ئەختەمار، نیشتمانی یەکەمی پشیلە چاو ڕەنگاوڕەنگەکانی وان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
141548.jpg

ئەختەمار، نیشتمانی یەکەمی پشیلە چاو رەنگاوڕەنگەکانی وان

نووسین و لێکۆلێنەوەی: مانو بەرزنجی

ئەختەمار و پەیوەندی لەمێژینەی پشیلە سپی و چاو رەنگاوڕەنگەکانی کوردستان

بەزمانی کوردی ئەختەمار و بە زمانی ئەرمەنیش ئەهتەمارە، هەڵکەوتەی جوگرافی ئەختەمار دەکەوێتە دورگەیەکی بچکۆلانەی دەریاچەی وان کە پانتاییەکەی 0.7 کلیۆمەتر دووجایە و 3 کیلۆمەتر لە کەناری دەریاچەکەوە دوورە و 80 مەتر بەرزە لەسەر ئاستی دەریاچەکە و 45 کیۆمەتریش لە ناوەندی شاری وانەوە دوورە.

لە ساڵی 908 بۆ 1021ی زایینی (هەندێک لە سەرچاوەی تر ئاماژە بۆ ساڵی 915 بۆ 920ی زاینی دەکەن) لەلایەن یەک لە پاشا ئەرمەنێکانەوە بەناوی (گاگیک ئارتسرونی Gagik Apumrvan Artsruni) کڵێسایەکی لەسەر دوورگەی ئەختەمار دروستکردووە بە ناوی کڵێسای خاچی پیرۆز، هەروەها جێگەی حەوانەوەی (گاگیک) خۆیشی بووە.

کڵێسایەکی ئۆرتۆدۆکسی بووە و دواجار لەلایەن کاتۆلیکەکانەوە لەساڵی 1116 تا ساڵی 1895 رێورەسمی ئاینی خۆیانیان تێدا ئەنجام داوە و هەر لە هەمان ساڵیشدا کۆچی دواییی دواهەمین قەشەیان بووە. واتا ساڵی 1895 کۆتا ساڵی کاتۆلیکەکان بووە لە کڵێسای خاچی بیرۆز.

ئەم کڵێسایەش بەدەر نەبووە لە وێرانکردن و خاپورکردن لەلایەن سوپای عوسمانییەکانەوە.

ساڵی 1915 لە سەردەمی جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا سەرجەم قەشە و کەشیشەکانی کڵێساکە دەکوژرێت و لە 10-08- 1916لەلایەن سوپای عوسمانییەوە بەتەواوەتی داگیر دەکرێت و دەسوتێنرێت.

ساڵی 1950 لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بریاری تەختکردنی دەدرێت و لە ساڵی 1951 بۆ یەکەمجار رۆماننووسی گەورەی کورد یەشار کەمال سەردانی ئەختەمار دەکات و بەو پیلانەی حکومەتی تورکیا دەزانێت.

دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر و پەیوەندیکردن بەدەیان دەزگا و رۆژنامە و لایەنەپەیوەندیدارەکانەوە رێگری لە تەختکردنی دەگرێت و بریارەکەی حکومەتی ئەو دەمەی تورکیا رادەگێریت.

تاکۆتایی پەنجاکانی سەدەی بیست لەلایەن سوپاسی تورکیاوە بەکار هاتووە بۆ راهێنان و کاری سەربازی و لە ئێستاشدا مۆزەخانەیە.

لە کڵێساکەدا وێنە و نەخشی زۆر جوان کێشراوە بە شیوازێکی هونەری سەرسوڕهێنەر لە دیوارەکانی دەرەوەی کڵێساکە، تێکستەکانی ئینجیل و بەسەرهاتەکانی ئادام و حەوا و یونس و نەهەنگ و پەیامبەر داود نوسراوە و دەبێنرێت.

