ئۆقیانوسێک لە درۆ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
بگd01.jpg

نووسینی: سەردار حەمەڕەش


ئەم پەیکەرە، (پەیکەری ماچ، وێنەی 01)، لە لایەن کاک زیرەک میرەوە کراوە، دوای تێکشاکندنی پەیکەرێکی تر بە ناوی (ماچ)ەوە لەلایەن ئیسلامییە توندڕەووەکانەوە لە باخچەیەکی کوردستاندا. بە مەبەسی بەرپەرچدانەوەی ئەو کارە ناڕەوایە کراوە.

ناوی ئەم وتارە؛ ئۆقیانوسێک لە درۆ. بۆ وەبیر هێنانەوەی کتێبی نایابی ؛ (ئۆقیانوسێک لە تاوان. وێنەی 02 )ی خەندان محەمەد جەزایە.

بەڵکو بەو بۆنەیەوە ئەم پەیکەرەش بخەینە سەر هەمان ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە مێینە دەکرێن لە کوردستان، ئەگەریش ناتوانین وەک تاوان پێناسە بۆ ئەم کارە هونەریە بکەین، چونکە تاوان کاتێک بە تاوان هەژمار دەکرێت، کە کەسەکە بە ویست و بە ئاگاییەوە کارەکەی کردبێت، بە پێچەوانەوە ئەم کارە بە ئاگامەندی و مەبەستی خراپ نەکراوە، بە ڵکو لەلایەن کەسێکی نەزانەوە کراوە بە مەبەسسی ئازادی و بەتایەتی ئازادی مێینە کراوە.

24578855.jpg


(وێنەی 02) کتێبی ئۆقیانوسێک لە تاوان (درۆ).

بۆئەوەی لە کارێکی هونەری تێ بگەین، باشتر وایە بە ووردی و بەبێ درۆکردن سەیری کارە هونەریەکە خۆی بکەین، پێویستیش بەوە ناکات بزانین کێ کردویەتی و بە چ مەبەستێکیش کراوە، تەنها تێروانینی خۆمان بەسە بۆ ئەو کارە کە ئەیا چ مەسجێکمان دەداتێ، ئەگەر کارە هونەریەکە لە توانایدا نەبوو شتێکمان بۆ بدرکێنێت، ئەوا قسەی هونەرمەند پولێک ناهێنێت. راستە، هونەر مێژوویەکی هەیە و زوانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک مۆسیقا و دانس و شانۆ. بۆ تێگەیشتن لەکارێکی هونەریی پێویستمان بە زانیاری پێشوەختە هەیە لەسەر هونەر، بەڵام لێرەدا ئەم پەیکەرە وەک کارێکی هونەریی بەرز هەڵناسەنگێنین، لەبەر ئەوەی لەو ئاستەدا نیە، بەڵکو تەنها وەک کارێکی سادە باسی دەکەین، وەک هەموو ئەو کارانەی لە سەر جادەکاندا دادەنرێن بۆ جەماوەرێکی فراوان دەکرێن، بە زوانێکی گشت.

لە یەکەم تێڕوانینماندا بۆ ئەم کارە، چەقۆیەکی زۆر گەورە و جوان دەبینین، بە شێوەیەکی هیپەر ڕیالیستی دروستکراوە، چەقۆکە ئێجگار گەورەیە، هەر خیرا سەرنجی بینەر بەلای خۆیدا رادەکێشیت، لەسەر چەقۆکە نوسیویەتی (love and culture)، پاشان ناوی هونەرمەندەکە لەسەر چەقۆکە نوسراوە بە پیتی لاتینی.

