سوهرەوەردی و فەلسەفەی ئیشراقی
نووسینی: ئازاد بەرزنجی
بەلای سوهرەوەردییەوە، ئیشراقیی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە، کە هەم لە حیکمەتی پەیجۆریدا شارەزایە و هەم لە نهێنییەکانی حیکمەتی زەوقیدا
خوێنەری بەڕێز: ئەمەی دەیخوێنیتەوە پێشەکییەکە بۆ ڕۆمانی ( قەلەندەر و قەڵا ) کە ڕۆمانێکە لە نووسینی ( سەید یەحیا یەسریبی ) و لەسەر ژیانی دانەری ڕێبازی ئیشراق، "شێخ شەهابەدین سوهرەوەردی" یە و " ئازاد بەرزنجی" لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. زۆرن ئەو حەکیم و زانا کوردانەی لە مێژووی فەلسەفە و ئاییندا، بە زمانی عەرەبی یان فارسی، نووسیویانە و دواتریش مێژوونووسان نەک هەر بەرهەمەکانیان لەسەر ئەو دوو کولتوورە حیساب کردووە، بگرە زۆربەیان هەوڵی ئەوەیان داوە، کە نکووڵی لە ڕەچەڵەکە کوردەکەشیان بکەن. بەهەرحاڵ،سوهرەوەردییش یەکێکە لەو فەیلەسووف و عارفە کوردانەی دووچاری هەمان چارەنووس بۆتەوە، لەکاتێکدا هەروەکوو دکتۆر محەمەد کەمالیش لە کتێبێکدا، کە سەبارەت بە مەلا سەدرەیە و یەکێک بووە لەوانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی فەلسەفە و بیروبۆچوونەکانی سوهرەوەردییەوە، ئەوەی ساغ کردۆتەوە، کە ئەسڵی وشەی سوهرەوەرد سوورەبەردە، ئەو دێیەی کە زادگەی سوهرەوەردی بووە و کاتی خۆی لەسەر دەستی مەغۆلەکان وێران کراوە.1
لەڕاستیدا سوهرەوەردی، لە مێژووی فەلسەفە و عیرفاندا، بە دامەزرێنەری ڕێبازی ئیشراق لەقەڵەم دەدرێ و بە یەکێک لە پیاوە یاخی و سەرچڵەکانی سەردەمی خۆی دەژمێردرێ و لە تەمەنێکی کورتدا، ٣٦ بۆ ٣٨ ساڵ، توانیی نزیکەی پەنجا کتێب بنووسێت، کە بەشێکیان بە فارسی و بەشێکیان بە عەرەبین و تیایاندا زمان و شێوازێکی باڵای بەکاربردووە و لە کتێبخانەی فارسی و عەرەبیدا بە شاکار دەژمێردرێن؛ مەخابن، کە تائێستا هیچیان نەکراون بە کوردی.
سوهرەوەردی کێ بوو؟
بەر لە هەموو شتێک، دەبێ بڵێین سوهرەوەرد شارۆچکەیەکی کوردییە و دەکەوێتە نزیک زنجانــەوە لە کوردستانی خۆرهەڵات، لە باکووری شارەزوورەوە. ئیبن حەوقەل (٣٦٧ ک.) و یاقووتی حەمەوی (٦٢٦ ک.) باسیان کردووە، کە دەکەوێتە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی خۆرهەڵاتەوە، لە باکووری شارەزوورەوە. ئیبن حەوقەل لە (سورة الأرض، لاپەڕە ٣١٤)دا وتوویەتی، کە سوهرەوەرد لە شارەزوور دەچێت، "لە ڕووی خۆشگوزەرانی و هەرزانی و هەڵکەوتەی شوێنەکەی و بەپیتوفەڕی و زۆربەی دانیشتووانیشی کوردن" هەڵبەتە ئیبن خەلەکانیش، کە خۆی بە ڕەچەڵەک کوردە و لە ساڵی (١٢١١ز.)دا لە هەولێر لەدایک بووە و دواتر چووە بۆ شام و لەوێ ژیاوە، لە کتێبی وفیات الأعیانــدا دەڵێت، کە سوهرەوەردی لە ئەسڵدا ناوی یەحیای کوڕی حەبەشی کوڕی ئەمیرەکە و نازناوەکەی شەهابەدین بووە و بە کوژراو و بە شەهید ناسراوە. تەنانەت ئیبن خەلەکان ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە وشەی ئەمیرەک بچووککراوەی ئەمیرە و ئەم بزوێن و کافە لە زمانی کوردیدا بۆ بچووککردنەوە بەکاردێ.
