حۆریەکانی کۆبانێ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نوسینی: سەردار حەمەڕەش

478board01.jpg

تێبینی: ئەم وتارە سەرەتای 2016 نوسسیومە، لە کوردستان پۆستا بڵاوکراوەتەوە.


کاکە میرەی دارتاش لە دوای پەیکەری کەرێکی بۆیناخ لە مل، پەیکەری کچە، شەرەڤانێکی حۆریمان بۆدەکات. کاکە میرە کەوا تێگەشتبوو کەسانی بۆینباخ لەمل ڕۆشنبیرن، ئەوا وادیارە بەم کارەی نوێیەی، پێمان دەڵێت کە کچە شەرەڤانەکان حۆرین یان پەرین.

دوای ئەوەی نادیە موراد؛ ئەو کچە ئێزیدیەی کە ماوەیەکی زۆر وەک کۆیلە لەلایەن داعشەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرابوو، لە دەستی داعش هەڵهات، ئێستاکە وەک کەسێکی چاونەترس بە هەموو جیهاندا دەگەڕێت بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدیەکان، پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی عەرەبیش، بە ئەقڵی ڕۆژهەڵتی خۆیەوە وای دەزانی ئەم کچە بە دوای مێردا دەگەڕێت لەبەر ئەوەی ئابڕوی چوە یان کچێنی لە دەست داوە بۆیە ئامادەیی خۆی پیشان دا کە گوایە دەتوانێت ببێتە مێردی ئەو کچە.

کورد وتەنی ؛ کەرە لە کوێ کەوتویت و کونە لە کوێ دڕاویت. بە هەما ن شێوە ئەوەی کچە شەرەڤانەکان هەوڵی بۆدەدەن ئەوەیە کە وەک حۆری و پەری نەبینرێن و دووربن لە هەموو تێڕوانینێکی ڕۆمانتیک و و دینی، وەک کەسانێکی ئازادیخواز کە بەرگری لە نیشتمانەکەیان و لە مافی ئافرەتان دەکەن و مۆدێلێکی نوێ بۆ ئافرەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار دەکەن، بەلام وەک دەبینین کاکی میرە بە پەیکەرێک ڕیسەکەیان لێ دەکاتەوە بە خوری. لەبەر ئەوەی میرە وەک پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی ناتوانێت شەرەڤانان وەک خۆیان ببینێت، بۆیە دەیان کاتەوە بە حۆری و پەری باڵدار.

پێش ئەوەی بێینە سەر باسی پەیکەری حۆریەکەی کۆبانی، با چەند نمونەیەک بهێنینەوە لە هونەردا کە سادە و ساکاری و یەکجەمسەری فکری ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی ئیسلامی نیشان دەدەن، کە چۆن لە هەموو بوارێکی هونەریدا تینی بیرکردنەوەیان لە سەری لوتیان تێپەڕناکات، ئەم شێوازەش لە مۆسیقاشدا بە هەمان شێوەیە؛ ئاوازێکە پێک هاتووە لە دێڕێکی سادەی مۆسیقا، بە نۆتێک دەستپێدەکات و دەڕوات و هەر خێرا دەگەڕێتەوە سەر نۆتی دەستپێک، وەک ئەو باڵندەیەی کە ئوتانەپشتیم لە پاپۆڕەکەیەوە مەرەخەسی کرد بە مەبەسی ئەوەی ئایا زەوییەک ماوە لێێ بنیشێتەوە، لەبەر ئەوەی هیچی نەدۆزییەوە لەسەری بنیشێتەوە، هەرخێرا گەڕایەوە بۆ ناو پاپۆڕەکە..


