ئێران لە دێگەڵەدا . کەوتن یان غەفڵەت ؟

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

هونەر تۆفیق

285702841.jpg

لە نێوان ساڵانی ١٥١٤ بۆ ١٩١١ ، ئێران و دەوڵەتی عوسمانی نۆزدە ڕێکەوتنیان سەبارەت بە دیاریکردنی سنوری نێوانیان کردووە .

درێژترین سنووری نێوان ئەو دوو دەوڵەتەش دەکەوێتە جیوگرافیای نەتەوەی کوردەوە . بۆیە هەموو ڕێکەوتنەکان بەشێکبوون لە دیاریکردنی جیوگرافیای کورد لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا .

لە ساڵی ١٩١٨ ەوە ، عێراق و تورکیا وەک دوو دەوڵەتی میراتگری عوسمانیەکان ، میراتی کێشە و ڕێکەوتنەکانی سنوورەکەیان لەگەڵ ئێراندا بۆ مایەوە .

درێژترین میراتی سنووری عوسمانی لەگەڵ ئێراندا بەر عێراق کەوت . لەناو سنووری عێراقیشدا زۆرترین بەشی بەر ناوچە کوردیەکان دەکەوێت .

ئەو میراتەی بۆ کوردە کەمزانە ، بێئەزموونەکان مایەوە ، ئێرانی بە هەمان نفوز و باڵادەستیەوە لە عێراقدا هێشتەوە . بێگومان ئەوەش لەڕێگای کوردەکانەوە . شۆڕشە کوردیەکانی ناو عێراق لە ١٩٦١ ، ١٩٧٤ ، ١٩٧٦ ، ١٩٩١ و تا ئەمڕۆ پێگەی ئێرانی بەهێزەوە لەناوچەکەدا هێشتەوە .

هەڵبەتە پەیوەندی ئابووری ، فەرهەنگی ، مێژوویی و جیوگرافی کورد و ئێران پەیوەندیەکی چارەنووسسازە و ئەمنی قەومی هاوبەشی لەنێوانیاندا دروستکردووە . مەترسی شارستانی و شکستە مێژووییەکانی ئێران ، گەورەترینەکانی هەمیشە لە خۆرئاوای وڵاتەکەوەبووە ( لەنمونەی شکستی بەردەم مەکەدۆنیەکان ، دواتر عەرەبەکانی شێوەدورگەی عارەبی) کە بەتەواوی ئێرانی وەک شارستانی سڕیوەتەوە . ئەو ترسە مێژووییە لەدڵی سیاسی و سەربازی ئێراندا دەمێنێتەوە کە بەئاسانی دەستبەرداری پێگە و نفوزی لەناوچەکەدا نەبێت .

لە بۆشایییە ئیداری و ئەمنیەکەی عێراقی پاش جەنگی کوەیتەوە ١٩٩١ ، کورد لەعێراقدا بۆیەکەمجار ناوچەکەی خۆی کەوتە ژێردەستەوە . ئەوەش تورکەکانی بێزارکرد . دەستەڵاتی عێراق بەجۆرێک پوکایەوە هیچ چارەیەکی بۆ تورکیا نەهێشتەوە ، لەبەرانبەر پڕنەکردنەوەی هەموو بۆشاییەکە لەلایەن ئێرانەوە ، تورکەکان بەناچاری مامەڵەی سیاسیان لەگەڵ کوردە ئۆتۆنۆمەکاندا دەستپێکرد . بەڵام لەهەناوی ئەو ئۆتۆنۆمیەدا مەترسیەکی دیکە بۆ تورکیا دروستبوو کەئەویش خۆرتبوونی پەکەکە و بوژاندنەوەی کوردەکانی تورکیابوو . بۆئەوەی ئەو مەترسیە لەسەر خۆی نەهێڵێت ، دەبوو وەکو واقیعێکی سیاسی و سەربازی ، ڕاستەخۆ کوردەکانی عێراق بدوێنێت تائەوەی بیانکاتە قەڵغانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پەکەکە و کوردەکانی ناوخۆی تورکیاوە .

