بۆکان

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
51279 (1).jpg

بۆکان شارێکە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. لە باشووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ورمێ لە ئێران ھەڵکەوتووە.

بەپێی دوایین دابەشکردنەکانی ئێران بەرینایی بۆکان ٢٥٤١٫٣٠٦ کیلومەتری چوارگۆشەیە. ١٣٤٠ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە.

شاری بۆکان لە باکوورەوە لەگەڵ میاندواو، لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ساینقەڵا، لە باشوورەوە لەگەڵ پارێزگای کوردستان و شاری سەقز، لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ سەردەشت و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ مەھاباد ھاوسنوورە.

بەپێی سەرژمێریی گشتیی جەماوەر و خانووی ئێران کە لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن دایرەی ئاماری ئێرانەوە بڵاو بووەتەوە ڕێژەی دانیشتووانی بۆکان گەیشتووەتە ٢٥١٫٤٠٩کەس کە، ١٩٣٫٥٠١ کەس لە شاردا دەژین.

بەپێی ھەمان زانیاری بۆکان لە نێو شارە کوردنشینەکانی ئێراندا دوای کرماشان، ورمێ و سنە گەورەترین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستانە، ئەمەش بەھۆی ھەڵکەوتنی بۆکان لەسەر شاڕێی سەرەکی باکوور و باشووری ڕۆژاوای ئێران گرینگییەکی ئەوتۆی بەم شارە بەخشیوە و بووەتە ھۆی کۆچی زۆر لە گوندەکان و شارەکانی دەوروبەرەوە بۆ ئەم شارە.

شاری بۆکان لەگەڵ سنە گەورەترین شاری لەسەداسەد کورد و سوننەنشینی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و چوارەم شاری گەورە و پر حەشیمەی کوردنشینە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانە.

ھەروەھا بۆکان گەورەترین شاری ناوچەی موکریانە.

بۆکان گەورەترین شاری کۆچەروەرگر لە ئێران دایە، ھەروەھا دوای ورمێ دووھەمین شاری خوێندەوار لە پارێزگای ورمێەی ئێران دێتە ئەژمار.

بۆکان لە ناو کورددا بە شاری زیرەک حەسەن زیرەک، شاری سەردار عەزیزخان موکری، شاری ھەژار، سادق شەرەفکەندی، ھونەرمەند ئاوات بۆکانی، عەبباسی حەقیقی و مەڵبەندی ھونەر و بووکی کوردستان بەناوبانگە.

ناوی شار ناوی شاری بۆکانیش وەک مێژووی شارەکە، تائیستا نەکەوتووەتە بەر توێژینەوەی ڕاستەقینە. ئەوشتانەش والێرەولەوێ لەمەڕ باسەکە نووسراون لەدۆخی بیروبۆچوونی خەڵکی ئاسایی نە چوونەتەدەرێ و ھیچ ڕووناکییەکیان نەخستووەتە سەر مێژووی پڕ تەم و مژی ئەم شارە.

خەڵکی ناوچەکە لایان وایە کە ناوی بۆکان لەبنەڕەتدا بووکان بووە و ئەمەش بەھۆی نەریتێکەوە، کە گوایە لە ڕابردووی کۆندا، کاتێ بووک ھاتوە، پێش چۆنەماڵی زاوا، بردوویانەتە سەر حەوزەگەورەی ناوەراستی شار و ئەمجا لەوێوە بەروماڵی زاوا بوونەتەوە! نووسەر و قەڵەم بەدەستی شار و ناوچەکەش نەک ھەر ئەو چەوتییەیان ڕاست نەکردووەتەوە، بەڵکە بۆیان لە مل داون و بە شیعریان نووسین، بەڵگەیان بۆ ئەم بۆچوونە ھەڵەیە پێکھیناوە.

ئەم وتارە بەنیازی دامەزراندنی سەرەتای باسێکی زانستییانە لە مەر بنەچەکی ناوی بۆکان نووسراوە. کلیلی کردنەوەی گرێ پووچکەی ئەم باسە، وشەی بەگە یان بەغە یە. بەگە یان بھەگە خودای ھەموو ئەو گەلانە بوە کە پێش ھاتنی زەردەشت لە ھیندەوە تا ڕۆژاوای ئێران ژیاون.

ئاویستاناسی ئێرانی ئیبراھیم پوورداود لە وتاریکدا بە ناوی بەغ ەوە دەنووسێ «وشەی یەکجار کۆنی بەغ لە سەردەمێکی زووەوە لە زمانی ئێمەدا ماوەتەوە.

