جەلال تاڵەبانی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
070205 .jpg

جەلال تاڵەبانی (بە ئینگلیزی: Jalal Talabani) کە لەلایەن گەلی کوردەوە بە مام جەلال ناوبانگی دەرکردووە، سەرکردەیەکی شۆڕشی گەلی کورد بووە و سکرتێری گشتی و دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

لە ساڵی 2005 پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی پێدرا، بەوەش بوو بە یەکەم سەرۆکی کوردی لە مێژووی سیاسی عێراقدا کە پۆستی سەرۆکی وڵاتی لەئەستۆ گرت، هەروەها یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مێژووی دروستبوونی عێراقەوە لە بیستەکانی سەدەی رابردوەوە.

جەلال تاڵەبانی یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی کورد لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی.

مام جەلال ناوی تەواوی جەلال کوڕی شێخ حیسامەدین کوڕی شێخ نوورەڵڵا کوڕی شێخ نوری کوڕی شێخ غەفوری کۆیی کوڕی شێخ ئەحمەد {باپیرە گەورەی شێخانی تاڵەبانی} کوڕی مەلا مەحمودی زەنگەنە کوڕی ڕۆستەم ئاغای قەرەداغی کوڕی یوسف ئاغای کاکەسورە، دایکی ناوی خەدیجەیە،

هاوینی ساڵی 1933 (هەرچەند لە ناسنامەدا 1934 نووسراوە)لە گوندی (کەلکان) ی قەتپاڵی چیای کۆسرەت لە دایکبووە، کە دەڕوانێتە دەریاچەی دوکان.

چەند ساڵێک تەمەنی منداڵی لەو گوندە بەسەر بردووەو دواتر باوکی بووە بە رێبەری تەکیەی تاڵەبانی لە کۆیە.

لەوێ چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی و بە سەرکەوتوویی خوێندنی تەواو کردووە، خوێندکارێکی زیرەک لێهاتوو بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نیشانەکانی سەرکردایەتی بە جۆرێ لێدەرکەوتووە کە پێش هاوڕێکانی دەکەوت بۆ کۆڕی پرسە و ئەو بۆنانەی لەو سەردەمەدا بەڕێوە دەچوون، بەیانیان لە کاتی ریزبوونی قوتابیاندا، مامۆستاکان پێش هەمووان ئەویان هەڵدەبژارد بۆ خوێندنەوەی شیعری نیشتمانیی و نەتەوەیی.

ساڵی 1945: ئاهەنگێکی میللی لە کۆیە بۆ نەورۆز سازکرا، تاڵەبانی کە لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو بەشداری تێدا کرد و وتەی حەماسئامێزی خوێندەوە، بووە مایەی سەرسۆڕمانی مامۆستا و بەشداربووان.

لە ساڵی 1946 دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خوێندکار و بەئامۆژگاری یەکێک لە مامۆستاکانی کۆمەڵەیەکی فێرکاری نهێنی دامەزراندبە ناوی (کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە) (K.P.X) و مام جەلال بە سکرتێری هەڵبژاردرا، ئامانجێکی کۆمەڵەکە هاندانی خوێندکاران بوو بۆ خوێندنەوەی دەرەکی.

لە هەمان ساڵدا و دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە16ی ئابی 1946 کەوتە ژێر کاریگەری بەرنامەی پارتی و لە چوارچێوەی رێکخستنەکانیدا کەوتە چالاکی خوێندکارانە.

دوای چوونە ناو کاری سیاسییەوە، رۆژنامەی (رزگاری) کە پارتی دیموکراتی کورد بە نهێنی دەریدەکرد، کورتە وتاری لەژێر نازناوی (ئاگر) دا بۆ بڵاو دەکردەوە.

ساڵی 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کورد و چالاک و لێهاتوو بوو لەو ئەرک و فەرمانە حزبیانەی پێی دەسپێردران.

ساڵی 1948 خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد و لە ناوەندی کۆیە بوو بە خوێندکار، ئەو ساڵە بە ساڵی (وەسبە) (راپەڕین) ناسرابوو، کە گەلی عیراق توانی پەیماننامەی (پۆرتسماوس) هەڵبووەشێنێتەوە و حکومەتی ساڵح جەبر بڕوخێنێ و حکومەتی محەمەد سەدر دابمەزرێنێو لەو کەش و هەوا ئازادیەدا کە لە سایەی ئەم (راپەڕینە) هاتە کایەوە، هەڵبژاردنێکی گشتی خوێندکاران ئەنجامدرا بۆ هەڵبژادنی نوێنەرانی کۆنگرەی گشتی.

ئەوە بوو جەلال تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندکارانی کۆیە هەڵبژێردرا و بەشداری لە یەکەمین کۆنگرەی خوێندکارانی عیراقدا کرد کە لە نیسانی 1948 لە گۆڕەپانی (السباع) ی شاری بەغداد بەسترا.

