بەرزنجە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
187742031 .jpg

بەرزنجە (بە ئینگلیزی: Barzinjah ,Barznja)، یەکێکە لە گوندەکانی شارەدێ سرۆچکی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان. مێژووی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٦٥٠ی کۆچی، شوێنی لەدایکبوونی سوڵتان ئیسحاقی دامەزرێنەری ئایینی یارسانە، هەروەها زێدی سەید عەبدولکەریم بەرزنجی جێگری یەکەمی سەید عیسا بەرزنجی و سەیدەکانی ترە.

هەر لە کۆنەوە بەرزنجە حوجرە، مزگەوت و قوتابخانەی تێدا دروست کراوە، دانیشتووانی ناوچەکە بە ئاژەڵداری، ڕەز، باخ و باخاتەوە خەریک بوون.

جوگرافیا

شارۆچکەی بەرزنجە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی لە ناوچەی شارباژێڕ، لە سروشتێکی شاخاویدا هەڵکەوتووە و چەند کانیاو و کارێزێکی سازگاری تێدایە، خانووەکانی ئەم شارۆچکەیە لە ١٢ بۆ ١٣ ڕیزدا بە شێوەی پلیکانە بەرەو قەد پاڵی شاخی ڕێ سوور دروست کراوە و قەدپاڵی شاخی کوڕەکاژاویش دەکەوێتە دەستە ڕاستییەوە و لە نێوان چەند شاخێک دایە.

ناوی بەرزنجە

وەک دەگێڕنەوە و لە هەندێک پەرتووک و دەستنووسی کۆنیشدا تۆمارکراوە، چەند خانوویەک لە پشت حوجرە و مزگەوتەکەوە هەبووە کە بە قامیش دروستکراون و خانووی بە قامیش دروستکراویش بە (زنج) ناودەبرێت، مزگەوت و حوجرەی سەید عیسا و سەید موساش کەوتبووە بەرزنجەکانەوە، بۆیە ناوی لێنرا بەرزنج یان بەرزنجە، بەڵام لەڕووی واتای وشەی بەرزنجەوە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک سەرچاوە بە زەوی هەمیشە سەوز ناوی دەبەن و سەرچاوەی تریشمان هەیە کە بە خانە باخ ناوی دەهێنن.

مێژووەکەی

81740165 .jpg

مێژووی دروست بوونی ئەم شارۆچکەیە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر و بۆ لەوەڕاندنی مێگەل و ڕانەمەڕی بنەماڵەی حاجی شێخ خالیدی کاژاوی کوڕی سەید محەممەد تاج عارفین ئەبوو وەفای پووشێنی کە ژمارەیان ٣ بۆ ٤ ماڵێک بووە و لە خۆی و چەند کوڕێکی پێک هاتوون، کوڕەکانی تریشی لە کاژاو ژیاون و سوودیان لە ئاو و لەوەڕگەی ناوچەکە وەرگرتووە و بە ئەو هۆیەوە لێی نیشتەجێ بوون، بەڵام بەڵگەیەکی دروست لەبەردەستدا نییە کە لە ئەو کاتەدا چی بە بەرزنجەی ئێستا وتراوە و دوورنییە (زنج) یان بۆ بەکارهێنا بێت یان هاوشێوەی ئەم ناوە وەکوو: زنجەکان، زنجان، زنجیان، زنجەکە، زنجی.

دیارە ئەم قسەیەش لەخۆوە ناکەین، بەڵکو پشت دەبەستین بە ناوی هەنووکەیی بەرزنجە کە لە دوای هاتنی هەردوو کوڕەکەی عاریف و پیری زاهیدی هەمەدانی، بابا عەلی بەسەریدا بڕاوە و بە بەرزنجە ناوی دەرکردووە، چونکە هەردوو مامۆستا و زانای ناسراو سەید عیسا و سەید موسای بەرزنجی هەستان بە دروست کردنی مزگەوتێک لەبەردەم ئەو ٣ بۆ ٤ خانووەی لە شێوەی زنج دا بوون و بەمەش ناوی (بەر – زنج – ە) بەسەر ناوچەکەدا بڕا، گۆڕینی ناوی ئەو شوێنەی چەند کەپر و زنجێک بووە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٦٨٦ی کۆچی.

