جینۆسایدی کولتووریی کورد بەر لە دروست بوونی دوڵەت نەتەوە لە عێراقدا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
21034590.jpg

نووسینی: د. کازیوە ساڵح

“ئەم بابەتە زۆر بە کورتی ئاماژە بە جینۆسایدی کولتووریی کورد لە دوو قۆناغدا دەکات کە کەوتوونەتە پێش دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە.

بۆ ئەوەی خۆی لە تاکدەنگی بپارێزێت، ئەم بابەتە میتۆلۆژیی فرەڕەهەند بەکار دەهێنێت و متمانە دەخاتە سەر ڕاڤەکردنی دیسکۆرسی ڕەخنەگرانە و ئەو ئامرازانەی لیکۆڵینەوە کە ڕەگیان لە مێژوو، سۆسیۆلۆژی و کولتوور و بابەتی لە پێشینە نووسراودایە. “

زۆرێک لە نووسەرانی کورد پێداگری لە سەر لکاندنی جینۆسایدی کورد بە پاش دەوڵەتی نەتەوە، بە تایبەت لە ١٩٦٠ە کان و سەرهەڵدانی حزبی بەعسەوە، دەکەن.

جینۆساید چەندین فۆرمی هەیە، ئەم بابەتە گفتوگۆ لە سەر جینۆسایدی کولتووری کورد، لە دوو سەردەمی جیاواز و دوور لە یەک، لە عێراقدا دروست دەکات.

جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە کورد بەراورد بە نەتەوە جینۆسایدکراوەکانی جیهان بەر لە جینۆسایدی فیزیکی، ئەزموونی درێژخایەنترین جینۆسایدی کولتووریی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کردوو.

بۆ سەلماندی ئەم گۆڤانە بابەتەکە متمانە دەخاتە سەر ڕاڤەکردن و بەدواداچوونی ئەم تەوەرانە:

(ا) پێناسەی جینۆسایدی کولتووری و، جینۆسایدی کولتووری لە بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا

(ب) جینۆسایدی کولتووریی کورد لە مێژووی کۆن و بەر لە دروست بوونی دەوڵەتی نەتەوە.

(پ) بە فەرمی چاندنی جینۆسایدی کولتووریی کورد لە عێراقدا لە سەردەمی میرنشینی عەرەبدا[i]


کلیلە وشە

جینۆسایدی کولتووری، کورد وکوردستان، داگیرکاریی ئیسلام، سەردەمی شانشینی عەرەبی، بەریتانیا، ناسیۆنالیزمی عەرەبی.

بەرایی

ڕینیە تایگڵەر (٢٠١١) جینۆسایدی کولتووری بە “خاپوورکردنی ئاسەواری خەڵک یان گروپێک بە مەبەستی سەربازی یان سیاسی” (١) پێناسە ئەکات.

بەپێی دەستنووسە بڵاونەکراوەکانی ڕافایەڵ ڵەمکن (١٩٣٣)، جینۆسایدی کولتووری بریتییە لە لەناوبردنێکی سیستماتیکی کولتوور بە گشتی کە پێک هاتووە لە زمان، داب و نەرێت، پۆشاک، ئایین، هونەر، ئەدەب، پۆشاک، مێژوو، ئاسەوار،(٢) سیمبولە بۆماوەیییەکان و هەر پنت و فاکتەرێک کە بەهای مرۆیی و نرخی کولتووریی گرووپی بە ئامانجکراو ببەخشێت و جێگیرکردنی کولتووری و داب و نەریتی بکەر یان جینۆسایدکار.

ئەمە بۆ دۆخی کۆڵۆنیالیزم/داگیرکارییش هەر ڕاستە.

داگیرکار بەر لە هەر شتێک کولتووری خۆی ئەچەسپێنێت (٣).

کولتوور بەشێکی گرنگی گەشەسەندنی هزری وئاوەزی و مێژووی مرۆڤە، بۆیە لە زۆر ڕووەوە کارەسات و بەندە سیاسییەکان لە کولتوورەوە دەست پێ دەکەن.

دەستەواژەی جینۆسایدی کولتووری زیاتر لە میانەی باسە ئەکادیمی و یاسایییەکان سەبارەت بە (Indigenous people)، واتە هاووڵاتییە ڕەسەنەکان، هاتە نێو بیانووە سیاسییەکانی جینۆسایدی کولتووری و لێکۆڵێنەوەکانی جینۆسایدەوە.

پاش چەند سەدە جینۆسایدی هاووڵاتییانی ڕەسەن، لە ساڵی ساڵی ١٩٩٤دا لە بڕگەی هەشت، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی هاووڵاتیانی ڕەسەن، کە پێکهاتووە لە ٤٦ بڕگە یاسا و ٢٣ پارسا، بۆ یەکەمجار دەستەواژەی جینۆسایدی کولتووریی بەکارهێنا بە بێ ئەوەی پێناسەی بکات.

بە چەند بڕگەیەک ئەوە ئەخاتە ڕوو کە هاووڵاتییانی ڕەسەن بە تاک و کۆ مافی ئەوەیان هەیە ڕووبەڕووی مردنی بە کۆمەڵ و جینۆسایدی کولتووری نەکرێنەوە و ئەم کردارانەی خوارە یاساغ بکرێت (٨):


(ا) هەر کردارێک ئامانجی ئەوە بێت لە شکۆی خەڵکێکی خاوەن تایبەتمەندی، یان لە بەهای کولتووری و شوناسنامەی نەژادییان دووریان بخاتەوە.

(ب) هەر کردارێک ئامانجی داماڵینی خاوەنداریەتییەکانیان بێت (خاک، هەرێم و سەرچاوەکانیان).

(پ) هەموو شیوازێکی ڕاگواستنی خەڵک کە ئەبێت بە هۆی کاریگەری دروستکردن یان پیشێلکردنی مافەکانیان.

(ت) هەموو فۆرمێکی هەرەسکردن و تواندنەوە ( قووتدان و لەناوبردنی کولتوورێک لە لایەن گەلێکی ترەوە) تێکەڵاوکردن یان لێکدانی لە لایەن کولتوورێکی دیکەوە، یان بە هۆی بەڕێوەبردنی تەشریعی ویاسای دەوڵەتییەوە.