سوهرەوەردی لە ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی کۆچیدا، لەنێوان ساڵانی ٥٤٥ - ٥٥٠ کۆچی، بەرامبەر بە ١١٥٠ - ١١٥٥زاینیی لەدایک بووە و ساڵانی سەرەتای تەمەنی هەر لە سوهرەوەرد بەسەربردووە و هەر زوو فێری خوێندنەوە و نووسین بووە و قورئانی ئەزبەر کردووە و هەموو شایەتی زیرەکی و هەڵکەوتووییی ئەو کوڕە بوون. دواتر، سوهرەوەردی بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن دەچێت بۆ مەراغە لە ئازەربایجان و لەوێ لەسەر دەستی مەجدەدین جیلی دەخوێنێت، کە مامۆستایەکی شارەزا بووە لە زانستی کەلامدا و ئیبن خەلەکان دەڵێت، کە سوهرەوەردی زانستەکانی حیکمەت و ئوسوڵ و فیقهیش هەر لەسەر دەستی ئەو فێربووە. هەڵبەتە هەر ئەم مەجدەدین جیلییە، مامۆستای شێخ فەخرەدین ڕازییش بووە و لەو ماوەیەدا، گەلێ گفتوگۆ و وتووێژی فەلسەفی و دینی لەنێوان سوهرەوەردی و ڕازیدا کراوە.
پاشان سوهرەوەردی دەڕوات بۆ ئەسفەهان و لەوێ لەسەر دەستی زەهیرولدینی قادری، کتێبی البصائر النصیریة في المنطقــی عومەری کوڕی سەهلانی ساوی دەخوێنێت. دواتر سەفەردەکات بۆ ماردین و لەوێش پەیوەندی بە فەخرەدین ماردینییەوە دەکات و دەبێت بە قوتابیی ئەو و زۆر شتی لێوە فێردەبێت. دواتریش بەرەو حەڵەب دەچێت. ئەم چوونەی بۆ حەڵەب و ماوەی مانەوەی لەوێ، هاوکات دەبێت لەگەڵ جەنگی خاچپەرستەکاندا و ئەودەم سەڵاحەدینی ئەییوبی فەرمانڕەوا دەبێت، زاهیرشای کوڕیشی میری حەڵەب دەبێت. سوهرەوەردی، هەر بە نیازی فێربوونی زیاتر، ڕوو لە حەڵەب دەکات و لەوێ لە قوتابخانەی حەلەوی دەبێت بە قوتابیی شێخ ئیفتیخارەدین، بەڵام پاش ماوەیەک، بۆی دەردەکەوێ سوودێکی وەها نابینێت و دەکەوێتە گفتوگۆ و وتووێژی سەخت لەگەڵ مامۆستا و زانا و فەقیهەکانی ئەوێدا و ئەمەش وادەکات، زۆر بەڕاشکاوی بیروبۆچوونەکانی خۆی بخاتە ڕوو و سەرسەختانە بەرگرییان لێ بکات. هەڵبەت ئەو بیروبۆچوونانەش بەلای فەقیهەکانی حەڵەبەوە دەرچوون بوو لە سوننەتی ئیسلام، وەکوو ئەوەی ئەوان باوەڕیان پێ بوو، هەر بۆیە کەوتنە دژایەتیکردن و تۆمەتهەڵبەستن بۆی. بەتایبەتییش کە زاهیرشا ڕێزێکی تایبەتیی لێ دەنا، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر ئەو فەقیهانە جامی ڕق و ئیرەییی خۆیان بەسەر سوهرەوەردیدا قڵپ بکەنەوە و کاتێکیش زانییان زاهیرشا زۆر گوێ بە سکاڵا و گلەیییەکانی ئەوان نادات لە ئاستی سوهرەوەردیدا، چوون بۆلای سەڵاحەدینی ئەییوبیی باوکی و ئەویان دژ بە سوهرەوەردی هان دا و وایان تێگەیاند، کە کابرایەکی باطنی و فاطمیــیە و ئەو دەمەش فاطمییەکان مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر دەوڵەتی ئەییوبی دروست کردبوو.
