ئەختەری ڕەشۆڵ، سیمبولی شەهیدانی خۆپیشاندانەکان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
390041.jpg

ئەختەر ساڵح، لە ساڵی 1929 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هاوسەری ڕەشۆڵ عەبدوڵای، گۆرانیبێژی دیاری سلێمانیی بووە، منداڵیان نەبووە.

یەکێک بووە لە ژنە هەڵکەوتوو خاوەن پایە و کەسایەتییە چالاکەکانی شاری سلێمانی.

ئەختەر و ڕەشۆڵی هاوسەری ناسیاو و هاوڕێی بنەماڵەی شێخ مەحمودی حەفید و حەپسەخانی نەقیب بوون، هاتووچۆیان لە نێواندا هەبووە، ئەختەر بەردەوام خولیای ئازادیی و خەبات بووە لە مەیدانی سیاسیی و شۆڕشگێڕیدا و وەک ژنە شۆڕشگێڕێک لە خەبات دانەبڕاوە و بەردەوام بەشداریی چالاکییەکانی ئەو کاتەی کردووە.

ئەختەری ڕەشۆڵ، خوێندەواربووە و یەکێک بووە لە ژنە بەهێزەکانی شاری سلێمانی و خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەتی بووە، بەهۆی ئەوەشەوە کە هاوڕێ و دۆستی حەپسەخانی نەقیب و زەکیە بابان بووە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەدا.

لەڕۆژی 9-10-1956 شێخ مەحمودی حەفید بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوای دەکات، تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ شاری سلێمانی.

لە ڕۆژی 11-10-1956 لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لە کاتی هێنانەوەی تەرمەکەیدا، پێشوازیی تەرمی شێخ و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵک تێکەڵدەبێت، بەو هۆیەوە ئاڵۆزیی لەنێوان خەڵک و پۆلیس دروست دەبێت، هەر بۆیە پۆلیس تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات و لە ئەنجامدا ئەختەری ڕەشۆڵ لە بەردەرکی سەرا لەو کاتەدا و لە تەمەنی 27 ساڵییدا شەهید دەبێت هەر لە شاری سلێمانی دەنێژرێت، هەربەهۆی تەقەکردنەکەشەوە کەسێکی دیکەش شەهید بووە و نزیکەی 50 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.

ئەگەرچی زانیارییەکی زۆر لەسەر ئەم ژنە لە ناو کتێب و بیرەوەرییەکاندا نییە، بەڵام ساڵی ڕابردوو بۆ بیرهێنانەوە و زیاتر هێشتنەوەی ناو و کەسایەتی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە لەلایەن چێنەر نزاری پەیکەرسازەوە پەیکەرێکی بۆ دروستکرا، هەر لە بەردەرکی سەرا لە شاری سلێمانی و لەو شوێنەی لێی شەهید کرا پەیکەرەکە دانرا، لە ڕۆژی 24-7-2019 پەردە لەسەر پەیکەرکەی لادرا.

زانیارییەکانی ئەم بابەتە لە عەبدولخالید سابیر، مامۆستای بەشی مێژووی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی و کتێبی ژنانی ناوداری کورد وەرگیراون.


ئەختەری ڕەشۆڵە، ئەو یەکێکە بوو لە ژنە چالاک و شۆڕشگێرەکانی شاری سلێمانی، کە لەکاتی پێشوازیی لە تەرمی شێخ مەحمودی حەفید، لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندان و پێشوازیی کردن لە تەرمەکەدا بووە، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو کاتە دەستڕێژی گوللەی لێ کرا و شەهید بووە.


سەرچاوە: ماڵپەری رۆژنیوز - 07-12-2020