(ج) هەموو جۆرە پرۆپاگەندەیەک کە ڕاستەوخۆ دژایەتییان بکات.


گەرچی ئەوان هەمیشە لە ژێڕ دەستی داگیرکەرەکەیاندا بوون، هەرگیز حکومەتی سەربەخۆ و ئازادی نەبووە، سەروو سێسەد ساڵە لە ژێر پرۆگرامی هەرەسکردن، توانەوە و لە قاڵبدانی کولتووریدان، لای سەرکردایەتیی خێڵکەیان ٩٢ ساڵ بوو بیرۆکەی جێگیرکردنی مافەکانی هاووڵاتیی ڕەسەن و ناونانی کێشەکانیان هەبوو.

(دیار نییە باسی کێ دەکات. ئەوان کێن؟)

لای مافناس و پسۆڕانیان ٢٥ ساڵ تێکۆشانیان بۆ کرد هەتا بە سەر گەورەترین زلهیزی دنیادا سەرکەوتن و مافەکانیان جێگیرکرد(١٢).

کورد سی ساڵە پرۆسەی سەربەخۆیی بەڕێوە ئەبات و وەزارەتی تایبەتی بە پرسی جینۆساید دروست کردووە، هەتا ئێستا پسپۆڕی تەواو لەم بوارەدا بوونی نییە و لە زۆر ڕووشەوە پسپۆڕانە مامەڵەی لە گەڵ نەکراوە.

نەک هاووڵاتییە ئاساییەکە، ژمارەیەکی زۆری چالاکان و کاربەدەستانی ئەم بوارە، لە دواندا، جگە لە جینۆسایدی جەستەیی، لە جۆرەکانی دیکەی جینۆساید بێ ئاگان.

دروستبوونی ئەم قەیرانی تێگەیشتن و جیگیرنەکردنی مافی قوربانیانی کورد زۆرن و پێویستە سەربەخۆ توێژنیەوەی لە سەر ئەنجام بدرێت.

ئەم بابەتە زۆر بە کورتی ئاماژە بە جینۆسایدی کولتووریی کورد لە دوو قۆناغدا دەکات کە کەوتوونەتە پێش دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە.

بۆ ئەوەی خۆی لە تاکدەنگی بپارێزێت، ئەم بابەتە میتۆلۆژیی فرەڕەهەند بەکار دەهێنێت و متمانە دەخاتە سەر ڕاڤەکردنی دیسکۆرسی ڕەخنەگرانە و ئەو ئامرازانەی لیکۆڵینەوە کە ڕەگیان لە مێژوو، سۆسیۆلۆژی و کولتوور و بابەتی لە پێشینە نووسراودایە.


جینۆسایدی کولتووریی کورد بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوە

لە پاش دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەوە باس لە چەمکی جینۆساید و کاریگەرییەکانی ئەکرێت. ئەمە هەندێکی بەو هەڵەیەدا بردووە کە پێیان وابێت چەمکی جینۆساید تەنها بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی نەتەوە ئەبێت .

تورک و تورکیاش بۆ سەدەیەک بەرانبەر بە ئەرمەنییەکان ئەم بۆچوونەیان بە کارهێنا بۆ ئەوەی جینۆسایدی تورک دژی ئەرمەنییەکان لە ساڵی ١٩١٥، بە جینۆساید نەناسرێت ( ١٣) .

ڕاستە کاتێک پلانی دەوڵەتی نەتەوە هاتە ئاراوە، هۆشیاریی ماف و پاراستنی سنوور و شوناسنامەی نەتەوەییش لای مرۆڤ دروست بوو.

بەڵام جینۆساید لەگەڵ بوونی داگیرکاری/کۆلۆنیالیزم بوونی هەبوو.

لە دەیەی نوێدا پسپۆڕانی جینۆساید، بە تایبەت پسپۆڕانی بواری هاووڵاتیی ڕەسەن، بە دەیان شێوە پەیوەندیی جینۆساید و پرۆسەی داگیرکاری بە جینۆسایدەوە گرێ ئەدەن (١٤) کەواتە لەوەتەی داگیرکاری هەبووە جینۆسایدیش هەیە، کوردیش وەکوو نەتەوەیەکی لەمێژە داگیرکراو، لە مێژووی کۆنەوە لە هەموو پرۆسەیەکی داگیرکاریدا جینۆسایدکراوە.

ئەم بابەتە بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی دروست، داگیرکاریی عوسمانییەکان هەلئەبوێرێت و تەنها بە کورتی باس لە جینۆسایدی کولتوریی کورد لە سەردەمی ئیسلامدا ئەکات.


جینۆسایدی کولتووریی کورد لە سەردەمی ئیسلامدا

یەکێک لە خراپ تێگەیشتنەکانی کورد ئەوەیە کە ئایین لە کولتوور جیا دەکاتەوە و وەکوو کایەیەکی سەربەخۆ سەیری دەکات.

ئەمەش لە بەر ئەوەی تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتدا پرۆژەی توێژینەوەی کولتووری نییە و هێشتا وەکوو سەردەمی ١٩٦٠ـەکانی سەدەی ڕابردوو بەر لە بوونی قوتابخانەی فرانکفۆرت، کورد لە کولتوور تێدەگات، کە کورت کرابووەوە بۆ گۆرانی و خواردن و پۆشاک.

لە ڕاستیدا کولتوور چەترێکە و هەموو بوارە ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژیارییەکانیش، تەلەکانی ژێڕ ئەم چەترەن، لە لایەک خۆیان لە ژێر بەرگی چەترەکەدا حەشارداوە، لە لایەک بوون بە کۆڵەکەی بەرگە گرتنی چەترەکە ڕووبەڕووی با و بۆڕان.

واتە کولتوور بوارێکە پێکهاتە و ڕۆنانی بواری ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەکات و ئەو سێ بوارەش ڕۆنانی کولتوور بە شێوەی جیاواز دەکەن.

یەکەم جینۆسایدی کورد بە گشتی لە ئیسلامەوە دەستی پێ کردووە. دوا جینۆسایدیشی تا ئێستا ئیسلام ئەنجامی داوە. دیارە ئیسلام لەگەڵ داگیرکردنی خاکی کورددا، جینۆسایدی جەستەییشی ئەنجامداوە کە ناوەڕۆکی ئەم بابەتە نییە.

