بەهەشت لە نێوان دوو ژندا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
274445953.jpg

نووسینی: شارا تاهیر

ژنۆلۆژی وەک زانستی ناسینی ژن پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە وێنای ژن کەوتۆتە ژێر خۆل و داروپەردووی مێژوویەکی قووڵی پیاوگەراییەوە کە تیایدا ڕاستی و حەقیقەتی ژن دیزەبەدەرخۆنە کراوە و ئەوەی هەیە سروشتی ژنی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو ئەم ژنەی لە ئێستا بوونی هەیە زادەی پاچکاری و تێکشاندن و لێسەندنەوەی ڕۆح و هزر و ئەقڵئ ئەو ژنەیە کە پێشتر وەک دایکە خوداوەند بوونی هەبووە.

بە ڕای ئاپۆ بۆ ئەوەی لە بوونی ژن و وێنای ژن تێبگەین و بتوانین پێناسەیەکی ووردی بۆ بکەین ئەوا گرنگە مێژووی ژن لە ڕووی ئەرکۆلۆژیەوە هەڵکۆڵێن و لێبکۆڵینەوە.

بۆ ئەم کارەیش پێویستە بە مێژوویەکی دووری نۆ هەزار ساڵەییدا ڕۆبچینە خوارەوە و ژن لە نۆ قۆناغی جیاواز دا بخوێنینەوە و شیکاری بۆ بکەین.

گرنگی ئەم گەڕانەیش بە ناو مێژوودا هەم ناسینی وێنای ژنە و ە هەمیش ئاشنابوونە بەو مێژووەی کە لە سەر سڕینەوەی وێنای ژن لە ڕووی هزر و ئەقڵ و جەستەوە دروستبووە.

ئەم مێژووی تێکشاندن و وێرانکارییەی ژن کە سەرەتا بە میتۆدۆلۆژیا دەستپێدەکات و دواتر بە ئایین، فەلسەفە و زانست تەواو دەبێت هەر هەموویان لە سەر یەک بنەما کاریانکردووە ئەویش پیشاندانی ژن وەک بوونەوەرێکی کەموکورت، بە مانیەکی تر، ئەویتری کەمتر لە پیاو.

( ئەوەی کە شتێک یان خەسڵەتێک یان ئۆرگانێکت کەمترە لە ئەوی تر).

تۆی ژن (ناقص العقل)یت بە مانا دینیەکەی، تۆی ژن (مێنیەیەکی بێ فالوس)یت بە مانا فرۆیدیەکەی، تۆی ژن خاوەن ئابووری خۆت نیت و لە سێبەری ئەوی تری پیاو دا دەژیت بە مانا مارکسیەکەی.

روونتر بڵێین هیچ کام لە ئایین.

فەلسەفە تا دەیشگاتە زانست کە لە سەر دادپەروەری و ئازادی مرۆڤدا هاتونەتە دەنگ نەیانتوانیوە جگە لە پیاو ئیدیالێکی تر بۆ مرۆڤبوون بدۆزنەوە کە شایستە بەوە بێت بوونەوەرەکانی تر خۆیان پێبەراوود بکەن وەک بەهادارترین هێزو سیمبولی دەسەڵاتدارێتی.

تیزەی سەرەکی ژنۆلۆژی بە پشتبەستن بە ئاماژە و ووتەکانی ئاپۆ ئەوەیە کە ئێمە لە ڕیی ژنۆلۆژیەوە وەک زانستی ناسینی ژن دەتوانین پێناسەیەکی ووردی ژن بکەین، ئەویش بە گەڕانەوە پاشا و پاش بە ناو قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا کە تیایدا ژن و وێنای ژن شێوێنراوە.

دۆزینەوەی ئەو ژنە و دەرهێنانی لە ژێر داروپەردوی ئەو مێژووە شاراوەیە، جارێکی تر پێناسەکردنەوەی یەکێکە لە وەڵامەکان بۆ هەموو ئەو توندوتیژی و قاتوقڕییەی لە لایەن دەسەڵاتی تاکڕەهەندی پیاوگەراییەوە بە سەر بوون و وێنای ژندا سەپێنراوە.