بۆیە سەڵاحەدین گوشاری بۆ سەر زاهیرشای کوڕی هێنا و پێی وت، کە دەبێ بەهەرشێوەیەک بووە، خۆی لە سوهرەوەردی ڕزگار بکات و لەناوی ببات. زاهیرشا کە دەیزانی ئەمە هەمووی لە ئیرەیی و لاوازیی فەقیهەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، ویستی قەناعەت بە باوکی بکات، کە ئەوە وانییە و سوهرەوردی فەیلەسووف و زانایەکی گەورەیە و ئەوانی تر لە ئیرەیی و ڕقەوە ئەو تۆمەتەیان بۆ هەڵبەستووە، بەڵام سەڵاحەدین لە وەڵامدا پێی وتبوو، کە تەنانەت گەر وەهاش بێت، بۆ ئەوەی ناوەندی دینی و فەقیهەکانی حەڵەب و شام لە دەوڵەتی ئەییوبی هەڵنەگەڕێنەوە، چار نییە و دەبێ قوربانی بە سوهرەوەردی بدرێ. دوای ئەوەش، دیسانەوە زاهیرشا داوای لە باوکی کردەوە کە لەو فەرمانەی پاشگەز ببێتەوە، سوودی نەبوو، بەڵام وتی بۆ ئەوەی ڕوویەکی یاسایی بە کارەکە بدرێ، با لە حەڵەب گفتوگۆ و دێبەیتی ئاشکرا لەنێوان سوهرەوەردی و فەقیهەکاندا بکرێ، ئەوکات ئەوان تۆمەتەکانی خۆیان بکەن بە یادداشت و ئاڕاستەی شای بکەن. هەر واش بوو.
دوای ئەوەی سوهرەوەردی لە زیندانی حەڵەبدا دەستبەسەر دەکرێ، هەر لەو ماوەی زیندانیکردنەیدا سێ دانیشتن بۆ گفتوگۆ و دێبەیت لەنێوان ئەو و فەقیهەکانی حەڵەبدا ساز دەکرێ و دواجار بە فڕوفێڵی شەرعییانە، تۆمەتی ئەوە دەخەنە پاڵ سوهرەوەردی، کە هەم باوەڕی بەوە نییە کە پێغەمبەر، دواپێغەمبەری خودایە و خۆی لافی پێغەمبەرایەتی لێدەدات و هەم خەڵک هان دەدا دژ بە دەوڵەت و دەسەڵات و کابرایەکە لە ئیسلام دەرچووە و بیروباوەڕێکی زەردەشتییانەی هەیە، بەمجۆرە ئەم پیاوە منەوەرە گەورەیە تەکفیر دەکەن و ئیدی زاهیرشاش ناچار دەکرێ، فەرمانەکەی باوکی جێبەجێ بکات و ئەویش سوهرەوەردی خۆی سەرپشک دەکات بۆ هەڵبژاردنی جۆری مردنەکەی. سوهرەوەردی داوای ئەوە دەکات فڕێی بدەنە زیندانێکەوە و نان و ئاوی نەدەنێ، تا گیان دەسپێرێت. بەوجۆرە، فڕێی دەدەنە زیندانێکەوە و نان و ئاوی نادەنێ. هەرچەندە سوهرەوردی خۆی لە ئەنجامی مەشقی ڕۆحی و ڕۆژووە زۆرەکانییەوە کە دەیگرتن و توانای بەرگەگرتنی ڕۆحیی زۆریەوە، بۆ ماوەیەک بەرگەی ئەو تینووێتی و برسێتییەی گرت، وەلێ دوای هەفتەیەک، بڕستی لێ بڕا و گیانی سپارد. فەقیهەکان کە گومانیان هەبوو لەوەی مردبێت، داوایان کرد بیبینن، تا ڕاستییەکەیان بۆ دەربکەوێ. کاتێ چوون و بینییان، سەرەتا وایانزانی نوستووە، وەلێ دوای ئەوەش کە بۆیان دەرکەوت گیانی دەرچووە، هەر بردیان و داوایان کرد لەسێدارە بدرێ.
