سابیر ڕەسوڵ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ناوی تەواوی سابیر ڕەسوڵ قادر حسەین 01-07-1948 لە گوندی پونگینە، شارۆچکەی بنەسڵاوە، پارێزگای هەولێر لە دایکبووە.

0001 (9987.jpg

ئەگەر باسی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی دەشتی هەولێر بکەین لە ساڵانی هەشتاکانی ئەوێ ڕۆژێ، فەرماندەیەک، جوامێرێک، تێکۆشەرێک، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە خەبات و تێکۆشان. خانەوادەیەک لێوانلێو لە دڵسۆزی و کوردپەروەری، بنەماڵەیەک لە یەک خێزان (3)برا شەهید.

یەکەم قایمقامی شەقڵاوە لەدوای ڕاپەڕین، ئەویش تێکۆشەری گەلەکەمان فەرماندەی (تیپی 86)ی دەشتی هەولێر نەمر (سابیر ڕەسوڵ)ە. ناوبراو فەرماندەیەکی مەیدانی، خاکی، سادە، پاک، گوێڕایەڵ، ئازا، خۆنەویست، پیاوێکی جەماوەری، قسە خۆش، قسە لەڕوو، لە ڕووی کۆمەڵایەتی بەتایبەت لەگەڵ دانیشروانی گوندنشینەکان پەیوەندی فراوان و باشی هەبوو. لە هەمان کاتدا دڵێکی فراوانی هەبوو، واتە کەسێکی لێبوردە بوو بۆ زۆر بابەتی پەیوەست بە خۆی، چونکە کەسێکی ڕق ئەستور و دڵ پڕ لە کین نەبوو.

ئەو لە زۆربەی داستان و شەڕ و چالاکییەکان ڕۆڵی فەرماندە و کارای هەبووە. دەیان سەرکەوتن و سەدان دەستکەوتی نایابی بۆ شۆڕش دەستەبەر کردووە، لە سەردەمانێک (سابیر ڕەسوڵ) فەرماندەی کەرت و فەرماندەی (تیپی86)ی دەشتی هەولێر بوو، ڕژێم لەوپەڕی بەهێزیی و دڕندەییدا بوو، بەڵام خۆی و تیپە دوژمن شکێنەکەی لەم هەولێرە (قەیسەریان لە دوژمن کردبووە کونە مشک).

لە سنووری تیپەکانی (21)ی کەرکووک و (25)ی خاڵخاڵان بە هەمان هەست و نەفەسی دەشتی هەولێر ئەسپی خۆی تاودا و خۆشەویستی خۆی و نیشتیمانی بۆ ئەوانیش دووپاتکردەوە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی زۆری بریندار بوون و بوونی ساچمەیەکی زۆر لە جەستەی ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم کرا و ساچمەکان زەفەریان پێبرد، بەداخەوە ناوبراو ڕێکەوتی (08-08-1996) گەیشتە کاروانی نەمران.

هەڤاڵ (مامۆستا سەیفەدین) پێشمەرگەی دێرین و بەڕێوەبەری پێشووی گشتی ئاسایشی سلێمانی و هاوڕێی ڕەحمەتی (سابیر ڕەسوڵ) لە وەڵامی پرسیارێکی من وتی: من نامەوێ ئەو شتانەی تۆ نووسیوتن دووبارە بکەمەوە، چونکە تۆ زۆر جوان وەسفت کردووە، بەتایبەت مێژوو و ژیاننامەی، بەڵام هەرچی لەسەر ئەم پیاوە بنووسرێ شایستە بە خۆیەتی، چونکە کەسایەتی و تێکۆشانی ئەو هیچ لەکەیەکی خراپی لەسەر نییە. کاکە سابیر بە کورتی تێکۆشەرێکی هەقانی و ڕاستگۆ و قسە لەڕوو بوو، قارەمانیەتی و ئازایەتیشی قسەی لەسەر نەبوو، سادە و خاکی و مرۆڤ دۆست بوو.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم کاک سابیر دوای بەیاننامەی 11ی ئازار کە وردە وردە چالاکی کوردانی ناو سوپای عێراق نیمچە ئاشکرا دەبێ، لەو ماوەیەدا ڕێکخستنەکانی سەر بە کورد، لەگەڵ ڕێکخستنەکانی سەر بە پارتی هەڵدەچنن و لە ئەنجامی ئەو تەنگەتاو کردنە کاک سابیر و چەند برادەرێکیتر ناچار دەبن ڕیزەکانی سوپای ئێراق لە (کەتیبەی شەشەمی شاخاوی – الکتیبة الجبلیة السادسة) جێ بهێڵن و پەیوەندی بە قوتابخانەی شۆڕشی ئەیلول بەکەن لە ناوپردان، و درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەن.

