ئایا سەدام هۆکاری خۆشگوزەرانی عێراق بوو؟ یان..

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Serokman.jpg

نووسینی: سۆران عەبدوڵڵا ئەحمەد

ئایا سەدام هۆکاری خۆشگوزەرانی عێراق بوو؟ یان..

بەهۆی نادادی و ناهەمواری دۆخی گوزەرانی خەڵکی تا دێت هەواداری دیکتاتۆری پێشوو سەدام حسێن لەناو خەڵکدا زیاد دەکات و بە جۆرەها ڕێگە بە شان و باڵیدا هەڵدەدرێت تا ئەو ئاستەی هەندێک بە باوکێکی میهرەبانی دەچوێنن و بە پادشای سەردەمی خۆشبەختی لە قەڵەمی دەدەن.

لە کاتێکدا ئەو دەستکەوتانەی دەدرێنە پاڵی هیچی هی ئەو نین و نەبوون بەڵکو بە پێچەوانەوە.

بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە با کەمێک بگەڕێینەوە بۆ مێژوو:

عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 دا لە پاش ئەوەی ئینقلابی بەسەر مەلەکیدا کرد و وڵاتی کردە کۆماری و دەسەڵاتی گرتە دەست هەتا 1963 سەدان پڕۆژەی کاریگەری لە عێراقدا جێبەجێ کرد کە وای لێکرد نەک هەر ئەوەی لەسەر قاچی خۆی بوەستێ بەڵکو ببێتە دەوڵەتێکی تا ئەندازەیەک بەهێز.

لەوانە: یاسای ئیسڵاحی زەراعی، یاسای باری کەسێتی و مافی ژن، دروستکردنی مینای ئوم قەسر، فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی بەغدا، دروستکردنی گەڕەکەکانی ئیسکان لە سەرجەم شارەکانی عێراقدا، نەخۆشخانە لە هەموو شارەکاندا، دروستکردنی پردەکان بە پردی سلێمانی چوارتاوە، سایلۆکان، دەیان کارخانەی گرنگ بە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار و جگەرەی سلێمانیەوە، دروستکردنی سەدەکان بە دوکان و دەربەندیخانیشەوە دروستکردنی رێکخراوی ئۆپیک (ئەمە مشتێکە لە خەرمانێک).

با کەمێکیش باسی ئەحمەد حەسەن بەکر بکەین، بەکر لە 68-1979 حوکمی عێراقی کرد، لە 1970دا ئاشتی لەگەڵ کورد کردو مافی خۆبەڕێوەبەری و ڕۆشنبیری و کلتوری پێدان و بەیاننامەی یانزەی ئازاری دەرکرد، بڕیارەکانی قاسمی بۆ خۆماڵیکردنی نەوت جێبەجێ کرد، سوودی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بینی و ئاستی ئابوری عێراقی گەیاندە لوتکە، لە 70%ی داهاتی نەوتی بۆ ئاوەدانکردنەوە تەرخانکرد و هێڵی ئاسنی لە عێراقدا دروستکرد، پەروەردە و خوێندنی گەیاندە ئاستێک لە ساڵی 1977 دا یونسکۆ ڕایگەیاند کە ئێستا ئاستی خوێندن لە عێراقدا هەمان ئاستی وڵاتانی سکەندەنافییە.

سەدام چیکرد؟! لە ساڵی 1959دا تەقەی لە عەبدولکەریم قاسم کرد و سەرکەوتوو نەبوو لە کوشتنی، بەڵام بەم کردەوەیە پێگەی خۆی لە حیزبدا بەرز کردەوە، پاشان کوڕە گەورەی بەکری کوشت و لە ساڵی 1979دا خۆشی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوەی کرد.

هەر ساڵێک دوای هاتنە سەر حوکمی تاکلایەنەو خەیاڵپڵاوانە بە حسابی جەنگێکی یەک هەفتەیی پەلاماری ئێرانیدا و دوای هەشت ساڵ شەڕ و کوشتار یەک ملێۆن مرۆڤی کردە قوربانی و دەیان ملیار دۆلاری قەرز هێنایە سەر شانی عێراق، پاش دوو ساڵی تر کە زانی قەرزەکانی بۆ نادرێتەوە لە کوێتی هەڵپێچا کە پانزە ملیار دۆلاری بداتێ، کاتێک میری کوێت وەڵامی دایەوە کە ئەگەرچی هەمانە بیفرۆشین ناکاتە ئەو بڕەو هەرچی هەمانبوە لە کاتی شەڕی ئێراندا داومانە بەتۆ، هەڵیکوتایە سەر کوێت و تاڵانی کرد.

کاتێک هاوپەیمانان پەلاماریاندا دەیان هەزار سەربازی بە کوشتداو قەرزەکانی سەر گەلی عێراقی بۆ 124 ملیار دۆلار بەرز کردەوە جگە لەوەی زۆر لەو بڕە پارەیە زیاتر زیان بەر سوپا و ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی کەوت و گەمارۆی ئابوری هێنایە سەر عێراق.

نزیکەی دووسەد هەزار کوردی کیمیاباران و ئەنفال کرد، دەیان هەزار شیعەی کوشت.

لە دوای هەموو ئەمانە جارێکی تر دەپرسین ئایا سەدام بوو کە هۆکاری خۆشگوزەرانی عێراق بوو؟ ؟!!