جەندەر و زمان.. سێکسیزمی شاعیرانە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
کازیوە ساڵح.jpg

نووسینی: پرۆفیسۆر کازێوە ساڵح

فێربە هەر کاتێک پیاوێک بە نزمی باسی ژنێکی کرد، پێێ بڵێ لە کەیەوە عاشقی ئەو ژنەیت

سێکسیزم بە واتای هەڵاواردنی ڕەگەزی یان جەندەری دژی ڕەگەزی بەرانبەر بە کار دەهێنرێت و دەبێت بە هۆی ئازاردانی ڕۆحی، سایکۆلۆژی و عەقڵی و ڕوشانی کەرامەتی مرۆڤ .

ئەم چەمکە لە رەسیزم وەرگیراوەو لە لایەن پۆلین لی ، ساڵی ١٩٦٥ هەزار و نۆسەد وشەست وپێنج داهێنراوە.

1- بۆ ئەوەی پێناسەی ئەو هەژموونی هەڵاواردنەی پێ بکات لە چوارچێوەی " هزر و کردار کە بە زماندا ڕۆچووە و کەم بوون و نزمتریی ژن ئەکاتە ئامانج"

2- سكێسیزم بۆ داخۆیانی هەردوو ڕەگەزە ، بەڵام لە جێبەجێکردندا تەنها ژنیتێدا دەکرێت بە ئامانج.

زۆربەی زمانەکانی جیهان سێکزیمی تێدایە بەڵام زمانی کوردی لە ڕێزی پێشەوەی توندوتیژترینیان.

بە ئاستێک هەموو ' یزم' ەکانی سێکسوالیزمی بڕیوە گەیاندویەتی بە پانسێکشوالیزم و ئیکوێنەفیڵیا وەکو پێشتر ئاماژەم بۆ کرد.

هەر یەک لەم چەمکانە کۆمەڵێک گرفتی دەروونی و پەشمەی مۆراڵی لە یەخەی شوناسنامەی کۆمەڵگەیەک ئەدەن.

20160609 161551.jpg

گەر بە تێڕوانێنێکی تیژپەڕ بە نێو ئەدەب و گۆرانی کوردیدا گوزەر بکەین، تێ دەگەین نەک پزیشک بەڵکو کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە گەورەترین نەخۆشخانەی دەروونی تایبەتە بە دەردە زایندەییەکان-سێکسیزەکان.

تا سنوورێک ئەگەر وەکو هەموو زمانە جیهانیەکانی دی هەلی بە جیهانی بوونی بۆ هەڵکەوێت ، هەرگیز ناتوانێت وەریبیگڕێت بۆ زمانە زیندووەکان و بندێڕ بخاتە سەر ڤیدیوکان؛ یان وەکو شیعرەکانی ڕۆمی بە زمانی بێگانە زیاتر بوترێتەوە. نەبوونی کەمترین سنوورەکانی مۆراڵ لە ناو نووسینی کۆمەڵگەیەکدا کە مۆراڵ گرێ ئەدات بە هەموو نواندنێکی ژیانەوە ، کاریکی سروشتیە، لەو سۆنگەوەی لە هەر شتێکدا قەیران هەبوو باسی ئەو شتە زۆر ئەکرێت.

ئەم بابەتە چەق لە سەر دیدەبینی شاعیرەکان دەبەستێت و ژمارەی ئەوانەش دەکەونە بازنەی ئەو زمانە سنوورە بەزێنەوە هێندە بێ شومارن ڕێزبەند ناکرێن.

جگە لەوە پێم خۆشە ناوی جۆڕێکیان بهێنم کە خاوەنی کاریگەرین لە سەر کۆمەڵگە ، تایبەتریش ئەو دوانە هەڵدبژێرم کە لە هەمووان زیار خۆێنەریانم ئەوانیش' مەحوی ونالی ' ین .


لە نووسینەکانی ترمدا باسم له ‌هه‌ڵوێستێکی له‌و جۆره‌ی نالی شاعیر کردووه ‌به‌رانبه‌ر مه‌ستوره‌ی کوردستانی و بریندارکردنی به‌نووکی زمانێکی چه‌قۆ ئاسا، نه‌ک له‌پێناوی شه‌ڕێکی ئایدیالیزمدا به‌ڵکو له‌میانه‌ی ناکۆکییە خێڵه‌کیەکانی هه‌ردوو ئیماره‌تی بابان و ئه‌رده‌ڵاندا واتە لە پێناو شەڕێکی ئیدۆلۆژی خێڵەکی.