جینۆسایدی کولتووریی کورد لە سەردەمی داگیرکاریی ئیسلامەوە بە سێ شێوازی ئایینی، زمانەوانی و کۆمەڵایەتی سەپێنراوە(١٥).

کورد لە مێژووی بەر لە ئیسلامیشدا ڕووبەڕووی شەڕ و توندتوتیژی بووەتەوە، بەڵام پێناسەی شەڕ جیاوازە لەگەڵ شەڕدا.

شەڕی نێوان هۆز و ئەو شەڕانەی بەمەبەستی لەناوبردنی نەتەوەیی و جینۆسایدی کولتووری ئەنجام نەدراون، تەنها دەچنە خانەی شەڕەوە نەک جینۆساید.

بەڵام لە ڕووی مێژوویییەوە، فتووحاتی ئیسلامی بە هەموو مەرجەکانی جینۆساید مامەڵەی لە گەڵ کورد کردووە.

لە دەستنووسە بڵاونەکراوەکانیدا، ڵەمکن (١٩٣٣) جەخت لە سەر جینۆسایدی کولتووری لە رێگای ئایینەوە ئەکات و پێی وایە بەشێکی جینۆسایدی کولتووری، جینۆسایدی ئایینیی گرووپی ئامانجکراوە، لە ڕێگەی: ڕێگەگرتنی بەکارهێنانی زمانی دایک لە پەیڕەوی ئایینیدا، لە ناوبردنی ئەو کتێب و نووسراو و کۆڕاسە دینییانەی بە زمانی نیشتمانی یان دایک نووسراون، خاپورکردنی شوێنگە و مێژوو و ئاسەوارە ئایینییەکان و گۆڕینیان بە شت یان ئایینی دیکە؛ لەناوبردنی ئەو بەڵگەنامە و شمەکانەی کە بەهای نیشتمانی، مێژوویی و دینییان هەیە. خاپوورکردنی ئەو شمەکانەی لە زەپۆشی و کولتووری جێبەجێکردنی ئایینیدا بەکار هێنراون (١٦).

ئەم بەشەی بابەتەکەی ڵەمکن بە هۆی پەسند نەکردنی کۆمەڵێک لە وڵاتانی مەسیحی لە برگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جێگەی نەکرایەوە (١٧)، چون ئەو هێزەی لەگەڵ سیاسیدا جینۆسایدی هاووڵاتیانی ڕەسەنی جێبەجێ کرد، مناڵانی لە دایک و باوکیان کرد و لە قوتابخانەی کەنیسەدا لە کولتوور و ئاینی داگیرکەردا تواندنیەوە و گەورەی کردن، دیسان کەنیسە بوو.

بە هەمان شێوە ئاینی ئیسلام هەنگاو بە هەنگاو لە مێژووی جینۆسایددا لە ڕۆژهەڵات و جینۆسایدی کورد بە تایبەت ڕۆڵی بینیوە و ئەو خاپوورکارییانەی ڵەمکن ئاماژەی پێ کردوون، هێناویەتە سەر خاک و نێو کۆمەڵگەی کوردی.

سەبارەت بە داگیردنی ئایینی، ڕۆژهەڵاتناس و ئەتنرۆپۆلۆجیست، لۆرا ڤێچە ڤاگلێری (١٩٧٧) ئەڵێت کورد هاوشانی خەڵکانی دیکەی میزۆپۆتامیا، لە ساڵی ٦٣٣ بۆ ٦٥١ دژی داگیرکاریی ئیسلام و بە موسڵمانکردنی بە زۆری شمشێر، جەنگاوە. (١٨) بەڵام دواجار ئیسلام توانیویەتی سەربکەوێت و خەڵکی ناوچەکەش هەموو ببن بە موسڵمان، هەرچی ئاسەوار و بەڵگەنامە و کتێب و لایەنی مێژووی ئایینەکانی پێش خۆی و بە تایبەت ئایینە کوردییەکانی ئێزیدی و زەردەشتی خاپوور بکات و بگۆڕێت بە مێژووی خۆی (١٩).

بە پێی نووسینەکانی ئیبن ئەسیر (١٩٨٧)، تەبەری (١٩٨٩) و ئەس-سالەبی (٢٠٠٧) پاش ئەم مێژووەش بە پێشەوایی عومەری کوڕی خەتاب، دووەم خەلیفەی موسڵمانان، کە کوردی بە فرە خواکان ناوزەد کردووە، لە ٦٤٣-٦٤٤ میلیشیای خۆی ناردووەتە میزۆپۆتامیا بۆ هەڕەشەکردن لە کورد و فارس، ئەوانەی هێشتا موسڵمان نەبوون یان ببن بە موسڵمان و ماڵ و مڵکیان بپارێزن، بە مەرجێک باجەکەی بدەن بە عومەری کوڕی موختار؛ یان سەریان بە شمشێر لێ بکەنەوە (٢٠). سەرۆکی میلیشیاکەی خەلیفە “موهاجر بن زیاد” ئەبێت، ئەڵێت: “خودا دۆژمنانی [ کورد] تووشی دۆران کرد، سوپاس بۆ خودا، ئەمە ڕێگەی ئەوە لەگەڵ موسڵمانان” ( ٢٥٤)، پاشان باس لەوە ئەکات چۆن جەنگاوەرەکانی، ماڵ و سامانی هاووڵاتییان و ژن و منداڵی بردوون و ئەڵێت: “یەک لە پێنجی تاڵانییەکە لەگەڵ هەواڵی سەرکەوتندا، بۆ عومەری کوڕی خەتاب نێردرا” (٢١، ٢٥٤). ئەمە یەکێکە لە ساکارترین نموونەکانی جینۆسایدی فیزیکی. گەر لەم چەند دێڕە بنواڕین، وێنەی هەمان سرووش و تەکنیکی جینۆسایدەکانی سەددام لە کاتی ئەنفال و داعش ئەکێشێت. جگە لە جینۆسایدی جەستەیی، بە تەنها ئەم بەشە بچووکەی ئەو مێژووە درێژە هەموو خاڵەکانی جینۆسایدی کولتووریی تێدا کۆبووەتەوە.

