بنەماڵەی شۆرجە 250 ساڵ خزمەت بە ئایین و زانست و نیشتمان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
150782.jpg

بنەماڵەی شۆڕجە بە رەچەڵەک دەگەڕێنەوە بۆ شێخ محێدینی کەرکوک ناسراو بە محێدینی گڵەزەردە کە لە قەرەداغ هاتووەتە دونیاوە و دوو سەدە و نیو پێش ئێستا رووی کردووەتە ناوچەی قولە و دواتریش بەرەو قەرەحەسەن هاتووە و لە دێی تەیمزاوە جێگیر بووە، دوای سێ ساڵ ڕووی کردووەتە کەرکوک تەکیەی شێخ محێدینی بونیادناوە کە ئێستا بە یەکێک لە ئاسەوارەکانی کەرکوک ئەژمار دەکرێت و نەوەکانی لە ناوچەی قەرەحەسەن ماونەتەوە و تەکیە و مزگەوتیان بونیادناوە.. شێخ محێدین خاوەنی 24 دەستنوسی جۆراوجۆرە لە بوارەکانی ئاین و پزیشک و مێژو و زانستدا..

شێخ عەبدولجەبار شێخ عەبدولرەحمانی شۆرجە کە یەکێکە لە کەسایەتییەکانی بنەماڵەکەو ئەرشیفی بنەماڵەکەیانی کۆکردووەتەوە دەڵێ شێخ محێدین تەریقەتی قادری لە (شێخ ئیسماعیل ولیانی مامی)یەوە وەرگرتووە و شێخ حەسەنی برای شێخ ئیسماعیلیش لە بواری فەلەکناسیدا هەڵکەوتووە و چوارەم فەلەکناسی جیهان بووە.

قانیعی شاعیر پاش پیا هەڵدان بە شێخ محێدین سەبارەت بە وەرگرتنی تەریقەتی قادری لەلایەن ناوبراوەوە نوسیویەتی:

هەتا مەعلوم نەبێ لای شێخی ولیان چۆن دەیکا بە جێداری بە ئاسان خزمەتەکانی بنەماڵەکە لە بواری ئایندا..

بە پێی وتەی عەبدولجەباری کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی شێخ محێدین جگە لە تەکیە و مزگەوتەکانی بنەماڵەکە کە لە ناوچە جیاجیاکانی کەرکوک و کوردستان بوونیان هەیە، لە ئێستادا دوو خوێندنگەی ئیسلامی و دوو خوێندنگەی تایبەتی لەبەرکردنی قورئان و پەیمانگایەکی تایبەتی پێگەیاندنی پێشنوێژ و وتارخوێنیان کردووەتەوە و ساڵانە چەندین وتارخوێن و پێشنوێژ پێدەگەیەنن و لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە خزمەت دەکەن..

عەبدولجەبار لەمبارەیەوە دەڵێ ژمارەی مزگەوتەکان لە زیادبووندان و کێشەی وتاربێژمان هەیە، خۆشبەختانە توانیومانە لە ڕێی ئەو پەیمانگایەوە ئەو کێشەیە کەم بکەینەوە.

بە پێی زانیارییەکان مزگەوت و تەکیەکانی بنەماڵەکە دابەشبوونەتە سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان لەوانە تەکیەی شێخ محێدین لە هەولێر و تەکیەی شێخ باهیر لە شارۆچکەی پردێ (ئێستا نەماون)، تەکیە و مزگەوتی شێخ نوری لە گەڕەکی پیریادی لە کەرکوک، تەکیەی شێخ لەتیفی ئۆمەرەگەدە لە گەڕەکی شۆرجە کە ئێستا لە لایەن شۆڕشی کوڕییەوە بەڕێوەدەبرێت، تەکیەی شێخ لەتیف ناسراو بە لوتفی کە ئێستا وەکو ڕەمزێک ماوەتەوە، گرنگترین مزگەوت و تەکیەش لە سەردەمی ئێستادا مزگەوت و تەکیەی شێخ محەمەدی کوڕی شێخ عەبدولڕەحمانی شۆرجەیە لە گەڕەکی حوڕییە کە ساڵی 2005 بونیادنراوە، هەروەها تەکیەی شێخ محێدینی کەرکوک کە مێژووەکەی بۆ 250ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و ئێستاش وەک ئاسەوارێک تەماشا دەکرێت.