چاومان بەچۆقەکەدا دەخشێت هەتا نوکی چەقۆکە و لەسەر نوکی ئەم چەقۆیە کوڕێک دەبینین وەستاوە بە پێوە، کیژێکی گرتۆتە باوەش. کوڕەکە دەستی باش ئاڵاندوە لە کەمەری کچەکە و نیازی نیە بەری بدات، بەلام کچەکە لە کردەدا نیە، نە باوەشی بۆ کوڕەکە کردۆتەوە، نە دەستی بە کوڕەکەوە گرتوە نە لەسەر چەقۆکە وەک ئەو جێگیر بووە. لە بۆشایدایە، وادەردەکەوێت کە کچەکە وەک بوکە شوشەیەک بە ڕێکەوت لە ئاسمانەوە کەوتبێتە باوەشی ئەو کوڕەوە، وەک خواوەندێک یان دیاریەکی خودایی. دەستی رانەکێشاوە بۆ کوڕەکە بە ئامانجی دەربڕینی ئارەزویەک بۆ ئەو، باوەشیشیی بە کوڕەکەدا نە کردووە. شازادەکە وەهای نیازە کچەکە ماچ بکات، بەبێ ئەوەی لێویان بەر یەکتر بکەون، کچەکە بەهۆی شازادەکەوە جێگیرە لەسەر چەقۆکە و کوڕەکە بڕیار دەدات. نە هەوڵی ماچ کردنی دەدات نە هیچ. دەستی بڵاوکردۆتەوە، وەک منداڵێک یان هەر وەک بوکەڵەیەکی سیرک، بە باڵە کراوەکانیەوە کە لەوە دەچیت بێگیان بێت، لە بوکە شوشەیەکی فوتێکراوی سێکس شۆپەکان دەچێت بۆ گەمەی سێکسی، پاش ئەوەی کە خاوەنەکەی بێزار بووە لێی، لە پەنجەرەیکەوە هەڵی داوەتە خوارێ و کەوتۆتە باوەشی نێرینەیەکی برسی بە سێکس . کچەکە کەوشی پاژنە بەرزی لە پادایە و بە جلکێکی مۆدێرنەوە دەبینرێت. چاەروانی کوڕەکەیە، چاوەروانی فریادرەسە، وینەکە زیاتر لە فیلی جێمس بۆند دەچێت.

ئەگەر چەقۆ خۆی لەخۆیدا تەنێکی دژوارە، ئەوا لەویادا ئەگەر باش تێڕامانی بۆ بکەین، بۆتە سەکۆیەک بۆ کوڕەکە، بەو هۆیەوە لەسەری وەستاوە، نەبۆتە بەربەستێک یان ڕێگرێک یان هەر شتێکی دژواری تر لە نێوانیاندا، نەش بۆتە بەربەستێک بۆ کچەکە و بەپێجەوانەشەوە بەهۆی ئەو چەقۆیەوە هەردووکیان وەستاون پێکەوە لەو بارەدا. کەواتە لەویادا ئەو چەقۆیە هیچ دەورێکی ڕێگر و دژوار نابینێت، زیاتر لە ڕێکلامێکی جوان دەچیت بۆ چەقۆ .

کەواتە بۆ کورتکردنەوەی باسەکەمان ؛ چەقۆیەکی گەورە دبینین کە بۆتە سکۆیەک بۆ کوڕێک، کوڕەکەش وەک فریادرەسێک کچێکی گرتۆتە باوەش، کچەکە لە شوێنێکەوە کەوتۆتەخوارەوە و هیچ چالاک نیە و چاوەروان دەکات.

هاتم و بردم هەتاوەک و بزانم مەبەستی هونەرمەند لەم کارە چی بووە، چونکێ بێ شک چیرۆکێکی سادە خۆی حەشارداوە لە مێشکۆلەی بکەردا، خۆ لەبەر ئەوە نیە ئەگەر من کوڕێک و کچێکم بینی لەسەر چەقۆیەک، ئیتر هەر خێرا بکەومە گیڕانەوەی بەسەرهاتی دژوار و بێ سەروبەرە، وەک ئەوانەی دەیانخوێنمەوە لەسەر سایتە کۆمەڵیەتیەکان، باسی هەموو شتێک دەکەن، بەڵام باسی کارە هونەریەکە خۆی ناکەن و باسی ئەوە ناکەن کە دەیبینن. ئێمە باسی چیرۆک و هۆنراوە و پەندی پێشینان ناکەین، ئێمە بابسی کارێکی هونەری دەکەین، ئایا ئەم پەیکەرە چ مەسجێکمان پێ دەدات ؟ باسی چیمان بۆ دەکات؟ گوزارشت لە چی دەکات ؟ پاشان، ئایا ئەم کارە هونەریە بە زوانی هونەر کراوە یان بەزوانی بێ ئاگا لە هونەر ؟

