیت، ئەگەر نا، شتەکان ناتوانین بگۆڕین، کاتێک شەرەڤانێک دەکەیت، چەکێکی بدەرە دەست، ڕیشدارێکی ئیسلامی بخەرە ژێر پێی، با دەستی مندالەکەی بگرێت وەک دایکێک بە چەکەکەیەوە.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم هونەرمەندانە هۆشمەند نین بەوەی کە چی دەکەن و چیان دەوێت و بۆچی تێ دەکۆشن، هیچ ئایدیۆلۆژیەک و فکرێکی نوێ خوازیان نیە، هەر قسەی بریقەدار و شیعار دەڵێنەوە بەبێ تێگەیشتن لەناوەرۆکی شتەکان، ئەوا کۆتایی کارەکانیان دەبێتە ئاوێنەی بیرکردنەوەیان، ئاوێنەی ڕۆح و هەڵسوکەوتیان، کارەکانیان راستی بیرکردنەوەی ئەوانمان بۆ هەڵدەماڵن. ئەم ئەقڵیەتەش ڕەگی داکوتاوە لە هەموو تاکێکی ڕۆژهەڵاتیدا ، کەسەیری مام جەلال دەکەین چۆن سەری بۆ ئافرەتێک دانەواندوە و ناتوانێت و نازانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی لە بەردەم ژنێکدا هوڵس و کەوت بکات. خێرا تێ دەگەین کە بۆچی ئەو کەسانە ئاوا سەریان لێ شیواوە و نازانن چۆن ئەوانیش پەیکەری شەرەڤانێک یان مێینەیەکمان بۆ بکەن وەک خۆی.
ئاستی هونەر و تێڕوانینی تاک لەکوردوستانی باشور تەواو نزمە، بەڵام بە بینی پەیکەرێک لە رۆژاڤای کوردوستان دڵخۆش دەبین، کە بۆ مێینەیەک کراوە، دڵخۆش دەبین کە کاسانێک هەن
هۆشمەندند و قوڵ بیردەکەنەوە؛ کاتێک سەیری ئەو پەیکەرە دەکەین کە هونەرمەندێکی ڕۆژهەلات کردویەتی بۆ مێینەیەک، تەواو جیاوازە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەوان هەنگاوێکی گەورە لە پێشمانەوەن .