لایەنی کۆمەڵایەتییان فەرامۆش نەکردووە

سەرباری ئەوەی زیاترین خزمەتی بنەماڵەکە لە بواری ئاینیدایە، بەڵام بوارەکانی دیکەی ژیانیان پەراوێز نەخستووە و کەم تا زۆر گرنگیان بەو بوارانەش داوە.

بە بڕوای بەشێک لەو پیاو ماقوڵانەی کە ماوەیەکی زۆرە ئاشنای بنەماڵەکەن نەوەکانی شێخ محێدین درێغییان نەکردووە لە خزمەت کردنی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت سەرباری ئەوەی هاوشێوەی زۆربەی دیوەخان و تەکیەکانی تر رۆڵیان بینیوە لە ئاشتبوونەوەی خەڵکی و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەمین سابیر مەحمود تەمەن 78 ساڵ کە هاوکات یەکێکە لە جێنشینەکانی شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێ ساڵی 1947 کە لە ناوچەی خاڵەبازییانییەوە هاتمە کەرکوک رووم کردە شێخ عەبدولڕەحمان و بینیم خەڵکێکی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانەوە روویان کردووەتە تەکیەکەی شێخ عەبدولڕەحمان..

ناوبراو ئاماژە بەوەدەدات کە شێخ عەبدولڕەحمان هەرچەندە کەسێکی دەوڵەمەند نەبووە بەڵام بەردەوام رێزی لە خەڵک گرتووە و یارمەتی هەژارانی داوە، هەروەها دەڵێ لە کاتی شێخ عەبدولڕەحمان سوڵح و سوڵحکاری زۆر ئەنجامدەدرا و دوای وەفاتی ئەویش شێخ محەمەدی کوڕی درێغی نەکردووە لە سوڵح کردن و خەڵکی بەهەموو نەتەوەکان و لە شوێنە جیاوازەکانەوە رووی تێدەکەن.

هەروەها ئەحمەد مستەفا عەزیز تەمەن 76 ساڵ دەڵێ ئێمە لەسەردەمی شێخ نەجمەدینەوە کە دەکاتە باوکی شێخ عەبدولڕەحمان دراوسێی بنەماڵەکە بووین و هاتوچۆمان لە یەکتر نابڕن و ئەم بنەماڵەیەش وەکو شیر سافن.

کەسایەتییە ناودارەکان

بە گەڕانەوە بۆ ئەرشیفی بنەماڵەکە بۆت دەردەکەوێ کە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی ناوداریان تێدا هەڵکەوەتووە و هەرکەسایەتی لە بوارێکدا جێ پەنجەی دیارە،، ئێمەش لێرەدا باسی ژمارەیەک لەو کەسایەتییانە ئەکەین لە گەڵ گرنگترین کارەکانیان و ئەو بوارانەی خزمەتیان تێدا کردووە..

شێخ محێدینی کەرکوک ناسراو بە شێخ محێدینی گڵەزەردە یەکەم کەسی بنەماڵەکەیە کە ڕووی کردووەتە شاری کەرکوک و 250 ساڵ پێش ئێستا تەکیەی شێخ محێدینی لە گەڕەکی ئیسکان بونیادناوە و نزیکەی 24 دەستنوسی لە بواری ئاین و مێژوو و زانست هەیە و بە پێی وتەی نەوەکانی ناوبراو لە ئێستادا پێنج لەو دەستنوسانە ماون، ناوبانگی ئەم کەسایەتییە بووەتە هۆی ئەوەی یەکێک لە گەورەترین گۆڕستانەکانی کەرکوک ناوی (شێخ محێدین)ی لێ بنرێت، عەبدولجەبار لە بارەی دەستنوسەکانی شێخ محێدینەوە دەڵێ ئەو توێژەرێکی زانستی بووە، لەسەردەمێکدا کە سەرچاوەی باش نەبووە ئەو توانیوییەتی سەدان سەرچاوە بدۆزێتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت.

سەبارەت بە کۆکردنەوە و بەچاپ گەیاندنی بەرهەمە دەستنوسەکانی شێخ محێدین عەبولجەبار دەڵێ بەداخەوە تا ئێستا قەدری نەزانراوە و بەرهەمێکی چاپ نەکراوەتەوە، ئێستاش من خەریکی بەچاپ گەیاندنی بەشێکی ئەو بەرهەمانەم.

