خانەقین

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Xanaqin195620330.jpg
C9mz65CXYAADEke.jpg

خانەقین شارێکی کوردستانییە کەوتۆتە باشووری کوردستان، قەزایە و تائێستا سەربە پارێزگای دیالەیە.

سنووری ئیدارەی خانەقین لەنێوان هێڵی پانیی (Latitude 343469 N) وە هێڵی درێژی (Longitude 454006 E).

رووبەری ئیداریی 3915 کم2، و بەرزایی لە ئاستی دەریاوە 201 مەتر.

قەزای خانەقین کەوتۆتە نێوان قەزای هەڵەبجە لە باکوورەوە.

قەزای مەنەلی و شاخی حەمرین سنووری لە باشووردا دیاری دەکات. رووباری سیروان لە رۆژئاوا و سنووری عێراق و ئێران لە رۆژهەڵات.

لە ساڵانی هەفتاکانی سەدەی رابردوو، ژمارەی دانیشتووانی بە 175000 کەس مەزەنە کراوە .

بەڵام راستی ژمارەی دانیشتووانی نەزانراوە لە ئەنجامی تەقەلای حکومەتی عێراق بو گۆڕینی دیمۆگرافییای شارەکە.

زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی خانەقین کوردن و بە زاراوەی کەڵهوڕی و گۆرانی زمانی کوردی قسەدەکەن کە هەندێ جار، بە هەڵە بە فەیلی ناویان دەبردرێت.

کوردی فەیلی زاڕاوەیەکی دیکەی زمانی کوردییان هەیە، ئەویش زاڕاوەی (لوڕی و لەکی)یه.

زۆربەی دانیشتووانی باشووری خانەقین بەرەو شاری مەنەلی و بەدرەوجەسان لە بەشی ئێراق و ئیلام و کرماشان لە بەشی ئێران، لوڕن یا لەکن و بەو زاڕاوەیە قسەدەکەن.

لە رووی ئایینییەوە ئیسلامن و بەشێکی زۆری شیعە مەزهەبن بەشەکەی دیکەش سوننە.

بەشێکیش کاکەیی و سنجاوی. بێجگە لە کورد، ژمارەیەکی تورکمان، عەرەب، جوولەکە و مەسیحی و سابئی و مەندائی لە خانەقین دژین.

لەبەر هەمەڕەنگی ئایینی و مەزهەبی پێکهاتەی دانیشتووانەکەی، ژمارەیەکی زۆری حوسەینیەی شیعە و مزگەوتی سوننەی تێدایە.

کڵێسایەکی مەسیحی تییدایە. سیناگوگی جوولەکەکانیش تێدابوو، بەڵام لە ساڵانی دوای دامەزراندنی ئیسرائیل و دەرکردنی جوولەکەکان لە خانەقین، رووخێنرا.

Down4511).jpg

لە ساڵانی حوکمی رژێمی بەعسدا، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر پێکهاتەی دانیشتووانەکیدا هات کە بە پرۆسەی (تەعریب) ناسراوە.

کوردی رەسەنی خەڵکی شارەکە بەزۆر دەرکران و دوورخرانەوە بۆ باشووری عێراق، عەرەبی ئەوێ لە شوێنەکانیان نیشتەجێ کران.

دەستکرا بە رووخاندنی دیهاتەکان وەکوو بانمیل، مەلا عەزیز، قولە یەهودی و پێوکەونەیکەنە و چەندین دیهاتی دیکە. رووخاندنی پاڵاوگەی نەوتی خانەقین کە بەپاڵاوگەی ئەڵوەند ناسرابوو.

گواستنەوەی کرێکارەکانی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق. درووستکردنی چەندین گەڕەک بۆ نیشتەجێکردنی عەرەبی تەعریب لە خانەقین، بۆ نموونە: گەڕەکی (شعلة) لە ئەرکەوازی، (7 نیسان) لە کارێز، (الاشتراکیة) لە مەڵکشای، (آبو عبیدة ابن الجراح) لە عالیاوەی کوێخا زۆراب، (التآمیم) لە تۆڵەفرۆش، (الشیبانی) لە یوسف بەگ کە هەر گەڕەکێکی لە (100-150) خانوو بێکهاتبوو.

شاری خانەقین زۆر دێرینە، بەدرێژایی مێژوو شوێنی نیشتەجێی مرۆف بووە.

هەبوونی رووباری ئەڵوەن کە بەم ناوچەیەدا دەروات، رۆڵێکی دیاری هەبووە لە ئاوەدانیبوونی و بەپیتکردنی خاکەکەی.