لە زمانە کۆنەکانی ئێران وەک ئاویستایی و فورسی کۆن دا بەغ لەسەر زاری خەڵک بوە و لە گاتاکاندا کە ھەڵبەستی زەردەشتن و کۆنترین بەشی ئاوێستا پێک دێنن، بەگە بە واتای بەش و بەخت ھاتوە. لە بەشەکانی تری ئاوێستاشدا بەغە ھەر ھەمان واتای ھەیە. وشەکە لە چاوگی بەگ ەوە دێت کە لە زمانی پەھلەوی دا بووەتە بەختەن.

کارلێکراو (إسم مفعول)ی وشەکە واتە بەخت لە ئاوێستادا ھاتوە کە لە زمانی پەھلەوی و فارسی و کوردیش دا بووەتە بەخت پوورداود لە درێژەی باسەکەدا دەڵی «بەغ لە زمانە کۆنە ئێرانییەکاندا وەک بھەگ لە سانسکریتدا، مانای بەش و بەخت دەدات و لە مانای دووھەمدا واتای خوداوەند یشی ھەیە کە مەفھوومی بەخشەندە شی لێ وەردەگێرێ

لە بەردەنووسە ھەخامەنشییەکان و (یەک لەوان، بەردەنووسی بێستون) دا بەگە بە واتای خوداوەند ھاتوە.

ھەر پوورداود لە شوێنێکی تری وەتارەکەیدا دەنووسێ «پێش پێغەمبەرایەتی زەردەشت، بە خوداوەند دەگوترا بەغ و پاشانیش کە ئەمان تاقەخوا یان ناونا ئاھورامزدا، وشەی بەغ لە واتای ئەسڵی و پێشووی خۆیدا مایەوە

بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە، پوورداود بەڵگە دەھێنێتەوە و دەڵێ «داریوش شای ھەخامەنشی لە بەردەنووسەکەی بێستون (کێوی یەزدانی بەغستان) دا، کاتێ ڕووداوەکانی ساڵانی چوارەم و پێنجەمی شایەتیی خۆی دەگێڕێتەوە، دەڵێ ئەھورامەزدا و بەغان ی تر لە بەر ئەوە یارمەتی منیان دا، چونکوو من قین لە دڵ و درۆزن و زاڵم نیم.»

عەلائەدین سەجادییش لە مێژووەکەی خۆیدا، کاتێ ھاتووتە سەر باسی قەومی کاسی، دەنووسی “یەکێک لە سۆراخی ھیندوئەوروپایی یەکان بە سەر کاسییەکان، وشەی بوگاش یان بوغاش کە بە مانای خوایە. ” لغت نامەی دھخدا قامووسی گەورەی زمانی فارسی کە وێ دەچێ سەرچاوەی زانیارییەکانی سەجادیش لەم بابەتەوە بووبێ، دەڵێ,, بھەگە لە سانسکریتدا بە واتای خودا بوە و لە کتێبی پیرۆزی ڤیدا دا ئەم واتایە چەندپات کراوەتەوە، واتە لە ناو ھیندوئێرانییەکاندا پێش جیابوونەوەیان لە یەکتر، ئەم شتە باو بوە.

خاتوو ماری بۆیس پسپۆڕی ناوداری مێژووی زەردەشت و ئاوێستا، لە کتێتی مێژووی زەردەشتایەتی دا چووەتە قووڵایی باسەکەوە و بە دوور و دڕێژی لە واتای وشەی بەغە و بەگە دواوە و مانای خوداوەند ی بۆ وشەکان پەسەند کردوە. دوکتۆر فەرەھوشی دانەری قامووسی زمانی پەھلەوی-فارسی، چوار واتای خودا، سەروەر، شا و ھێزی خودایی ی بۆ بەغ لێک داوەتەوە و بەک یشی بە خوداو و سەروەر مانا کردووەتەوە. نووسەری واژەنامە مینوی خرد دوکتۆر ئەحمەدی تەفەززولی بەغان ی بە خودایان زانیوەو زانای بە ناوبانگی ئێرانی ملک إلشعرإبھار لە کتێبیسبک شناسی دا گوتویەتی، ئەم وشەی بەغ ە، یەکەم جار لە نووسراوێکی سارگون ی شای ئاشوردا لەگەڵ پاشگری دات لە شێوەی بەغ دات دا ھاتوە کە ناوی پیاوێکی ئێرانی بوە.