دەڵێن: هەردوو کوڕەکەی بابا عەلی هەمەدانی کوڕی یوسفی نوربەخشی هەمەدانی بە ناوەکانی سەید عیسا و سەید موسای نوربەخشی دوای تەواوکردنی خوێندنی ئاینییان لای زانای بەناوبانگ خواجە ئیسحاقی خەتڵانی و وەرگرتنی خەرقە و تەریقەتیش لە موحەمەدی نووربەخشی ئەم برایانە بۆ حەج و سەردانی ماڵی خوا دەکەونە ڕێ و لەکاتی گەڕانەوەیاندا ڕێیان دەکەوێتە بەرزنجەی ئێستا و شەوێک لە خەودا پێغەمبەر ﷺ فەرمانیان پێدەدات نەگەڕێنەوە و لەوێ بمێننەوە، ئەوانیش بڕیاری مانەوە دەدەن، ئەم ڕووداوەش ساڵی ٦٨٦ی کۆچی بووە، سەید محەمەدی نووربەخشی براشیان کە دامەزرێنەری تەریقەتی نووربەخشییە بۆ کاری بانگەواز دەچێت بۆ هەرات و لە دوای مردنی ئەم زانا ناسراوە سێ نەوە بە ناوەکانی، جەعفەر، محەممەد، شا قاسم بەجێماو، وەک لە پەرتووکی (روچە الجنان) دا هاتووە، لە دوای دروستکردنی حوجرە و مزگەوتی بەرزنجە، سەید موسای برا گەورە، فاتیمە خانی کچی حاجی شێخ خالیدی کاژاوی دەخوازێ، لێرەوە ژن و ژنخوازی لە نێوان نەوەکانی سەید موسا و سەید عیسای بەرزنجی لەگەڵ نەوەکانی بنەماڵەی خالیدی دروست دەبێت و بە تەواوی ئەم دوو بنەماڵەیە تێکەڵاو دەبن، سەید موسای بەرزنجی دوای ماوەیەک دەرس وتنەوە و پێگەیاندنی چەند کەسێک و بەناوبانگ بوونی حوجرە و مەدرەسەی بەرزنجە، دەرس وتنەوە جێدەهێڵێ بۆ سەید عیسای برای و حاجی خالید کاژاوی، خۆشی بۆ ڕێنووێنی دەچێت بۆ ئاغجەلەر و لەوێ لە ساڵی ٦٩٦ی کۆچی و لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا بە دەستی چەند کەسێک دەکوژرێت و براکەی و بنەماڵەی خالیدی تەرمەکەی دەهێننەوە بۆ بەرزنجە و لە گۆڕستانی بەرزنجەدا کە بە گۆڕستانی (اهل لاالە الا اللە) ناسراوە بە خاکی دەسپێرن.

لە دوای کوژرانی سەید موسای بەرزنجی، سەید عیسای برای خێزانەکەی ئەو کە کچی حاجی شێخ خالیدی کاژاو بووە ئەخوازێ و دواتریش ژنی دووەمی کە دایرەک خاتوونی کچی حسەین بەگی جەڵد بووە دەهێنێ و بەگوێرەی پەرتووکەکانی (بحر الانساب) لە هەردوو ژنەکەی ١٢ کوڕ و چەند کچێک بە جێماوە، بەپێی پەرتووکی (بنەماڵەی زانیاران)ـی زانای گەورەی کورد مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیسی بیارەیی تەنها سێ کوڕی سەید عیسای بەرزنجی بە ناوەکانی، عەبدولکەریم، حەسەن، حسەین، لە گوندی بەرزنجەدا ماونەتەوە و وەچەیان خستۆتەوە، ئەوانی تر هەریەکەو بەلایەکدا ڕۆیشتوون، بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیکە هەندێک لەو کوڕانەی کە بەرزنجەیان جێهێشتووە بۆ خوێندن و زانست و زانیاری کۆکردنەوە ڕۆیشتوون و دوای تەواوکردنی خوێندنیان گەڕاونەتەوە بۆ بەرزنجە، ئەگەرچی پاشان بەرزنجەیان جێهێشتۆتەوە، بەڵام نەوە و بنەماڵەی سەربەخۆیان لە بەرزنجەدا پێکهێناوە، وەکو میر ئەحمەد میرە سور، سەید محەمەد. لە ساڵی ٧٥٤ی کۆچی دا، سەید عیساش لەتەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی بەرزنجە و لە تەنیشت براگەورەکەیەوە بەخاک دەسپێردرێت.