میرە لەبەردرم پەیکەری کەرەکەیدا
میرە لەبەردرم پەیکەری کەرەکەیدا

کاتێک ڕواداوەکەی شارلی ئێبدۆ رویدا، لەهەموو جیهاندا، کەسانی هونەرمەند بە کارەکانیان هاوخەمی خۆیان بۆ شارلی ئێبدۆ دەربڕی، سەرنجی هەمو ئەو کاریکاتۆرانەم دەدا کە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی بەرجەستەیان کردبوو، هەمو کارەکانیان پێکهاتبوو لە ؛ خوێن، قەڵەم، دەفتەری خوێناوی و هیچی تر. بێگومان نمونەکان زۆرن من لێرەدا تەنها دوو نموونە دەهێنمەوە ؛

کاریکاتۆری ڕۆژهەڵاتییەک کاریکاتۆری ئەوروپایەک
کاریکاتۆری ڕۆژهەڵاتییەک کاریکاتۆری ئەوروپایەک


لە کاریکاتۆری هونەرمەندە ڕۆژهەڵاتیەکەدا، وەک هەموو هونەرمەندەکانی جیهانی ئیسلامی، هەر بەبینینی خێرا دەیخوێنینەوە. روداوەکەمان بە سادەیی وەک خۆی پیشان دەدات ؛ دەستێک. قەلەمێک، چەند دڵۆپێک خوێن. ئەم وێنەیە هیچ شتێکی ژیرانە ناوروژێنێت، هیچمان بۆ بەیان ناکات لەوەی دەیزانین کە بریتییە لە کەسێک کاری نوسین یان کاریکاتۆر بوە و توشی کارەساتێکی دژوار و خوێناوی بووە. ئەمەش زیاتر لە هەواڵی ڕۆژنامەکان دەچێت، نەک لێکدانەوە و تێڕامان و شیکردنەوە بۆ هۆکاری ڕووداوەکە. هیچ شتێکی زێدەترمان بۆ بەرجەستە ناکات لەوەی دەیزانین. دەستو قەڵەمەکەش بەشێوەیەک نەکراون کە شتێکی ترمان پێ بڵێت ؛ دەستێکی خاو و خلیچک کە هیچ مەسجێکمان پێ نادات. بەڵام ئەگەر باشتر وردببینەوە، دەبینین کە چەند دڕکێک لەسەر پاندانەکەیە و نوسەرەکە بە هۆکاری ئەو دڕکانە پەنجەی خوێناوی بووە. هەرچەندە زۆر گرنگی نەدراوە بەو دڕکانە و بۆچی لەویادان، بەڵام ئەمە بەرهەمی هزرێکە کە سەری لوتی تێ ناپەڕێنێت.

ئەگەر ئەم وێنەیە بکەین بە ڕستەیەک، ئەوا دەبێتە؛ دەستێک خۆی بریندار کردوە بە دڕکی پێنوسەکەی. بێگومان ئەمە مانا نزیکەکەیەتی، خۆ ئەگەریش مانا دورەکەی ببینین، دەبێتە ؛ ڕۆژنامەگەرەکان، یان کاریکاتۆریستەکان بەهۆی کارەکەیانەوە کە نوسینە، توشی کارەساتێکی خوێناوی بوون. بەڵام تێ ناگەین بۆچی هۆکاری ئەوکارەساتەی خستۆتە ئەستۆی قەلەمەکە ؟ ڕاستە بەهۆی کاریکاتۆرەوە توشی ئەو کارەساتە بوون چونکە بە مانا نزیەکەکی قەڵەمەکە هۆکارە لە بەر ئەوەی دڕکاویە، بە مانا دورەکەشی بەهۆی نوسینەوە توشی ئەو کارەساتەبون، لەهەردو بارەکەدا تێڕوانینێک و بۆچونێکی بەڕاستی ساویلکانەیە. سەرنج دەدەین چەندە فکرەیەکی ساکارە و هیچ قوڵبونەوەیەکی تێدا نیە و هیچ داهێنانێکی تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕوداوە کاریگەریەکی گەورەی هەبوو لەسەرهەموومان، بە جۆرێک هەمومانی ورووژاندبوو، بە جۆرێک خستبوینیەوە ناو گێژاوی بیرکردنەوە و توڕەبوون و هەندێک جار بیری سەرپەڕییش دەهات بە هزرماندا بەجۆرێک بێزاربوبووین.