زەویوزاری دەوروبەری رووباری ئەڵوەن بۆ کشتوکاڵ و بەکارهێنراوە هەر بۆیە مرۆڤ لێی نیشتەجێ بووە و بۆتە خاڵیکی گرنگی رێگای هاتووجۆ لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا کە ئەوسا بە رێگای خراسان ناسراوە، لە سەردەمی مەملەکەتی کۆتییەکان (8 سەدە پ. ز.)، ناوی خانەقین وەکوو (ئاوارتیوم) هاتووە.

لە کاتی تێپەربوونی ئەسکەندی گەورە بەو ناوچەیەدا (3 سەدە پ.ز.) ناوی وەکوو (ئارتیمیتا) لە مێژووی یونانی کۆن هاتووە.

ناوی مەرکەزی ویلایەتی سابینا لە نووسراوەکانی سەردەمی ئاشورییەکان بە (خودون) هاتووە کە دەکاتە شوینی ئیستای خانەقین.

لە کتابی (المسالک و الممالک، أبو القاسم عبد اللە بن أحمد، بن خرداذابه/ ساڵی 300 هجری – 912ی میلادی مردووە) لاپەڕەی 3 و 7 ناوی خانەقین هاتووە وەک (طسوج-ناحیه) کە حەوت فەرسەخ لە جەلەولاو و شەش فەرسەخ لە قەسری شیسرینەوە دوورە.

لە کتابی (معجم البلدان، یاقوت الحموی ساڵی 621ی هجری 1227ی میلادی، لاپەڕەی 340 بەشی دووەم) ناوی خانەقین بەم شێوەیە هاتووە(خانقین: بلدة من نواحی السواد فی طریق همذان من بەغداد، بینها وبین قصر شیرین ستة فراسخ لمن یرید الجبال، ومن قصر شیرین إلی حلوان ستة فراسخ؛ قال مسهر بن مهلهل: وبخانقین عین للنفط عظیمة کثیرة الدخل، وبها قنطرة عظیمة علی وادیها تکون أربعة وعشرین طاقاً، کل طاق یکون عشرین ذراعاً) لەکتابی (صبح الاعشی، ساڵی 821ی هجری نووسراوە لە لایەن الشیخ ابی العباس أحمد القلقشندی (756-827ی هجری)، بەشی چوارەم لاپەڕەی 403 ناوی خانەقین هاتووە بە هەمان شێوە کە حەوت فەرسەخ لە جەلەولاوە شەش لە قەسری شیرینەوە دوورە.

ئاشکەرایە کە هاتنی هێزی ئیسلام بۆ خانەقین پاش شەڕی جەلەولا بووە لە نێوان موسلمانان و ساسانییەکان لە ساڵی (16 هجری - 637 میلادی)، شەڕەکە 8 مانگی خایاند و موسلمانن سەرکەوتن و بەردەوام بوون لەداگیرکردنی ناوچەکە بەرەو خانەقین و حەلوان (سەرپێڵ زەهاو). کەواتە هەر لەو سەردەمەدا ناوی خانقین بووە بەهەمان شێوەی ئێستا.

لەکاتی هاتنی مەغول بۆ داگیرکردنی بەغدا لە ساڵی (635 هجری) خانەقین بەتەواەی رووخێنراوە، لە تۆڵەی شکاندنی هێڕشی پێشتریان لە ساڵی (634 هجری). خانەقین ناوی وەکوو (کاروانسەرا و حەلوان)یش هاتووە، حەلوان یان ئەلوان، ئەلوەن ناوی مەکەزی چەند شاریک بووە کە دەکاتە ئێستای سەرپێڵ زەهاو.[١]



خانەقین (بە عەرەبی: خانقین، بە ئینگلیزی: Khanaqin) شارۆچکەیەکی کوردستانیە و بە شاری برایەتی و پێکەوە ژیان ناسراوە، چونکە هەر لەکۆنەوە ناوچەیەکی فرەنەتەوە بووە، لە ڕابردوودا موسڵمان و مەسیحی و جوولەکە تێیدا ژیاون، بۆیە ئەو پێکەوەژیانی و برایەتییەی ئێستای خانەقین ڕەنگدانەوەی ڕابردووە و لە ئێستادا کورد و عەرەب و تورکمان دانیشتووی شارەکەن، هەریەک لە ناحیەکانی جەلەولا، سەعدییە، قەرە تەپە، مەیدان، بەمۆ، بانمیل و مەرکەز کە ژمارەیان حەوت ناحیەیە سەر بە شارۆچکەی خانەقینن.

