ئاین و ئەقڵانیەت

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
10612965 .jpg

نووسینی: هێرش سەعید

زۆر کەس بە درێژایی مێژوو لە هەوڵی ئەوەدا بوون و ویستوویانە دین بکەن بە بابەتێکی ئەقڵانی، یاخود لە کیمیای دین تێبگەن و لەژێر ڕێژنە و ڕێنمایی پەیامبەران دەریبهێنن و بەرگێکی حسابی و لۆجیکیی بکەن بە بەردا.

لە ئاکامی ئەمەش چەندین ڕەوت و ڕێباز و هەندێجار دینی نوێشیان داهێناوە.

لەم وتارەدا باسی ناکامیی و شکستخواردوویی ئەو جۆرە هەوڵانە دەکەم.

هەڵبەتە کاتێک دەڵێین ئەقڵانی یان ڕۆشنگەری، مەبەست لەوە نییە کە دین نائەقڵانی و بێنەزم بێت یاخود موعەمما و ناڕۆشن بێت.

بەڵکو مەبەست لەوەیە کە نەزمێکی داینامیکی و سەروو-ئەقڵانی هەیە و تەنها بە خاوێنکردنەوەی دەروون (تەزکیەی نەفس) لەسەر شەریعەتی پەیامبەران و ڕۆشتن بە شوێنپێی ئەواندا وردە وردە لەو نەزم و سیستەم و ئالگۆریزمە تێدەگەین کە دین دەیەوێت لە مرۆڤەکاندا وەئاگای بێنێت.

ئەویش هیچ کەسێک ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە گەیشتووە بە حەقیقەتی موتڵەق و وەڵامی کۆی ئاریشە و پرسە وجودیەکانی داوەتەوە -هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە پێویستییەکی حەتمیمان بە زانستەکان و هونەرەکان هەیە.

بەڵام هێندە هەیە کەسانێک -بەگوێرەی ئاستی تەقوا و خۆناسی و خواناسییان- ڕۆشنتر هەم دینەکە و هەم سەردەمەکەی خۆیان دەبینن.

612x612-1.jpg

ئێستا با بزانین بۆچی هەوڵە ئەقڵانی و ڕۆشنگەرییەکان لە بواری ئایندا شکستیان هێناوە؟ بەڵام پێش ئەو وەڵامدانەوەیە ناچار دەبین ئاوڕ لە پرسێکی تر بدەینەوە ئەویش ئەوەیە کە: ئەگەر ئەو هەوڵانە شکستیان هێناوە ئەی بوژانەوەی زانستەکان لە ڕێنیسانس و ڕۆشنگەریدا و پێشکەوتنەکانی دنیای مۆدێرن و پۆستمۆدێرن لە خۆڕا بەدی‌هاتوون؟ گەر ئەمانە دەستکەوتی ئەقڵانیەت و ڕۆشنگەری نەبن ئەی هی چین؟

خۆی کێشەکە لێرەدایە، ئەوەی وا پێشکەوتنە ماددی و ژیارییەکانی مرۆڤ تێکەڵ بە پرسی ئاین بکەین؛ کە سەرچاوەیەکی ئەزەلی و ئەبەدی و نەگۆڕی هەیە، لەبەرئەوەی لای دروستکەری جیهانیانەوە هاتووە و بەدوورە لە ناکامڵی و ڕێژەگەرایی.

گەر بە نموونەیەک بیچوێنین، دەبێ بڵێین وەک چۆن دەستڕاگەیشتنی مرۆڤ بە ئینتەرنێت و تەکنۆلۆجیا و زانستەکانی سەردەم وای لێناکات، بۆ نموونە، لە ئەفلاتۆن و ئەرستۆ ئەقڵانیتر بێت، بەڵکو تەنها وای لێ دەکات زانیاریی پێدراو و کەڵەکەبوو و تەحقیق نەکراوی زۆرتر بێت؛ بە هەمان شێوە پێشکەوتنی لە ڕووی ئەقڵانیەتەوە وای لێ ناکات لە دینیشدا پێشکەوتووتر بێت! بەداخەوە -یان خۆشبەختانە- هاوکێشەکە بەو شێوەیە کار ناکات!

ڕەنگە بڵێیت ئەی ئەوە نییە وڵاتانی ڕۆژئاوای خاوەن سیستەمی عیلمانی و ڕۆشنگەری ژیانێکی دادپەروەرانەتر!، مرۆڤانەتر!، کراوەتر لە ڕووی یەکترقبووڵکردن و مافی مرۆڤ و نەبوونی جیاکاریی ڕەگەزی و ئاینی و چینایەتی!...یان هێناوەتە ئاراوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە کەمێک قورسە و ڕەنگە بە چەندین وتار نەتوانین بەباشی ڕوونی بکەینەوە، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەم وەڵامێکی کورت و ساکار بەو پرسە بدەمەوە.

سەرەتا نە ئەو شیعاراتانەی بانگەشەیان بۆ دەکرێت بەدی‌هێنراون -لە خوارەوە هۆکارەکەی باس دەکەم- نە ئاینیش لەو دروشمانەدا کورت دەبێتەوە.