چیرۆکەکە زۆر سادەیە لە دیدی هونەرمەندەوە ؛ کچێک لەشوێنێکەوە کەوتۆتە خوارەوە کە نازانین لەکوێوە. حۆری نیە، (وەک باوە لە کوردوستان )، کچەکە خەریکە بکەوێت بەسەر نوکی چەقۆکەدا، بەڵام بەڕێکەوت ئەو کوڕە جوانخاسە، ئەو شازادەیە، وەک لە فلیمە هندییەکاندا، یان لە فیلمی جیمس بۆندا، بەویادا تێ پەڕ دەێت و دەیگرێتە باوەشی و ڕزگاری دەکات هەتاوەک و نەکەوێت بەسەر چەقۆکەدا. هەر ئەوە ماوەتەوە ئێمەش لە جێگەی خۆماندا دەست بکەین بە چەپڵە ڕیزان و بڵیین ؛ زۆر جوانە کوڕەکە، وەک کاتێک گچکە بوین لە سینەما لەبەردەم فلیمی هندیدا.

لەمە زیاتر هیچی تر ناتوانین هەڵکڕێنین لەم پەیکەرەدا، ئەگەر مەبەستی هونەرمەند ئەمە بێت، کەواتە بە راستی بیرو بۆچوونی لە لوتی خۆی دوورتر ناڕوات و بیرۆکەیەکی هەتا بڵییت دواکەوتو و باوک سالاریە، بە پێجەوانەی ئەوەی کە گوایە باسی دژواریمان بۆ دەکات لە خۆشەویستیدا لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا، جگە لەوەی کە ئەم جۆرە دەربڕینە دوورە لەزوانی هونەر و، زیاتر زوانی چیرۆکێکی فەنتازیایە بۆ منداڵان. زوانی هونەر چیرۆک گێڕانەوە نیە، یان فۆتۆگرافییەکی سینەمایی نیە.

لە هەمان کاتا لەم کارە هونەرییەدا چەقۆکە بە شێوازێکی تر کراوە لە کوڕ و کچەکە، وەک ئەوەی دوو کەسی جیاواز ئەو پەیکەرەیان کردبێت، کە ئەمەش ڕیی تێ ناچیت لەکارێکی هونەریدا، بۆیە وەک ڕێکلام دەبینرێت بۆ چەقۆ، نەک چەقۆ وەک مەترسیەک، وەک چەکێکی کوشندە یان هەڕەشەیەک لە سەر خۆشەویستی لە کۆمەڵگەی کوردیدا. بۆ تێگەیشتن لەم باسە دەچین سەبیلەکەی دەمی ئۆتۆپۆرترێکەی ڤانگۆگ دەگۆڕین بۆ سەبیلێکی ڕیالیست، ئەگەر ڤانگۆگ سەبیلەکەی بە تەکنیکێکی جیاواز بکردایە لە دەموچاوی.


Vangog.jpg


(وێنەی 03)پۆرترێی ڤانگۆ بە سەبیلێکی ڕێالیستەوە.

ئەگەر سەیری ئەو تابلۆیەی ڤانگۆگ بکەین (وێنەی 03) سەرنجت دەروات بۆ سەبیلەکە و دەموچاوەکەت لەبیر دەباتەوە لەبەر ئەوەی سەبیلەکە جیاواز نەخشێنراوە ، ئەمەش تەکنیکی ڕێکلامە بۆ سەرنجڕاکێشانت بۆ سەبیل وەک کاڵایەک، بەڵام لەوانەیە بلێن ئەوە کەی تەنگژەیە، کاکی هونەرمەندیش ویستویەتی سەرنجی خەڵکی ڕابکێشیت بۆ چەقۆکە، راستە، بەڵام، بۆ چ چەقۆیەک ؟ دەوری ئەم چەقۆیە چییە جگە لە سەکۆیەک بۆ ئەو کوڕ و کچە ؟ ئەگەر هونەرمەندیک بە دوو تەکنیک کارێکی هونەری بکات بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دروست بپێکێت، لەسەر تابلۆیەک یان لەسەر پەیکەرێک واتە ئەوکەسە بۆچوونێک یان بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی نیە، هەمو بڕیارەکان لە هۆشمەندی هونەرمەندەوە نەهاتوون، هونەرمەند نەگەشتۆتە راستیەک هەتاوەکو بتوانێت بە زوانێکی ژیر گوزارشت لە باسێک بکات.

