ئیبراهیم خانی دەلۆ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
999001 (8).jpg

میللەتی کورد لە دوای رووخانی دەوڵەتی (ماد)ەوە کە بە دەستی (کۆرش)ی فارسە ئەخمینیەکان لەناوچوو و سەرنگون بوو تاکو رۆژگاری ئەمڕۆ بەردەوام لە خەبات و کۆشش کردندا بووە، هەمیشە سەنگەر ومقاومەت و بەرخودانی ئاوەدانتر کردووەتەوە و بەگژ هەموو داگیرکەرێکدا چووتەوە بە هیوا و مەبەستی بەدەستهێنانی مافە مرۆی و نەتەوایەتیەکانی خۆی،زۆرن ئەوانەی سەر بەرزانە چوونەوە ئامێز و باوشی خاک و ئاسودە سەریان نایەوە،‌‌ ویستیان سەربەرزانە بژێن و مەردانە و جوامێرانە بمرن لە پێناو بەدیهێنانی رەوش و دۆخێک کە مرۆڤ و کۆمەڵگا ماف و کەرامەتیان پارێزراو بێت. با بزانین پیرە شارێکی وەک شاری (کفری) لە گەرمیانی.

لەگەرمەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا سوپای ووڵاتانی هێزی هاوپەیمانان هێرشیان هێنایە سەر (وڵاتی نێوان دوو زێ) تاکو ئاخر و ئۆخری شەڕەکە بەشێکی خاکی ویلایەتی (موسڵ)ی ئەو سەردەمەیان خستە ژێر رکێفی خۆیانەوە، لەو سەردەمەدا (کفری) سنجەقێکی سەر بە ولایەتی شارەزوور لە ویلایەتی موسڵ بووە، لە سەروەختی فەرمانڕەوای عوسمانییەکاندا (کەمەر خانی دەلۆ) چەند جارێک لە عوسمانیەکان ڕاپەڕی و لە سەرئەنجامی ئەو راپەڕینانە بە دەستی عوسمانیەکان شەهید بوو، ئەو رۆح و پەیامە شۆڕشگێڕیەی بە خانەوادە و خەڵکی دەڤەرەکە سپارد.

ناوەرۆک

ئینگلیزەکان لە سەروەختی داگیرکردنی کوردستاندا شاری (کفری)یان کردبووە مەڵبەندێکی چەوساندنەوە و داپڵۆسین و ئازاردانی خەڵکەکەی و سەرانە و باج و بێگارێکی بێشومار و زۆریان خستبووە سەر خەڵکی ناوچەکە ئەوەندی دیکە خەڵکی ناوچەکەیان بێدەرتان و بەش مەینەت و نەدار تر کردبوو، بۆیە داد و بێدادیان بوو لە زوڵم و زۆرداری ئینگلیزەکان کە لە حەژمەتا خەڵکی هانا و سکاڵای دڵی خۆیان بردە لای (برایم خان دەلۆ) بۆ سەرزنشت کردن و ئامۆژگاری کردنی جێگری حاکمی سیاسی بریتانیا و دەست و پەیوەندەکانی، چەند جارێک دەنگی نارەزای و تووڕەی خەڵکی لەلایەن برایم خانی دەلۆ بە (سالمون)ی جێگری حاکمی سیاسی بریتانیا (ئەو سەردەمە فەرمانڕەوای شاری کفری دەکرد) راگەیەندرا بەڵام بێهودە بوو، چونکە ئەوان بۆ مژینی شیلەی گیانی خەڵکی و دزینی سەروەت و سامانی کوردستان برسی و رووت و رەجاڵ کردنی دانیشتوانی کوردستان هاتبوون بۆیە بێبەزەیانە دەهاتنە وێزەی دانیشتوانی ناوچەکە و دەستیان لە ئەوکی خەڵکی بەش مەینەتی کورد رۆژ لە دوای رۆژ توندتر دەکردەوە هاوکات داپڵۆسین و زەبر و زەنگ کار و بەرنامەی ئەوان بوو، کەڵکە بوونی ئەو هەموو غەدر و ستەمانە لەلایەک و گرتنی (شێخ مەحمودی حەفید) بە دیلی لە شەڕی دەربەند بازیان لەلایەکی دیکەوە و هاوتەریب مەسەلە چارەنوسسازەکانی دیاری کردنی چارەنوسی نەتەوەکان بووە هەوێن و هۆکار و فاکتەری هەڵایسان و بەرپا بوونی شۆڕش لە بەشێکی ناوچەکانی گەرمیاندا.

بەرپا بوونی شۆڕش

و لە ماوەی یەک هەفتەدا شارەکانی (خانەقین و دووز و کفری) بەرگی دیلیەتیان داماڵاند و لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە ئازاد و رزگارکران، پێش بەرپا بوونی شۆڕش (برایم خانی دەلۆ) پەیوەندی بە (رەفعەت سمایل بەگ داودە لە دووز و خورشید بەگ دەلۆ لە خانقین) کرد تاکو هەریەک لە ناوچەکەی خویدا دوژمن لە خاکەکەیان دەرپەڕێنن و هاوکات فشارێک بخەنە سەر کاربەدەستانی ئینگلیز بۆ ئازاد کردنی شێخ مەحمودی حەفید لە دیلیەتی و دەستبەسەری.