زمانی نالی ده‌که‌م به‌نموونه‌ چونکه ‌نالی ته‌نها شاعیرێكی کورده‌ هێنده‌ی ناوبانگی خۆی، ناوبانگی به‌"حه‌بیبه‌"ی دولبه‌ری به‌خشی، ئەمەش ئه‌و خاڵه‌یە کە سه‌رساممان ده‌کات و ده‌مانباته ‌ژێر ساباتی شیعره‌کانیەوە. نالی لە کاتێکدا لە دێڕێکی وەکو ئەمەدا:

دەستم لە یەخەی خۆت هەڵمەگرە ئەی ( حەبیبە) وا بزانە خوێنی خۆمە، یان میننەتی ڕەقیبە

خوێن و ڕۆح پێشکەش بە ژنە خەیاڵێکە ئەکات. لە هەمان کاتدا جەستەی ژنە نووسەری کورد' مەستوورە' ئەکات بە ساتێکی پۆرنۆگرافی و خۆشی بەخش وەکو مرۆڤێکی پانسێکسیزم نوێنەرایەتی خودی خۆی ئەکات. بەشێکی بچووک وەکو بەڵگە ئەمەیە .

مەستوورە كە حەسنا و ئەدیبە بە حیسابێ

هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێك و عیتابێ

هاتوم، وتی، عوقدەم هەیە، قەت مومكین وا بێ؟

هیی تۆم، ئەگەر مەسئەلە حەل كەی بە جەوا بێ

داڕشتنەوەی جەستەی مەستوورە بە زمانی پۆرنۆ بە شێوەیەکی پاسیڤ.

جەستەیەکی بێچارە و سوتاو و گەڕاو بۆ فریاڕەسێک ئاگری شەهوەتی بکوژێنێتەوە.

لە نێو سەرجەم پیاوانی ئەردەڵان وباباندا پەنا دەباتە بەر ' ناوگەڵی' شکۆداری ' نالی' بۆ ئەوەی لوتف بفەرموویت و بەزەیی پێدا بێتەوە و لە گەڵ جووت بێت و بەوەش کێشەی ' عوقدە' گرێ سێکسیەکانی بۆ چارەسەر ئەکات و'مەسئلەی بۆ حەل بکات بە جەوابێ'.

دێرەکانی پاش ئەم کۆپلەیەش زۆر لەوە زیاتر درێژە ئەدات بە یاری سێکسزیمی زمانەوانی بە مۆراڵ و بوونی مەستورە وەکو ژنێک کە ناوهێنانی و لێدانی ناوهێنان و لێدانی خێڵەکەشی ئەکات.

بە ئاگام لەوەی بوونی حەبیبە لە ژیانی نالی دا جاریەک وەکو راستی وجاریەک وەکو خەیاڵ شرۆڤە کراوە.

ئەم پەلاماردانە ناپەسەندە گریمانەی خەیاڵ بوونی حەبیبە زیاتر ئەکات.

پێ ناچێت کەسێک بتوانێت هەتا ئەو ئاستەی لە شیعرەکاندا دەرئەکەوێت عاشق بێت و جوان نووس بێت.

لە هەمان کاتدا بتوانێت بکوژ بێت ، واتە بتوانێت ببێت بە بکوژی ژنێک یان کوشتنی ژنێک ئاواتبخوازێت، چوون لە لایەک، کوشتنی کەرامەت وکوشتنی جەستە هەردوو کردەی بکوژیە ، ئەکرێت یەکەمیان سەختر بێت ؛ لە لایەکی دی، ئاشکرایە هەتا ئەمڕۆش کارێکی لەو جۆرە بەرانبەر مەستوورە کراوە کوشتنی ژنی لێ ئەکەوێتەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

لای من ،لە یەک دۆخدا ئەو عەشق نالکی بوونی حەبیبە باوەڕ پێکراو ئەبێت ئەگەر حەبیبەکەی خەیاڵی نالی لە بنەمادا مەستوورە بێت.

چوون پیاوی خۆرهەڵاتی تەنها کاتێک پەنا ئەباتە بەر ئەو زمانە بازاڕی و مۆراڵە میللی و هۆزگرە بۆ کوشتنی ژنێک ، هەر فۆرمێک بێت کوشتنەکە، کە عاشقی ئەو ژنە بووبێت و ژنەکە هیچ بایەخێک بە هەستی ئەو نەدات و نە هێڵێت دەستی ئەوی پیاوی پێ بگات.

ئەو کردەیەش لای پیاوی ڕۆژهەڵاتی ئاسان و ئاسایی، چوون بە دەگمەن پیاوی تێدا بە خود پێگەیاندنەوە و و کەرامەت پێ گەیاندنەوە ماندووبێت، بۆیە کاتێک کەرامەتی خۆی و کەسێکی دیکەش بە با ئەدات، هیچ پێێ نازانێت. ئەو لە کولتوورێکدا ەئژی کەرامەت پێ گەیاندن بوونی نیە و لە گەڵ لە دایک بوونیشدا کەرامەتێکی دەستکردی ئەوانی دی پێ بەخشراوە.

مه‌حویش کە وەکو نالی بە پەیامبەری شیعری کوردی ناسراوە.