گەر ئاوڕێکی خێرا بە ناو ئەو مێژووەدا بدەینەوە ئەوا چەندین ناوناتۆرە و پێناسەی نەشیاو بەرچاو دەکەوێت کە بوونەتە بەرگ و بە باڵای ژندا کراون، ئەم بەرگە هێندە توند و قایم بە بەریدا کراوە کە ناتوانێت لە پێستی جیابکەیتەوە و دایماڵیت ئەگەر پێشوەخت ئەڵتەرناتیڤ و بەدیڵێکی ترمان نەبێت..هەندێک لەو ناو و ناتۆرانەی کە بوونەتە بەشێک لە شوناسی ژن و ئەستەمە لە خۆی بکاتەوە، لەوانەیش:" شەیتان، جادوگەر، عفریت، لە پەراسووی پیاو خوڵقاوە، ئەژدیهای حەوتسەر ، ژن پیاوێکە کە ناکامڵ خوڵقاوە، ئەو کێڵگەیەی پیاوان کەی بیانەوێ دەیکێڵن، هتد.."

بە یەکدادانی ژنەکان لە گەڵ یەکدا چاندنی تۆی دووبەرەکی و فیتنەیی و ئیرەیی لە نێوان ژنەکاندا مێژوویەکی قووڵ ودرێژی هەیە، گەر لێرەدا ئێمە بە تەواوی ئەو مێژووەشدا نەچینەوە ئەوا بۆ من گرنگە باس لە بوونی یەکەمین ژن بکەین کە لە مێژوو و ئەدەبیاتی ئێمەدا و بە تایبەت لە ئاینی ئیسلام دا شاردراوەتەوە و باسی لێوە ناکرێت، ئەو ژنەیش (لیلث)ە، کە بە پێ ئەفسانەکان، ئاینی مەسیحی و جولەکەیش یەکەم ژنی ئادەمە و پێش حەوا هاتۆتە بوون.

هەڵبەت وێنای لیلث و حەوا کاریگەرییان وەک ژنەکانی ناو بەهەشت جێگەیەکی بەرچاویان هەیە بوونەتە جێی سەرنجی زۆرێک لە فێمێنیست و دەرونشیکارەکان .

بەو پێیەی کە ئەم دوو ژنە تا ئێستاش مۆرکی خۆیان لە سەر وێنای ژن بە جێهێشتووە یان ووردتر بڵێین ئەو ژنەی کە هەیە درێژکراوەی ئەو وێنایە سەرەتاییەی لیلث و حەوایە.

هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستەیکان لە سەر ئەوە کۆکن کە خودا حەوای لە پەراسوی ئادەمی خوڵقاند. لە کاتیکدا لە ئاینی ئیسلامدا حەوا تاکە ژنی ئادەمە و پێش ئەویش ئادەم هیچ ژنێکی تری نەبووە، ئەوا لە دوو ئاینەکەی تردا خودا بەر لە حەوا، لیلث وەک یەکەم ژن دروستدەکات.

لە ئینجیلدا لیلیث بە جەند شێوەیەک دەردەکەوێت بەڵام گرنگترینیان لە پەیوەندیەتی بە ئادەم و حەواوە.

بە گوێرەی قوتابخانە عیبرییەکان لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئادەم پێش حەوا ژنێکی تری هەبووە ئەو ژنەیش لیلثە. لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە( کە خودا پیاوی لە وێنای خۆی دروستکرد، لە وێنای خودا پیاوی خوڵقاند، نیر و مێ دروستکرد.(Genesis 1:27-28)).