لە نەوەکانی شێخ محێدین چەند کەسایەتییەکی ناودار هەڵکەوتوون لەوانە شێخ مەحمودی کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان شێخ عەبدولعەزیز شێخ محێدین ناسراو بە (مەحمود قوتب) کە 7 دەستنوسی لە چەند بوارێکی جیاجیادا هەیە لەگەڵ کۆمەڵیک قەسیدەی فارسی و بە نازناوی (سەیدا) شیعری نوسیوە و یەکێک لە بەرهەمەکانی (بحر الانساب)ە کە بەوردی باسی مێژووی بنەماڵەکانی ناوچەکەی کردووە و بە پێی وتەی نەوەکانی بۆ نوسینەوەی نامەی ماستەر و دکتۆرا وەک سەرچاوەیەک بەکار هاتووە.

شاعیری ناوداری کورد (سابری) کە ناوی تەواوی شێخ نەجمەدین کوڕی شێخ عەبدولرەحمانە کەسایەتییەکی دیکەی بنەماڵەکەیە کە بەچوار زمان شیعری نوسیوە و بەشیعری سۆفیگەری بەناوبانگ بووە.

لە کەسایەتییە ناودارەکانی بنەماڵەکەش ئەحمەدی کوڕی شێخ نەجمەدین (سابری) یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی حیزبی ئیسلامی و هاوشانی موحسین عەبدولحەمید و چەند کەسێکی تر هەوڵی ئەنجامدانی کودەتای سەربازییان داوە لە ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو و کاتێکیش کە ئاشکرا بووە هەڵهاتووە بۆ سوریا و لەوێوەش بەرەو میسر ڕۆیشتووە و لەکۆبوونەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو کاتی عێراق لە میسر رکابەری حیزبی بەعس بووە و کاندیدی ئیسلامییەکان بووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی عێراق و لە ساڵی 1963یش جارێکی تر هەوڵی کودەتای لەدژی بەعسیەکان داوە.

کتێبێکیشی سەبارەت بە سیفەتەکانی بانگخوازان نوسیوە و چەندین شیعری بە زمانی کوردی و عەرەبی هەیە.

هەروەها شێخ حەسەن گڵەزەردی کەدەکاتە کوڕی شێخ محەمەدی نۆدی بە چوارەم فەلەکناسی جیهان دادەنرێت لەسەردەمی خۆیدا..

شێخ عەبدولڕەحمان کوڕی شێخ نەجمەدین وەک بانگخوازێک دەرکەوتووە و لە ساڵی 1944 شێخی تەکیە بووە تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1977کۆچی دوایی کردووە و بە پێی وتەی عەبدولجەباری کوڕی لە بەخشندەیی و پێشبینیکردن و حیکمەت و دووربینی و خزمەتکردنی پێشمەرگە ناوبانگ بووە.

دوایین کوڕی شێخ نەجمەدین کە ناوی عەبدوڵایە لە وڵاتی نەمسا نیشتەجێیە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە مێژووی ئیسلامیدا و وەرگێڕێکی بەناوبانگیشە لەو وڵاتە و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ سیاسەتمەداران هەیە.

لە ئێستادا شێخ محەمەد کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان شۆرجە بە جێنشینی یەکەمی شێخ عەبدولڕەحمان دیاری کراوە و ئێستا تەکیەی سەرەکی بنەماڵەکە بەڕێوەدەبات و سەرپەرشتی کاروباری ئاینی بنەماڵەکە دەکات..

پەیوەندی بنەماڵەکە بە پێغەمبەری ئیسلامەوە (د.خ)..

بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی لە ئەرشیفی بنەماڵەکە لای عەبدولجەبار کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان شۆرجە پارێزراون ڕەچەڵەکی بنەماڵەکە بە 31 پشت دەگەڕێننەوە بۆ عەلی کوڕی ئەبو تالیب و هاوسەرەکەی فاتیمەی کچی محمد(د.خ).

لێرەدا بۆ وڵامی ئەو پرسیارە کە لەسەر بڕا ونەوەکانی شێخ عبدالرحمن شێخ نجم الدین شۆرجە کراوە، ئەویش ئەوەیە کە شێخ نجم الدین سابڕی دوو هاوسەری هەبووە: 1.مەهروب کچی شێخ ڕەزا شێخ عبدالله ئۆسمانلەکە.