کەسێکی وونە، ناهۆشمەندە و نازانێت چی کردووە، یەک پێکهاتەی هارمۆنی نیە لەگەڵ بیر و بۆچونی خۆیدا. بەسادە و ساکاری دەتوانین بڵیین : کە ئەو کوڕە هونەرمەندە، گەوجەو هۆشمەند نیە بە کارەکەی. پاشان لەم پەیکەرەدا، مێینە وەک کەسێکی بێتوانا پیشان دراوە، هیچ دەورێکی نیە، هیچ بڕیارێک نادات، نێرینەش ڕزگارکەرەو بڕیاردەرە و لە کردەدایە و وەک شازادەیەک ئەوی لەباوەش گرتوە و دەیپارێزێت، بەڵام لە راستیدا هونەرمەند مەبەستی ئەوە بووە پێچەوانەکیمان پیشان بدات، ئەمەیە پارادۆکس لەم کارەدا، وەک چۆن هەندێک لە دەڵالەکانی کتێبی ئۆقیانوسێک لە تاوان وەهایان باوەرە کە داڵدەی ئافرەتانیان داوە و یارمەتیان دەدەن، کاکی هونەرمەندیش بەهەمان شێوە وادەزانێت کە بەرگری لە مافی مێینە و خۆشەویستیی دەکات، بەڵام کارەکەی تەواو ێچەوانەی بیرۆکەکەیەتی.

بە هەمان چەقۆ و بە هەمان فیگور، دەتوانین ئەو کارە ڕاست بکەیەنەوە، هەتاوەکو ئەو مانایە بدات کە لە ویست، لە هۆش (هەست) ی هونەرمەندایە، نەک لە نەست ( نائاگایی )دا ؛ چاقۆکە بە چل و پێنج پلە دەسوڕێنینەوە، وەک ئەوەی بەرەو ڕووی ئەو دوو خۆشەویستە بووبێتەوە، بە جۆرێک کە چوبێت بە نێوان هەردووکیاندا، ئەوانیش هەریەکێكیان لەملا و لای چەقۆکەوە باوەشیان کردووە بە یەکدا و کچکە وەک کوڕەکە لە کردەدایە، چەقۆکە لە بەشی خوارەوە بە نێوانیاندا تێ پەڕیوە. ئەو کاتە گرنگیش نیە ئەگەر چاقۆکە بە ستایلێکی جیاواز کرابێت، چونکە لێرەدا چەقۆکە دەوری دژ دەبینێت.

هەمو ئەو کارانەی لە کوردستانی باشوردا بۆ بەرگریکردن لە مافی مێینە کراون، بەڵام بەداخەوە جۆرێکن لە گاڵتە پێ کردن بە مێینە. هونەرمەندان لە بری هاندانیان، لە برای ئازادکردنیان، جارێکی تر دەیانکەنەوە بە ناخی زەویدا، دەیان گەڕێننەوە بۆ دواوە، ڕیسەکەیان لێ دەکەنەوە بە خوری. لەوانەیە خەڵکی وەها بیربکەنەوە کە ئەم پەیکەرانە، کاریگەری نەرێنییان نەبێت لەسەر کۆمەڵگە. بەڵام ئەوە ڕوونە، ئەگەری بینەر ڕاستەوخۆ تێ نەگات لە مەبەستی هونەرمەند، ئەوا لەنەستیدا مانا رەسەنەکە خۆی جێگیر دەکات و کاریگەری لەسەر هزری ئەو دەبێت.

