ئەنجامنامەی کۆنفرانسی 100 ساڵەی لۆزان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ئەنجامنامەی کۆنفرانسی لۆزان:

20230724.jpg

کوردستانیان پەیمانی لۆزان ڕەتدەکەنەوە و پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس، پشتیوانی داوای گەلی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠٢٣/٠٧/٢٤، کاتژمێر ١١:٠٠ی نیوەڕۆ، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا لە گردبوونەوەیەک و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ١٠٠ ساڵەی لۆزان بە کۆمەڵێ بڕیار و ڕاسپاردەوە بۆ ڕای گشتیی ڕاگەیەندرا کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەدا بەبەشداری سەدان کەس بەڕێوەچوو.

سەرەتا لە گردبوونەوە و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا هاوسەرۆکانی کەنەکە ئەحمەد قەرەمووس و زەینەب موراد ئاخاوتن و وێڕای باسکردن لە کۆنفڕانسەکە و پەیمانی لۆزان ڕایانگەیاند: وەک کورد و کوردستانی پەیمانی لۆزان ڕەتدەکەینەوە و هەرگیز ڕێکەش بە دووبارەبووەوەی وەها پەیمانێک بەسەرماندا دووبارە بکرێتوەوە. بۆ ئەوەش یەکێتی نەتەوەیی وەک بنەما و چارەسەری خرایە ڕوو. دواتر ئەنجامنامەکە بە کرمانجی لەلایەن ڕۆژان حازم وبە سۆرانی لەلایەن سالار مەحموود-ەوە خوێندرایەوە ئاڕاستەی ڕای گشتیی جیهان کرا، و هاوکات هەموو ئاخاوتنەکان وەرگێرانە سەر زمانی فەڕەنسی و سپاسی هەموو کوردستانیانی جیهان، کوردستان، ئەوروپا و سویسرا کرا کە بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون. سپاسی تایبەتیش ئاڕاستەی شارهوانی لۆزان کرا بۆ بەستنی کۆنفڕانسەکە هاوکاربوون.

لە ئەنجامنامەکەدا کە کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپارە لەخۆدەگرێت ئاماژە بەوەدراوە، کۆنفرانس بە چڕو پڕی لێکەوتەو دەرئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان تاوتوێ کراو لەھەموو رووەکانەوە لێکدانەوە بۆ لێکەوتە خراپەکانی کرا. کۆنفراس پێشنیارو راسپاردەکانی بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی گەڵاڵە کرد بە جۆرێک لەگەڵ ھەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بگونجێ و پۆڵێنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکان کرا.

هەروەها ڕاگەیەندرا: کۆنفراس خەباتی گەلی کوردستان بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی لۆزان بە ڕەوا زانی. لەھەمان کاتدا داوای لەو دەوڵەتانە کرد کە بەپێی پەیماننامەی لۆزان کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، دەرگای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی گەلی کوردستان و کێشەی خۆشیان بکەنەوە. پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی کوردستان بێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.

دەقی تەواوی ئەنجامنامەکە:

لە رۆژانی ٢٠٢٣/٧/٢٤/٢٣/٢٢ لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا بەبەشداری پارت و رێکخراوە کوردستانیەکان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیست و یاساناس و روناکبیرو کەسایەتی، نوێنەری پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان و ژنان.

کۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان بەسترا.

لەو جێگایەی بەر لە سەد ساڵ بڕیاری ئینکارکردنی گەلی کوردو مافەکانی لە چوارچێوەی پەیماننامەی شومی لۆزان درا.

کۆنفرانس بە چڕو پڕی لێکەوتەو دەرئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان تاوتوێ کراو لەھەموو رووەکانەوە لێکدانەوە بۆ لێکەوتە خراپەکانی کرا.

کۆنفراس پێشنیارو راسپاردەکانی بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی گەڵاڵە کرد بە جۆرێک لەگەڵ ھەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بگونجێ و پۆڵێنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکان کرا.

کۆنفراس خەباتی گەلی کوردستان بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی لۆزان بە ڕەوا زانی.

کۆنفرانس داوا لەو وڵاتانە دەکات کە واژۆیان لەسەر پەیماننامەی لۆزان کردوە کە پشتگیری گەلی کوردستان بکەن و ھاوکار بن لە چارەسەر کردنی ئەو کێشە مێژووییە و، پشتیوانی مافی رەوای گەلەکەمان بن. چیتر پشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان نەکەن.

لەھەمان کاتدا داوا لەو دەوڵەتانە دەکەین کە بەپێی پەیماننامەی لۆزان کوردستانیان بەسەردا دابەش کرا، دەرگای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی گەلی کوردستان و کێشەی خۆشیان بکەنەوە.

لەکۆتاییدا کۆنفراس سوپاسی ھەموو بەشداربوانی کرد و بڕیاری لەسەر پێکھێنانی کۆمسیۆنێکی کارا دا بۆ بەدواداچوون و پلانڕێژی و لەسەر کۆی پرسەکانی پەیوەست بە لۆزان و،

تەواوی پێشنیارو راسپاردەو ئەرکەکانی بەم جۆرەی خوارەوە دابەشی سێ ئاستی ناوخۆیی و ناوچەویی و نێودەوڵەتی کرد.

یەکەم:— لە ئاستی نێودەوڵەتی

١- پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی پشتیوانی داوای گەلی کوردستان بێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ بەدیھێنانی مافی چارەنووس.

٢- لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کۆمسیۆنێکی نێونەتەوەیی دروست بکرێت، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانی تێدابێت، ئەو کۆمسیۆنە لەگەڵ دەوڵەتانی بەشداری پەیمانی لۆزان پەیوەندی دروست بکات بۆ هەلومەرجی دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیخوازانه لەپێناو چارەسەری دۆزی کورد بەپێی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ.

