بەیان زەریفی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
478318080 n.jpg

ئامادەکردنی: هاوژین زیبا

بەیان زەریفی، لە ساڵی 1963 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە سلێمانی تەواو کردووە.

لە ساڵی 1986دا پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بەشی شانۆی تەواو کردوە، ھەر لەو ساڵەدا بوەتە مامۆستا لە شارۆچکەی دوکان پاشان گوازراوەتەوە بۆ ناوچەی ئەڵڵایی لە شارۆچکەی بازیان و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەوێ بەردەوام بووە.

بەیان زەریفی ساڵی 1993 گوازراوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و لە باخچەی ساوایانی سلێمانی وەک دادەی ھونەر دەستی بە کارکردن کردوە. لەو بارەیەشەوە بەیان زەریفی دەڵێت: چومە دنیایەکی پاک و بێگەردەوە، کە دنیای مناڵان بوو.

425893605 .jpg

زەریفی بۆ ماوەی 12 ساڵ وەک پێشکەشکار و ئامادەکار لە بەشی منداڵانی تیڤی گەلی کوردستان بەردەوام بووە تا ساڵی 2007.

دواتر و لە ساڵی 2000 رێکخراوی ھانای منداڵانی دامەزراندوە و پاش دوو ساڵ باخچەی ھانایان دامەزراندوە، کە سەر بە رێکخراوەکە بووە و لەوێ بەردەوام بووە تا ساڵی 2012.

زەریفی لەگەڵ منداڵان ئەم کارە ھونەریانەی ئەنجامداوە (شانۆگەری بۆ منداڵان، ئۆپەرێت، گۆرانی بۆ منداڵان، هەروەها نزیکەی 25 ئاوازی بۆ گۆرانی منداڵان داناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆبلاژی سێ فیلم کارتۆنی کردوە، هەروەها نزیکەی 45 فیلم کارتۆنی کورت و نزیکەی 70 بۆ 75 چیرۆکی بۆ منداڵان گێڕاوەتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەیان زەریفی بێجگە لە بەشداریکردن لە بەرنامە تایبەتیەکان بۆ بۆنە و جەژنەکان، چەندین پێشانگای تایبەتیشی بۆ بەھرەی منداڵان کردوەتەوە.

جیاواز لە کاری هونەریی بۆ منداڵان، بەیان زەریفی لە 25 شانۆگەری و 27 دراما و کورتە فیلم بەژداریی کردوە و لە چوار فیلمی سینەماییشدا ڕۆڵی گێڕاوە.

بەیان زەریفی سەرەڕای ئەو ئەزمونە زۆرەی لە کاری هونەریدا، ساڵی 2020 توانی بە سەرکەوتوویی کۆلێژی ھونەر بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی تەواو بکات.


FNPjsGYWY.jpg