لەم کۆنگرەیەدا بۆ یەکەمین جار گوێی لە شاعیری مەزن (محەمەد مەهدی جەواهیری) بوو، کە شیعرە بە ناوبانگەکەی (رۆژی شەهید) ی خوێندەوە، کە بۆ جەع فەری برای و بۆ شەهیدانی وەسبە وتبووی.

ئەو ساتانە لە ژیانی تاڵەبانیدا مێژوویی بوون و وای کرد ببێتە یەکێک لە مریدەکانی شیعری ئەو و دواتریش بوو بە ئازیزترین دۆستی و ئەو دۆستایەتیە تا دوا ساتەکانی ژیانی شاعیر بەردەوام بوو.

ساڵی 1949 و لە سایەی حوکمی عور فی و تۆقاندن کە کوردستان و عیراقی گرتەوە، تاڵەبانی لە حزبدا سەرکەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە.

لە شوباتی 1951 دا و لە کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی هەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر پاراستنی ریزەکانی پارتی پلەکەی خۆی بە هەڤاڵێکی خۆی بەخشی کە دوای دەرچوونی لە زیندانی بەشداری لە کۆنگرەدا کردبوو.

لە ساڵی 1951 دا لەگەڵ چەند هەڤاڵێکدا گیراو بۆ شاری موسڵ دوور خرایەوە، لەوێش لە خەباتی سیاسیدا بەردەوام بوو و دواتر چووە کەرکووک بۆ تەواوکردنی خوێندن و سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی رێکخستنەکانی حزب و بووە بەرپرسی رێکخستنەکانی کەرکوک. لە هەمان ساڵیشدا ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانی بە شێوەیەکی نهێنی گرتە ئەستۆ تا ئەو رۆژەی گیرایەوە.

ساڵی 1952 چووە کۆلیژی ماف (حقوق) لە بەغداد کە ئەو دەمە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کورد پەرتەوازە بوو، بەڵام مام جەلال توانیی رێکخستنەکانی حزب تۆکمە بکاتەوە.

لە کانوونی دووەمی 1953 دا بەشداریی کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە مانگی شوباتدا سەرپەرشتی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی کرد و لە کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی قوتابیانی کوردستان هەڵبژێردرا و لە هەمان ساڵیشدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی (یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان)، هەر لەو کاتانەدا نوێنەری پارتی بوو لای زۆربەی حزبە نهێنێ و ئاشکراکانی عیراقی.

ساڵی 1954 بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

ساڵی 1955 سە فەری دەرەوەی عیراقی کرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی لە وارشۆ بەشداری کرد و لەوێوە سەردانی یەکێتی شوورەوی ئەوسا و چینی کرد.

ساڵی 1956 لەبەر چاوان ون بوو، کەوتە خەباتی ژێر زەمینی و ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی ما فدا خوێندن بەجێبهێڵێت.

ساڵی 1957 سە فەری سوریا و مۆسکۆی کرد و لە فیستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی مۆسکۆ بەشداری کرد و هاتنی بۆ سوریا بە فرسەت زانی بۆ پەیوەندی بە کوردەکانی ئەوێوە و پەیوەندیەکی سیاسی دروستبوو.

لە هەمان ساڵیشدا گەڕایەوە عیراق و بەشداری لە کارەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی یەکگرتوو کرد و بوو بە بەرپرسی رۆژنامەی (خەباتی کوردستان) کە لە سلێمانی بە نهێنی دەریان دەکرد.

لە یەکەمین رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی 14/ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێکخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی کرد و بە هاوکاری هەڤاڵانی حزب لە نێو شاردا، پاشان چووە بەغداد و بەشداریی لە کاروباری مەکتەبی سیاسی و دەرکردنی گۆڤاری (رزگاری) (التحریر) دا کرد، هەروەها ئەرکی ئەو خەباتەی لە ئەستۆ گرت کە لە نێو ریزەکانی حزبدا فراوان دەبوو، وەک پێویستییەکی بوونی حزبێکی پێشڕەوی کوردستانی و رێکخراوە پێشەییەکان بەرهەڵستکاری کردنی ئەو هەوڵانەی کە دەیانویست پارتی دیموکراتی کوردستان بکەنە پاشکۆی حزبێکی عیراقی.

ساڵی 1959 جارێکی تر بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا و لە هەمان کاتدا ئە فسەری یەدەکی کەتیبەی چوارەمی تانک بوو، هەروەها بەشداری لە دەرکردنی رۆژنامەی (خەبات) دا دەکرد کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، وە بە ناوی (پیرۆت) ەوە وتاری تێدا بڵاودەکردەوە.

ساڵی 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو کە خولێکی هۆشیاری بۆ کادێرەکان کردەوە.