لە رۆژی 22ئابی و لە درێژەی ئەو زنجیرە شۆڕشەی کەلە سەرانسەری ئێراق دژ بەداگیرکەران بەرپا کرابوو، (برایم خانی دەلۆ) سەرکردەی شۆڕش لە دەڤەری گەرمیان لەگەڵ تێکڕای هۆزی (دەلۆ) و بە پاڵپشتی زۆربەی هەرە زۆری هۆزەکانی تری ناوچەکە لە دژی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر راپەرین و شۆڕشێکیان بەرپا کرد، تاکو لەو ئان و ساتە هەستیار و چارەنوسسازانەدا نەتەوەی کورد بە مافە مرۆی و نەتەوایەتیەکانی خۆی شاد و شکور بێت، لوتکەی چیای باوەشاسوار ئەو سەنگەرە قایمە بوو کە تەقەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی تێدا کرا و ترس و بیمێکی زۆری خستە دڵی داگیرکەرانەوە، (سالمون) جێگری حاکمی سیاسی بریتانیای ناچارکرد خۆی بە پێی خۆی بچێتە خزمەتی برایم خانی دەلۆ بۆ سارد کردنەوەی لە شۆڕش و هەڵچوون، ماڵ و دەسکەوتەکانی دنیا و پلە و پایە نەیتوانی هەڵوێستی مساومە و سازشکردن لە سەر کێشەی نەتەوایەتی و نیشتمان لەلای برایم خان دروست بکات چونکە بەقای بە پەیمان و بڵێنەکانی ئەوان نەمابوو لە هەمان کاتدا گفت و بڵێنی رزگار کردنی شار و ناوچەکەی بە جەماوەر دابوو.

بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئابی 1920 برایم خانی دەلۆ و هاوکارانی لە دیووی پشتەوە سەرکەوتنە سەرلوتکەی شاخی (باوە شاسوار) کە ئەو چیایە بەسەر شاری کفری دەڕوانێت دەستیان بەسەر مەتریلۆزی محکەمترین بنکەی ئینگلیزەکاندا گرت لەوێەوە کەوتنە گوللەباران کردنی مەرکەزی دەرەک (پۆلیسخانە) بەم کارەش شارەکە لە خەو راپەرین و ئافرەتان لە سەربانی ماڵەکانیانەوە هەڵهەڵەیان لێدەدا و پیاوان لە کوچە و کۆڵانکانی شاردا لە چاوەڕوانی ژوانی رزگار کردنی شاردا بوون، (سالمون) هەر زوو کەوتە خۆ و بەشوێن هەندێک لە پیاو ماقوڵانی شاردا ناردی تاکو چارەسەرێک بۆ خامۆش و دامرکاندنەوەی شۆڕش بدۆزنەوە و لەگەڵیدا سەردانی برایم خان بکەن، بەڵکو دەست لە شۆڕش هەڵگرێت هەرچەندە ئامۆژگاری سالمون کرا هەنگاوی لەو بابەتە نەهاوێژێت بەڵام بێهودە بوو، سەرئەنجام سالمون بەدیلی گیرا.

حکومەتێکی کاتی

شار لەو رۆژەدا لە دەست‌ی داگیرکەران رزگارکرا و حکومەتێکی کاتی بەسەرۆکایەتی برایم خان دامەزرا و کە ئەندامەکانی بریتی بوون لە (ئەکبر خان و وەیسی بەگی دەلۆ و حەمید عبدالرحمن کارێزی و حەمەجانی رۆغزایی و حاجی محەمەد تەرخانی و کاکەمەند ئەمین دروێش)، داموو دەزگاکانی بەڕێوەبردنی کاروباری هاووڵاتیان وەکو شارەوانی و پۆلیس و دارایی و خۆراکی خەڵکی و …هتد رێکخرایەوە و ئاڵو وێرکردن بەرووپێەی هندی لە بازاڕدا قەدەغە کراو بە شێوەکی کاتی دراوی عوسمانی بە گڕ خرایەوە، و ئەو دانەوێڵە و خۆراکانەی کە لە کۆگاندا هەبوون و دەست بەسەریاندا گیرا بوو بەپێی ژمارەی خێزان و بەبەلاش و یەکسان بەسەر هاووڵاتیاندا دابشکرا.

دوای ئەوەی کە ئینگلیزەکان بۆیان دەرکەوت کە بەهێز و لولەی تفەنگ ناتوانن زاڵ بن و سەرکەوتن مسۆگەر بکەن بۆیە ناچار بوون زمانی گفتوو دانوسان دەست پێبەکەن، کە پاش ئەوەی لە رێگای دانووسانەکانەوە داگیرکەران ئەو راستیەیان لەلا ئاشکرا بوو کە ئەم شۆڕشە مەغزا و رەهەند و ئامانجێکی نەتەوایەتی هەیە، چونکە یەکەم داوایان ئازاد کردنی شێخ مەحمود بوو بۆیە ناچار بوون هەموو هێزەکانی خۆیان لە کەرکوک ناوچەکانی تر کۆ بکەنەوە تاکو ئەو شۆڕشە سەرکوت بکەن، پاش ئەوەی کە شاری کفری ماوەیەک لەلایەن شۆرششگێڕانەوە بەڕێوە دەبرا لە ئاکامی ئەو هێرشە فراوان و بەربڵاوە لە دوای و بەرگریەکی قارەمانانە کە چەندین شەهید گیانی خۆیان پێشکەش بە نەتەوەکەیان کرد، داگیرکەران جارێکی تر شاری کفریان خستوە ژێر رکێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە و رقی خۆیان بە خەڵکی ناوچەکە رشت و باجێکی زۆریان خستە سەر خەڵکی 500 پارچە چەک و بڕێکی زۆر پارەیان بە دانیشتوانی شار بژارد.