جەمال جەلال حسێن (شێخ جەمالی کربچنە)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Capture 05122021 122220.jpg

جەمال جەلال حسێن ناسراو بە شێخ جەمالی کربچنە، لەساڵی 1952 لەگوندی کربچنە لەدایکبوەو ژیانی هاوسەری پێکهێناوەو پێنج منداڵی هەیە. حەزی جەمال بۆ کشتوکاڵکردن هەر لەمنداڵیەوە دەستیپێکردوە و ماوەی چەند ساڵێکیشە چەندین بەرهەمی ناوازەی کشتوکاڵی زستانە و هاوینەی خستوەتە بازاڕەکانی کوردستانەوە. دەڵێت (توانیومە داهێنان لەکەرتی کشتوکاڵدا بکەم).

تازەترین کاری ئەم جوتیارە، چاندنی 40 جۆر تەماتەیە بەڕەنگ و قەبارە جیاواز، ئەو سەرقاڵی ئاودانی سەتڵی تەماتەکان بوو کەتازە رواون، وتی (ئەم کارەم بۆ ئەوەیە تابزانم خاک و ئاوو هەوای ناوچەکە بۆ کام جۆری تەماتە لەبارە، تا لەساڵانی داهاتودا لەو جۆرە بەرهەمبهێنم).

جەمال حسێن، لەناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردوەوە لەگەڵ باوک و براکانی دەستیکردوە بەکاری کشتوکاڵی، ئەوەش بەقوتابخانەیەک دەزانێت بۆ خۆی.

120847.jpg

لەپاش راپەڕینی ساڵی 1991ی خەڵکی کوردستان دژی رژێمی بەعس، جەمال لەگەڵ کەسوکارەکەی دوبارە دەگەڕێتەوە زێدی باو و باپیرانی و دەستدەکاتەوە بەکشتوکاڵکردن.

وتی (ئەمجارە بەشێوازێکی پێشکەوتوو مۆدێرن، چەندین بەرهەم و سەوزەی کشتوکاڵیمان بەرهەمهێنا و دەیان توێژینەوەم سەبارەت بەو بەرهەم و سەوزە کشتوکاڵیانە کرد کەبەرهەمی دەرەکین و هاوردەی بازاڕەکانی هەرێم ناکرێن).

0004 (2014.jpg

بەوتەی خۆی، ئەو یەکەمین کەسە لەهەرێمی کوردستان، بەهۆی گێڵگەکەیەوە چەندین سەوزەو کشتوکاڵی هاوینە و زستانەی جیاوازو دەگمەنی بەرهەمهێناوە کەخۆی لەمانەدا دەبینێتەوە؛ گۆڵدن بێری، برۆکلی، سڵق و تەماتە، لۆبیاو فاسولیا و کولکە، لەگەڵ چاندن و بەرهەمهێنانی شەش جۆر کاهودا.

لەنێو ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی بەرهەمیهێناوە، زیاتر پێیخۆشە باس لەبەرهەمهێنانی برۆکلی، گوڵدن بێری، لێدانی تەماتە لەسەر پەتاتە و لێدانی کولەکە لەسەر خەیار بکات.

ئەم جوتیارە وتیشی (لەساڵی 2009دا بڕۆکلی و لەساڵی 2010دا گۆڵدن بێریم بەرهەمهێنا، هەرچی لێدانی تەماتە لەسەر خەیار هەیە، ئەگەرچی لەسەرەتادا نەمتوانی تێیدا سەربکەوم، بەڵام دوای سێ ساڵ بەهۆی ئەزمون و چڕبونەوەم توانیم لەم کارەشم سەرکەوتن تۆماربکەم، ئەم بەرهەمە بەجۆرێکە بەشی سەرەوەی تەماتە بەرهەمدەهێنێت و بەشی خوارەوەشی پەتاتە.


جەمال حسێن رونیکردەوە، مەبەست و ئامانجی تەنیا ئەوەیە ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانە بەرهەمبهێنێت، لەبازاڕەکانی کوردستاندا بونیان نیە‌، بۆئەوەی لەدەرەوە بەنرخێکی گران هاوردەنەکرێن.

داهێنانەکانی ئەو جوتیارە نەبوەتەهۆی ئەوەی حکومەت ئاوڕی لێبداتەوە و ئەوەی زیاتر نیگەرانی کردوە ئەوەیە وەکو جوتیارێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

سەرچاوە: هاولاتی