پەیوەندیی ئەختەمار پشێلەکانی وان

چەند سەدەیەک بەر لە ئێستا بۆ یەکەمجار پشیلە سپییەکانی وان لە کەنارەکانی ئەختەمار و دەریاچەی وان بینراون. تا ئەم ساتە وەختە هیچ لێکۆلینەوەیەک دەری نەخستووە و روون نییە لە سەرەتادا لە کەیەوە بینراون بە بڕوای خەڵکی شاری وان مێژووی پشیلە سپییەکانی وان دەگەرێنەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر (نوح) کە لە نزیک ئەو دەڤەرە کەشتییەکەی لە دوای زریان و باوبۆرانێکی زۆر لەچیای ئاڕاڕات لەنگەری گرتووە و بە وشکانی گەیشتوون. هەر بۆیە لەلای کوردەکان بە پشیلەکانی (نوح)یش ناو دەبرێت! هۆکاری مەلەوانیی پشیلەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ هەمان سەرگوزشتە و چیرۆک.


هەندیک لە سەرچاوەکان بڕوایان وایە مێژووی پشیلە سپییەکان و زێدی یەکەمیان 10 هەزار ساڵ بەر لە ئێستای باشووری ئەفریکا بووبێت! بەپێی لێکۆڵینەوەکان هەندێک لە جینەکانی رەنگی سپیی پشیلەکان دەگەڕێتەوە بۆ پشیلە کێوییەکانی باشووری ئەفریکا. بەڵام سەبارەت بە ڕەنگی سپیی پشیلەکانی وان هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نییە بیسەلمێنیت کە ئایا بەتەواوی لەکوێوە هاتوون.

لەساڵی 1992 لە لێکۆلێنەوەیەکی تر و لە ئاکامی پشکنینەکاندا گەیشتنە ئەو بڕوایەی پشیلە سپییەکانی وان ڵاندکەت (Land Cat) بن.

واتا زێدی یەکەمی پشیلەکانی وان هەر لە وانەوەیە و لە هیچ شوێنکی جیهاندا بوونیان نەبووە و نییە.

هەر هەمان تیمی پشکنەر چەند پشیلەیەکی کێوییان دۆزیوەتەوە لە کەنارەکانی دەریاچەی وان کە لە سروشت و زێدی خۆیاندا دوور لە مرۆڤ ژیاون! ئەمەش بۆ تورکەکان جێگەی نیگەرانی بووە کە زێدی پشیلەکان وان کوردستان بێت و رەسەنایەتی مۆرکی کوردستانیی هەبێت. هەر بۆیە لەلایەن جەندەرمە و سوپای تورکیاوە کەوتنە بەر شاڵاوی قڕکردنیان و بە هەزاران پشیلەی سپیان لەوان کوشت.

هەندێک لە میدیاکان و بەتایبەت رێکخراوی (SOS) سۆسی دۆسلدۆرفی ئەڵمانی سوپای تورکیای تاوانبار کرد بە کوشتنی 200 پشیلە لە پشیلە سپییەکانی وان.

سوپای تورکیاش رەتی کردۆتەوە کە ئەوان کاریکی وەهایان کردبێت! بەڵکو خۆیان مردوون! دواجار زانکۆی (Yüzüncü Yıl University) لە شاری وان ناوەندێکی تایبەتی بە لێکۆلینەوە لەسەر پشیلەکانی وان دامەزراند. لەساڵی 2006دا هەمان زانکۆ بەشێکی تایبەتی کردەوە بۆ پەروەردەکردنی پشیلەکان و زیاتر لە 100 پشیلەی تێدایە و رۆژانە گەشتیار و خەڵکی ناوچەکە دەتوانن لە نزیکەوە سەردانی ئەو بەشە بکەن و بە پێدانی بڕە پارەیەکی کەم بیان بینن. چۆنێتی گەیشتنی پشیلەکانی وان بۆ ئەرووپا

لەساڵی 1952 بۆ یەکەمجار لەلایەن دوو ژنە گەشتیاری بەریتانی کە لە گەشتەکەیاندا پشیلە سپییەکانی وانیان بینی بوو. بۆیە بڕیار ئەدەن لەگەڵ خۆیاندا دوو پشیلە بهێنەوە بۆ بەریتانیا.

