ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نیشتمان و شاری سلێمانی (حەمە سدیقی محامی)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Haval zan.jpg

نووسینی: هه‌ڤاڵ ره‌وف یه‌حیا


ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نیشتمان

محەمەد سديق مەحمود ناسراو بە حەمە سدیق ی محامی، كەسایەتییەكی دیاروناوداری شاری سلێمانیە و یەکێکە لە سێکوچکەی دەستەی دامەزراندنی ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵ وهونەرو وێژەی کوری مەڵبەندی گشتی سلێمانی و داڕێژەری داڕشتنی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی كۆمەڵ و ئەندامی چالاکی یەکەم دەستەی بەڕێوبەری هەمان کۆمەڵ بووە، جێدەستی خۆی لە بوارەکانی یاسا، نوسین، ئەدەب وهونەری کوردی بەجێ ھێشتووە، لەبەر لێهاتویی و شارەزایی نازناوی موحامیان لێناوە.

شایانی باسە لە یەکەمین کۆنفراسی کۆمەڵ دا و لە ئایاری ساڵی 1980 دا ناوی کۆمەڵ وهونەرو وێژەی کوردی گۆڕدرا بۆ *کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد*، لەڕاستیشدا بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە، بۆ کۆمەڵی هونەرە جوانەکانی ساڵی 1957 دەگەڕێتەوە، کە لە سەر دەستی دەستەیەك لە ئەدیب و هونەرمەندانی ئەوسەردەمە هاتبووە ئاراوە، کەئەوانیش هونەرمەندان: رەفیق چالاك، رەئوف یەحیا، نوری وەشتی، ولیەم یوحەننا، نەجات عەبدە، جەمال بەختیار، تاها خەلیل، بەهجەت ڕەشید، نامق محێدین، خالد سەعید و ئازاد شەوقی بوون، دواتر مامۆستای نەمر قادر دیلان هاتە ڕیزیانەوە.

مامۆستا حەمە سدیق ی محامی لە ساڵی 1935.09.27 دا لە شاری سلێمانی لەدایك بووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی ‌و ناوەندی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە و لە بەرواری 1965.08.03 دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری پارێزەردا لە زانکۆی بغداد بەدەستھێناوە. هەرلە لاوێتیەوە خولیای کاری هونەر بووە، نووسەرو وەرگێرو ئەدیبێکی زمانپاراوو وتاربێژێکی بەتوانا بووە ، خاوەن ئەزمونێكی دەوڵەمەندو یاسا ناسێکی سەرکەوتوو بووە، پیاوێکی ڕووخۆش و قسە خۆش بووە، جگە لەزمانی کوردی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و ئەڵمانی زانیوە.

Xoi xizani.jpg

لە ساڵی 1969.12.31 دا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبی شاری سلێمانی، کۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی کوردییان دامه‌زراند‌ووە و وه‌کو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر رۆڵێکی به‌رچاوی‌ له‌و بوژانه‌وه‌ ئه‌ده‌بی وهونه‌رییانەی ئەو سەردەمەدا گێڕاوە، کە له‌ ئه‌نجامی رێکه‌وتننامه‌ی ئازاری ساڵی 1970 دا هاتبوونە ئاراوە.

هەر لەو بوارانەشدا وەک ئەکتەر،ئەدیب، نووسەرو وەرگێر خزمەتی کاری هونەریی کردووەو بایەخێکی زۆریشی بە نوسینی چیرۆک دابوو، وە بە یەکێک لە دەستپێکەرانی چیرۆکی شانۆی کوردی دادەنرێت وچەندین چیرۆکیشی نوسیوە لەوانە: چیرۆکی شانۆی کێچ (1970) کە خۆشی وەک ئەکتەر لە دەوری بارچاوەش دا بەشداری کردووە ، شایەنی وتنە کە چیرۆکی کێج بە یەکێک لە شاکارە جوانەکانی مامۆستا حەمە سدیق دەژمێردرێت و خەڵاتی مەدالیای زێڕینی بارزانی بۆ باشترین چیرۆکی ئەو سەردەمەی پێپەخشراوە.

چیرۆکی تەمسیلی تاوانێک لە ئاسماندا کە لە ساڵی 1972 دا لە بەغداد تۆمار کراوە، خۆشی لە دەوری حاکم دا بووە. چیرۆکی شانۆی ئایار سەرکەوتنە، کە بۆ یەکی ئایاری ساڵی 1973 نوسیبوی. چیرۆکی تەمسیلی بەڕێوبەری نوێ، ساڵی 1972  لە بەغداد تۆمار کراوە. بلیت و زاواو چەندانی تر.

جگە لە کاری وەرگێران، هونەر، نوسین، یاسا و ڕێوشوێنی ناو کۆمەڵ، وتاری کۆمەڵی لە چەندین بۆنەو پرۆگرامی یادەوەریەکانی شاری سلێمانیدا بەزمانی عەرەبی و بەناوی وتەبێژی کۆمەڵ وهونەرو وێژەی کوردییەوە خوێندویەتییەوە ، هەرخۆشی وتارەکانی لە زمانی کوردیەوە بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕاوە.

245195475 607364343594552 8417630490839864537 n.jpg

بەداخەوە ئەم ئـەدیب و شاعیرە تەنزئـامێزە لە ساڵی 1974 دا واز لە کۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی کوردی دێنێت و ڕوودەکاتە دنیای سیاسەت، بەڵام لە دەروازەی هونەرو وێژه‌دا دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی ساڵەکانی ژیانیدا هۆنراوەیەکی بۆ شاری ئەستەمبول نوسیووەو لە شاری ئەستەمبول بەئامادەبوونی سه‌رۆک کۆماری تورکیا، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئۆردۆگان و کۆمەڵێک شاعیر و ئەدیب و ڕۆشنبیر هۆنراوەکەی خوێندۆتەوە، لەنێو بیست شاعیرانی بیست وڵاتدا هۆنراوەکەی ئەو بەیەکەم هەڵبژێردراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوە دەدات کە ئەم ئەدیبە بەتوانایە تا کۆتایی ژیانی لە لوتکەی ئەدەبییا بووە.

ئەم چیرۆک نووسە بەدەسەڵاتە له‌ رۆژى 2019.10.18 دا لە نەخۆشخانەیەک لە شاری بەنگین لە نزیک شاری فڕانکفۆرتەوە لە وڵاتی ئـەڵمانیا بۆ دواجار دڵه‌ گه‌وره‌که‌ی له‌ لێدان ده‌که‌وێت و ماڵئـاوایی لە دنیای ئـەدەب و هونەر و دۆست وهاوڕێکانی دەکات و دەچێتە دنیای نەمرانەوە.


سەرچاو:

  1. ڕەوانشاد ڕەوف یەحیا
  2. ڕەوانشاد نوری وەشتی
  3. مامۆستا ئەحمەد سالار
  4. مامۆستا تاها بابان
  5. دکتۆر فەریاد فازیل عومەر: دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی بەرلین.


تێبینی:

وێنەی یەکەم لەڕاستەوە:

عەلی ئەحمەد جۆڵا ، حەمە سدیق ی موحامی، شێركۆ بێکەس ، تاها خەليل حسێن، تاها باراوى

وێنەی دووەم:

مامۆستا حەمە سدیق و نیشتمان خانی هاوسەری

وێنەی سێیەم لە ڕاستەوە:

مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم و مامۆستا حەمە سدیق ی موحامی شاری بۆن، وڵاتی ئەڵمانیا، ساڵی 2011