گەر ئێمەش ئەم سەرچاوەی دروستبوونە بە هەند وەربگرین ئەوا دەڵین ئەو ژنەی کە خودا یەکەم جار دروستیکردووە لە وێنای خۆی حەوا نییە بەڵکو لیلثتە بەو پێیەی کە حەوا بە پێی هەر سێ ئاینەکە و بە تایبەتی لە ئاینی ئیسلامدا جەختی لێکراوەتەوە لە پەراسوی ئادەم دروست بووە نەک لە سەر وێنای خۆدا خۆی.

بە پێ ئەفسانەکان ,خودا لیلث لە بەهەشت دەردەکات چونکە لیلث گوێڕایەڵی فەرمانەکانی خودا نابێت کاتێک داوای لێدەکات ببێتە خزمەتکار و پاشکۆ ئادەم.

لە کتێبی (دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی)دا بوون و قۆناغی لیلث بە چینی چوارەم لە هیرارکی نۆ قۆناغە مێژوویەکدا ئاماژەی بۆ کراوە و بەم جۆرەیش باسی لێوەکراوە: ((...لیلیت بۆ یەکەمین جار لە داستانی گلگامش دا بینرا، ڕۆحێکی خراپی سەردەستی شەو و دونیای ژێر زەویە.

لە میتۆلۆژیای سۆمەر، بابل و پەرس دا باوەڕیان وابووە ژنە ڤامپیر )خوێنمژ(، کۆتایی هەموو جەستەکان، کوندەپەپویەکە دەخوێنێ، سەگ و مارە.

بەپێی باوەڕی سۆمەریەکان لیلیت لە قۆناغی بەرایی دا دەستی چەپی ئینانا بوو، ئەرکەکەی هێنانی پیاوان بووە بۆ پەرستگه ی خوداوەندەکان.

دواتر لیلیت لە میتۆلۆژی سۆمەریەکان دا دەگۆڕێ بۆ الماشتو. دەبێتە عهفریتێکی پەڕ و باڵدار و مەخلوقێکی ترسناکە.

دەبێتە هۆکاری مردنی ئەو کۆرپانەی کە تازە لە دایک دەبن، لەبارچوونی ژنانی دووگیان، خوێنی پیاوان دەخواتەوە و گۆشتەکەیان دەخوات. جانەوەرێکە کە لە ڕەگی داری هولوپوی ئینانا ماڵەکەی دروستکردووە، ناوەکەی تری ئەو عهفریتە لیالکەیە، گلگامش دەست لەو دۆخەی ئەو وەردە دات.

لە ساڵی ٢٤٠٠ پ.ز لە نێو گەالنی میزۆپۆتامیادا وەک خوداوەندی لیل-ی با و گێژەلوکەی ڕوخێنەر، الی بابلیەکان وەک ڕۆحی با و پاڵنەری ڕەمەک دەناسرێت..)).

گەڕانەوە بۆ ئەم مێژووە ئایینەیە و قسەکردن لە سەر وێنای لیلث و حەوا لەوەدا گرنگە کە ئەم دوو ژنە هەردووکیان لە لایەن خوداوە فڕێدەدرێنە دەرەوەی بەهەشت بەو پێیەی کە هەردووکیان گوێڕایەڵی فەرمان و ڕێساکانی خودا(باوک) نەبوون.

لە کاتێکدا لیلث فەرمانی خودا ڕەتدەکاتەوە چونکە بانگەشەی یەکسانبوون و هاومافبوونی خۆی لە گەڵ ئادەمدا دەکات بەو پێیەی کە ئەویش وەک ئادەم لە وێنای خودا دروستبووە.

بە گوێرەی باوەڕی جولەکە و کریستیانیش لیلیت یەکەمین ژنە کە لەگەڵ ئادەم بە شێوەیەکی یەکسان خولقێنراوە.

لیلث مێینەیەکی یاخییە لەبەرئەوەی بانگەشەی کردووە کە لەگەڵ ئادەم یەکسانە، بۆ ئەوەش خزمەتی ئەوەی ڕەت کردۆتەوە یان لە بەهەشت دەرکراوە.