سەبارەت بەوەی ئایا ڕۆژئاوای خاوەن زانست و تەکنۆلۆجیا و پێشکەوتنخواز چی هەنگاوێکی ناوە بۆ خۆشبەختی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی مافەکانی، دەبێ سەرەتا باسی ئەوە بکەین ئەو مرۆڤە کامەیە کە ڕۆژئاوا سازاندوویەتی و سەرلەنوێ دروستی کردووەتەوە و پاشان مافەکانی پاراستووە؟ چونکە جیاوازییەکە -بۆ لێ تێگەیشتن- وەک ئەوە وایە گورگێکی کێویی و ئازاد بکەیت بە سەگێکی خوێڕی و چاولەدەستی پاروویەک نان، پاشان پاراستنی بە دەستکەوت پێ بفرۆشیتەوە.

ئەم گۆڕانە لە ڕووکاردا زۆر باشتر هەستی پێ دەکرێت لەچاو ئەو گۆڕانەی لە ئەقڵیەت و ئەخلاقیاتی مرۆڤدا ڕوویداوە، لەبەرئەوەی وەک چۆن زەحمەتە باسی دەرەوەی دەریا بۆ ماسی بکەیت، ئاواش زەحمەتە باسی جیهان و جیهانبینییەکی تر بۆ ئەم مرۆڤە نوێیە بکەیت.

بە نموونە کاتێک ژنانێک دەبینی بە لچ و قنگی ئاوساوەوە و پیاوانێکی هۆمۆ یان ئالودەی دەرمان و وەهمی سەیروسەمەرە دەبینی، ئەوسا بیرۆکەیەکت لا دروست دەبێت کە ڕۆژئاوا چۆن چۆنی بە ڕێساکانی خۆی شەتەکت دەدا و لە چی ڕەوشێکدا مافەکانت دەستەبەر دەکات!

بە دەربڕینێکی تر، ئەو شیعاراتانە بۆ دۆخێکی لەم شێوەیە دەشێن: هەموو کەسێک مافی جیاوازیی ئاین و بیروباوەڕی هەیە، چونکە ئاین و ئایدۆلۆجیاکان پەڕ و باڵیان کراوە و بێئاینیی و سەگ‌باوەڕی بەرقەرارە.

جیاکاریی ڕەگەزیی نەماوە، چونکە جێندەر و بێ ڕەگەزیی یاخود ترانس جێندەری جێی گرتۆتەوە.

جیاکاریی نەژادیی و کولتووری نەماوە، چونکە ئەم مرۆڤە نوێیە ئێستا قیبلەیەکی تر و ناسنامەیەکی تری هەیە کە سامان و سەرمایەی ماددییە و جیهانەکەی لە مەسرەفگەرایی و چێژپەرستیدا کورت بۆتەوە.

جا شەڕەکەیش هەمووی لەو پێناوەدایە کە ئەو سیستەمانەی مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ دەدەن لە مەنگەنەی ئایدۆلۆجیای زاڵ (ئیدی لیبراڵیزم بێت یان کۆمۆنیستی یاخود ناسیۆنالیستی بە بەرگێکی مەزهەبییەوە) تا جارێکیتر لەو قووڕەدا بیان‌شێلێت وا ئەم مرۆڤە نوێیەی لێ سازێنراوە.

ئەوسا ڕەنگە هەڵسوڕێنەرانی نەزمی جیهانیی مافەکانی کۆیلەییت پێ ڕەوا ببینن! چونکە لە وەها ڕەوشێکدا ئیدی تۆ نەماویت و سیستەمە ماتریکس‌یەکە کردوویتی بە منداڵی خۆی.

هیوادارم ئەو ڕوونکردنەوە ڕاگوزەرە بۆ هەندێکتان کافی بووبێت. با بێینەوە لای پرسیارەکەی خۆمان، بۆچی دین ناچێتە ژێر ڕکێفی ئەقڵانیەت و بە سیستەم کردنەوە؟

وەڵامەکەی -بە تێڕامانی من- ئەوەیە کە ئاگایی مرۆڤ توانای بینینی کولییەتی شتەکانی نییە، تەنها لە بەش و ئەزموونە کەسی و ڕەوشە تایبەتەکان تێدەگات و لەوێوە گشتاندن دەکات.

تەنانەت ئەولیا و نزیکانی خوداش کە مەزهەب یاخود تەریقەتێکیان داناوە، ئەو مەعریفەیەی هەیان بووە مەعریفەیەکی ستاتیکیی سەردەمیانە بووە و تا ئەندازەیەک حەقیقەتی ڕۆشن کردۆتەوە، بەڵام بەنیسبەت عامەی خەڵکەوە هێندە بەرز و باڵا بووە وەک حەقیقەتی ڕەها چاوی لێ کراوە.

بۆیە وەختێک سەردەمەکە گۆڕاوە و ئەو زمانە مەجازییەی عاریف و خواناسەکان بەکاریان هێناوە بۆ تەرجەمەکردنی دنیای مەعنەوی و ڕۆحانی کورتی هێناوە یاخود بەدحاڵیبوونی دروست کردووە.

لەکاتێکدا گەڕانەوە بۆ سەرچاوە: کتێبی پیرۆزی ئاینەکە و پێڕەوکردنی ڕێنمایی و فەرموودە و سوننەتی پەیامبەران ئەو ئیشکالەی نییە، لەبەرئەوەی مەعریفەیەکی هەرە باڵا و یەقینبەخشی داینامیکییە، لە هەمان کاتدا میتۆد و ڕێگایەکی پراکتیکییە و هەمووان خۆیانی تێدا دەبیننەوە و کەچی هەرکەسەو بە جۆرێکیش -بەگوێرەی سروشتی تایبەتی خۆی- دەباتەوە سەر ڕێگای خۆناسی.