٣- کورد ببێتە ئەندامی چاودێر لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەنان. بۆ ئەم مەبەستە ھەنگاوی کرداری بنرێت.

٤- ھەوڵ بدرێت ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ببن بە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لە پێناو پاراستنی گەلی کوردستان لە تاوانە نێودەوڵەتیەکان.

٥- دامەزراندنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی ھاوبەشی کوردستانی بۆ چالاکی دیبلۆماسی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ئەنجام نامەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

٦- لەماوەی سەد ساڵی لۆزاندا چەندین پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و تاوانی نێودەوڵەتی دەرھەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراوە، پێویستە وڵاتانی واژۆکەری لۆزان قەرەبووی ئەو تاوانانە بکەنەوە. دڵنییاش فەراھەم بکەن بۆ رێگەگرتن لە روودانەوەی تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەگەلی کوردستان. بە پشت بەستن بە یاسای قەدەغەکردن و سزادانی تاوانی نێودەوڵی.

٧- رێگری کردن لە ھێرشی ئاسمانی دژ بەگەلی کوردستان بەگشتی و لە رۆژئاواو ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی. بە دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. یان لەگەڵیدا ھێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی لە نێوان تورکیاو رۆژئاوای کوردستان جێگیر بکرێت لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

٨- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر کردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی ئازاد بکرێن.

دووەم:— لە ئاستی ناوخۆیی کوردستان

١- پاراستن و پێشخستنی بەرژەوەندیە باڵا نیشتمانیەکانی کوردستان لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندیە کەسی و سیاسیەکان.

٢- وەلانانی ناکۆکیە سیاسیە ناوخۆییەکان و کارکردن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ناکۆکیە ناوخۆییەکان.

٣- دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆیی بەشەکانی کوردستان و بەئەولەویەتگرتنی پاراستنی و پشتگیری لەقەوارەی ھەرێمی کوردستان و خۆ بەڕێوەبەری رۆژاڤا، پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤا بۆ ھەماھەنگی ھاوکاری لەبواری سیاسی و ئابوری و کەلتوری و کۆمەڵایەتی. راپەڕاندنی ئەرکە ھاوبەشەکان.

٤- بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێکۆشان لە ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان.

٥- مسۆگەرکردنی پاراستنی تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانی خەڵکی کوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاکان.

٦- نرخاندن و ھاندانی خەباتی ئازادی ژنان ھاوشانی پیاوان لە پێناو برەو دانی زیاتر بەو خەباتە نمونەییە لەناو کۆمەڵی کوردستاندا.

سێیەم:—،لەئاستی ناوچەیی و ئەو وڵاتانەی کوردستانی بەسەردا دابەش کراوە:

١- پارچەکانی کوردستان لەناو سنوری دەوڵەتی سوریاو تورکیا بە فەرمی بناسرێن لە ناو تورکیا و سوریادا بەو دیڤاکتۆیەکیەی کە خۆیان دەخوازن پەسەند بکرێن.

٢- ئەو دیڤاکتۆ خۆبەڕێوبەری کوردستان لە ناو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەتی نەتەوە یەگگرتوەکان دانی پێدا بنرێت و بەفەرمی بناسرێت.

٣- بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە بەھەموو شێوەیەک یەکێتی و یەک دەنگی لە ئاستی باڵادا پێک بھێنرێت، شکاندنی سەردەمی پەیمانی لۆزان بەتەنیا بە رێکەوتنی ناوخۆیی دەسەلمێنرێت و دەچەسپێت.

٤- داخوازیەکی جدی لە دەوڵەتی تورکیا دەکرێت بە بەڵێنەی لە پەیمانی لۆزاندا بە کەمیایەتیەکانی نا موسڵمان دراوە بێ جیاوازی و ھەڵاوێردەکردن جێبەجێ بکرێت.

٥- ئێزیدی و یارسانەکان کە لەناو کاتاگۆری نا موسڵماندان ناساندنی فەرمیان پەسەند بکرێت، بە جۆرێک ئەو مافەی بۆ رۆم و ئەرمەنی و سریانی وکلدانی قبوڵ کراوە بۆ کوردانی ئێزیدی و یارسانەکان پەسەند بکرێت.

٦- پێویستە لەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان ھەریەک نوسینگەیەکی تایبەت بە پەیمانی لۆزان و لێکەوتەکانی و ئەرکەکان بەرابەری بکرێتەوە.

٧- ئۆرگانێکی راوێژکاری و رێنیشاندەر لە نێوان بەشەکانی کوردستان دروست بکرێت. لە پێناو ھۆشیاروی بەرچاو روونی و پلاندانانی ھاوبەش.

٨- دواکارین لە ھەردوو دەسەڵادارانی ھەرێمی کوردستانی عیراق و رۆژئاوای کوردستان دەکەین، ھەموو گرفتەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و لە بەرامبەردا ھەموو تێکەڵاویەکی سیاسی و کەلتوری و ئابوری کۆمەڵاتی لەنێوان خۆدا پیادە بکەن. بە پشت بەستن بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە فەرمی ناسینی کانتۆنەلانی رۆژئاوای کوردستان.

٩- لەپێناو دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەستەبەر کردنی سەقامگیریی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دایەلۆگەوە داواکارین بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و گیراوانی تری سیاسی لە تورکیا ئازاد بکرێن.

١٠- بە پێی مادەی ١٤٠ ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت و رەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت.

سەرکەوتوو دەبێت ئیرادەی گەلی کوردستان

نەمری بۆ شەھیدانی رێگای ئازادی خەڵکی کوردستان.[١]