دەنا بەر لەم مێژووە لە ئەوروپادا بوونی نەبووە و نەناسراوە.

لەدوای ئەوەی لە ئەورپادا ناسرا، خواستێکی زۆری لەسەر دروست بوو لەلایەن ئەورپییەکانەوە و تا ئەم ساتەوەختەش بە جوانترین و زیرەکترین و گرانترن پشیلەی ئەوروپا دا دەنرێت.

تایبەتمەندێکانی پشیلە سپییەکانی وان

هەڵبەت تایبەتمەندی پشیلەکانی وان زۆرە و لێرەدا ئاماژە بە هەندێکی دەکەین.

• لە جیهاندا بە پشیلە مەلەوانەکە ناسراوە! کە پێچەوانەی هەموو پشیەلەکانی دنیایە و دەتوانێت مەلەبکات و زۆر حەز بە ئاو دەکات.

• جگە لەوە رەنگی چاوەکانیان شینە یان سەوزێکی کاڵە. یاخود چاوێکی شینە و ئەوی تریان سەوز. کە ئەمەش تەنها لە پشیلەکانی واندا دەبێنریت و هەیە.

• ڕەنگی زۆربەی زۆری پشیلەکانی وان سپییە. هەندێکیان نێوان و پشتی گوێچکە و کلکیان کەستانەییی قاوەیی باو و خەت خەتە.

• بەدەگمەن لەسەر زەوی دەیان بینی بڕۆن. هەمیشە حەزیان لەبەرزییە و بە بەرزییەوەن. خۆ ئەگەر شوێنیکی بەرزیان دەست نەکەویت بە ناچاری دەچنە سەر دەرگاکان.

ناسینەوە و فۆرمی پشیلەکانی وان

  • رەنگی سپییە و چاوەکانی رەنگاو ڕەنگە یان هەر دوو چاوی شین یان سەوزە وەک لەسەرەوە ئەماژەم پێکردوە.
  • گوێچکەکانی زل و نێوچەوانی پانە. لە نێوان گوێچکەکانی چاڵێکی نیمچە قوڵ درێژ دەبێتەوە تاسەر لووتی.
  • لووتی کورت و بەرزە.
  • جەستە و بازووی بەهێز و ماسولکەدارە.
  • قاچەکانی بەرزە و کلکی هێندەی جەستەی خۆی دەبێت و بۆ مەلەکردن سودی لێ وەردەگرێت.
  • لە هاویندا مووەکانی کورت و لە زستاندا دڕێژ و قورس و نەرمە.
  • لە تەمەنی 3 ساڵیدا تەواو گەورە دەبن و دەبنە پشیلەی تەواو.
  • چاوەکانی گەورە و زیت و وریایە.
  • دەنگیان نەرم و نزمە هەندێک جار دەنگیان لە دەنگی بەرخ دەچێت و ناناسرێنەوە!
  • گوربەکانیان کێشیان لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆیە. مێکانیان 7 بۆ 12 lbsیە.
  • تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 14 ساڵە.
  • جگە لە جوانییەکەیان پشلەیەکی چالاک و زیرەکە. بازی بەرز و خێرایە.
  • لەگەڵ مرۆڤدا زوو رادێت و منداڵی خۆش دەوێت. بە تۆپێک یان پارچە پەڕۆیەک کاتێکی زۆر یاری دەکات و ماندوو نابێت.
  • حەز بە باران زۆر دەکات.
  • لەگەڵ سەگدا زوو دەبێت بە هاورێ! و رکی زۆری لە دەنگی بەرز و بۆنی پارفۆمە!

دواجار دەمەوێت بڵیم زێدی یەکەمی پشیلە سپییەکانی وان کوردستانە. توخمی کوردستانییەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆنترین توخمی پشیلە و لە جیهانیشدا بە جوانترین پشیلە هەژمار دەکرێت.