سەبارەت بەو بەغ دات ە پوورداود دەڵێ، بەگ داتی یە، کە ئەویش سەرۆکێکی ماننا کان بوە و سارگۆن گرتی و فەرمانی دا بە زیندوویی پێستی بگروون. پوورداود ھەروەھا دەڵێ، وشەی بەگ پێش ئەویش لە شێوەی بیت بەگی دا بینراوە کە واتای ماڵی بەغ، یان خانەی خودا ی ھەیە و ناوی شارێکی ماد بوە کە سارگۆن لە ھێرشکارییەکەی خۆی بۆ سەر خاکی ئوورارتو و ماننا دا یادی لێوە دەکات.

من درەنگتر دەگەڕێمەوە سەر باسی بیت بەگی بەڵام با لێرەدا درێژە بە تویژینەوەی سەرچاوەکان بەدوای وشەی بەغ دا بدەین. ئەم وشەیە لە دراوی شاھانی ساسانی- شدا بینراوە، بەڵام لێرەدا، واتایەکی ھەندێ نزمتەر لە ئەھورامزدای پێ بەخشراوە.

لەکۆتایی سەردەمی ساسانییەکاندا ئاڵ و گۆڕیک بە سەر مانای بەغ داھات و تەنیا واتای گەورەی لێ ئیرادە کرا. تەنانەت لە کتێبی یادگاری زەریران دا تەنیا بە مانای سەر ھاتوە.

مێژوو سەرچاوەیەکی ئوروپی سەدەی نۆزدەھەم کە باسی بۆکان و ناوچەی موکریانی کردبێت، کتێبێکە بە ناوی 'مەئموورییەتی زانستی لە ئێران' کە 'ژاک دو مۆرگان'ی فەرەنسی نووسیویەتی و لە ساڵی ١٨٥١ دا لە پاریس بڵاوی کردووەتەوە. ژاک دو مۆرگان و ھاوسەرەکەی وەک زانا و پسپۆڕی بواری زەویناسی لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا سەردانی بەشێکی زۆری ئێرانیان کردوە و لە ئازەربایجانەوە گەیشتوونەتە موکریان، ئینجا بەرەو سنە وکرماشان ڕۆیشتوون و سەریان لە خوزستان دەر ھێناوە. بە دریژایی ڕێگاش وێنە و نەقشەی چیا و ڕووبار و شوێنەوارە سروشتییەکانیان کێشاوە، بۆ نموونە، کێوی تەرەغە و ئەشکەوتی سەھۆڵانی نێوان بۆکان و مەھاباد. ژاک دو مۆرگان لە ماوەی مانەوە لە موکریان، سەردانی مەھاباد و ناوچەی مەنگوڕایەتی کردوە، پاشان بە ڕێگای بورھاندا گەیشتووەتە گوندی سەردەرابادی بۆکان و لەوێ بوە کە ھەوالی مردنی سەیفەددین خانی سەرداری بۆکانی پێ گەیشتوە.


دواتریش چوە بۆ بۆکان و لەوێوە بەرەو باشوورواتە کوردستانی ئەردەڵان و کرماشان و ئیلام بووەتەوە. کەسایەتییەکی بیانی دیکە کە ئاماژەی بە بۆکان و دەڤەرەکەی کردووە پرۆفیسۆر ڤلادیمیر مینورسکی توێژەری ناسراوی ڕووسە کە ساڵی ١٩١٥ لە پیترۆگراد وتارێکی بە زمانی ڕووسی بە ناوی (کورد تێبینی و وردبوونەوە) بڵاو کردووەتەوە، لەم وتارەدا باسی سەفەرێکی مینۆرسکی و ھاوڕێکانی بۆ بۆکان دەکرێت.

سەفەرەکە لە ساڵی ١٩١١ و لە سەردەمێکدا بەرێوە چوە، کە مینۆرسکی کاربەدەست و جێگری کۆنسوولی ڕووسیای قەیسەری بوو لە شاری ورمێ و درەنگتر، لە چەند مانگ پێش سەرھەڵدانی شەڕی یەکەمی جیھانی(١٩١٤–١٩١٨)دا وەک ئەندامی لێژنەیەک بۆ دیاریکردنی سنووری تورک و ئێرانی، سەردانی ناوچە کوردنشینەکانی سەرسنووری دەکرد.