شوێنی جوگرافی خانەقین سەر بە پارێزگای دیالەیە و لە سنووری وڵاتی ئێرانەوە نزیکە، لە ناوچە جێناکۆکەکانە و لە نێوان حکوومەتی ناوەندی بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستان مشتومڕی زۆری لەسەر هەیە، ڕووباری ئەڵوەند ناوچەکەی کردووە بە دوو بەشەوە، ڕووبەرەکەی 16هەزار کیلۆمەتر دووجاریە و کەشوهەوای مامناوەندە.

دانیشتوان دانیشتوانی خانەقین لە چەند نەتەوەیەک پێکهاتوون، کورد ڕێژەی هەرەزۆری ژمارەی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت بەتایبەت کوردی کەلهوڕی و گۆرانی کە پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن و بە شێوەزاری کەڵهوڕی قسە دەکەن، پاشان نەتەوەی عەرەبی شیعە و تورکمانیش لە ناحیەی جەلەولا و سەعدییە بوونیان هەیە، ڕێژەیەکی دیاریکراو لە پەیڕەوانی ئایینی کاکەیی لە خانەقین بوونیان هەیە، لە ڕابردوودا ژمارەیەک خێزانی مەسیحی دانیشتوی شارەکە بوون بەڵام بەهۆی بارودۆخی عێراق لە ئێستادا یەک خێزانی مەسیحی لەو ناوچەیە ماوەتەوە، بەهۆی هەمەجۆری نەتەوەکانی خانەقین، ناوچەکە خاوەن کوولتوورێکی دەوڵەمەند و تایبەتە، تێکەڵەیەکە لە کولتووری کورد و عەرەب و تورکمان, تەنانەت بەهۆی نزیکی لە سنووری ئێرانەوە کاریگەر بووە بە کولتوورێکی فارسییش، زۆربەی دانیشتوانی خانەقین بە هەر سێ زمانی ناوچەکە کوردی، عەرەبی و تورکمانی قسە دەکەن. بەپێی خەمڵاندنی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2017 لە عێراق ژمارەی دانیشتوانی خانەقین 160,379 کەس بوونە.

واتای ناوەکەی ناوەکەی لە نووسراوەکانی یۆنانییەکان لەهەندێک شوێن بە ناوی "تیتۆس" نووسراوە و واتای "دیمەنی دڵڕفێنە"، هەروەها لە چەند نووسراوێکیش بە ناوی "ئەرتیمۆس" نووسراوە کە واتای شوێنی گەشتیارییە، بەپێی سەردەمە مێژووییەکان ناوی ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لە سەردەمی ئەکەدییەکان بە ناوی "هیلیان" ناسراو بووە، لە سەردەمی فارسەکان بە "ئیلوان ناسراوە، بەڵام لە پاش فتوحاتی ئیسلامی ناوکەی کرا بە "حەلوان"، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان ناوی خانەقین لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەوەکانەوە بەکارهێنراوە.

کەرتی ئابووری خانەقین خاکەکەی بە پیتە بۆ کشتوکاڵی بە تایبەتی بەرهەمی مزرەمەنییەکانی وەک لیمۆ و پڕتەقاڵ، خانەقین لە دوای شاری کەرکوک دووەم گەورەترین ناوچەی نەوتییە لە باکووری عێراق، کێڵگە نەوتی سنووریی هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتی ئێران، لە ڕابردوودا پاڵاوگەی ئەڵوەندی تێدا بوو کە لە ساڵی 1925 لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکراوە، بەرهەمی ڕۆژانەی دەگەیشتە 12هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و لە ئێستادا لەکار کەوتووە.

شوێنەوار و شوێنە گەشتیارییەکانی لە گرنگترین شوێنەوارەکانی شارەکە "کڵێسای بەشارە"ـیە کە لە ساڵی 1950 بنیاتنراوە، هەرچەندە ئێستا چۆڵکراوە و هیچ ڕێوڕەسمێکێی ئایینی تێدا ئەنجام نادرێت، بەڵام شوێنەکە لەلایەن دانیشتوانی خانەقینەوە پارێزراوە و بە شوێنێکی پیرۆزی دادەنێن، مەزاری بابا مەحموود و حسێنیەی گەورەی خانەقین شوێنەوارێکی ئایینین، چەند ناوچەیەکی گەشتیاریشی هەیە نموونەی سەرتەک و کلات، لەسەر بەنداوی ئەڵوەند لە باشووری خانەقین هۆتێلی گەشتیاری بنیاتنراوە و شوێنێکی دڵگیری ناوچەکەیە.[٢]

  1. سەرچاوە: محەمەد جەهاد - ماڵپەڕی خانەقین
  2. سەرچاوە:zaniary