بەستەرەکانی ڕێبازی کوردایەتی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: هونەر تۆفیق

272930006 196094.jpg

شێخ ئەحمەد بارزان لە ٢٠ ی شوباتی ١٩٤٤ دا ، بۆ سەفیری بەریتانیا لەبەغدا دەنووسێت :

( ... لەسەر فەرمایشتی میجەر کینگ و ماجیدبەگ ، مستەفای برام و شێخ خالیدی کوڕم نارد بۆ بەغدا ، ئەم نامەیەشم پێیاندا نارد بۆ بە بەڕێزتان ... )

جودا لەبابەتی نامەکە ، کارەکتەری ماجید بەگ ( ماجید موستەفا ١٨٩٦-١٩٧٤) بەستەرێکی گومناوە لە مێژووە پەنهان و ئاڵۆزەکەی ڕێبازی کوردایەتیدا .

هەمیشە گەڕان بەناو ئەو مێژووەدا لینکە بزرەکانی کنە و هەڵکۆڵینەکان دەگەیەنێت بە شوێنی نادیار .

بەڵام کەسایەتی ماجید مستەفا لەناو ئەو نادیاریەدا سەرەداوی گەورەمان بۆ دەدۆزێتەوە .

ماجید مستەفا ، سەربازی سوپای عوسمانی و لەنەوەی مەکتەبە ڕوشدیەکانە .

دواتر موتەسەڕیف و وەزیر لە حکومەتەکانی پادشایەتیدا و خاڵی فواد عارفی سەرۆکی دیوانی مەلەکی عێراق ، یەکێکە لە دامەزرێنە سەرەکیەکانی حیزبی هیوا .

هەر ئەویش لە حیزبی هیواوە مەلامستەفا لە سلێمانیەوە دەنێرێتەوە بارزان لە ساڵی ١٩٤٣دا .

هاندەری چوار ئەفسەرە کوردەکەی سوپای عێراقە هاوکاری مەلامستەفا و قازی محەمەد بکەن کە دواتر لە سێدارە دران .

لایەنگرێکی ئاشکرای رەشید عالی گەیلانی ( باڵی ئەڵمانەکان ) و کودەتاکەیان بووە .

لە جەنگی جیهانی دووەمدا کە ساڵانی سەرەتای پەیدابوونی ڕێبازی کوردایەتی یە ، کوردستانیش وەک تەواوی جیهان بەفیکر و سیاسەت دابەشبووی هەرسێ بەرەی ئەڵمان ( نازیەکان ) و بەریتانیا ( کۆلۆنیالیست ) و سۆڤیەت ( شیوعیەکان ) بووە .

هەرسێ ڕەوتەکەش لەڕێگای نمایندە و هاندەر و لایەنگرەکانی خۆیانەوە کاری بڵاوکردنەوەی سیاسەت و پەیداکردنی نفوزیان کردووە .

کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەبووە بۆ لێدان لە نفوزی یەکتر و بەکارهێنانی لایەنگرەکانیان لەدژی یەکتر لەناوچەکەدا .

کوردایەتی لەناو ئەو گەمەیدا وەک ڕەوتێکی سیاسی و ڕێبازێکی قەومی سەریهەڵداوە .

ماجید موستەفاش لەنێوان هەردوو نفوزی ئەڵمانی و بەریتانیدا بکەری سەرەکی دروستکردنی ئەو ڕێبازەیە .

لەڕاپۆرتی ١٩ ی نیسانی ١٩٤٤ ی نوری سەعیدی سەرۆک وەزیران بۆ وەسی عەبدولئیلادا سەبارەت بە بارودۆخی کوردەکان و کێشەی شێخانی بارزاندا بۆ یەکەم جارە کێشەی بارزانیەکان و پرسی کوردی بەیەکەوە بەستۆتەوە .

دواتر ڕووندەبێتەوە کە ئەو بەستنەوەی کێشەی شێخانی بارزان و کێشەی کورد بەیەکەوە کەتائەو کاتە نە لەداخوازیەکانی شێخاندا نەلە دانوستانەکاندا وەک یەک پاکێج نەهاتووە ، ئەوە کاری ماجید مستەفا بووە ، خۆشی نووسەری ڕاپۆرتەکەبووە و نوری سەعید پێشکەشی تاجی مەلەکی کردووە .

ماجید مستەفا کە دامەزرێنەری سەرەکی حیزبی هیوایە ، هەرخۆشی کارەکتەری سەرەکی هەڵوشانەوە و لەتبوونی هیوایە بەسەر بەرەی قەومی ( کەدواتر ناودەنرێت کوردایەتی ) و بەرەی (چەپ ) دا .

لە هیواوە حیزبەکە دەگۆڕێت بۆ بزوتنەوەی بارزانی و داخوازیەکانی هیوا دەکرێتە داخوازی بزوتنەوەی بارزانی و بەستەری ڕێبازی بارزانی و ڕێبازی کوردایەتی وەک دوو دیوی یەک دراو دەستپێدەکات ..