ئەمە چارەنووسی پیاوێک بوو، کە لەو تەمەنە کورتەیدا، هەموو هەوڵ و تەقەللایەکی لە پێناوی ڕووناکیــدا بوو بۆ ژیان و بۆ ئینسانەکانی دەوروبەری. بەڵام لەبەرئەوەی ئاستی تێگەیشتنی ئەوانەی دەوروبەری زۆر لەخوار ئاستی تێگەیشتنی ئەوەوە بوو، هەروەها چاویان بە هێز و توانای هزری و بەهرەی ئەو هەڵنەدەهات، هەمان ئەو چارەنووسەیان پێ ڕەوا بینی، کە پێشتر بە هاوەڵە ڕۆحییەکەی ئەویان ڕەوا بینیبوو، واتە مەنسووری حەللاج.
لەڕاستیدا ئەمە چارەنووسی گەلێ لەو بیرمەند و زانا و فەیلەسووفە مەزنانە بووە لە مێژوودا، کە بوونەتە قوربانیی دەست خەڵکێکی نەفام و جاهیل. لەکاتێکدا ئەوان ژیانی خۆیان بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێگە تاریکەکانی ژیانی ئەو خەڵکە تەرخانکردووە و بەرەو ڕووناکی و ئازادی ڕێنمایییان کردوون، بەڵام ئەوان بە بیرێکی تەسک و لە ڕوانگەی بەرژەوەندیخوازییەکی بەرتەسکەوە، دەستیان چووەتە خوێنی ئەو ئینسانە گەورانەی ژیان بەبێ بوونیان تەڵخ و تاریکە.
شەمسەدینی شارەزووری، کە یەکێک بووە لە قوتابییەکانی سوهرەوەردی، لە کتێبی نزهة الأرواح و روضة الأفراحــدا دەڵێت، کە مامۆستاکەی لە ساڵی ٥٨٦ی کۆچیدا گیانی سپاردووە. ئیشراق چییە؟ بە سوهرەوەردی دەڵێن شێخی ئیشراق، با بزانین وشەی ئیشراق چی دەگەیەنێت؟ ئیشراق وەک وشە، واتە هەڵهاتنی ڕووناکی. کە دەوترێ أشرقت الشمس، واتە خۆرەکە هەڵهات و ڕووناک بۆوە و ڕووناکیی بەخشی.
لە فەلسەفەی ئیشراقدا، ئیشراق واتە "دەرکەوتنی ڕووناکییە ئەقڵییەکان و درەوشانەوەی و سەرکەوتنی بەسەر دەروونە کامڵەکاندا، لەکاتی خۆداماڵین لە کەرەسە بەدەنییەکان٢." هەڵبەتە دەبێ ئەوەمان لەیاد نەچێت، کە سەرەکیترین چەمک لە فەلسەفە و عیرفانی سوهرەوەردیدا، چەمکی ئیشراقــە و تەوەری زۆربەی کتێبەکانێتی، بەڵام بەتایبەتی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا، واتە کتێبی حکمة الأشراق، ئەمە بەزەقی دیارە. بەلای سوهرەوەردییەوە، ڕووناکی سەرچاوەی هەموو بوون و ژیانە و خودا ڕووناکیی ڕووناکییەکانە، "إن اللە نور الأنوار" و هەر لە ڕووناکیی ئەوەوە ڕووناکییەکانی تر هەڵهاتوون، کە بوونەتە ئەستووندەگی هەردوو جیهانی ماتەری و ڕۆحی. بەلای سوهرەوەردییەوە، زانست ڕووناکییەکە لەناو دڵی عارفدا هەڵدێت. سوهرەوەردی هەم کەسێتیی فەیلەسووف و هەم کەسێتیی عارفیشی لەناو خۆیدا کۆکردبۆوە. بۆیە بەلای ئەوەوە، ئینسان پێویستی بە دوو جۆر حیکمەتە بۆ گەیشتن بە ڕووناکی: حیکمەتی پەیجۆری (یان بەحسی): کە پشت بە شیکردنەوە و پێکهاتەسازی (الترکیب) و ئەنجامگیریی بەڵگەدار دەکات، ئەمەش حیکمەتی فەیلەسووفانە. حیکمەتی زەوقی: ئەمەشیان بەرهەمی ڕەنج و تەقەللای ڕۆحییە و مرۆڤ ئەزموونی دەکات، بەڵام ناتوانێ گوزارشتی لێ بکات. ئەمەیان حیکمەتی ئیشراقییەکانە.