دوای ڕێکەوتنامەی شومی جەزائیر کاک سابیر بە هەناسەی ساردەوە دەگەڕێتەوە هەولێر و لە چاپخانەی شارەوانی دەبێتە فەرمانبەر... پاشان دووبارە پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) دەکات، و چالاکانە ئەرکەکانی ڕێکخستن جێبەجێ دەکات.

دواجار لە (12-09-1980) ماڵ و منداڵ و کەسوکار و شاری هەولێر دەکات و پەیوەندی بە شۆڕشی نوێ و هێزی پێشمەرگەوە دەکات. کاکە سابیر وێڕای ئەوەی چاوێکی لەدەستدا، بەڵام دووبارە درێژەی بە پێشمەرگایەتی دەدات و لە مانگی شەشی 1982 بە قاچاغ دەگەڕێتەوە و ڕێگای هات و نەهاتی گرتەبەر، و ئەشقی کوردایەتی باڵی پێدەگرێ و ژیانی خۆی دەخاتە ناو لەپی دەستی.

بە کورتی تەنها چیرۆکی ئەو گەڕانەوەیە بۆ کوردستان داستانێکە و ئەوانەی بەدوای ئەم جۆرە نهێنیانە عەوداڵن دەکرێ سۆراغی ئەو داستانە بکەن و بۆ نەوەی نوێی تۆمار بکەن. بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بزانن ئەو ڕۆژەی ئەمڕۆ بە هیمەتی ئەو دڵسۆزانە هاتۆتە دی.

وێستەگە و کاروانە نەپساوەکەی کاکە سابیر زۆری لە هەگبەدایە، بەڵام پڕۆژەکەی تۆ وا ڕێکخراوە بە کورتی بچینە نێو ژیانی شەهیدەکانمان، بۆیە ماوەتەوە بڵێم هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید سابیر ڕەسوڵ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان.


باری خێزان : خێزاندار

ناوی خێزان : خاسێ حسێن حسن، ناسراو بە محبوب

ناوی مندالەکان : تاڤگە، تریفە، تریسکە، هونەر، کریم.

ساڵی پەیوەندی بە ڕێکخستن : 1976

لەرێگای شەهید (کەرریم ڕەسول) ی برای ڕێک خراوە بۆ ڕێکخستن.

ساڵَی پەیوەندی بە پێشمەرگایەتی :12-09-1980 لەگەڵ، سابر هەژار، یاسین ڕەسوڵ بەیەکەوە بونەتە پێشمەرگە لەیەک ڕۆژ.

یەکەم جار پەیوەندی بە بەرێز شێخ عەلی کردوە بۆ پێشمەرگایەتی.

لە ساڵی 1980 لە ماخۆ بزنان بریندار بوە بە بوردومانی هەلیکۆپتەربۆ عیلاج ڕەوانەی ئەلمانیاوسوید کراوە.

لەساڵی 1982 کراوە بە فەرماندەی کەرت لە تیپی 86ی دەشتی هەولێر.

لەساڵی 1984کراوەبە فەرماندەی تیپی 86ی دەشتی هەولێر.

دواتر کراوە بە فەرماندەی تیپی 21ی کەرکووک.

پاشان کراوە بە فەرماندەی 25ی خالخالان.

لەشەرەکانی قەیوان ماوەت بەبریاری جەنابی مام جەلال کراوە بە بەرپرسی کەتیبەکانی تۆبخانە و وەک فەرماندەیەکی عسکری کارا ڕۆڵی بینیوە.

لە ژیانی پێشمەرگایەتی (3) جار بریندار بوە لە شەرەکانی (ماخۆبزنان، گۆمەسپان، چەمی ڕەزان)

لە ساڵی 1988 بەهۆی زۆری ساچمەوگولە لە جەستەیەوە ڕەوانەی سوید کرایەوە، تا ساڵی 1991

لە 03-06-1993 کراوە بە قائیمقامی شەقڵاوە.

لە 08-07-1996 لە نەخۆشخانەیەکی سوید گەیشتە کاروانی نەمرانەوە.

تێبینی/ ئەم نووسینە لە بەرواری ٣٠/٦/٢٠١٦ لە ژمارە (٧٠١١) لە لاپەڕە (١٣)ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە.

تێبینی: تۆمارێکی تایبەت لەلایەن بەرێز (تاڤگە سابیر) بۆ کورد کۆلێکت سەبارەت بە ژیاننامە و کارنامەی شەهید (سابیر ڕەسوڵ)