لێرەوە کورد ئایینی خۆی لەدەست ئەدات و ڕوو ئەکاتە ئایینی عەرەب، ئیتر جینۆسایدی کولتووری ئاسان دەبێت. چون یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی پاراستنی کولتوور زمانە. ئایینیش یەکێکە لە بەهێزترین بیانووەکان بۆ توانەوە و لەناوبردنی زمان.

هەتا ئەمڕۆ لە هەر چوار وڵاتی داگیرکاری کوردستان و کورددا، ئایینی ئیسلام و زمانی قورئان کراوە بە بیانووی جینۆسایدی کولتووری بەگشتی و جینۆسایدی زمانی کوردی بەتایبەتی.

ئەوەی پەیوەندیی بەم سەردەمە مێژوویییەوە هەیە ئەوەیە بۆ نموونە ئیمامی شافعی ئەڵێت زمانی عەرەبی زمانێکە لە لایەن خودای پەروەردگارەوە هەڵبژێردراوە قورئانی پێ بێتە خوارەوە، بۆیە زمانێکی پیرۆزە و ئەبێت هەموو کەس بیزانێت(٢٢).

ئەی ئەگەر نەیزانی چی؟ لێرەدا شافعی نەیگوتووە پێویستە، بەڵکو ئەڵێ “ئەبێت” کە زمانی بەزۆری سەپاندنە. ئیبن تەمیمە ئەڵێت: “زمانی عەرەبی پەیامی ئیسلام و خەڵکەکەیەتی، زمانیش مەزنترین سرووش و زەپۆشی گەلانە و بە هۆیەوە جیا ئەکرێنەوە(٢٣).

ئیبن تەمیمە باش لە گرنگیی زمان لە هیشتنەوە و تیابردنی گەڵیکدا تێگەیشتووە، لێرەوە ئەوان ئایینیان کردووە بە بیانوو بۆ ئەوەی عەرەب و زمانەکەی بە زیندوویی و بە مەزنی بهێڵنەوە و بە لاوازکردن و جینۆسایدکردنی زمانەکانی دی لە ناویاندا زمانی کوردی، وەکو زمانێکی پڕ هەژموون بیپارێزن.

سۆسیۆلۆجیست و فەیلەسووفی فەڕەنسی، پێر بۆردیو ( ١٩٩٠)، پێی وایە کایە کۆمەڵایەتییەکان و نەریتی مرۆڤیش، ڕۆنانکار وڕۆنانکراوە (٢٤).

مەبەستی ئەوەیە چینایەتی، ڕۆنانی تاک و، تاکیش ڕۆنانی چینە کۆمەڵایەتییەکان ئەکات. گرووپە کۆمەڵایەتییەکان نادیدانە تێکەڵاو بوون و نزیکی لە گەڵ چینی خۆیان دروست دەکەن، هەندێ جار لەوانەیە بە مەبەستیش نەبێت (٢٥).

ئەمەش مانای ئەوەیە چینایەتی پەیوەندییەکی نەستی دروست ئەکات، کە هێندە دەچێتە نێو کولتوور و ڕەفتاری مرۆڤەوە، دەبێت بە خوو و نەریت یان ڕەوشت و بێ ئاگا بە کردار دەینوێنێت.

لە ڕووی زانستی سیاسیشەوە، پەیوەندیی نێوان زۆرینە و کەمینە، پەیوەندییەکی باڵا و نەوییە، کە دووەم لە بوونی یەکەمدا دەسڕدرێتەوە ( ٢٦) .

لێرەوە هەر ئەو کاتە عەشیرەتە عەرەبەکان کە لەگەڵ هێزی ئیسلامدا هاتوونەتە ناوچەکە، تەنها ئایینەکەیان بە زۆر بە سەر کورددا نەسەپاندووە، بەڵکوو هەژموونی زمانەوانی و شوناسنامەی عەرەبیشیان لە ڕووی سیاسییەوە بە زۆری شمشێر و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە هەژموونی زۆرینە سەپاندووە (٢٧).

ناوی ناوچە و دێهات و هەندێ جار هۆزەکانی کوردیشیان کردووە بە عەرەبی ( ٢٨).

گۆڕینی دیمۆگرافیی کود لەم ساتەوە دەستی پێ کردووە نەک (وەکوو هەندێک باسی دەکەن) تەنها لە سەردەمی بەعس و تەعریبدا. هەندێ لە هۆزە کوردییە بچووکەکان لە نێو هۆزی گەورەی عەرەبیدا تواونەتەوە یان بۆ بە دەست هێنانی ئەو چێنە کۆمەلایەتییەی باس کرا، خۆیان لە نێو کولتووری ئەواندا تواندووەتەوە.

واتە لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کورد ڕاهێنراوە کە لە شکۆ و تایبەتمەندی دوور بخرێتەوە، بە زۆر ڕابگوازرێت و لە ناو کولتووری گەورەتردا بتوێتەوە.

لەگەڵ ئەم پڕۆسەی بەئیسلامکردن و لە مرۆڤایەتی داماڵینەدا، سەرەڕای ئەوەی سەلاحەددینی ئەیوبی ئیسلامی لە لەناوچوون پاراستووە، لە ڕابردوو و ئێستادا، لە باشترین دۆخدا داگیرکارانی خاک و ئایین و زمانی کوردی، یان بە دێو و جنۆکە یان موسڵمانی ساختە، کوردیان ناوزەد کردووە.

لە میتۆلۆژیای عەرەبدا، وێنەی بەدگۆی کورد ئەکێشرێت، لە زمانی حەزرەتی سولەیمانەوە و ئەڵێت چەندین سەدە بەر لە ئێستە، حەزرەتی سولەیمان ٥٠٠ ڕۆحی جادووگەر و جنۆکەی، لە دیوانی خۆی بەروە مەنفا و چیاکانی زاگرۆس کردە دەرەوە … ئەم جنۆکانە یەکەمجار فڕین بۆ ئەورووپا و لەوێ ٥٠٠ حۆریی جوانیان وەکوو بووکی خۆیان هەڵگرت و ڕۆیشتن لەو شوێنە نیشتەجێ بوون کە ئیستا بە کوردستان ناسراوە. ئەمانەن ڕەگەزی کورد (٢٩).