بەلای سوهرەوەردییەوە، هیچ دژایەتییەک لەنێوان ئەم دوو حیکمەتەدا نییە و ئیشراقیی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە، کە هەم لە حیکمەتی پەیجۆریدا شارەزایە و هەم لە نهێنییەکانی حیکمەتی زەوقیدا. ئەو بڕوای وایە ئینسان بەتەنها لەڕێی مەعریفە تیۆرییەکانەوە ناتوانێ بە مەعریفەی ڕاستەقینە بگات، بەڵکوو پێویستی بە ئەزموونی ناخ و زەوقی ناوەکییش هەیە. هەروەها بەپێچەوانەشەوە، ئەزموونی ڕۆحی کامڵ نابێت، کاتێ نەبێت، کە لەسەر بنچینەی زانست و فەلسەفە دادەمەزرێ.
هەر ئەمەش وای کرد سوهرەوردی باوەڕی بە کرانەوەی هزری هەبێت و خۆی بە یەک فەلسەفەی دیاریکراوەوە نەبەستێتەوە و بە ڕووی فەلسەفەی یۆنانی و حیکمەتی ئێرانی و میسر و هیندستاندا بکرێتەوە و ئاوێتەیەک لە ئەفلاتوون و زەردەشت و فیتاگۆرۆس و هرمس فەراهەم بکات، بەڵام خاڵی دەستپێکردنی، چەمکی ڕووناکی یا نوور بوو، هەروەکوو لە ئایەتی ٣٥ی سوورەتی نووریشدا هاتووە، "اللە نور السماوات و الارض مثل نورە کمشکاة فیها مصباح المصباح في زجاجة کأنها کوکب دري یوقد من شجرة مبارکة زیتونة لا شرقیة و لا غربیة تکاد زیتها یضيء و لو لم تمسسە نار نور علی نور یهدي اللە لنورە من یشاء و یضرب اللە الامثال للناس و اللە بکل شيء علیم." بێگومان نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێت، کە ئایینی زەردەشتییش یەکێک بووە لە سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی تێفکرین و تێڕامان لای سوهرەوەردی، هەڵبەتە لەپاڵ فەلسەفەی یۆنانیی کۆن وغەزالی و ئیبن سینا و فارابی و حەللاج و بایەزیدی بەستامیدا. سەبارەت بە کاریگەربوونی بە فەلسەفەی کۆنی یۆنان، زیاتر ئەمە لە کاریگەربوونیدا بە فەلسەفەی ئەفلاتوون دەبینینەوە، کە بە ئیمامی حیکمەت ناوی دەبات، گەرچی ڕەخنە لە تیۆریی ئایدیالەکانی دەگرێت. هەروەها کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ئەرستۆیشەوە، لەبارەی ئەویشەوە دەڵێت، "یەکەمین مامۆستا، ئەرستۆتالیس، گەرچی پایەبەرز و قووڵ بووە و دووربین بووە، بەڵام نابێ زێدەڕۆیی تیا بکەین، بە ئەندازەیەک، بەرەو جاڕزبوونمان ببات لە مامۆستایییەکەی." (لە پێشەکیی حکمة الاشراقــەوە).
ماسینیۆن، کە یەکێکە لە شرۆڤەکارە بەناوبانگەکانی سوهرەوەردی، بەرهەمەکانی سوهرەوەردی دەکات بە سێ قۆناغەوە:
قۆناغی یەکەم: قۆناغی لاوی (قۆناغی ئیشراقی)، کە ئەم کتێبانەی تیا نووسیون: الالواح العمادیة، هیاکل النور، الرسائل الصوفیة.
قۆناغی دووەم: قۆناغی مەشائی: التلویحات، اللمحات، المقاومات، المطارحات، المناجاة.