ژنێک کە ڕازی نەبوو مل بۆ خودا و ئادەمەکەی خودا کەچبکات، باجی ئەم ملکەچنەبوونەیشی ئەوە بوو کە درایە پاڵ شەیتان و بەهەشتی لێ حەرامکرا.

بە پێی گێڕانەوە و ئەفسانەکان بێت خودا لەسەر داوای ئادەم جارێکی تر بانگهێشتی لیلث بۆ بەهەشت دەکاتەوە، هەڕەشەی ئەوەیشی لێدەکات گەر ئەو داوایە ڕەتبکاتەوە ئەوا مناڵەکانی دەکوژرێت.

بەڵام لیلیث دەست لە کەلەڕەقی خۆی بەرنادات و ئەمجارەیش فەرمایشتی خودا بەجێناهێنێت و ناگەڕیتەوە بۆ بەهەشت تا دڵی خودا و ئادەم لە خۆی ڕازیبکات.

هەر بۆیەش سزای خودا هەر بە کوشتنی مناڵەکانی لیلث نەوەستا بەڵکو ژنێکی تری بە ناوی حەوا بۆ ئادەم خوڵقاند.

بە دروستکردنی حەوا لە پەراسوی ئادەم خۆی، خودا بە دیوێکدا تەنیایی ئادەمی پڕکردەوە بە دیوەکەی تریشدا هەڵەکەی خۆیشی ڕاستکردەوە بەوەی کە ژن تەواو لە خاسیەت و سیفەتی خوداوەندی داببڕێت تەواو بیکات بە پاشکۆ و بەشێک لە ئادەم.

بەو نیازەی کە حەوا وەک پاشکۆ و بەشێک لە ئادەم ملکەچی فەرمان و ڕیساکانی خودا دەبێت.

ئەوەی جێی سەرنجە لە گێڕانەوەی لیلث و دروستبوونی حەواش دوا بە دوای ئەو، پاسیڤی ئادەمە کە هەمیشە پاشکۆ و نەکردەیە.

شەڕەکەیش لە نێوان ئادەم و لیلث نییە، بەڵکو لە نێوان لیلث و خودا(یاسای باوک) دایە.

ئادەم خۆی هەڵگری هیچ پۆتنسیالێک نییە و هیچیشی لە باردا نییە، لە هەردوو ڤێرژنەکەدا جا ئەوەی کە لە قوڕ دروتسکراوە یان ئەوەی لە سەر وێنای خودا خوڵقاوە وەک نێرێکی پاسیڤ، گوێڕایەڵ و ملکەچ دەردەکەوێت.

رۆحی تۆڵەکردنەوە لە لیلثدا دوای ئەوەی کە دەزانێت حەوا جێ گرتۆتەوە زیاتر برەودەسێنێت جا بۆ تؤلەکردنەوە لە خودا جارێکی تر لە وێنای مارێک خۆی دەکاتەوە بە بەهەشتدا و فریوی حەوا دەدات تا لە داری مەعریفە(میوەی ڕێپێنەدراو) هانی دەدات کە بیخو ات، بۆ ئەوەش خودا دەست و پێی دەبڕێتەوە. تۆڵەی لیلیت کۆتایی نایەت، منداڵەکانی ئادەم و حەوا دەخوات، زیان بە ژنانی زەیستان دەگەیەنێت.

لەملایشەوە گەر لیلث وەک لە تێکستە ئاینی و ئەفسانەکاندا ئاماژەی پێکراوە لە وێنای خودا دورست بووبێت وەک بوونێکی هاوکەماڵ لە گەڵ ئادەمی هاوژینی بەڵام سەرەڕای ئەم کەماڵبوونەیش هەر وەک فەسادکەرێک یاساکانی خودا(باوک) ڕەتدەکاتەوە و نایەوێت لە بەهەشتی بەریندا بمێنێتەوە.

