ئیخوان و قەومیەکان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
QAWIKAN.jpg

نووسینی: هونەر تۆفیق

کاتێک بەریتانیەکان هاتنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ویستیان شوێنی عوسمانیەکان پڕبکەنەوە ، ڕووبەڕووی گرفتی پێکهاتەی خێڵەکی بوونەوە .

نەئەوەبوو لە ئایینیەوە ببنە ئاڵتەرناتیڤی عوسمانیەکان ، نەئەوەش بوو ئەو عەقڵە خێڵەکیەی لەناوچەکەدا زاڵبوو ڕابهێنن لە دەوڵەت و حکومەت و دەستەڵاتی سیاسی تێبگات ، بۆیە بونە هاندەری دروستبوونی هەستی نەتەوەیی لەناو گەلانی ناوچەکەدا . بۆئەوەی لەنەتەوەوە لە دەوڵەت و سیستەمی سیاسیەکەیان حاڵی ببن .

بەڵام لەدوایدا قەومیەکان کە دروستکراوی خۆیان ( بەریتانیەکان) بوون ، یان بوونە لایەنگری نازیەکان ، لەپاش جەنگی جیهانی دووەمیش بوونە لایەنگری سۆڤیەت ( روسەکان ) لەدژی بەریتانیا .

وەنەبێت بۆچوونی ئیسلامیەکان ( ئیخوان موسلمین) بۆ بەریتانیەکان نەرمتر بووبێت لە قەومیەکان ، بەڵام بەهۆی دژبوونیان بە قەومیەکان و سۆڤیەتیەکان ( شیوعیەت ) لەدیدی بەریتانیەکانەوە ئیخوانەکان پەسەندتربوون بە بەراوورد بەو قەومیانەی لێیان هەڵگەڕانەوە و بوونە دوژمنیان .

کودەتاکەی جەمال عەبدولناسر ١٩٥٢ لە میسر بەسەر مەلیک فاروقدا وەرچەرخان بوو لەپەیوەندی نێوان ئیخوان و قەومیەکان بە بەریتانی و دواتر ئەمریکیەکانەوە .

بەرەی ناسری لە سەرتاسەری جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا لەیەک کاتدا نوێنەرایەتی قەومیەکان و ئیشتراکیەکانی دەکرد .

بزوتنەوەیەکی دژە بەریتانی و ئەمریکی پەیداببوو کە نزیکبوون لە ڕوسەکان بەناوی ڕەوتی عەدەم ئینحیازەوە ( بێلایەنی نێوان بلۆکی سەرمایەداری و سۆسیالیزمی ) تیتۆ لە یوگوسلافیا و ناسر لە میسر و جەواهیر لال نەهرۆ لە هیندستان ، پەیداببوو ، پێگە و بەرژەوەندی بەریتانی و ئەمریکیەکانی خستبووە بەر هەڕەشە .

لە ئێران مسەدەق شۆرشی بەرپاکردبوو بەنیازبوو نەوت لەژێر چنگی کۆمپانیا بەریتانی و ئەمریکیەکان دەربهێنێت .

لەپاکستان و ئیندنوسیا و یەمەن و ئوردن و سوریا و عێراق و تەنانەت پادشای سعودیە ( سعودی کوڕی عەبدولعەزیز) یش مەیلی قەومی و دژە بەریتانیبوونیان تیادا دروست ببوو .

قەومی و شیوعیەکان پادشایی عێراقیان لادا و حکومەتێکی نزیک لە سۆڤیەتیان دامەزراندبوو . تەنیا چارەسەری بەریتانی و ئەمریکی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو شەپۆلە پشتیوانیکردن بوو لە ئیخوان موسلیمینەکان بۆئەوی بەر بە قەومی و شیوعیەکان بگرن .

لەڕێگای فەیسەڵەوە ، سعودیان لە سعودیە لەپادشایەتی خست . فەیسەڵ لەسەر داخوازی بەریتانیەکان دەرگای بۆ ئیخوانەکان لەسەرتاسەری جیهاندا کردەوە .

عەبدوڵا عەزام ومحەمەد قوتب( براکەی سەید قوتب) و چەندین سەرکردەی تری ئیخوانی هەڵهاتوویان لە سعودیەی عەرەبیەدا جێکردەوە . ڕابیتەی جیهانی ئیسلامیان دامەزراند .

ڕابیتەی جیهانی ئیسلامی لە ١٩٦٢ بووە کۆکەرەوەی تەواوی ئیخوان و ئیسلامیە ئسوڵیەکانی جیهان .

بۆئەوەی سعودیە ئەو ڕۆڵە جیهانی تر لە دنیای ئیسلامدا بگێڕێت یەکەم کۆنگرەی جامیعەی ئیسلامیان ١٩٦٥ دامەزراند کە دواتر بووە ڕێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی .

لە سویسراشەوە پشتیوانی مادی و مەعنەوی پێشەوای ڕۆحی ئیخوانەکان سەعید ڕەمەزانیان دەکرد .

سەدان مزگەوت و خوێندنگە و ڕێکخراوی ئیسلامیان بۆ سەعید ڕەمەزان لە سەرتاسەری ئەوروپادا کردەوە .

عەبدوڵا عەزامیش لە زانکۆی جەدەوە دەرسی خوێندکارەکانی وەک ئوسامە بن لادن و زەواهری دەدا .

هەر لەو پلانەدابوو پەیمانی بەغدایان لە ١٩٥٦ دا لەنێوان پاکستان و عێراق و ئێران و تورکیادا دروستکرد بۆئەوەی ببنە دیواری نێوان سۆڤیەت و وڵاتانی سەر بە بەریتانیا و ئەمریکا .

لەدژی مسەدەق ، ئایەتوڵا کاشانیان هاندا شەڕی شیوعیەکانی ئێران بکات .

لەپاکستانیشەوە مەودودی کە یەکێکە لەدامەزرێنەرانی جامیعەی ئیسلامی کۆمەڵی ئیسلامی لەدژی قەومی و چەپەکان دامەزراندبوو .

داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤیەت ( ڕوسەکان) ەوە ، بووە مانگی هەنگوینی پەیوەندی بەریتانی و ئەمریکیەکان بە ئیسلامیەکان و ئیخوانەوە .

ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا بۆ دژایەتی قەومیە ئیشتراکیەکانی ناوچەکەوە پێ ی کردن ، لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە چووە قۆناغێکی باڵاترەوە ، پەیوەندیەکانیان لەدژی ڕوسەکان گەشتە ئاستی ڕاهێنانی سەربازی و پێدانی ڕاستەوخۆی چەکی پێشکەوتوو و پارەیەکی بێشومار .

هەمان ئەو هەڵانەی لە سەدەی پێشوودا بەریتانی و ئەمریکیەکان کردیان لە دروستکردن و گەشەپێدانی ئیخوانەکاندا ، لەسەدەی بیستویەکەمیشدا ئیدارەکەی بارک ئۆباما دووبارەی کردەوە بە پشتیوانیکردنیان بۆچارەسەری قەیرانەکانی ناوچەکە و پێدانی مافی سەرپەرشتیکردن لەلایەن ئەردۆغانەوە .

بەڵام بووە هۆی شێواندنی ناوچەکە بەجۆرێک جارێ کۆکردنەوە و ئارامکردنەوەی مەحاڵ بێت ..