بەرزنجە و خوێندەواری

بەڵگەی خوێندەواربوونی ئەو (٣–٤) ماڵەی پێش ھاتنی (سەیید مووساو، سەیید عیسا) لەوێبوون، ڕوون و، ئاشکرایەو، وتنەوەی دەرس و پێگەیاندنی ئاینی لەسەر دەستی (حاجی خاڵی کاژاو) دا بووەو، کەھەرخۆشی لوتکەی بنەماڵەی (خالیدی) یە، وەلێ بەداخەوە ھیچ پاشماوەیەکی ئەو کاتەمان لەبەر دەستدا نییەو، بەرھەمەکانی ئەم زانا گەورەیەی کورد تا ھەنووکە نەکەوتۆتە بەردەستمان و، ڕەنگە لەناو چووبن و، لەوانەشە ڕۆژێک بێت بدۆزرێتەوەو، بکەوێتە بەر دەستمان.

وەلێ بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لەبەردەساماندایە، باری ڕۆشەنبیری و، ناوبانگی (بەرزنجە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٦٨٦کۆچی) و، بۆ دروستکردنی حوجرەو، مزگەوتی (سەیید مووساو، سەیید عیسای بەرزنجی)، کەھەندێک (ھۆنراوەی فارسی و، کوردی و، عەرەبی) و، ھەندێک (وتە) لەوکاتەوە بە یادگار ماوەتەوە، کە ھی (سەیید عیسا ی بەرزنجی) ین و، لەڕوی کات و، پاراستنی چەندین وشەو، زاراوەی کوردی و، زمانەوانییەوە جێگەی بایەخی مێژووییەو، ھیوادارم بتوانم لە ئایندەدا (دیوانی شێخ عیسای بەرزنجی … ژیان و بەرھەمی) کۆبکەمەوەو، بەچاپی بگەیەنم و، بۆ ئاگاداری خوێنەر لێرە دا چەند نموونەیەکی کورت دەھێنمەوە: نموونەی ھۆنراوەی کوردی / پێمە شوکرانە، پێمەشوکرانە واچن سەروماڵ بدەیم بەرانە.

62e5907f78a06.jpg

چوون دەستماڵ تەحیق یەگانە ویساڵگا لوایم جەویساڵ یانە لە ھۆنراوەیەکی دیکەدا، دەفەرموێت/ حاجم چەرانە، حاجم چەرانە حاجیان حاجم، حاجم چەرانە. حاجمی کەردەن پایەی خودانە ھەرکەس وێش مەجمۆگا وێش خەتانە نموونەی ھۆنراوەی فارسی/ (کائنات است جسم ماجانیم واصلات را دلیل و بورھانیم خاتمی اولیای دور قمر وارت فقر شاە مردانیم) لە وتەکانی سەیید عیسای بەرزنجی / - ھەموو گوناھێک ئەگەرچی بچوکیش بێت بەگەورە بزانن، وە چاکەش ھەرچەندە زۆربێ بەکەم بزانن. - دەتوانن فێری زانست ببن. چونکە بنیادەم ھەربە زانست بەرز دەمێنێتەوە.

دیارە وەک ئاماژەمان پێی دا، بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی تائێستا لەبەردەستماندایە، سەیید عیسای بەرزنجی سەرقافڵەی زانایان و، ڕۆشەنبیران و، شاعیران و، نووسەرانی بەرزنجی یەو، لە دووای ئەویش ھەزاران کەسی دیکە دێن وەکو (سان سەھاکی بەرزنجی کە دیووانە ھۆنراوەی خۆی ھەیەو تاھەنووکە دەستنووسە، خاتوو دایرەک ڕەزباری ژنی دووەمی سەیید عیسا کە ئەمیش دیووانە ھۆنراوەی خۆی ھەیەو دەستنووسە و، ……….. چەندانی تر) کە ڕاستەو خۆ دووای سەیید عیسا دێن و، ئەم بووارە نەوە دووای نەوە بەردەوام بووەو، لێرەدا ھینانەوەی نموونەی بەرھەمی نەوەکانی دووای سەیید عیسا بە پێویست نازانم چونکە نەوەکانی خاوەنی کتێب و دیوانی تایبەتی خۆیانن و، ئەگەر خودای گەورەتەمەن بدات لە بەرھەمی تایبەتی دا بە وردی باسیان دەکەین و نموونەش دەھێنینەوە.

ھۆنراوەی شێخ عیسای بەرزنجی

واچن سەروماڵ بدەیم بەرانە چوون دەستماڵ تەحیق یەگانە

پێمە شوکرانە، پێمەشوکرانە ویساڵگا لوایم جەویساڵ یانە

لە ھۆنراوەیەکی دیکەدا، دەفەرموێت

حاجم چەرانە، حاجم چەرانە حاجیان حاجم، حاجم چەرانە

حاجمی کەردەن پایەی خودانە ھەرکەس وێش مەجمۆگا وێش خەتانە