211421.jpg


(وێنەی 04) شێرە کچانی کۆبانی (هادی زیائەدین) (وێنەی 05) خواوەندی نایک (زیرەک میرە)

ئەگەر ئاوڕێک بۆ کارە هونەریەکانی رابردوو بدەینەوە وەک شێرە کچانی کۆبانی یان خواوەندی نایک ( وێنەی 04.05)، هەر هەمان ئەقڵ دەبینین کە خۆی حەشارداوە لە ناخی ئەم هونەرمەندانەدا، کە ژنان هەمان دەوری نمایشکەرو حۆری و پەری دەبینن و هەرگیز چالاک نین. لە کردە و بڕیارداندا نین. وەک بوکەڵە دانراون و نمایش کراون. لەبەر ئەوەی بە هۆکاری یەکەم هونەرەکەیان لە هزرێکی هۆشمەندەوە نەهاتووە، کەواتە هۆشمەندیش نین بە کارە هونەریەکەیان. بۆیە راستی بیر و بۆچونیان وەک خۆیان دەردەکەون کە جیاوازیان نیە لەگەڵ فکری کۆنەپەرستییی و لە هەمان کاتا دەیانەوێت بیری پێشکەوتوخوازیی و هونەرمان پێ بفرۆشنەوە، لە شوێنێکدا کە خەڵکی لە ئەلفو بێی هونەر شارەزاییان نیە.

کاتێک هونەرمەند، شەرەڤانێکی داناوە لەسەر شیرێک و ناوی ناوە؛ شێرە کچانی کۆبانێ، دەبینین کە لە ویادا شەرەڤانەکە چالاک نیە، نە چەکی بە دەستەوەیە، نە بەرامبەر بە دوژمن وەستاوە، نە باسی خەباتی ژنانمان بۆدەکات. ژنێک دەبینین خۆی نمایش کردووە لەسەر شیرێک بۆ بینەر. هیج پەیوەندیەک نیە لە نێوان ئەو شیرە و ئەو کچەدا جگە لەوەی کە شێرەکە وەک سەکۆیەک یان وەک دۆشەکەڵەیەک دانروە بۆ ئەو، ژنەکەش وەک نمایشکەرێک بۆ بینەر یان بۆ فۆتۆگرافییەک. ئەم پەیکەرە بۆشە لە هەموو بیرکردنەوەیەک، بەتاڵە لەهەموو ئەقڵێک و پێی دەڵێن ؛ هەژاری لە بیرکردنەوەدا، ناهۆشمەندی لە ئەقڵدا، دەنا بوکەڵەیەک لەسەر شێرێک چ مانایەک دەبەخشێت ؟ ئەمەیە زمانی هونەر ؟ ئەو هەموو خەباتوو تێکۆشان و گۆرانکاریەی کە شەرەڤانان کردویانە، ئاوا پیشانمان دەدەیت کاکی هونەرمەند ؟

بە هەمان شێوە لە پەیکەری خواوەندی نایکدا، کە بۆ شەرەڤانان کراوە. لە کاتێکدا کچە شەرەڤانەکان دەیانەوێت خۆیان لە بیرۆکەی حۆری و پەری ڕزگار بکەن، دەیانەوێت بێنەوە سەرزەوی و وەک مرۆڤ خۆیان نیشانبدەن، خۆیان بخەنە ئاستی تۆی پیاو، کە هەمیشە مێینەت وەک حۆریەک بینیوە و دەبینیت. کاکی هونەرمەند بە دوو باڵەوە دەیان باتەوە بۆ ئاسمان و دەیان کاتەوە بە حۆری و پەری، بینەریش هەڵدەخەڵەتێنێت بە میتۆلۆژی خواوەندی نایک، خواوەندی نایک کە بۆتە مارکەی پیڵاوی وەرزش لە ئەوروپا. بەڵام لە راستیدا ئەوە ویست و خەو و ئارەزوی هونەرمەند خۆیەتی وەک تاکێکی ڕۆژهەلاتی، کە بریتیە لە وێنەی حۆری و پەری بۆ ئافرەت، نەک شەرەڤانێکی چەک بەدەست، شەرەڤانێکی بڕیاردەر، شەڕەڤانێکی شۆڕشگێڕ بە چەکەکەیەوە، بە تەنیشت پیاوێکەوە، شەرەڤانێکی خاوەن ئایدیۆلۆژی.

