بورهان قانع لە نێوان 1935-1985

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
127644.jpg

نووسین و ئامادەکردنی: عومەر مەعروف بەرزنجی

بورهان قانع (1935 - 1985)

هەڵکەوتوی بواری نووسین و وەرگێڕان و ڕۆژنامەنووسی...

وردبوونەوە لە نەخشەی بچووکی ئەدەبیاتی کوردی و لیستی چاپەمەنییەکاندا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە زوربەی خاوەن بەرهەمی سەنگین و قەڵەمی بە توانا و دڵسۆزانی ئەم کاروانە پیرۆزە، ئەو کەسانەن کە خوێندنێکی ئەوتۆیان دەسگیر نەبووە و بە سووتان و کۆششی بەردەوامیان بوونە دەرچوانی قوتابخانەی ژیان و مەینەتی و تاقیکردنەوەکانی ڕۆژکار. هاوڕێی ئازیزم خوالێخۆشبوو (بورهان قانع 1935 – 27-06-1985) لە دایکبوی ئاواییەکی بچووک و بەردەڵانی (نەوێ) ی بناری شارەزوورە، ژیانی تایبەتی و ناهەمواری گوزەران و بارودۆخی ئەو ڕۆژگارە بوونەتە بەربەست و رێگری تەواوکردنی خوێندن.

لە تەمەنێکی ئێجگار مناڵیدا (قانع) ی باوکی دەینێرێتە قەلەندەر خانەکەی (پیرەمێرد 1867 – 19-06-1950) ی شاعیرو ڕۆژنامەنووس، هەر لەوێوە بە دنیای پیت و وشە و کاغەزو سەرەتاکانی ئەدەب و نووسین ئاشنا دەبێت و دەستگیرۆیی و هاندانی باوکیشی دەبنە پاڵپشتێکی تر.

لە دەوروبەری شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی 1958 دا دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی (پێشکەوتن) و دواتریش ڕۆژنامەی (دەنگی کورد)، لە ڕێی نووسین و شیعرەکانییەوە بە خوێندەواران دەناسرێ، جگە لە گۆشەی تایبەتی چەندین بابەتی هەمەڕەنگ و ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامەنووسی تێدا بڵاوکردوونەتەوە.

ساڵی 1960 بۆ یەکەمجار لەگەڵ (14) نووسەر و شاعیری دیاردا داوای دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کوردیان کردووە و مامۆستایانی وەک (شێخ محەمەدی خاڵ و شاکیر فەتاح و محەڕەم محەمەد ئەمین و کامەران موکری و ڕەمزی مەلا مارف) لەو داواکارییەدا بەشدارییان کردووە و ڕۆژنامەی (پێشکەوتن) ی ژ 109 ی ڕۆژی 14 ی نیسانی 1960 ناوەکانی بڵاوکردووەتەوە.

ساڵی 1970 ئەندامێکی کاراو چالاک و هەڵسووڕێنەرو چاپکردنی گۆڤاری (ڕزگاری) بووە، دواتریش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک (هاوکاری و ڕۆشنبیری نوێ و بەیان) ی دەزگای ڕۆشنبیری کوردی چالاکانە کاری کردووە.

لە ساڵی 1980 بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی شۆڕشی کورددا وەک نووسەر و کادرێک بەشداریکردووە و چەند بەرهەمێکی بە چاپگەیاندووە، پێش کۆچی دوایی بە ساڵێک پڕۆژەیەکی نووسین و وەرگێڕانی ئامادە کردبوو، بە هەوڵی تایبەتی خۆی چەند کارێکی ئەدەبی و مێژوویی و فیکری بە چاپگەیاند هەندێکیشیان بە دەستنووسی ماونەتەوە، کاکە بورهان گەر مەرگ لێی بگەڕایە بە تەنیا باڵ دەزگایەکی تایبەتی چاپ و بڵاوکردنەوە بوو.