ساڵی 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی (کوردستان) و دوای داخستنی رۆژنامەی خەبات دووچاری راوونان بوو لە بەغداد، بەڵام لە شەوی نەورۆزی هەمان ساڵدا وتارێکی دژی دیکتاتۆریەت خوێندەوەو بەرگری لە بارزانی خوالێخۆشبوو کرد کە ئەو سەردەمە قاسم کۆمەڵێک تاوانی دابۆوە پاڵ لە ئەنجامی ئەوەدا فەرمانی گرتنی دەرچوو و بە نهێنی گەڕایەوە سلێمانی و خۆی شاردەوە و بەشداری لە رێکخستنی مانگرتنی گشتیدا کرد کە لە شەشەی ئەیلوولدا کرا.

لە ئەیلولی 1961 دا کە شۆڕش هەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو، یەکەمین بنکەی شۆڕشی لە چەمی رێزان کردەوە و سەرپەرشتی کرد و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی لیوای سلێمانی کرد تا وای لێهات زۆر فراوان بوو و بووە هێزێکی گەورە، ئەوە بوو کرا بە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە نەورۆزی 1962 دا، سەرکردایەتی ئەو هێڕشە بەر فراوانەی کرد بۆ سەر ناوچەی شارباژێڕ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەست بەسەر هەموو بنکەی پۆلیسی ناحیەی بناوەسووتە و چوارتادا گیرا و هێزەکانی بەرەو قەزای پێنجوێن برد و تەواو ناوچەکەیان ئازاد کرد.

بەم شێوەیە هەردوو ناوچەی شارباژێڕ و پێنجوین بوونە دوو ناوەندی شۆڕش و سەرکردایەتی. لە 1962 1963 زۆربەی ناوچەکانی قەرەداغ و قەڵاسێوکە و گەرمیان و سەنگاو ئازاد کران.

ئەو دەمە مام جەلال فەرماندەی هێزی رزگاری بوو، لە هەمان کاتیشدا سەرپەرشتی دامەزراندنی ناوەندەکانی بەمۆ و هەڵەبجە و تەوێڵە و بیارەی دەکرد.

ساڵێ 1963 و دوای کودەتا رەشەکەی شوبات، مام جەلال بە سەرۆکی وە فدی کوردی دەستنیشان کرا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی تازەدا کە لە سەرتادا رەزامەندیان لەسەر گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی رەوای کورد نیشاندا، هەروەها سەردانی کۆماری میسری و جەزائیری کرد و چاوی بە عەبدولناسر و بن بێلا کەوت و لە هەمان ساڵیشدا سەردانی ئەوروپای کرد و نوێنەرایەتی شۆڕشی کوردستانی کرد و سەرکەوتوو بوو بۆ ناساندنی کێشەی کورد و ئاشکرا کردنی بارودۆخی کوردستان و کۆکردنەوەی یارمەتی و هاوکاری بۆ شۆڕش لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، روسیا، چیکسلۆ فاکیا و نەمسا.

ساڵی 1967 بەشداری لە کۆڕی (ئیشتراکیەکانی عەرەب) کرد لە جەزائیر و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بە پێزی دەربارەی کێشەی کورد و شەرعیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و دۆستایەتی نێوان کورد و عەرەب پێشکەشکرد.

ساڵی 1970 رۆڵی کاریگەری خۆی بینی لە یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناکۆکیەکی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا هەبوو.

ساڵی 1972 سە فەری دەرەوەی عیراقی کرد و ماوەیەک لە لوبنان و میسر و سوریا مایەوە و دوای رووخاندنی شۆڕشی کورد کە لە ئەنجامی رێکەوتننامەی نێوان سەدام و شای ئێران لە ئاداری 1975 لە جەزائیر ئیمزا کرا، تاڵەبانی هەر لەو ناوچانەدا مایەوە.

لە 01-06-1975 لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەک لە هەڤاڵانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراند و نەخشەی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ دانا کە لە 01/ی حوزەیرانی 1976 راگەیەنرا و بووە سکرتێری گشتی یەکێتیی.

لە ساڵانی دوای دامەزراندنی یەکێتی لەسەر چالاکی سیاسی و سەرکردایەتی حزب و شۆڕش بەردەوام بوو لەگەڵ هەڤاڵەکانی لە چیا و ئەشکەوتەکانی کوردستاندا دەژیا.

لە 06/نیسانی 2005، مام جەلال 227 دەنگی لە کۆی 248 دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی عیراقی بە دەستهێنا و بە هەڵبژاردنێکی راستەوخۆ بە یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێراوی عیراق هەڵبژێردرا.

کۆچی دوایی

لە 03-10-2017 لە ئەڵمانیا بەهۆشی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات، دوای سێ ڕۆژ لە کۆچی دوایی دەگەڕێنرێتەوە بۆ سلێمانی و لە گردی دەباشان بەخاک دەسپێردرێت.