ئەمین موتابچی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
131652020 .jpg

ئەمین موتاپچی، لەدایكبوی 01-07-1929 لەدایكبووە،

دکتۆر ئەمین عەلی سەعید موتاپچی لە ساڵی 1963 بە پلەی نایاب بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە، لە ساڵی 1969 لە زانكۆی تاران، بڕوانامەی لە ئەدەبی فارسی بڕوانامەی دكتۆری وەرگرتوە، لە ساڵی 1951 لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دامەزراوە، لە ساڵی 1964 لە زانكۆی بەغدا دامەزراوە، كۆمەڵێك لێكۆڵینەوە و چاپكراوی هەیە و ئەندامی كۆڕی زانیاری كورد بوە لە بەغدا، ئـەکادیمیکار و شارەزایەکی بەدیققەت لە ئـەدەبیاتی کلاسیکیی کوردی 12-5-2020 لە وڵاتی بریتانیا لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.1

بنەماڵەی موتابچی یەکێک لە بنەماڵە ناودارەکانی شاری سلێمانین، لەم بنەماڵەیەدا دەیان کەسایەتیی نیشتمانی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و زانستی و کۆمەڵایەتی هەڵکەوتوون و خزمەتی زۆریان بەگەل و نیشتمان کردووە، ناویان بەشانازییەوە لەلاپەڕە درەوشاوەکانی مێژوودا تۆمار کراوە.

د.ئەمین موتابچی یەکێک لەهێما دیارەکانی ئەو بنەماڵە هێژایەیە، ئەو زانایەکی ناوداری کوردستانە و لەبوارەکانی ئەدەبی و رۆشنبیری و زانستیدا خزمەتێکی زۆری پێشکەش کردووە و شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە.

578oard01.jpg

د. ئەمین عەلی سەعید ناوی تەواوی ئە و کەسایەتییە مەزنەیە و بە(د.ئەمین موتابچی) ناسراوە.

ساڵی 1929 لەگەڕەکی سەرچیمەنی شاری سلێمانی لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە و شارە تەواو کردووە.

موتابچی خولیای فێربوونی زمانی فارسی بووە، هەر بۆیەش لەسەردەمی خوێندکاری و مامۆستایی لای شێخ نووری شێخ بابە عەلی و مەلا رەحیمی مەریوانی لەسلێمانی، رێزمان و ئەدەبی فارسی خوێندووە، بەگوڵستانی سەعدی شیرازی و شەرحەکەی ئاشنا بووە.

ساڵی 1951 چۆتە خولێکی پێگەیاندنی مامۆستایان و بەسەرکەوتوویی تەواوی کردووە و بەمامۆستا دامەزراوە.

موتابچی خولیای خوێندن بوو، هەربۆیەش ساڵی 1959 چووە بەشی کوردیی کۆلیجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا و ساڵی 1963 بەپلەی نایاب تەواوی کرد و بەموعید لەهەمان زانکۆ دامەزرا.

دواتر چووە زانکۆی تاران و ساڵی 1969 لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لەزمان و ئەدەبیاتی فارسیدا بەدەستهێنا.

گەڕایەوە وڵات و لە کۆلیجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا لەبوارەکانی رێزمان و ئەدەبی کوردی و فارسی خزمەتی کردو وانەی وتەوە، سەدان خوێندکار لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای بەدەستهێنا. خۆشی پلەی زانستی بەرز بۆوە بووە پرۆفیسۆر.

موتابچی، بێ لەبواری خوێندن، لەبوارەکانی ئەدەب و مێژوو و زانستدا بەنووسین و وەرگێڕان خزمەتی کرد و خاوەنی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی زانستییە.

(کوردنامە) لەدیارترین کتێبەکانی ئەوە و لەژێر کاریگەری شانامەی فارسیدا نووسیوویەتی، ئەم کتێبە باسی مێژووی کورد لەدامەزراندنی دەوڵەتی مادەوە تا کۆتایی کۆماری مەهاباد دەکات، ماوەی 26 ساڵ خەریکی نووسینی ئەو کتێبە بووە، لەساڵی 1970 دەستی پێکردو ساڵی 1996 تەواوی کرد و ساڵی 2002 پاکنووسی کرد و ساڵی 2007 چاپی کردووە.

موتابچی چەندین کتێبی دیکەی چاپکراوو دەستنووسی هەیە.ئەمانە بەشێک لەکتێبە چاپکراوەکانین (تێهەڵکێشی موتابچی لە36 غەزەلی حافزی شیرازی، دەفتەری یەکەمی مەسنەوی مەعنەوی جەلالەدین رۆمی بەکوردی-وەرگێڕان، دیوانی مەلا وەسمان- لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە، زەردەشت و شەش چیرۆکی کورت، چواردە چیرۆکی کورت- وەرگیڕان، کوردستاننامە یا شێرکۆ و ماری، دیوانی موتابچی-دوو بەرگ، کورد و مەسەلەی کورد-وەرگێڕان) و چەندانی تر.

موتابچی ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد بوو، لەرێی کۆڕ و گۆڤارەکەیەوە خزمەتێکی زۆری بەئەدەب و زمانی کوردی کردووە.

ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی شاری بەغدای بەجێهێشت و لەشاری لەندەن نیشتەجێ بوو، لەوێش وەک مامۆستای زمانە رۆژهەڵاتییەکان لە زانکۆی لەندەن خزمەتی کرد.

پاش خزمەتێکی زۆر بەکایەکانی زانستی و ئەدەبی، رۆژی 12ی ئایاری 2020 لەوڵاتی غەریبی و لەشاری لەندەن کۆچی دوایی کرد و چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.

دروودی رێز و وەفا و ئەمەکداری بۆ گیانی پاکی، ئەمین موتابچی پرۆفیسۆر و دکتۆر، زانای ناوداری زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی.

تێبینی: موتابچی پیشەیەکی دەستیی کۆنی شاری سلێمانییە، ئەو پیشەوەرانە، لەمووی بزن، بەچەند ئامێرێکی سەرەتایی، (گوریس و قەیاسە و خەرار)یان دروست دەکرد

سەرچاوە: خەندان

سەرچاوە: خەلیل عەبدوڵڵا