تۆفیق وەهبی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

تۆفیق وەهبی بەگی کوڕی مەعرووف لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 1891دا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.

0008 (99542).jpg

هەر منداڵ بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە، خوێندنی سەرەتایی لەشارەکەی خۆی تەواوکردووە و لە ساڵی 1904دا چووەتە بەغدا و خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی سەرەبازی بەزیرەکی تەواوکردووە. ئینجا ڕووی کردۆتە شاری ئەستەمبۆڵی پایتەختی وڵاتی عوسمانی بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵاتری، لە کۆلێژی ئەرکان وەرگیراوەو بووەتە ئەفسەری ڕوکن لە سوپای عوسمانی.

0002 (4)87.jpg

کە جەنگی یەکەمی جیهانی لە ساڵی 1914دا ڕوویداوه، بەشداری لە شەڕی چەنە قەلعە لە دەردەنیل دا کردووەو لە دواییدا ڕەوانەی خوارووی ئێراق کراوە بۆ بەشداریی کردن لەبەرەی جەنگ لە دژی هێزەکانی بەریتانیا لە شعێبە و لەکاتی کشانەوەی سوپای عوسمانی بەرانبەر بە هێزەکانی بەریتانیا لە مانگی ئەیلوولی 1917دا بەشداریی کردووە لەبەرەی جەنگی ڕومادی و کاتێکیش کە ئەو شارە کەوتۆتە چنگ هێزەکانی ئینگلیز ئەم بەخۆی و لەشکرەکەیەوە بەرەو شاری هیت کشاوەتەوه.

341.jpg

لە ساڵی 1918دا گواستراوەتەوە بۆ بەرەی جەنگی فەلستین و پایەی سەرەبازی بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی ڕائید و مەدالیای قارەمانی لەسەکردەی ئەڵمان وەرگرتووە و ئەوەی شایەنی باسە زۆربەی سەرکردەکانی تیپی سوپای عوسمانی ژەنەڕاڵی ئەڵمان بووه، چونکە لەو جەنگەدا عوسمانی و ئەڵمانیا هاوپەیمان بوون لە دژی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەمەریکا شەڕەیان دەکرد.

کاتێک کە ئەو جەنگە جیهانییە بەشکانی دەوڵەتی عوسمانی هاوپەیمانەکانی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1918دا کۆتایی هات، تۆفیق وەهبی بەگ گەڕایەوە کوردستان و ئینجا چووە بەغداو بووە یەکێک لە ئەفسەرە دیارەکانی کورد لە دامەزراندنی سوپای ئێراق لە ڕۆژی 6ی کانوونی دووەمی 1921دا.

کاتێک کە شێخ مەحمودی حەفید لە ساڵی 1922دا لە هیندستان گەڕێنرایەوە سلێمانی و بووەوە پاشای کوردستان، تۆفیق وەهبی بەگ لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەی 1922دا چووە پاڵ بزووتنەوەکەی ئەم سەرکردەیەی کورد و کە ئەم بزووتنەوە و فەرمانڕاوەکەی شێخی حەفیدیش بەدەستی ئینگلیزەکان لەناوبران، تۆفیق وەهبی بەگ بۆ ماوەی 42 ڕۆژ گیرا و کە ئازادکرا لە دوا دوای ساڵی 1923دا کرا بە کارگێڕی بزووتنەوەکان لە شالیارێتی بەرگری ئێراق و لە مانگی ئابی 1925یشدا کرا بە بەڕێوبەری قوتابخانەی سەربازی لە بەغدا و پلەی سەربازی بووە موقەددەم و لە ساڵی 1929 دا ناردرا بۆ ئینگلتەرە بۆ بەشداریی کردن لە خولێکی بەرزکردنەوەی شارەزایی سەربازی و لە ساڵی 1930دا پلەی عەقیدی پێدار و کرا بە موتەسەریفی پارێزگاری سلێمانی، بەڵام بەر لە قەومانی شەڕەکەی 6ی ئەیلوولی 1930ی بە دەرکی سەرای سلێمانی لە کارەکەی دوورخرایەوە کەچی لە ساڵی 1931 لەدوا شەڕی شێخ مەحموود لە ئاوباریک لە دژی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوایی ئێراق ماوەیەک گیرا و تاوانی هاندانی خەڵکیان بۆ داواکردنی فەرمانڕەوایەکی کوردی خستەپاڵ و ماوەیەک بێ کارو فرمان مایەوە تاکوو لە ساڵی 1946 ئەم کەسایەتییە بەناو کورد کرا بە شالیاری ئابووری ئێراق لە شالیارییەکەی حەمدی پاچەچی داو دوای ئەوەش تاکوو ساڵی 1958 گەلێک جار بەناوی کورد کراوە بە شالیاری بەرگری و مەعاریف.