2.ئامینە کچی شێخ کەریم شێخ ڕەزای ئۆسمانلەکە.

لە خێزانی یەکەمی چوار کوڕی هەبووە: محمد(ساڵی 1951کۆچی دوای کردوە)، محمدئەمین(ساڵی 1947کۆچی دوای کردوە)، عبدالرحمن سێهەم شۆرجە(ساڵی1977کۆچی دوایکردوە)،عبدالله ی یەکەم بە کۆڕپەی کۆچی دوای کردوە)، لە هاوسەری دووەم سێ کوڕی هەبووە: ساڵح(ساڵی1938لە تەمەنی 10ساڵی کۆچی دوای کردوە)، ئەحمەد(ساڵی2007 کۆچی دوای کردوە)، عبدالله ی دووهەم). لە بڕاکانی شێخ عبدالرحمن تەنها عبدالله ی دووهەم ماوە ئەویش 40ساڵە لە ولاتی نمسا دەژی ومامۆستای زانکۆیە.

عبدالرحمن شۆرجە (1977 - 1977)هەشت کوڕی هەبووە:

1. عبدالمجید، بە منداڵی کۆچی دوای کردووە لە ساڵی 1949.

2.شێرزاد، لە تەمەنی منداڵی کۆچی دوای کردووە.

3.حاجی شێخ محمد کە شوێنگەرەوەی باوکێتی لە بەڕێوەبەری کاروباری تەکێ وڕۆڵکی گەورە دەبینی لە بواری کۆمەلایەتی وئامۆژگاری ئایینی وکاری چاکە، چوار کوڕی هەیە بە ناوەکانی(احمد، عبدالمجید، عبدالمنعم، عبدالحمید).

4.عبدالستار، بەر شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال کەوت لە ساڵی 1988 بە دوای خۆیدا کوڕێکی بە جێماوە بە ناوی ساڵح.

5. مامۆستا شێخ عبدالجبار، دەرچوی کۆلیژی شەریعەیە لە زانکۆی بەغداد ساڵی 1991 ئیمام ووتاربێژە لە تەکێ باپیرە گەورەی شێخ محێدین کەرکوک ونووسەرێکی بەتوانایە وچەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە، دوو کوڕی هەیە بە ناوەکانی (وەیس و عبدالرحمن چوارەم).

6. مامۆستا سالار، دەرچوی کۆلیژی شەریعەیە لە زانکۆی بەغداد1992 وبەڕێوەبەری دواناوەندی شێخ عبدالحمن شۆرجەی ئیسلامیە، کوڕێکی هەیە بەناوی محمد.

7. شێخ مەحمود، دەرچوی کۆلیژی زانستە ئیسلامیەکانە لە زانکۆی بەغداد ئیمام ووتاربێژی مزگەوتی سەید مورسەلینە لە کەرکوک وکوڕێکی هەیە بەناوی یاسر.

8. د.عبدالقادر، دەرچوی زانکۆی ئیسلامیە لە ساڵی 2001 ئیمام ووتاربێژە لە تەکێ ومزگەوتی (شێخ محمد شۆرجە) ومامۆستایە لە کۆلیژی ئیمام ئەعزەم لە کەرکوک وکوڕێکی هەیە بەناوی محمد.

منداڵەکانی شێخ عبالرحمن شۆرجە جگە لە (عبدالمجید وفاتمە)کە لە خێزانی یەکەمێتی (ئامینە کچی شێخ تاهیر)، هەموویان لە خێزانی دووەمێتی (سائیمە خان کچی شێخ حەسەن) دەربارەی پرسیاری ئەو گوندانەی لە سنووری قەرەحەسەن وقەرەهەجیر کە نەوەکانی شێخ محێدین گەڵەزەدە ئاوەدانیان کردۆتەوە ویان تێدا نشتەجێ بوونە, ئەم گوندانەن:

1 شۆرجه.

2 پەڵکانه.

3 ئۆسمان لەکە.

4 میره سوره.

5 نزراوه.

6 شوانه.

7 ئۆمەرە گەدە.

8 شێخ جێری.

9 تەیمەزاوا.

10 قەرەوەیس.

ئامادەکارانی ئەم وتارە: سەروەر ساڵەیی & [[پشتیوان ئەکبەر حەفتاچەشمەیی]]