وادیارە کاکی کاریاکتۆریست، بڕیاری نەداوە چی بکات لەبەر ئەوەی فکرەکەی لەوە و بەر هەبووە، فکرەیەکی ئامادەکراوە، وەک چۆن لە کوردستان بۆ تاقیکردنەوەی بەکالۆری ،مامۆستاکان ئینشایەکی زۆریان بۆ ئامادە دەکردین، هەندێک لە ئینشاکان بۆ چەند باسێک دەبوون، ئەم دیاردەیەش لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا باوبوو، هەمو خوێندکارێک چەند ئینشایەکی لەبەر دەکرد و وەزیری پەروەردەش ئاگاداری ئەمە بوو.

لە وانەشە وەزیری پەروەردە خۆشی داهێنەری چەند ئینشایەک بووبێت. ئەمە ئەوە دەگەیەنیت کە ئێمە پێش ئەوەی پرسیارێکمان لێ بکرێت لەسەر باسێک، وەڵامێکمان بۆ ئامادەکردووە کە وەڵامی کەسێک نیە بۆ پرسیارێک بەڵکو وەڵامی هەموومانە بۆ هەمان پرسیار، هەموومان پێکەوە هەمان وەڵاممان هەیە، ئەم دیاردەیەش بە پێی ئەقڵی دیکتاتۆری بە مانای ئەوە دێت کە هەموومان وەک یەک بیردەکەینەوە و بەو بۆنەیەوە کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوین. بۆیەکا کەسی ڕەخنەگر ڕێزی نییە لای ئەوان، ئەوکەسەشی بە جیاواز بیربکاتەوە بە لوتبەرز و لە خۆبایی لەقەڵەم دەدەن.

کاکی کاریکاتۆریست وادیارە بینەر بە کەڕوکوێر و بێ مێشک دێتە بەرچاوی، وەک ئەوەی هونەر بۆ ئەو ئەوە بێت کە لە تواناتا هەبێت وێنەی قەڵەمێک یان دەستێک بکێشیت.

ئەگەرکاری هونەرمەند ئەمە بێت ئەی جیاوازی لەنێوان من و ئەودا چیە؟ لەبەر ئەوەی ئەو دەزانێت نەخشی قەلەمێک بکات یان دەستێک ؟ نەخێر کاری هونەرمەند ئەوەیە کە ئەوەمان بۆ دەربڕێت کە من و تۆ بیرمان لێکردۆتەوە بەڵام نەمانتوانیوە دەریبڕین، خۆ هەموومان دەزانین کە ئەم دیمەنە هیچ هەستێکی بیرکردنەوە لای تۆی بینەر نابزوێنێت، بۆچی ؟ چونکا هونەرمەند خۆی بیری نەکردۆتەوە و هزری خۆی نەورووژاندووە بە گەران بە دوای وەڵامی پرسیارەکاندا، بگرە هەر پرسیاریشی لە خۆی نەکردووە؛ بۆچی ئەو کارەساتە رویدا ؟ دەرئەنجامی چی بوو ؟