0007 (19548).jpg

لەسەرەتای ساڵی 1958دا کراوە بە ئەندام لە ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی ئێراق مجلس الاعیان و لە دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی ساڵی 1958 دا ئێراقی جێهێشتووە و چووەتە شاری لەندەن و دوا ساڵەکانی ژیانی لێ بەسەر بردووەو هەر خەریکی نووسینی مێژووی کورد و نووسینی بابەتی زمانەوانی کوردی بووەم تاکوو لە ڕۆژی 1984.01.05دا لەو شارە لە تەمەنی 93 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووەو تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لەچیای پیرەمەگروون لە تەنیشت گۆڕی پیاوچاکی کورد پیرەمەگروون بەخاک سپێردراوه.

بەرهەمەکانی تۆفیق وەهبی بەگ:

مامۆستا تۆفیق وەهبی گەلێک پەرتووکی بەنرخی لەبارەی زمان و مێژووی کوردستانی کۆن بە زمانانی کوردی و تورکی و عەرەبی و ئینگلیزی داناوەو زۆربەیانی چاپکردووه.

یەکەم: بەرهەمە کوردییە چاپکراوەکانی:

  • 1- دەستووری زمانی کوردی - بەغدا 1928، 114 لاپەڕەیه
  • 2- خوێندەواریی باو - بەغدا 1933، 44 لاپەڕەیه
  • 3- قسنێک لە کوردستان - بەغدا 1947، 18 لاپەڕەیه
  • 4- فەرهەنگی کوردی - ئینگلیزی (هاوبەش) ، لەندەن 1965، 179 لاپەڕەیه

دووەم: بەرهەمە چاپکراوەکانی بە عەرەبی:

  • 1- ڕجعیة المانیا و عبادة القوة - بەغدا 1942، 36 لاپەڕەیه
  • 2- الاصل و الاستطراد فی اصل معنی بەغداد - بەغدا 1950، 51 لاپەڕه
  • 3- قواعد اللغة الکردیة ج (1) بیروت 1956، 112 لاپەڕه
  • 4- قواعد اللغة الکردیة ج (2) بیروت 1956، 55 لاپەڕه
  • 5- التون کوپری - بەغدا 1956، 28 لاپەڕه
  • 6- سخرة من دربند بازیان الی تاسلوجة - بەغدا 1956، 36 لاپەڕە
  • 7- حول مقال مسئوولیة الادیب الکردی للاستاذ عبدالمجید لطفی - بەغدا 1973، 15 لاپەڕه

سێیەم: بەرهەمە چاپکراوەکانی بە ئینگلیزی:

  • 1- ئەشکەوتی گندۆک - بەغدا 1949
  • 2- پاشماوەی میسرازئیەکان (ئێزدییەکان) لەندەن 1962
  • 3- خوێندنی کوردی - بەشی یەکەم لەندەن 1968

ئەوەی شیاوی باسە مامۆستا تۆفیق وەهبی بەگ لە دوای دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد لە ساڵی 1971دا بە ئەندامی شانازی هەڵبژێردراو گەلێک لێکۆڵێنەوەی گۆڤاری کۆڕدا نووسی.[١]

  1. سەرچاوە:ماڵپەڕی خۆزگە