فرۆید دەڵێت ناوزەندکردنی لیلث بەوەی کە مناڵدز بووە و بۆتە هۆی لە ناوبردنی مناڵەکان لە سکی دایکیاندا شتێک نییە لە خۆیەوە هاتبێت و زادەی هەل و فرسەتەکان بێت. بە ڕای فرۆید دزینی مناڵ لە ژنەکان واتە لێسەندنەوەی ئەو فرستەیە کە ببنە خاوەنی فالوسی خۆیان.

لیلث خۆی ژنێکە کە نەتوانراوە بخەسێنرێت بەڵام بوون و نەبوونی دەبێتە بە هەڕەشە بۆ ئەگەری خەساندنی ژنەکانی تر.

ئەوەی کە حەوا جیادەکاتەوە لە لیلث ئەویە کە حەوا توانای بەرگەگرتنی فریوەکانی نییە، ئەگەر چی لە دۆخی حەودا فریوەکە دوورە لە فریوی سێکسی بەڵکو زیاتر فریوێکی مەعریفییە.

چونکە خواردنی لە داری مەعریفە واتا وەرگرتنی مەعریفەی زیاتر، شتێک کە پێشتر حەوا نەیبوە، خوداش نەیبەخشیوە.

ئەگەرچی حەوا لە ناو بەهەشتی بەریندا بووە هەموو خۆشی و شادییەک لە ژێر پێیەکانیدا بووە بەڵام هێشتا بۆ حەوا بەس نەبووە و هەموو کەماڵی بەهەشت بە ئادەمیشەوە نەیتوانیوە پڕی بکاتەوە و جڵەوی بکات، شتێکی نوقسان بووە ئەویش مەعریفە و زانین بووە.

کەواتە گەر بەهەشت بە نەزمی سیمبولێک دابنێن لە ژێر سایەی یاسای باوکدا ئەوا حەوا یەکەمینە کە لەم نەزمە هەڵدێت و ڕەتیدەکاتەوە بە زمانە دەرونشیکارییەکە.

بەو مانایەی گەر نەزمێکی سیمبولی بیخەوشیش هەبێت لە جۆری بەهەشت ئەوا بۆ ژن نییە و ژن ناتوانێت تیایدا بحەوێتەوە.

ژن هیچ کات بەوە ڕازی نییە کە هەیەتی گەر ئەو هەبوونەیش بەهەشت بێت. ئەم وێنایە بۆ ژنی خەتاکار و گوناهبار زیاتر لە گەڵ وێنای ژنی ئێستاوە نزیکە. جولیا کرێستیڤا لە پەیوەندی نێوان ئینجیل و ئابجێکشندا باس لەوە دەکات کە سوبێکت بە هۆی ئابجێکشن لە یەک دەترازێت و لەتدەبێت، هەربۆیەش پێویستە بژاردەیەکی تر بدۆزێتەوە تا بتوانێت لە نەزمی سیمبولیکدا بەشدار بێت.

کرێستیڤا لە شێکارەکەیدا دوورتر دەڕوات دەڵێت کە گرێی سەرچاوەی گوناهەکان لە ئاینی مەسیحیدا لە ڕێی زایەکردنی جەستەی مەسیحەوە دەکرێتەوە، بە مانایەی ئەو گوناهەی کە ژنیك کردی و بووە هۆی دەرکردن و بێبەشبوونی ئادەم (مرۆڤایەتی) لە بەهەشت لە ڕیی ئەشکنجەدانی جەستەی پیاوێکەوە هەڵدەگیرێتەوە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوە نییە کە ئایا ئادەم یەک ژنی هەبووە یان دوو؟ بەڵکو پرسیارەکە بۆ من زیاتر ئەوەیە کە ئایا ژن بۆ یەکەم جار چۆن دروستبووە؟ ئایا ژن لە وێنای خودا دروستبووە وەک لە فیگەری لیلثدا باسی لێدەکرێت یان ژن لە پەراسوی پیاوەوە دروستبوە وەک لە فیگەری حەودا بیستوومانە؟ کام گێرانەوەیە دەتوانێت زیاتر بەرجەستەی وێنای ژن بکات بە مانا دەرونشیکارییەکە.