ئایا ئەوانە خەتابارن ؟ ئایا مافی ئەوەیان هەبووە ئەو کارەبکەن ؟ من وەک هونەرمەند چ چارەسەرێک دەبینم ؟ چی بە بیرما هاتووە بە بیستنی ئەو ڕوداوە ؟ وەڵامەکەی هەر خێرا دەزانین ؛ نە چارەسەرە نە بیرکردنەوە، تەنها پیشاندانی ئەوە نەبێت کەوەک خۆی بیستومە، خەمباریشم خەمباریەکە کە هەموومان پێی ئاشناین و جیاوازی نیە لەگەڵ خەمباریەکی تر. وەک چۆن لە وڵاتانی عەرەبیدا هەر کارەساتێک ڕووبدات هۆکارەکەی دەزانین چیە، ئەگەریش ناڕەزایەکان هۆکاری بێکاری و برسیەتی بێت بەڵام بۆ ئەوان هەموو هۆکارەکان ئیمپریالیزم و سیۆنیزمە، ئەمە سادە و ساکاری فکری تاکی ڕۆژهەڵاتیمان بۆ دەردەخات لە کەڵچەری ئیسلامیدا، کە خۆیان خاوەنی بڕیاردان و بیرکردنەوە نین.

ئەمە کەڵچەرێکە کە هەر لە دێرزەمانەوە ڕێگەی لێ گرتوین لە بیرکردنەوە، ئێمە هەردەم بەوە فێربووین کە وەڵامەکان تەنانەت بۆ ڕوادوێکی شازیش هەر هەمان وەڵام بن. بێگومان لە وتارێکی ترمدا دێمەوە سەر ئەم هۆکارە کە بۆچی کەسانی کەڵچەری ئیسلامی بیرکردنەوەیان یەک جەمسەریە.

بەڵام کە دێینەوە سەر کاریکاتۆرەکەی تر کە هونەرمەندێکی کەنەدی کردویەتی، پۆستاڵێکە، بە یەکەم تێڕوانین وادەزانین پۆستاڵێکی عەسکەریە بەڵام کە لێی ورد دەبینەوە وانیە، ژێرەکەی بە قەڵەمی تیژ چێنراوە، وا خەریکە دوو تێرۆریستەکە پان دەکاتەوە، پۆستاڵەکە زیاد لە پێویست گەورەیەلە چاو دوو تێرۆریستەکە، قەڵەمەکان ژمارەیان زۆرە و ئێجگار تیژن، ڕیزکراون وەک سەرباز لەکاتی مەشقکردندا. تیرۆریستەکان زۆر بچوکن و لە چاو قەبارەی پۆستاڵەکە بە داماوی و لاواز دەبینرێن. بە بینینی ئەو دیمەنە موچڕکەت پێدا دێت، هەر کە سەیری دەکەیت جارێکی تر سەیری دەکەیتەوە، چونکە هەست و نەستی هەموومانی دەربڕیوە لەو کاتەدا ؛ هەموومان لە ڕوداوەکەی شارلی ئێبدۆدا زۆر توڕە بووین و ئاواتی هێزێکی عەسکەری و بگرە دیکتاتۆریمان دەخواست بەرامبەر ئەو کارە ناڕەوایە، بەڵام هۆشمەندیمان ڕێگریمان لێ دەکات لەوەی کە ببینە هێزێکی دیکتاتۆری وەک هێزە ئیسلامیەکان، بۆیە هەر خێرا ژێری پۆستاڵەکان دەبن بە پێنوس، دەشزانین کە ئەو هێزە عەسکەریە، ئەو ‌هێزە دیکتاتۆریە وەک پۆستاڵێک هیچ ئامانجێک ناپێکێ و هیچ جارەسەرێک نیە بۆ کەسێکی هۆشمەند ئەوە نەبێت کە بەردەوام بین پێکەوە هەمومان بە نوسین بە زمانێكی توندو تیژ و پڕ لە رەخنە کە دەبێتە هێزێکی مەزن. ئەم فکرەیە لەوە و بەر ئامادە نەکراوە وەک قەڵەم و دەفتەرە خوێناویەکە، بەڵکو هونەرمەند لە دەرئەنجامی توڕەیی خۆی و لێکدانەوەی بۆ ڕوداوەکە بە بیریدا هاتووە، فکرەیەک نیە کەلەوە و بەر بینرابێت، بە مەرجێک هیچ شکڵیکیان نامۆ نین بە ئێمە؛ پۆستاڵ، قەڵەم، تێرۆریست. بەڵام مارەیی کردنی ئەم شکڵانە گرنگن، کە چۆن گونجاندونی پێکەوە بۆ بەرجەستەکردنی وێنەیەکی پڕمانا کە هەستی خۆمانی تێدا دەبینینەوە. بەشیوەیەکی گشی لەوسەردەمەدا سەرنجی هەموو ئەو کارە هونەریانەم دا کە بۆ کارەساتی شارلی ئێبدۆ کرابوون، هیچ کارێکی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتیم نەبینی قوڵبونەوەیەکی تێدا بێت، جگە لە خوێن و دەفتەرو قەلەمی خوێناوی نەبێت.