نەوە دوای نەوە ئەم میتۆلۆژییە چاپ ئەکرێت و ئەوترێتەوە، تەنانەت لە ٢٠١٥ دا لەو کاتەی کورد ڕووبەڕووی داعش ئەبووەوە، بانگخواز و کەسایەتیی ئایینیی عەرەب هەبوو بەتایبەت لە وڵاتانی کەنداو و میسرەوە، تەکنەلۆژیی بەکار ئەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە خەیاڵە؛ هاواریان ئەکرد خوا پەنامان بدات ئەزانن بۆچی کورد چاو شین و چاو سەوزیان زۆرە، ئەزانن ئەندۆ-ئەوروپی یانی چی؟.

بە دوایدا ئەم چیرۆکەی سولەیمان ئەهات (٣٠)، بۆ ئەوەی لایەنی ئەورووپیی کورد ڕوون بکاتەوە و لەویشەوە بیانووی ڕوخساریان دەربخات.

لە ڕابردوودا لەم ساڵانەی دواییشدا، تەنها بە جنۆکە و ڕۆحی پیس ناوزەدی نەکردووە بەڵکو دروشمی “لا الە الا الله-الاکراد عدو الله” (واتا هیچ خوایەکی کە نیە، یەک خودایە، کورد دژمنی خودایە) یان لە سەر شەقامەکان بەرزکردەوە و هوتافیان بۆ کێشا (٣١).

لەبەر ئەوە، دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵات، لە داڕشتنەوەی ستراتیژیی سیاسی بۆ کەڵەکەکردنی دەسەڵاتی سیاسی، بە مەبەست وەکوو ئایدۆلۆژییەک سەیری ئایین ئەکەن. دیکتاتۆرییەتیش بە زۆری بە شێوەیەک ئایین ئەگونجێنێ کە پشتگیریی بە یاساییکردنی کردارە نایاسایییەکانی بکات (٣٢).

لە باسکردنی جینۆسایدی کولتووریی فەرمی دەرئەکەوێت کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی عەرەب و دروستبوونی میرنشینەوە لە عێراقدا هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، هەمیشە ئیسلام، لە لایەن ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە، ئەکرێت بە بیانووی چاندنی جینۆسایدی کولتووری و جینۆسایدی زمانەوانیی کورد.


جینۆسایدی کولتووریی کورد لە سەردەمی میرنشینی عەرەبدا

لە ساڵی ١٩٢١دا بە دامەزراندنی شانشینی هاشمی کە هەتا ١٩٥٨ی خایاند، قۆناغی یەکەم داگیرکاری کۆتایی هات. لە ساڵی ١٩٢٠دا پەیوەردارانی بەریتانی بە پشتگیریی “تی ئی لۆرانس” ( لۆرانسی عەرەب) فەیسەڵی یەکەمیان کاندید کرد بۆ پاشایەتیی عێراق.

لەگەڵ ئەوەی کوردی ویلایەتی موسڵ و شێخی گەورەی بەسرە ناڕازی بوون بە کاندید کردنی، لە ١١-٠٧-١٩٢١داتاجی شاهانەی خرایە سەر (٣٣). ئەنجومەنی پەیوەردارانی بەریتانیا پێیان وابوو ترسی کورد بەرانبەر کرداری فەیسەڵ بەوە کۆتایی دێت کە مەرجی بۆ دابنێن، بەوەی حکوومەتێکی پێوەشەن (دەستوری)، لیبراڵ و لە ڕووی یاساییەوە سنوردار بەڕیوە دەبات، کە لایەنی عەرەبیش بەم مەرجانە ڕازی بوون (٣٤).

بەڵام لە هەمان مانگی دەستبەکاربوونیدا، فەیسەڵ بانگهێشتی “ساطع الحصری” ( ١٨٨٠-١٩٦٨) دامەزرێنەری ناسیۆنالیزمی عەرەبی نەژادپەرستانە کرد بۆ بەغداد و کردی بە بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن لە وەزارەتی خوێندنی عێراق لە ساڵێ ١٩٢١ بۆ ١٩٢٧ (٣٥).

کاتێک ناوی “الحصری” دەکەوێتە هەر مەسەلەیەکەوە پێویستە دوو فاکتەر لەبەرچاو بگیرێت. یەکەم: ئەم کەسە یەکێک لە خوێندەوارە باشەکانی ئەو کاتەی عەرەب بوو، لەو کاتەدا لە ئەڵمانیا خوێندبووی، سەرەتا کەوتبووە ژێر کاریگەریی هزری ڕۆمانسیی ئەڵمانی و دواییش نازی (٣٦). ئەم بیر و بۆچوونانە ئەهێنێتەوە بۆ ئمپراتۆریەتی عوسمانی.

ماوەیەک خزمەتی ئەمانیش ئەکات و زۆر ئەکەوێتە ژێر کاریگەریی پرۆگرامەکانی ڕێکخراوی “لاوانی تورک” کە نازیستیان تێپەڕاندبوو، ئەو ڕێکخراوە بوو جینۆسایدی ئەرمەنییەکانی ڕاگەیاند. “الحصری” کە ئەبینێت ناسیۆنالیزمی تورکی لەوە نزیک ئەبێتەوە، هیچ بەهایەک بۆ کولتووری عەرەب و هێزی عەرەب نەهێڵێتەوە، بیر لەوە ئەکاتەوە بچێت بۆ جەزیرەی عەرەبی و لەوێ نەشنالیزمێکی عەرەبی هاوشێوە نەژادپەرەست دابمەزرێنێت کە کردی (٣٧).

دووەم: “الحصری” و فەیسەڵ کەسیان عێراقی نەبوون، یەکەمیان یەمەنی و دووەمیان سعودی بوو، لە سەر خواستی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کاریگەریی ئەم دوانە لەسەر ئەو بزووتنەوەیە کە ئەو کاتە هێشتا زۆر بەهێز نەبوو، بەڵام بەرەو تەشەنەی تیژ تێپەڕ ئەڕۆشتن و چەند هێرشێکیان کردبووە سەر بەریتانییەکان، ئەوانیش لەسەر خواستی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، فەیسەڵیان لە عێراق دانا، لە کاتێکدا هەر لە سەرەتاوە “الحصری” لە سوریا چەقی بەست(٣٨).

ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێت هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە یەکێک لە ترسەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەب کورد بووە و لەو کاتەوە بەرنامەی لەناوبردنی ئەم ترسەی هەبووە. بۆیە جگە لەوەی هەموو جار ناسیۆنالیزمی سەختی عەرەبی لەو دوو وڵاتەی کوردی تێدایە (سوریا و عێراق) دەستی پێ کردووە، بانگهێشتە دەستوبردەکەی فەیسەڵ و پاشان کارەکەی “الحصری” لە عێراق، ئەم گریمانەیە ئەکەن بە لۆژیک.

لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتداریەتیی عەرەبەوە لە عێراقدا، کورد ئەزموونی بە عەرەبکردنی زۆرەملێ ئەکات.

بە عەرەبکردنیش واتە کرۆکیی جینۆسایدی کولتووری، گەرچی کورد خۆی بەمە نازانێت. کاری “الحصری” لە عێراقدا بە جینۆسایدی زمانەوانی دەستی پێ کرد. سەرەتا پرۆگرامی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، بە زمانی عەرەبی لە نێو میتۆدی خوێندندا چاند، وانەکانی کە بەریتانیا خستبوویە میتۆدی خوێندنەوە و ڕەچاوی فرە کولتووری و نەژادیی عێراقی کردبوو، گۆڕی بۆ میتۆدێک لەگەڵ ئامانجی ناسیۆنالیزمی عەرەب گونجاو بێت (٣٩) . لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە، ئاڵنگاریی بۆ بەریتانیا دروست کردبوو.

ئەفسەرانی بەریتانیا و کارمەندانی ڕاپۆرتیان دەربارە دەدا بە ئەنجومەنی باڵا، بۆ نموونە یەکێک لەو ڕاپۆرتانە لە لایەن کابتن فێرەڵ، ڕاوێژکاری خوێندنی باڵا لە عێراق نووسراوە و باس لەوە دەکات چۆن فەیسەڵ و “الحصری”، لە ڕێگەی چاندنی ناسیۆنالیزمیی عەرەبیەوە، ئامانج و بەرنامەکانی بەریتانیایان خستووەتە مەترسییەوە و هەوڵی لەباربردنەوەیان دا.

بەڵام دواجار بە پشتگیریی ناسیۆنالیزمی عەرەب، “الحصری” بە سەر پلانەکانی بەریتانیادا سەر کەوت(٤٠).

بە دوایدا “الحصری” ئایدۆلۆژییە بەناوبانگەکەی خۆی سەبارەت بە بەعەربکردنی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەڵێت: “هەر تاکێک بە عەرەبی قسەی کرد عەرەبە، هەر تاکێک لە وڵاتێکی عەرەبیدا نیشتەجێیە عەرەبە. ئەگەر کەسێک ئەمەی ڕەتکردەوە پیویستە بە دوای هۆکاردا بگەڕێین، لەوانەیە بە هۆی زیادەڕۆیی لە خۆویستیدا بێت، لەو دۆخەدا ئەبێت خۆویستییان سنوردار بکەین” (٤١).

گەر لە ئامانجی پشت ئەم چەند دێڕە بنواڕین، سەرەتا بە جینۆسایدی کولتووری دەست پێ دەکات. مرۆڤێک گەر عەرەبیش نەبووە لە هەر کوێی جیهان کاتێک فێری عەرەبی بوو و زانی بە عەرەبی قسە بکات عەرەبە.

سڕینەوەی تەواوی شوناسنامەی تاک، بە هۆی نەک تەنها باڵاکردن بەڵکوو پیرۆزکردنی زمانی عەرەبی و توانەوە تێیدا وەکوو داپۆشەرێک بۆ هەموو مێژوو، زمان و کولتوور و شوناسنامەی تاک.

ئەگەر تاکێک لە وڵاتێکی عەرەبیدا ژیا، ئەگەر ئەو تاکە بێگانەیەک بوو لەوێ، گەر خاکەکەی لە لایەن عەرەبەوە داگیرکرابوو هەر عەرەبە. ئەگەر کەسێک ئەم نالۆژیکی و توانەوە و عەرەب بوونەی پەسەند نەبووە، پێویستە ڕووبەڕووی جینۆسایدی فیزیکی بکرێتەوە، ” سنوور بۆ خۆویستی دابنرێت” واتە لە ناو ببرێت.

ئەو دێڕانەی “الحصری” تەواو هاوتایە لەگەڵ ئەوانەی سەدان ساڵ پێشتر لە لایەن ئیبن ئەسیر و تەبەری و خالیدی کوڕی وەلیدەوە وتراون. لەگەڵ یەک جیاوازیدا: ئەوەی “الحصری” هەستی ناسیۆنالیزمی بۆ سەرباری هەستە ئایینییەکە کردووە، واتە کاریگەرتریشە. لە کارەکانیشیدا ئەم ڕاستییە دەردەکەوێت.

بۆ نموونە، لە یادەوەرییەکانیدا دان بەوەدا دەنێت کە لە ژێر فشاری کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی لە سەر وەزارەتی خوێندن، پلانی دانا کە چەند قوتابخانەیەک لە ناوچە کوردییەکاندا بە زمانی کوردی بکرێنەوە.

بە شانازییەوە باس لەوە ئەکات چۆن چوار کەسیەتیی ئاینی و لێهاتووی کوردی وەکوو لێژنەی زمانەوانی و سەرپەرشتیاری پرۆژەکە دەستنیشان کرد.

ئەڵێ دوایی توانیم بەو بیانووەی زمانی کوردی زمانێکی گونجاو نیە بۆ قورئان ودینی ئیسلام پرۆژەکە هەڵوەشێنمەوە(٤٢).

جەماڵ نەبەز (٢٠٠٥) ئەفەرموێت بیانووی ئایین جارێکی دی بەکار هێنرا بۆ ئەوەی زمانی عەرەبی بە زۆر بە سەر کورددا بسەپێت و زمان و شوناسنامەی لەناو ببرێت (٤٣).