چونکە گەر ئێمە باوەڕ بەوە بکەین کە ژن لە پەراسوی پیاو دروستبووە، پیاویش لە وێنای خودا ئەوا حەوا وێنای ئەو سوبێکتی مێینەییە کە بەشێکی خەسێنراوە، بەو پێیەی لە پەراسوی پیاو دروستبووە نەک لە وێنای خودا خۆی و هاوکەماڵی ئادەم، دواتریش وەک فریودراوێک بەوەی کە لە دەرەوەی بەهەشت بوونی هەیە کە مەعریفە و زانینە.

کەواتە گەر لیلث ئەو ژنەیە کە بوونی نییە بە تایبەتی بە پیی ڤێژنە ئیسلامیەکە ئەوا دەگەیەنە ئەو دەرئەنجامەی کە ژن بوونی نییە لە نەزمی سیمبولیکدا بە مانا لاکانیەکەی، چونکە ژن بە سروشتی خۆی ناتوانێت لە ناو نەزمە فالیکیەکەدا جێ بێتەوە و دروست بێت.

کەواتە ئەوەی بوونی هەیە حەوایە.

حەوا وەک پاشکۆ پیاو، حەوا وەک بەشێک و پەراسوی پیاو، حەوا وەک مێینەیەکی خەسێنراو بەو پییەی کە لە پەراسوی ئادەم دروستبووە، بە مانایەکی تر ئادەم بەشێک لە خۆی دەداتە حەوا، بە بێ بەخشینی ئەو بەشەی خۆی(فالوس) بە حەوا، ئەو ناتوانێت بێتە بوون، بوونێک کە تەنها بۆ ئەوە و لە بەر خاتری ئەوە.

واتە مەرجی پێشوەخت بۆ دروستبوونی ئادەم وەک نێرینەیەک دروستبوونی حەوایە وەک مێینیەک بەڵام بە بەشێک لە ئادەم.

دیسان ئەم بەخشینە شتێک نییە لە خۆیەوە هاتبێت و خۆبەخشی بێت بەڵکو بە فەرمانی خودایە.

خودا ئادەم لە وێنای خۆی دروستدەکات بەڵام هەر خۆیشی بەشێک لە ئادەم دەبەخشیت تا حەوای بۆ بخوڵقێنێت ڕوونتر بڵێین خەساندنەکە هەر لەوێیەوە دەستپێدەکات وەکچۆنیش نکولیکردن لە خەساندن هەر لەوێوەوە دەست پێدەکات. ئەوەی کە لاکان دەڵێت ژن سیمپتومی پیاوە دەتوانێن لێرەوە سەرچاوەکەی بدۆزینەوە، بە مانایەی بوونی ژن نکولیکردنە لە خەساندن.

گەر ئێمە ئەم سەرجاوەی دروستبوونی ئادەم و حەوامان قبوڵ بێت کە ژن پەراسوی پیاوە و دەگەڕێتەوە بۆ پیاو ئەوا دەڵێن فالوسی ئادەم لە دەستنەچووە بەڵکو لە حەودایە وەک ئۆبێکتە بچووکی ئەی بە زمانە لاکانییەکە.

حەوا وەک پاشکۆی ئادەم و هەڵگری بەشێکی ئەو هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی ئەوەدایە کە ئەو بەشەی (فالوس)ەی لێبسەنرێتەوە کە لە سەرەتاوە ئادەم بە بێ ویستی خۆی بە فەرمانی خودا پێبەخشیوە.

با بیرمان نەچێت کە بە ڕای لاکان هەڵەیەکی گەورەیە بۆ سوبێکتی نێرینە کە پێوابێت ئۆبێکتە بچووکی ئەی لە ناو کەسێکی تردایە، بەو مانایەی کە دەتوانێت جارێکی تر وەریبگرێتەوە و بە دەستیبهێنێتەوە بۆ خۆی.