جەنابی موفەتیش
گۆگۆڵ و نووسینی شانۆگەری موفەتیس
گۆگۆڵ جگە لەچیرۆکی کورت و ڕۆمان، کۆمەڵە شانۆگەرییەکی ڕیالیستی بەھێزی نوسی دیارترینیان ئەمانەی خوارەوەن: شانۆگەری (جەنابی موفەتیشی گشتی) لە ساڵی ١٨٣٦ نوسی و دەریچواند و سەرکەوتنێکی باشی بەدەست ھێنا و ھێرشێکی توند و تیژی پێکەنیناوی بردەسەر چینی فەرمانبەرەکانی حکوومەتی ڕووسیای قەیسەری، ھەروەھا لە ساڵی ١٨٤٢ شانۆگەرییەکی سەرکەوتووتری نوسی بەناوی (ژنھێنان) و، کارێکی تەواوی لەنوسەرانی دوای خۆی کرد و، لەھەمان ساڵ شانۆگەری (قومارچییەکان)یشی نوسی و لەزۆر لاوە پەسەندکرا.
نیکۆلای گۆگۆڵ لە ٢١ ئازاری ١٨٠٩ چاوی بەژیان ھەڵێناوە دانەری چیرۆکی کورت و ڕۆمانی پتەو و شانۆگەرییە و بەشێکی ڕەخنەگران بە باوکی ڕیالیزم لەئەدەبی ڕوسیدا دای دەنێن. ھەر چەندە لە یەکەم بەرھەمی شانۆیی لە ساڵی ١٨٢٩دا ھەستی بە شکستی و سەرنەکەوتن کرد، بەڵام دوای دوو ساڵ لە ١٨٣١ دا کە کۆمەڵە چیرۆکێکی ئۆکرانی بەناونیشانی (چەند ئێوارە وەختێک لە چاندنگەیەکی نزیک دیکانگادا)ی بڵاوکردەوە، ناوبانگێکی باشی بۆ خۆی پەیدا کرد و شاعیر و نووسەری ناوداری وەکو (پووشکین و جۆکۆڤسکی و ئەکساکۆڤ و بلنیسکی) پەسەندیان کرد و بەنوسەرێکی ڕیالیستی سەرکەوتوویان لە قەڵەمدا و دوای تەواوکردنی بەرگی یەکەمی بەرھەمێکی نایابی بەناوی (گیانە مردووەکان) لە ساڵی ١٨٤٢ کە ڕۆمانێکی ڕیالیستی سەرکەوتووبوو، ھێرشێکی توند و تیژی بردبووە سەر داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و ھەڵس و کەوتی خەڵکەکە و ژیانی جووتیاران بەکارتێکردنی قەشەیەکی کەلەڕەق، ھزرێکی ڕەش بینانە دەستی بەسەر ھەست و ھۆشی داگرت و خستییە سەر بارێکی نیگەرانی و ھاتە سەر ئەو قەناعەتە کە خۆی بەرامبەر خوا بە تاوانبار بزانێ و ئەمە وایلێکرد بەرگی دووەمی (گیانە مردووەکان)ی بەر لەچاپکردنی سووتاند و لەناوی برد و ئەم ھەڵوێستەی بە خاڵێکی تاریک لەژیانی دادەنرێت.