ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

یەک لە ئەرشیڤیستە بەناوبانگەکانی شاری سلێمانی بوو.

0007 998).jpg

خاوەنی چەندین پەرتووکە لەسەر مێژووی سلێمانی، ئەکرەمی مەحمودی ساڵحی ڕەشە ناسراو بە ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە لە 25-01-1936 لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی مەڵکەندی لە پیرمەسوور لەدایک بووە، لە ساڵی 1944 چووەتە بەر خوێندن، دواتر لەبەر بارودۆخی سیاسی تا ساڵی 1954 تا قۆناغی سێی ناوەندی خوێندووە دواتر لەپەیمانگەی حساباتی بەغدا خوێندنی تەواوکردووە.

هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵ بەسیاسەت بووە و زۆربەی ژیانی بۆ تەرخان کردووە ساڵی 1956 ئەرکی بەڕێوەبردنی سینەما ڕەشیدی گرتۆتە ئەستۆ کەموڵکی خۆیان بووە، لەبەهاری 1959 بەپیلانێک تۆمەتی سیاسی دراوەتە پاڵ و 45 ڕۆژ بەندکراوە و لە 8ی شوباتی 1963 دووبارە 4 مانگ زیندانی کراوە.

ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە، خولیای کۆکردنەوە و پاراستنی کلتور و مێژووی شاری سلێمانی بووە ئێستا خاوەنی گەنجینەیەی گرنگ و مێژووی ئەم شارەیە، ساڵی 1976 توانی هەرچی نازناو (لەقەب) هەیە لەکۆنەوە تا سەرەتای شەستەکان ژن و پیاو بەجیا بنووسێتەوە و کۆبکاتەوە و بیپارێزێت.

ساڵی 1980 دەستی کرد بەکۆکردنەوەی زانیاری مێژوویی لەسەر سلێمانی، ساڵی 1984 بەرگی یەک و دووی لێ چاپ دا.

ساڵی 2000 پەرتووکی شەوچەرەی شاری چاپ کرد.

پەرتووکی ئەلبومی شاری سلێمانی ئامادەکرد کە زیاتر لە 2000 وێنەی دەگمەن و بڵاونەکراوەی لەسەر سلێمانی کۆکردەوە.

ئێوارەی پێنچ‌ شەممە، 24-01-2019 ، دڵی ڕۆشنبیر و نووسەری کەلەپووری، ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشە، لە لێدان کەوت و تەرمەکەی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا، پاش ئەوەی ئێوارەی چوارشەممەی ڕابوردوو، 16-01-2019 ، لای “نەخۆشخانەی عەلی کەمال” بە خۆپێداکێشانی مۆتۆرسیکلێک، -بە داخەوە- زیانی کاریگەر بە جەستەی گەیی.

جێگەی باسە، کاک ئەکرەم خاوەنی سێ بەرگی کتێبی شاری سلێمانی - بەرگی 1 و “شەوچەرەی شار”ە، جگە لە چەندین وتار و بابەتی نووسراوی دیکەی بڵاوکراوە و ئامادەی چاپ.

ڕەحمەتی، لە دوادوایییەکانی ساڵانی حەفتای سەدەی پێشووەوە، خەریکی کۆکردنەوەی وێنەی هەمەجۆر و زانیاریی تایبەت بە ژیانی ساڵانی ڕابوردوو بووە، لە کاتێکدا پێشتریش وەک ئارەزوومەند وێنەی بە کامێرای خۆی گرتووە. لە درێژاییی ئەو ساڵانەدا توانیویە بکەوێتە بەڵگاندنی بڕێکی زۆری ئەم سامانە شارستانییە و کۆی بکاتەوە و لە فەوتان ڕزگاری بکا. کتێبی “شاری سلێمانی”یەکەی، زانستنامە (موسوعة)یەکی دەوڵەمەندی گرانبەهای ڕۆژگاری زووی سلێمانی‌یە و کەلێنێکی گەورەی لە کتێبخانەی کوردی‌دا گرتووە.

کاک ئەکرەم، دۆست و پشتیوانێکی گەورەی بنکەی ژین بوو و درێغیی لە هیچ خزمەتێکی نەدەکرد، بۆیە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و کارمەندانی بنکە یەکجار دڵگرانن بە کۆچی‌دواییی ئەم خۆمخۆرەی کوردەواری بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی و سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی و کەس‌وکار و دۆستانی دەکەن و هیوایانە ئەو گەنجینەیەی کە بەڕێزیان بە هەوڵ و کۆششی جوامێرانەی خۆی کۆی کردبووەوە، ئەمەودوایش پارێزراو و سەلامەت بێ و وەک یادگارێکی زیندوو بمێنێتەوە. جێگەی بەهەشتی بەرین بێ و یادی بەخێر.[١]

بابەتەپەیوەستکراوەکان

  1. سەرچاوە: بنکەی ژین