ئەحمەد هەردی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Unnamed (3)12.jpg

ناوی تەواوی ئەحمەد حەسەن عەزیز شاعیر و نووسەری پایەبەرزی کورد، ساڵی 1922 لە سلێمانی لەدایکبووە.

ساڵی 1941 بووە بە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا، لە کۆتایی چلەکاندا لەسەر هەڵوێستی سیاسی لە وەزیفە دەرکراوەو چەند جارێک تووشی زیندان و دوورخستنەوە بووە.

ساڵی 1957 کۆمەڵێک شیعری بەناوی (رازی تەنیایی)یەوە بەچاپ گەیاندووە، ساڵی 1959 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی تردا کۆمەڵەی ئازادی ژیانەوەی یەکێتیی کورد- کاژیکیان دامەزراندووەو هەر خۆیشی بووە بە بەرپرسی یەکەمی، سەردەمێک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووەو سەردەمێکیش سەرۆکی لقی سلێمانی بووە.

ساڵی 1963 پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشی کوردستانەوە، ساڵی 1966 لە سەردەشت لەلایەن دەزگای موخابەراتی ئێران (ساواک)ەوە دەستگیر کراوەو لەگەڵ بەربوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی عێراق، پاش رێکەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، ساڵی 1973-1974 لە کۆلیجی ئادابی زانکۆی سلێمانی مامۆستای موحازیر بووە.

لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ساڵی 1974 دیسانەوە پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشەوە، پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، لەئێران ئاوارە بووە تا ساڵی 1979، ساڵی 1979 شەڕی نێوخۆ نائومێدیی دەکات و بڕیاردەدات بۆ پاراستنی هەڵوێستی سەربەخۆی خۆی، بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، لەگەڵ باڵاگرتنی دڕندەیی بەعسدا، جارێکی تر لەساڵی 1988دا پەیوەندی کردۆتەوە بە شۆڕشی کوردستانەوەو بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتیی پارتی سوشیالیستی کورد (پاسۆک).

ساڵی 1989 وازی لە پاسۆک هێناوەو وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە ریزی شۆڕشدا ماوەتەوە تا راپەڕینی 1991، ساڵی 1992 لە لەندەن نیشتەجی بووەو هەر لەوێش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر (کێشی عەرووز لە شیعری کوردیدا)، تەواوکردووە.

پاش رووخانی رژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و ساڵی 2004 لێکۆڵینەوە عەرووزییەکەی بەچاپ گەیاندووە.

بەهۆی ژیانی پڕ لەئاوارەیی و دەربەدەرییەوە، گەلێک لێکۆڵینەوەو دەقی ئەدەبی و هونەریی فەوتاون و رووناکییان نەدیوە. رۆژی 29-10-2006 لەماڵەکەی خۆیدا لەسلێمانی کۆچی دوایی کردووە.