لە گەڵ ئەوەی ڕاپۆرتی پشکێنەرەکانی قوتابخانە، ساڵانە جەختیان لە سەر ئەوە کردووە

کە چۆن سەپاندنی زمانی بێگانە و نەزانینی زمانی عەرەبی، کاریگەریی کردووەتە سەر خوێندکاران و ناتوانن لە وانەکاندا سەرکەوتوو بن، هەندێکیان باس لە ناچاربوونی بەجێهیشتنی خوێندن ئەکەن (٤٤).

ئەمەش کە بڕگە یاسای سێ لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی جێنۆساید بەرجەستە ئەکات “قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی نەتەوەیی لە شوێنی گشتی و تایبەتدا” (٤٥) .

ئەم بڕگەیاسایە زیاتر خۆی دەسەپێنێت کاتێک وەڵامی لایەنی عەرەبی ئەوە بووە کە کورد خۆیان کەمتەرخەمن، دایک و باوکەکان پیویستە لە ماڵەوە بە عەرەبی قسە بکەن بۆ ئەوەی مناڵەکانیان فێر ببن (٤٥).

واتە پاش ئەوەی جینۆسایدی کولتوورییان بردووەتە نێو بواری گشتی و دەزگایییەوە و هەوڵی ئەوەیان داوە ببرێتە بواری تایبەتی و ئەتمۆسفێری خێزانیشەوە. ئەمەش ناکرێت بە پلانی ڕامیاری وەرنەگیرێت، چون بواری تایبەت فاکتەرێک بووە کە کورد لە ڕێگەیەوە کولتووری خۆی پاراستووە و لە خێزانەوە فێری زمانی کوردی بووە.


“الحصری” لە کتێبەکەیدا، “بۆچوون و گفتوگۆ سەبارەت بە ناسیۆنالیزم” (١٩٥٧) ئەنووسێت، هەر نەتەوەیەک زمانەکەی لەدەست بدات، ژیانیشی لەدەست ئەدات (٤٤)[ii].

بۆیە کاتێک یەکەم بەرنامەی لە عێراقدا بە فەرمی چاندنی جینۆسایدی زمانی کوردی بوو، لە هۆشیاری و زانینەوە بوو، لەو هێزەی فۆکۆ بە پەیوەندیی نێوان هێز و زانست یان هۆشیاری بەرجەستەی ئەکات (٤٥) نەک تەنها لە هەستێکی نەژادیی کوێرانە.

جینۆسایدی زمانەوانی، کورتترین و ئاسانترین ڕێگەیە بۆ لەناوبردنی نەبینراو و دۆکیۆمێنت نەکراوی کۆمەڵی ئامانجکراو، بە تایبەت ئەگەر ئەو کۆمەڵ و نەتەوەیە، هۆشیاریی ئەرشیڤکردن و دۆکیۆمێنتکردنیان، وەکوو کورد لاواز بێت. ڕوودانی ئەم جینۆسایدە و مانەوە و بەردەوامیی ئەم جینۆسایدە، دەیان هۆکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی، دەروونی و کولتووریی لە ناوئاخندا هەڵگرتووە، کە باس کردنیان لە دەرەوەی توانای یەک بابەتە.


دەرئەنجام

بە شێوەیەکی بەربڵاو دەبینین کورد کە باسی جینۆسایدەکانی خۆی دەکات، ئاماژە بە ساڵانی هەشتاکان دەکات، ئەویش لەبەر ئەوەی زیاتر لە فۆرمی جینۆسایدی جەستەیی تێدەگات.

لە کاتێکدا کورد ڕووبەڕووی درێژخایەنترین جینۆسایدی کولتووری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بووەتەوە. لە بەر ئەوەی شێوە، ڕێباز و هەژموونی داگیرکاری و جینۆساید هاوبەشن، لەگەڵ داگیرکاریدا جینۆسایدیش ئامادەییی هەیە.

گەر جینۆسایدی جەستەیش نەبێت، هەمیشە جینۆسایدی کولتووری بەشێکە لە ئامانجی داگیرکار. بۆیە کورد بە بەڵگەوە لە سەردەمی داگیرکاریی ئیسلامەوە، جینۆسایدی کولتووری ئەزموون ئەکات، (گەرچی خۆشی پەسەندی کردبێت).

هەر ئەو ڕێباز و تەکنیکانەی ڕێبەرانی ئیسلام بەکاریان هێناوە لە سەپاندنی جینۆسایددا، ناسیۆنالیزمی عەرەبی پەرەی پێ داون و بەکاری هێناون بە سەربارکردنی هەستی نەتەوەچییەتی بۆ سەقامگیرکردنی جینۆسایدی کورد.

بە تایبەت لە ژیر سایەی فەرمانڕەواییی عێڕاقدا لە یەکەم مانگی فەرمانڕەوایی عەرەب لە ساڵی ١٩٢١ و سەردەمی شانشینی، ناسیونالیزمی عەرەبیدا، بە فەرمی، لە نێو دەزگاکانی میریدا، لە لایەن “ساطع الحصری” و فەیسەڵی یەکەمەوە جینۆسایدی کولتووریی کورد داڕێژراوە.

بەو نیازەی هەر نەتەوە و گرووپێک لە ڕووی سایکۆلۆژی و کولتوورییەوە داگیر کرا، ئیتر داگیرکردنی گشتی و جینۆسایدی هەمیشەیی ئاسان و مسۆگەرە.



