جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزدیەکان بەشی 1

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
RTX5RT3P-1.jpg

نووسینی:پ.د. کازێوە ساڵح

ژمارەیەک لە لێکۆڵەوەرە ڕۆژهەڵاتیەکان ئەوەندە سۆز و ڕەگەزپەرستی زاڵبووە بە سەریاندا زۆر جار مێژوویان بۆ مێژوو دروستکردووە و نووسیوەتەوە.

بەشی یەکەم

پێشەکی :

لە ماوەی ڕابردوودا بە ئاگام لەوەی بە هاوکاری چەند میدیایەکی کوردی، هەندێ داعشی کوردی لە مینبەرەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە شەرعیەت بە جینۆسایدی ئیزدیەکان ئەدەن و خەڵک هان ئەدەن دژیان لە ڕێگەی عەرەباندن و فارساندیانەوە وەکو چۆن هەموو داگیرکەرانی کورد ئەم کلتورەیان پەیڕەو کرد.

لە کاتێکدا سەرجەم داعشی کوردی لە سایەی ئاڵای عەرەب- فارسدا تێئەکۆشن و ئامانجی ئەوان لە کوردستاندا جێ بە جێ ئەکەن.

شەرم نیە مرۆڤ بێ ئیمان و بێ ئاین بێت، بەڵام شەرمە ئایندارێکی ناڕاست و دوالیزم بێت.

بۆ میدیاوانێک شەرم نیە کە ئارەزووی بینینی خۆی بکات لە شاشەی تەلەفزیون و ڕووبەرەکانی میدیاوە.

بەڵام شەرمە میوانداری خەڵکێک بکات لە سەر هەستەوەرترین پرس کە پرسی جینۆسایدی بەشێکە لە کۆمەڵگەکەی و لە ڕووبەڕێکی بێ ئاگای وادا بژی نەتوانیت بە زمانێکی زانستیانە و ڕووبەڕووی عەقڵی لە کارکەوتووی میوانەکەی ببێتەوە و ڕێگە نەدات بەرنامەکەی ئەو و کەناڵەکەی ئەو ببێت بە بەرهەمهێنەری فۆرمێکی تر لە جینۆسیاد کە جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوریە.

ئەوەی جێگەی نیگەرانیە تەنانەت هەندێ لە ئێزدیەکان خۆشیان کە سەبارەت بە بە ڕەچەڵک و زانیاری سەبارەت بە خۆیان لێیان پرسراوە بەم دواییە، ئەوانیش متمانەیان خستوەتە سەر سەرچاوە عەرەبیەکان و زمان و نێتی ئەوانەی سەدان ساڵە جینۆسایدیان ئەکەن و زانیاری هەڵەیان سەبارەت بە خۆیان داوە بە میدیا عەرەبیەکان.

لە کاتێکدا ئیزدیەکان خەڵکی خوێندەوار و زمان زانیان لە دەرەوەی وڵات هەیە، ڕاستی سەبارەت بە ئێزدی و ئێزیدیزمیش تەنها بە زمانی بێگانە و بە تایبەت ئنگلیزی چنگ ئەکەوێت.

بۆ قسەکەر شەرم نەبوو بڵێت کە ئەو زانیاری نیە و بە کەسێکەوە پەیوەستیان بکات کە زمانی بێگانە ئەزانێت و زانیاری هەیە، بەڵام شەرمە چینێکی چەوساوە بێ ئومێد بکەیت و جۆرە زانیاریەکبخەیتە ڕوو بە دڵی داعشیەکانی کورد و عەرەب بێت. ئامانج : ئەم لێکۆڵینەوەیە بە نیازە وەڵامی هەردوو هاوکیشەی ناردروستی فکری بداتەوە کە لەو چەند لایەنە لە سەر ئاماژەم پێکرد بەکارهێنراون. یەک دەری دەخات کە ئێزیدی عەرەب و فارس و تورک نیە، موسڵمان نیە و حسێن کوژیش نیە ؛ دوو ئەیسەلمێنیت کە چەمکی ئێزیدی لە بنەمادا وشەیەکی ئاریە و ژێر ڕکێڤ کەتووی هیچ ئاین و کلتوری فەرعی نیە، بە ڕەچاوکردنی کلتوری ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو کۆژانانەی کە پەراوێزخستنیانی باڵاکردوە.

زانیاری کورد دەربارەی ئێزیدی:

لە ساڵی 2006دا بۆ یەکەم جار چیرۆکێک هزری بردم بە لای ئێزیدی و ڕەچەڵکی ئاینی کورد و وایکرد کۆمەڵێ زانیاری جیاوازی لە سەر کۆبکەمەوە، جیاواز لەوەی لە کوردستان ئەمانزانی کە بە داخەوە هەمووی هەڵە بوو.

چیرۆکەکە ئەو بوو کەسێکم بە ڕیکەوت بینی، یەکیک بوو لە مرۆڤە دەگمەنەکانی دنیا کە پێیان ئەوترێت Genius - بلیمەت. لە تەمەنی 17 ساڵێدا زانکۆی تەواوکردبوو، لە 23ساڵیدا دکتۆرای تەواو کردبوو. ئاستی دکتۆراکەی ئەوەندە بەرزە هەتا ئەو کاتەش کە 8 هەشت ساڵ بە سەر تەواو بوونی دکتۆراکەیدا تێ پەڕیبوو، بڕیاری تەواوی لە سەر نەدرابوو چونکە زانکۆکە لیژنەیەکی دەست نەئەکەوت لە ئاستی توانا و تێزەکەی ئەودا بێت.