سەردەمێ مانا


بە خوێندنەوەو سەرنجدان بە حکومتی لۆلۆیی و گۆتییەکان و قەومەکانی تری ناوچەکەو ئەو شوێنەوارانە ی لەگەڕان و پشکنینە شوێنەوار ناسییەکان و ئەو بەردنووسانەی دۆزاروئەتەوەو گرنگترینیان بەردنووسی قەڵایچی - کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە ٨٠٠ ساڵی پێش زایین و قەڵاکۆنەکانی گوندەکانی (ئاغجێوان و ئەربەنووسی) بۆکان ئاماژە بە مێژوو شارستانییەتی کۆنی ئەم ناوچەیەی وڵاتی بۆکان دە کەن.

سەردمێ قاجاڕەدا

سەیفەدین خانی موکری -خاوەنداڕی شاری بۆکان لە قاجاڕدا یکەم سەرژمێری کەلەساڵی ١٢٣١ ی ھەتاوی ئەنجام دراوە ڕێژەی دانیشتووانی شاری بۆکان ١٠٠ کەس بووەو لەسەردەمای ناسرەدین شای قاجار و کاتێ سەردار عەزیز خانی موکری خاوەنی بۆکان بوو ١٠٠ بنەماڵەلەبۆکان نیشتەجێ بوون.

سەردار عەزیزخان موکری، سەرداری گشتی سوپای ئیران لەسەردەمی ناسردەدین شای قاجار شش دانگێ بۆکانی لە ساڵی ١٢٢٨ بە ١٨٥٠ تمەن لە ئیلێ دیبۆکری دە کڕییە، ئێلی، ئەم گورانکارییانەی دەسەڵات لەدەڤەرکەدا بوو بەھۆی کە گوندی ئینگیجە لە ٣ کیۆمەتری باشووری خۆرھەڵاتی بۆکان وێران بێت و گوندی سەردارئاباد (ھەمان عڵی ئاواییی شاری بۆکان) ئاوەدان بکرێت.

ھەروەھا گوندی عەلیاباد کەئێستا یەکێک لەگەڕەکەکانی شاری بۆکان پێشتر نێوی چاوان بووە

داوی کۆچی دوایی عزیرخانی موکری، سەیفەدین خان موکری کوڕی عزیزخان بەدەسەڵاتی ناوچەکە دەگات، سەیفەدین خان بۆکانی بەخوری بۆکان حەوزُێک دروست دەکا و بەھۆی گەورەیی کانییەکە لەو کاتەوە تائێستا ناوی حەوزە گەورەی پێ براوە.

سەیفەدین خان بە فرۆشتنی چەند گوندێک لە موڵکەکانی خۆی لەسەر گردی پەنا حەوزە گەورەو قەڵای وێرانکراوی ڵی ھەڵکەوتووە ناوی قەڵای سەرداری لەسەر دانراوە.

سەردمێ شاھانێ ئیران بۆکان لە سەردەمێ ڕەزا شادا بۆ جارێکی دیکە بۆکان بەکەسێک بە نێوی (حەبیب ئاغای پەناھی تاجرباشی کە خەڵکی تەورێز بوو) فرۆشرا.

لەگەرماوگەرمی شەڕی دووەمی جێھانی و سەرەتاکانی حەکومتی محەمد ڕەزاشا بنەماڵەی ئێلخانی زادە و یان ھەمان موھتەدی بە حەوسد (٧٠٠) ھەزار تەمەنی ئەوکات بۆکانیان لە تاجرباشی تەورێزی ستاندوەوە.

ھاتنی ڕووسەکان و عوسمانییەکان بە ھاتنی ڕووس و عوسمانییەکان بۆ ناوچەی بۆکان و مەھاباد - بۆکانیش لە شەڕی یەکەمی جیھانی نەپارێزرا و ھێرشی ڕووسەکان بووە ھۆی ئەوەی کە ناوچەکە وێران بێت و زۆر خەڵکی بێتاوان کوژران و لەکاتی کشانەوەی ھێزکانی ڕووس شاری بۆکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە تڵانکران. تەنات ھێزکانی ئێرانش ھاوڕێ لەگەڵ عوسمانییەکان دەستیانکرد بەتاڵانیی بۆکان و ناوچەکەوە بووە ھۆی خەسارو زەبرێکی زیاتر لەپرسی کۆکەڵایەتی و سیاسی کورد.