وەک سەرنج دەدەین لەم سێ کارە هونەرییەدا راستی مۆنتالیتێی تاکی ڕۆژهەڵاتی بۆ مێینە خراوەتە  ڕوو، ئەویش ئەوەیە یان وەک بوکەڵەیەکی پلاستیک لە ئاسمانەوە کەوتۆتە باوەشی کوڕێکی فریاد رەس، یان نمایش کراوە لەسەر شێرێک یان دەبێتەوە بە حۆری و پەری. لە هیچ لەو کارانەدا مێینە لە کردەدا نییە و چالاک نییە، زیاتر وەک کاڵایەک دانراوە.

بەڵام ئەگەر لە بکەری ئەم پەیکەرانە بپرسین تەواو بە پێجەوانەی کارەکانیانەوە دەدوێن، گوایە هەموویان بۆ ئازادی ژنان تێ دەکۆشن و خاوەنی فکرەی پێشکەوتوخوازانەن، بەڵام ئازادی بۆ مێینە ئەوەیە کە ژن وەک خۆی ببینین، نەک بیکەینەوە بە بە حۆری پەری وەک لە خەونەکانماندا، یان بە پەتیارە و لەشفرۆش بۆ هەوەس و ئارەزووەکانمان، یان وەک تەنێکی بێ گیان. باشتر وایە وەک مرۆڤێک بیانبینین نەک وەک ئایدیالێکی ڕۆمانتیکیی. کاتێک پەیکەرێک دەکەیت، کوڕێک باوەش دەکات بە کچێکدا، هەوڵبدە هێزێکیش بدە بەو مێینەیە کە باوەش بکات بە کوڕەکەدا، ڕۆڵێک بدە بە مێینە ئەگەر دەتەوێت شتێک بگۆڕیت، ئەگەر نا، شتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نایەن. کاتێک شەرەڤانێک دەکەیت، چەکێکی بدەرە دەست، ڕیشدارێکی ئیسلامی بخەرە ژێر پێی، با دەستی منداڵەکەی بگرێت وەک دایکێک بە چەکەکەیەوە.

بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم هونەرمەندانە هۆشمەند نین بەوەی کە چی دەکەن و چیان دەوێت و بۆچی تێ دەکۆشن، هیچ فکرێکی نوێخوازییان نیە، هەر قسەی بریقەدار و شیعار دەڵێنەوە بەبێ تێگەیشتن لەناوەرۆکی شتەکان، ئەوا کۆتایی کارەکانیان دەبێتە ئاوێنەی بیرکردنەوەیان، ئاوێنەی ڕۆح و هەڵسوکەوتیان، کارەکانیان راستی بیرکردنەوەی ئەوانمان بۆ هەڵدەماڵن.

ئەم ئەقڵەش ڕەگی داکوتاوە لە هەموو تاکێکی ڕۆژهەڵاتیدا، کاتێک سەیری مام جەلال دەکەین چۆن سەری بۆ ئافرەتێک دانەواندوە (وێنەی06 ) و ناتوانێت و نازانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی لە بەردەم ژنێکدا هوڵس و کەوت بکات. خێرا تێ دەگەین کە بۆچی ئەو کەسانە ئاوا سەریان لێ شیواوە و نازانن چلۆن پەیکەری شەرەڤانێک یان مێینەیەکمان بۆ بکەن وەک خۆی. (لە وتارێکی ترمدا بە دوروودرێژی شیکارم بۆ ئەم وێنەیەی مام جەلال کردووە).


441542.jpg


(وێنەی06) مام جەلال لەسەردانێکیدا بۆ فەرەنسا، لەکاتی پێشوازیکرنی لەلایەن کەپڵی سارکۆزیو

کۆتایی.