ناکۆبوونی هزر و بیرمەندی مەحویش پاڵنه‌رە بۆ ئه‌وه‌ی تەنها شاعیری شیعر و جوانی نەبێت ، بەڵکو شیعر سەرەتاتاتکێ دەرگای سوڵتان و هۆزی پێی کردوە، نه‌یتوانیوه‌ خۆی له ‌هۆشیاری هۆزگه‌ری و میللیگه‌رایی ڕزگار بکات به‌رانبه‌ر به‌ڕه‌گه‌زەکەی تر و وەکو هەموو مرۆڤێکی ناوکۆ نه‌بێت به‌به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌سته‌واژه‌ی مردووە.

نموونه‌ی ئه‌و زمانه بێ بەها و ‌مردووه‌ی له‌م دێڕه‌شیعره‌دا ده‌ریده‌بڕێت:

هه‌ی له‌ژن که‌متر! موعططه‌ل بۆچی؟ نه‌ی ژه‌ن! لێده ‌نه‌ی

ســــــــــاقیا ! ساقت شکێ، به‌س ڕابوه‌سته‌، بێنه ‌مه‌ی

ژن ' موعططەل ' ە واتە پەککەوتەیە ، وەکو هەموو ئامێرە کۆنەکان بێ کەڵک وپەککەوتەیە .

نەی ژەن بە دڵی سوپاسالاری شیعری شاعیر نەجوڵاوەتەوە و چوست وجالاک نەبووە ، ئەمەش کفرێکی هێندە گەورەیە نەی ژەن و مەی گێر ئەگەیەنێت بە ئاستی کەمی و بێ کەڵکی ژن.

نالی ومەحوی کە دوو سەرمایەی نیشتمانی کوردن ، لە دەیان ڕوانگەوە لوتکە شیعر و هزرمەندین.

ئەم دوو لوتکەیە مەلا و کەسانی ئاینی بوون و لە لای مەلا و فەقێ بوون بە خوێندەوار.

نالی ومەحوی لە ڕووی هەستی نیشتمانی و کورد بوون و ئاینیەوە پێویستە بکرێن بە نموونەی جوان بۆ وانە پێدانی ئەو مەلا و ڕێبەرە ئیانیانەی ئەمڕۆ خاوەنی هیچ جۆرە پیرۆزییەک نین و فیشەکی زمانیان تەنها بۆ ژن کارا نیە بەڵکو بۆ تێکشکاندنی هەموو پیرۆزیەکی مرۆڤ و نیشتمانەکەیان کارایە.

لە هەمان کاتدا ئەم دوو لوتکە بەرانبەر بە ژن وەکو زۆربەی مەلاکانی ئەمڕۆ و ئیسلامی داعش ئاکاریانکردووە و ژن لایان جەستەی شەهوەت ولە هەمان کاتدا شیاوی بە کەم زانین و بێڕێزی پێکردن بووە.

لە هەمووی گرنگتر ئەگەر شاعیرانی ناوبراو سەرمایە بن، ئەوا مەستورە سەرمایەیەکی نیشتمانی ئێجگار بەهادارترە، چوون لە سەردەمێکدا ڕووڕەش بوونی کوردی پاراستووە لە بۆشایی نەبوونی ژن لە بوارێکدا کە نووسینە ، هەتا ئەمڕۆش ئەو ژنانەی خۆیان لەم بوارە ئەدەن دەبن بە قوربانی.

بەڵام دواجار، لای من چاوەڕوانکراوە ئەو مرۆڤانەی زۆر لە ژێر کاریگەری ئایندان یان کتێبی ئاینین عاشقی خودا وعاشقی ژنن و دواجاریش نە لە گەڵ ئەو ڕاستن و نە لە گەڵ ئەم.

پێچەوانەی ئەو کەسانەی لە ژێر کاریگەری خودادان کە ئاینە نووسراوەکە ناکات وەکو حەللاج، ئەمانە بە ڕاستی عاشقی هەردولان، کوشتنی دووەمیش بە دەستی یەکەم، وەکو کوشتنەکەی حەلاجی خودا پەرەست بە دەستی موسڵمانی کتێب پەرەست و مرۆڤ پەرەست، شەڕی نێوان درۆ و ڕاستیە ، پەیوەندی ئەم دوانەیەش هەمان پەیوەندی نێوان نێری نووسەر وژن بەرجەستە ئەکات ، گەرچی هەر کەس پێناسەی جیاوازی بۆ درۆ وڕاستیش هەبێت.


سەرچاوەکان 1. Siegel, Daniel J. (February 16, 2015). The Wise Legacy: How One Professor Transformed the Nation. CreateSpace. p. 54.. Retrieved 12 September 2015.

2.Hornsby, Jennifer (2005). "Sexism". In Honderich, Ted. The Oxford Companion to Philosophy (2 ed.). Oxford. Defines sexism as "thought or practice which may permeate language and which assume's women's inferiority to men

3.دیوانی نالی

4. -دیوانی مەحوی لاپەڕە ٣٨٥