با بێینەوە سەر کاکی دارتاش و حۆریەکەی کۆبانی. شەڕەڤانەکانی کۆبانێ کە هەموو جیهانیان سەرسامکردوە بە جوانی و چاونەترسیانەوە، بە هێزی بەرگری و ئەو مۆدێلە نوێیەی کە پیشانی دەدەن بۆ جیهان و لە هەمان کاتا بۆ ئافرەتان، نەک تەنها بۆ کوردستان، بەڵکو بونەتە ئاواتێک، مۆدێلێک، بۆ ئافرەتانی جیهان. ئەوان وەک مێینە بەتایبەتی وەک مێینەیەکی ڕۆژهەڵاتی، هەموو ئاواتیان ئەوەیە کە خەڵکی وەک حۆری و پەری و نە وەک وێنەیەکی ڕۆمانتیکی بیانبینن، بێگومان لە رەمزی پەری و حۆری ناکۆڵینەوە تەنها ئەوە نەبێت کە هەموومان دەزانین کە فریشتە و پەری لە سایکۆلۆژی هەمووماندا سەمبۆلی دینی و ڕۆمانتیکی هەیە، کەسانێکی خراپەکار نین، بەڵام بوونیان بە هەقیقی نییە و زیاتر وێنای ئەفسانە و دین و خەو و خەیاڵن. لە کاتێکدا کچە شەڕڤانەکان ڕاستیەکی ڕەهان. بە بینینی ئەم کارە دارتاشیە، هەر خیرا تێ دەگەین کە پێش ئەوەی کاکی دارتاش بیر بکاتەوە لەوەی کە چۆن باسی کچە شەرڤانەکانمان بۆ بکات، فکرەکەی وەک ئینشاکەی بەکەلۆری بۆی ئامادەکراوە؛ هەرکەسێک کاری باش بکات کەواتە حۆری و پەریە. ئیتر بۆچی سەری خۆم بیەشێنم و بچم بە دوای فکرەیەکدا بگەڕێم کە مێشکی ژەنگاویم لە توانایدا نیە ؟ چونکە لە مێژەوە هەر هەمان ئینشا و هەر هەمان ئاواز دەڵێمەوە، کە گەشتۆتە ئاستی هێڵنجدان و ڕشانەوە و بێزاربوون بە بینینیان ؟

ئەمە دووهەم جارە کە دارتاشەکانی کوردستان کاری دارتاشیان دەخەنە خزمەتی کچە شەرەڤانەکانی ڕۆژئاوا، دارتاشێکی تریش کارێکی خۆی بۆ ئەم مەبەستە بەرجەسەتە کرد کە کاتی خۆی وتارێکم لەسەر نوسی، ئەویش کچێکی شەرڤانی کردووە و لەسەر شێرێکی وەک دۆشەکەڵەیەک، دایناوە بە مەبسی دەربڕینی شکۆمەندی کچە شەرەڤانەکان.

شێرە کچانی کۆبانی کاری هونەرمەند هادی زیائەدینی
شێرە کچانی کۆبانی کاری هونەرمەند هادی زیائەدینی

دەبینین کە هەردوو کارەکە بەرهەمی هەمان کەڵچەرن؛ کەڵچەری ئینشا لەبەرکردن و دۆزینەوەی ڕەمزەکان لەناو فەرهەنگێکی ژەنگاویدا.