ئەم کەسە زمانی ئاری و هیرۆغلیفی زۆر بە باشی فێر ببوو و شەش زمانی دیکەی ئەزانی، لە بەر ئەوەی زانیاریەکانی متمانەی خستبووە سەر ئەو زانیاریانەی لەو زمانە دەگمەنانەدا هەیە بۆیە بڕیاردان لە سەر تێزەکەی ببوو بە مەحاڵ. کە پرسیاری لێکردم خەڵکی کوێم، لە وەڵامدا وەکو هەموو ڕۆئاوایەکان نەخشەیەکی نەکێشا و بڵێت لە کۆیدان و دراوسێی کام وڵاتن.

بەڵکو لە گەڵ گوێ لێبوونی کوردستان بە خۆشی و سەرسامییەوە وتی، ئێوە ڕەسەنن، ئێوە یەکێکن لە یەکەم مرۆڤ و یەکەم ئاینی سەر زەوی، ئێوە مرۆڤە جوانە هەتاو پەرستەکانن دەستی برد بۆ گوێێ ڕاستی کە سێ ئەڵقەی زۆر تایبەت دیزاینی کۆنی تێدا بوو، وتی، سەیرەکە، ئەو یەکێک لەو ئەڵقانە بۆ ئێوەیە، هێمای ئێوەیە، یەکێکیشیان هێمای قوپتیەکانی میسر و فەرعونیەکانە دانەکەی دی ناوێکی پێ گوتم کە هەرگیز نەمبیستبوو بۆیە ئێستا لە یادمدا نیە.

ئەم کەسە خۆی هەتاو پەرەست بوو، ژمارەیەکی زۆری هەتاو پەرست لە کەنەدا ئەژی کە کەنەدین و ژمارەیەکی زۆریشیان لە بنەمادا خەڵکی ئەوروپان، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی بە ڕەچەڵک وەکو کورد ئارین. هەتا ئەم ڕووداوە لە بەر ئەوەی زانیاریەکانی منیش سەبارەت بە ئێزدی و ڕەچەڵەکی خۆمم تەنها لە کورد و عەرەبەوە وەرگرتبوو وامئەزانی ئەوەین کە کورد و عەرەب باسی کردبوون، لە گەڵ یەک جیاوازی، لەو ساتەوەی زانیم هەڵەم، پێم شەرم بوو نوێنەرایەتی میللەتی خۆم بە زانست و خوێندەوارێکی خوار مام ناوەندییەوە بکەم.

وەکو ئەو ڕابەرانەمان بە بێ زانیاری دروست بڕیاری لە سەر چارەنووس و مێژووی چینیەکی چەوساوە و مافخوراو ئەدات.

ئێزدیەکان لە گەڵ ئەوەی سەرەتای مێژووی ئاینی مرۆڤایەتین بەڵام کەمترین لێکۆڵینەوە و زانیاری ڕاستەقینەیان بە زمانە ڕۆژهەڵاتیەکان لە سەر خراوەتە ڕوو.

لە لایەک لە بەر ئەوەی نووسەران و لێکۆڵەوەرە ڕۆژهەڵاتیەکان ژمارەیەکیان تیوری دژ یەک و دوالیزمیان خستوەتە ڕوو، زۆربەش ئەوەندە سۆز و ڕەگەزپەرستی زاڵبووە بە سەریاندا زۆر جار مێژوویان بۆ مێژوو دروستکردووە و نووسیوەتەوە ؛ نەتەوەیان بۆ نەتەوە دروستکردووە تەنها لە پێناوی ئامانجێکی گشتی شۆڤینی نەک ڕووخستنی مێژوو و جێهێشتنی ڕاستیەکان بۆ نەوەی پاش خۆیان.

لە لایەکی دی ئێزدیەکان ئەوەندە فشاری چەوساندنەوە و کەم بێ بەها سەیرکردنیان لە سەر بووە لە هەموو لایەکەوە تەنانەت لە لایەن کورد خۆشییەوە هەمیشە لە هەوڵی شاردنەوەی شوناسی ڕاستەقینە و خۆ لکاندنەوە بەو ئاین و دەسەڵات و عەشیرەتانە وە بوون کە پێیان وابووە لە ژێر چەتریاندا جینۆساید و قڕ ناکرێن. هۆکارێکی تر ئەوە بووە ئەم ئاینەش وەکو هەموو ئاینە سەرەتاییەکانی دەما و دەم گوازراوەتەوە و نەبوونی دەقی نووسراوی ئەم ئاینەیە، وەکو هەموو ئاینەکانی دی وەرنەگێردراوەتە سەر زمانە زانراوەکانی ئەم سەردەمە.

بەڵام بێگانەکان لە دوورترین دوورگەی دنیا لە کوردەوە، بەو شێوەیە لە ڕەچەڵەکی کورد و ئێزدی تێگەشتبوو، ئەوی کورد خۆی و عەرەب و فارسی ناوچەکە چۆن لەم ئاینە تێگەشتوون کە بە یەکەمی مرۆڤایەتی ئەچووینرێت؟


سەرچاوە: تۆماری تایبەت بۆ مانو بەرزنجی