قۆناغی سێیەم و کۆتایی: کە تیایدا کەوتە ژێر کاریگەریی ئەفلاتوونیەتی نوێ و ئیبن سیناوە. لە کتێبەکانی ئەم قۆناغەی: حکمة الاشراق، اعتقاد الحکماء، کلمة التصوف.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی سوهرەوەردی ئەوەیە، کە بە زمانێکی شیعری و ئەدەبیی باڵا کارە پەخشانی و شیعرییەکانی خۆی نووسیوە و لەڕێی ئەوانەوە گوزارشتی لە بیروباوەڕ و تێڕوانینەکانی خۆی کردووە. هەندێ لە شیعرەکانی سوهرەوەردی، ئاستێکی زۆر بەرزیان تۆمار کردووە لە شیعری عیرفانیدا و بە دەقە ئیبداعی و زیندووەکانی شیعری عیرفانی لەقەڵەم دەدرێن، هەر بۆ نموونە، وەکوو شیعرەکانی (أبداتحنإلیکمالأرواح) و (أقول لجارتي و الدمعجار) یان پێنج خشتەکییەکەی لەسەر قەسیدەی (بانت سعاد)ی کعب بن زهیر، یان موەشەحی وەکوو (یا ملیحا قد تجلی) و (علی العقیق إجتمعنا) [بڕوانە: دیوان السهروردي المقتول، الدکتور کامل مصطفی الشیبي، دار الجمل ٢٠١٤. هەروەها بڕوانە: السهروردي، مٶسس الحکمة الاشراقیة، عبدالفتاح رواس قلعجي، الهیئة العامة السوریة للکتاب].
دواجار، پێویستە شتێک سەبارەت بەم ڕۆمانەش بڵێین. قەلەندەر و قەڵا، گێڕانەوەی سەربوردەی ژیانی شێخی ئیشراق، سوهرەوەردییە. نووسەری ئەم ڕۆمانە، بەوپێیەی خۆی پسپۆڕێکی شارەزای دونیای تەسەوف و عیرفانە و خەڵکی ئەو دەڤەرەشە، کە کاتی خۆی سوهرەوەردیی تیا لەدایک بووە، توانیویەتی بەوردی لەسەر وێستەگەکانی ژیانی سوهرەوەردی بوەستێت، هەر لە مناڵییەوە تا دواساتی ژیانی لە زیندانی حەڵەب. نووسەری ئەم ڕۆمانە، لەم کارەدا توانیویەتی بە زمانێکی سادە و ڕەوان ڕووداوەکانی ژیانی سوهرەوەردی بەرجەستە بکات و حاڵەتە تایبەتییەکانی بخاتە ڕوو و ئاماژە بە ئایدیا سەرەکییەکانی هزر و فەلسەفەی سوهرەوەردی بکات و شێوەیەکی زنجیرەئاسای زەمەنی بە ڕووداوەکان بدات و لە فۆرمێکی سادە و جواندا بەرجەستەی بکات.
هەڵبەتە هەروەکوو خوێنەریش بۆی دەردەکەوێ، لە ڕۆمانەکەدا کۆمەڵێک زاراوە هاتوون، کە تایبەتن بە دونیای عیرفان و هەروەها بە ئایینی زەردەشتی، بۆ ئەوەی بەلای خوێنەرەوە نامۆ نەبن، بەپێی توانا پەراوێزم بۆ داناون و ڕوونم کردوونەتەوە.
خاڵێکی تر هەیە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەین؛ نووسەر کاتێ ڕۆمانی قەلەندەر و قەڵای نووسی و بڵاوی کردەوە، لەلایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و ئەمەش بووە مایەی ئەوەی چەند جارێک چاپ بکرێتەوە، تا گەیشتە چاپی دەیەم. بەڵام دوای دەیەمین چاپی ڕۆمانەکە، نووسەر دەسکارییەکی زۆری لە ڕۆمانەکەدا کردەوە و ئەمجارەیان بە ناوی دادگاییکردنی هەتاوەوە چاپ و بڵاوی کردەوە. ئەوەی جێی سەرنجە، زۆربەی ڕەخنەگران و خوێنەران هەستیان کرد ئەم دەسکارییانە زیانیان بە دەقەکە گەیاندووە و دەقەکەی پێشوویان بە دەقێکی کامڵتر و هونەریتر لەقەڵەم دا. هەربۆیە ئێمەش وەرگێڕانەکەمان لە ڕووی دەقی یەکەمەوە کرد، گەرچی لە بەشەکانی کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، هەندێ دەسکاریی بچووکمان کردووە و لە ڕووی ئەمانەتەوە ئەم ئاماژەپێکردنەمان بە پێویست زانی.
١- بڕوانە:
- (Mullah Sadra,s Transcendent Philosophy)
- Muhammad Kamal
- Ashgate World Philosophies Series
- Great Britain,2005. Ch.2.
- ٢- بڕوانە حکمة الأشراق، السهروردي، ص٢٩٨.