ئێوە کە لە تواناتاندا نیە باسەکانمان بە زمانێکی هونەری مۆدێرن بۆ دەربڕن، باشتر وایە هەوڵبدەن وەک خۆیان پیشانیان بدەن.

ئەی نایبینن ئەو کچانە هەندێکیان بە دەستێکیان کڵاشنیکۆفێک و بەدەستەکەی تریان شیر دەدەن بە منداڵەکانیان ؟ ئەی نایان بینین چۆن لولەی قەناسەکانیان لە کونی دیوارێکی ڕوخاودا چاوەروانی دوژمنانن بە خەندەوە ؟ ئەی نایان بینن چۆن پێشڕەوی پیاوان دەکەن ؟ چۆن لەگەڵ گیانەوەرە کێویەکاندا یاری دەکەن ؟ چۆن داعشەکان لێیان تۆقیون ؟

نەخێر ئێوە ناتوانن ئەمانە ببینن، چونکە وادیارە لە پیاوەتیتان پلەیەک دەتان هێنێتە خوارەوە، چونکە ئەگەر چی وەهاتان باوەڕە کە ئێوە کەسانێکی پێشکەوتوخوازن و هەڵگری ئالای یەکسانین، بەلام هەر هەمان مۆنتالیتێی مەسعود بارزانیتان هەس. چونکە بڕوا ناکەم ئەگەر کوڕە شەرڤانێکتان بکردایە، هەمان پەیکەرتان بۆ بکردایە، لەگەڵ ئەوەشدا هەردووکیان بە هەمان کار هەساتاون. بڕوا ناکەم کوڕە شەرڤانێک بکەن بە فریشتەیەکی باڵدار یان لەسەر شیرێک داینێن، لەبەرئەوەی لە سایکۆلۆژی ئێوەدا پیاو خۆی شێرە چ پێویست دەکات بیخەینە سەر شیریک، پیاو دەچێت بۆ ئاسمان، بۆ بەهەشت بۆلای حۆریەکان و ڕادەبوێرێت، ئیتر چ پێویست دەکات بیانکەم بە پەری و بە حۆری ؟

ئەم جۆرە کارانە یان بیرکردنەوانە میراتی سیستەمێکی دیکتاتۆرین، سیستەمێک کە هەموومان یەک بریکردنەوەمان هەیە، یەک خواو یەک کتێب و یەک ئاینمانمان هەیە، ئەوەی وەک من بیر نەکاتەوە دوژمنی منە و بێڕێزیم پێ دەکات، هەتا دەگاتە ئەوەی کە ئەوکەسە بەلوتبەرز و لەخۆڕازی ببینرێت لە کۆمەڵگادا، بۆیە دەبێت بێ نان بکرێت و ڕێگری لێ بکرێت لە بڕیاردان.

هەر لە مێژوویەکی دێرینەوە دەوری هونەر هەمیشە پەلهاویشتن بوە بۆ داهاتویەکی نوێ، کردنەوەی دەرگایەکی نوێ بووە بە ڕوی هزردا، هەمیشە پێشڕەو بوە، بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەک، دەرگایەک، ڕێگایەک لەم دارستانە چڕەدا، هەمیشە هونەرمەند ڕەخنەی لێگیراوە لەبەر ئەوەی پێشڕەو بوە لە تێڕوانینی بۆ باسەکان، بۆ ژیان، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوە، هونەرمەندان وەک میزی حوشتر دەمان بەن بەرەو دواوە، ئیتر پرسیار مەکەن بۆچی ئەم هەرێمە پەرەناسێنێت، خەتا تەنها مەسعورد بارزانی نیە لە کاتێکدا کە ئێوە وەک ئەو بیردەکەنەوە و کارەساتەکەش ئەوەیە کە هۆشمەند نین پێی.