ئەو کێشەیە بۆ ئێران چەندە ئاسایی بوو ، دوو هێندەش هاتنەناوەوەی تورکیا بۆ ناوچەی نفوزە مێژووییەکەی بەلاوە هەستیاربوو . بۆ دانانی سنوورێک لەنێوانیاندا ، ئەنجام دێگەڵە دروستبوو . دێگەڵە تا ئەمڕۆ بەردەوامە . لە بەردەوامی دێگەڵەشدا بەڵایەکی تر لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە بۆ تورکیا دروستبوو کە زیندبوونەوەی کوردەکانی ڕۆژئاڤا ( سوریا)یە . ئەویش لە هەمان بۆشایی ئەمنی و ئیداری شەڕی ناوخۆی سوریادا . کوردەکان نەک ئیدارەیەکی خۆسەری ، بەڵکو بە ئایدیۆلۆژیای پەکەکەوە ئۆتۆنۆمیەکی کوردی لە باشووری تورکیاوە دروستبوو .

ئێران لەو بارەیەشەوە کێشەیەکی ئەوتۆی نەبوو تاوەکو تورکیا بە ئیسلامیە سونە توندڕەوەکانەوە بەرپەرچی کوردە ئۆتۆنۆمەکانی دایەوە . تا ئێستاش ئەو گرفتەی بۆ چارەسەرنەبووە . لەو کاتەوە تورکیا زەندەقی لە تێکچوونی سیاسی ناوخۆی ئێران چووە . دووبارەبوونەوەی ئەزموونی بۆشایی ئیداری و سیاسی لەو وڵاتەدا بەهەرهۆکارێک بێت ، دەکاتە سێ بارەبوونەوەی سێ ئۆتۆنۆمی کوردی لە سێ لای سنوورەکەیەوە . تورکیا هێشتا گیرۆدەی دوو ئەزموونەکەی کوردانی عێراق و سوریایە ، ئینجا ئەزموونی کوردانی ئێرانیشی بێتە سەر . دەبێتە ئەوپەڕی دەردی سەری بۆ تورکیا ، چونکە دڵنیایە وەک کوردەکانی سوریا ، ناوچە کوردیەکانی ئێران بەپێ ی مەیل و نفوز ، دەکەونە ژێر ڕکێفی ئەو هێزە سیاسیە کوردیەی هاوسۆزی پەکەکەیە . ئێران بەباشی لەو ترسەی تورکیا تێگەیشتووە .

بۆیە پشت ئەستورە بەوەی کە تورکیا ناکەوێتە هیچ بەرەیەکەوە کە نیازی ڕوخاندنی دەستەڵات و حوکمڕانی بێت لەئێراندا . چونکە ڕوخاندنی دەستەڵات لەئێراندا ، بۆ تورکیا دەکاتە دروستبوونی ئیدارەی سیاسی و سەربازی خۆسەری کوردی لەناوچەکانی خۆیاندا . تورکیا بۆئەوەی مەترسی ئەو ڕۆژەی بۆ نەیەتەدی ، پێویستی بە دیوارە . دیوار وەک قەڵغان لەنێوان خۆی و پەکەکەدا . بەپێ ی ئەو فشارە هەمەجۆرانەی تورکیا خستوویە ئەودیو ( دیوی ئێران) ی دێگەڵەوە تا سنوورەکانی ئێران لە پێنجوین و کانی ماسی و چەمچەماڵ کە لە مێژووی ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا ئەوانە ناوچەی نفوزی تورکی و عوسمانی نەبوون . دەیەوێت بەر بەو ڕۆژی مەترسیە بگرێت کە لەپێناویدا یان دەبێت پشت لەئەمریکا و ڕوو لە تاران بێت ، یان پشت لەتاران و ڕوو لە ئەمریکا بێت .

پشتکردنە تاران بەبێ زامنکردنی دیواری قەڵغانی لەبەردەم بڵاوبوونەوەی پەکەکەو ئەگەری دروستبوونی ئۆتۆنۆمیەکی کوردی هاوشێوەی کوردی سوریا و مسەوگەرکردنی رێگرتنی زەحمەتە . گۆڕانکاریەکانی سیاسەت و تاکتیکی سەربازی تورکی لەناوچەکەدا بەتایبەتی سوڕانەوەی ئازادانەی درۆنە تورکیەکان و تەراتێنی چاوساغەکانی لەسەر ئەرز ، تا نزیکترین سنووری ئێران ، ئەو پلانەی لێدەبیرنێت کە دەیەوێت ئێران لە دێگەڵە و قوڵایی نفوزەکەیدا بخات . ئاماژە و دیمەنە سیاسیە ناوخۆییەکانیش تەنانەت لەزمانی پلاسخارتیشەوە بە نەهێشتنی دێگەڵە و یەکخستنی هەردوو هێزی پێشمەرگەی پارتی و یەکێتی ، هەردەچێتەوە چوارچێوەی هەمان پەیامەوە .