سەرچاوەکان

  • Salih, Kaziwa, Genocide Culture: From Everyday Cultural Doxa and Ethnic Engineering to Genocide of Kurds in Iraq. (Unpublished doctoral dissertation). Queens’ University, Kingston, Canada, 2020.
  • Lemkin, Raphael. Axis Rule in Occupied Europe: Laws of Occupation, Analysis of Government, Proposals for Redress. Clark: The Lawbook Exchange, Ltd., 1933 [2005].
  • Salih, Genocide Culture, 2020
  • Corntassel, Jeff “Toward Sustainable Self-Determination: Rethinking the Contemporary Indigenous-Rights Discourse”. Alternatives: Global, Local, Political. 2008, 33 (1): 105–132.
  • Ibid
  • Salih, Genocide Culture, 2020
  • Moses, A. Dirk. “Empire, Colony, Genocide” In: Empire, Colony, and Genocide: Conquest, Occupation and Subaltern Resistance in World History, ed. A. Dirk Moses, 3-54. New York: Berghahn Books, 2008.
  • United Nations Declaration on the Rights of Indigenous Peoples. 2007.https://www.un.org/development/desa/indigenouspeoples/wp content/uploads/sites/19/2018/11/UNDRIP_E_web.pdf. See also: United Nations High Commisioner for Human Rights .2006. “1994/45. Draft United Nations Declaration on the Rights of Indigenous People”.
  • http://pdba.georgetown.edu/IndigenousPeoples/UNdraft.html.
  • Charters, Claire. “The Rights of Indigenous Peoples.” New Zealand Law Journal (October 2006): 335–337. http://www.converge.org.nz/pma/cc001006.pdf
  • Ibid
  • Morsink, Johannes. “Cultural Genocide, the Universal Declaration, and Minority Rights”. Human Rights Quarterly. 1999, vol. 21, No. 4, pp. 1009- 1060.
  • Salih, Genocide Culture, 2020
  • Ibid
  • Woolford, Andrew. This Benevolent Experiment: Indigenous Boarding Schools, Genocide, and Redress in Canada and the United States. Winnipeg: University of Manitoba Press, 2015.
  • Gerstenblith, Patty. The Destruction of Cultural Heritage: A Crime against Property or a Crime against People? 15 J. Marshall Rev. Intel prop. L., 2016.
  • Lemkin, Axis Rule in Occupied Europe، 1933 [2005].
  • Short, Damien. “Cultural Genocide and Indigenous Peoples: A Sociological Approach.” The International Journal of Human Rights. 2010, vol 14, no. 6: 833-848. See also: Morsink, Johannes. Cultural Genocide, the Universal Declaration, and Minority Rights, 1999).
  • Vaglieri, Laura Veccia. “The patriarchal and Umayyad caliphates”. In The
  • Cambridge History of Islam, Volume 1A. Cambridge University Press, 1977.
  • Salih, Genocide Culture, 2020.
  • Ibn al-Athir, Izz al-Din & Tornberg, Carolus Johannes. Al-Kamil fi ‘al-Tarikh (9 volume set) (Arabic). Beirut: Dar Sadir 1967; as-Sallabi, Ali Muhammad .2007. “Umar Ibn Al-Khattab His Life & Times” London: International Islamic Publishing. 2. https://archive.org/details/Umar-ibn-al-khattab-volume-2–visit–Alhamdulillah-library.blogspot.in.pdf/page/n249; Al-Tabari, Abu Ja’far Muhammad b. Jarir. Tarikh al- Tabari (Arabic) (The History of al- Tabari). Beirut: Dar Ibn Hazm, 2014.
  • Salih, Genocide Culture, 2020
  • Al-Huqail, Abdullah bin Hamad .2012. “Arabic language in the eyes of scientists, writers and orientalists”. Al-Jazirah. (Retrieved October 29-2018).http://www.al- jazirah.com/2012/20121227/cu7.htm.
  • Bourdieu, Pierre The Logic of Practice. Translated by Richard Nice. Cambridge:
  • Polity Press, 1990.
  • Ibid
  • Salih, Kaziwa “Kurdish Linguicide in the “Saddamist” State”. Genocide Studies International. 2019, (13) 1, 34-5.
  • Talabany, Nouri. Arabization of the Kirkuk Region. Uppsala: Kurdistan Studies Press, 2001.
  • Salih, Genocide Culture, 2020.
  • Kahn, Margaret. Children of the Jinn: In Search of the Kurds and Their Country
  • Paperback. New York: Seaview Books, 1980.
  • Leha online. “34 Iraqi zhaia rasas alakrad” 2003. Retrieved October 2018.
  • http://www.lahaonline.com/articles/view/5476.htm.
  • Salih, Genocide Culture, 2020.
  • Atarodi, Habibollah. Great Powers, Oil and the Kurds in Mosul: (Southern Kurdistan/Norther Iraq), 1910-1925. Lanham, MD: University Press of America, 2003.
  • Ibid
  • Al-Husri, Sati’ fi alwataniat walqawmiat. Beirut: dar aleilm lilmalayin, 1961. See also, Al-Husri, Al-Aruba Awalan [The Arabism First] (Beirut: Markaz Drasat Alwhda Alarabia, 1958).
  • Salih, Genocide Culture, 2020.
  • Al-Husri, The Arabism First 1958
  • Salih, Kaziwa, Instigation of Kurdish Cultural Genocide with Formation of Turkified-Arab Nationalism in Iraq”. Studies in Ethnicity and Nationalism (SEN). October 2020. (forthcoming).
  • Al-Husri, The Arabism First 1958
  • Atarodi, Great Powers, Oil and the Kurds in Mosul, 2003
  • Adeed، Dawish, Arab Nationalism in the Twentieth Century: From Triumph to Despair. Princeton: Princeton UP and Oxford UP, 2003.
  • Salih, Genocide Culture, 2020. See also: Salih, “Kurdish Linguicide in the “Saddamist 2019.
  • Nebez, Jemal. The Kurdish Language from Oral Tradition to Written Language. London: Western Kurdistan Association, 2005.
  • Salih, “Kurdish Linguicide in the “Saddamist” State”, 2019.
  • United Nations Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Appendix 4: Adopted by Resolution 260 (III) A of the United Nations General Assembly on 9 December 1948.
  • Yawer, Aziz. Altalim w fsol mn Tarix Altalim fi Khanaqin. Kurdistan: Hamdy Printing & Publishing cooperation, 2009.
  • Al-Husri, Sati’ fi alwataniat walqawmiat. Beirut: dar aleilm lilmalayin, 1961
  • Salih, Instigation of Kurdish Cultural Genocide,2020.


[ii] لە بەر ئەوەی سێ لێکۆڵینەوەم ( دوو لە سەر جینۆسایدی زمانەوانی و یەکێک لە سەر خوێندن و خوێندەوار بوونی کورد لە عێراقدا) بە ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە، لەوە زیاتر لە سەر زمان و خوێندن ناڵێم، خوازیارم ئەوانە ڕۆژێک وەرگێڕدرێن بۆ زمانی کوردی.