خوڕەم ئاوا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
3812152.jpg

خوڕەماوە یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگای لوڕستان. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە نزیکەی ٣٧٣٬٤١٦ کەس بووە.

دانیشتووانی ئەم شارە کوردن ولە خێڵەکانی لوڕ و لەکن.

بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاری مێژوویی خوڕەم ئاوا لە بەرزایی 11 هەزار و 478 مەتری لە ئاستی دەریا و لە نێو دۆڵەکانی زاگرۆسدایە، مەودای تا شاری تاران 490 کیلۆمەترە و بە هۆی هەڵکەوتنی لە سەر ڕێگای تاران – باشور گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە کە شاڕێگای ژمارە پێنجی ئێران لەم شارەدا تێپەڕ دەبێت.

شاری خوڕەم ئاوا 700 کانیاوی هەیە کە ساڵانە بە 100 ملیۆن مەتری سێجا لە سەدا 35 ی ئاوی خواردنەوەی پێویستی شارەکە بە 380 هەزار کەس حەشیمەتەوە دابین دەکەن، لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە لەم ناوچەیە تا ئێستا ئاوێکی زۆر بووەتە هۆکاری گەشەی ژیان و بە گرنگترین هۆکاری خوڵقێنەری شارستانیەت لە دەڤەری خوڕەم ئاوا بووە.

لە شوێنی ئێستای خوڕەم ئاوا لە سەردەمی ئیلامییەکان شارێک بە ناوی خایدالۆ بوونی هەبووە و شاری شاپور خواست بە فەرمانی شاپوری دووەم لە سەر کەلاوە ڕووخاوەکانی و لە نزیک ئێستای شاری خوڕەم ئاوا بونیاد نراوە و ئاسەوارە مێژووییە بە جێماوەکانیش پیشاندەری مێژووی کۆنی شارەکەیە.

خوڕەم ئاوا یەکێک لە شارە گرنگەکانی ڕۆژئاوای ئێران لە سەردەمی ساسانییەکان بووە و فەلەکولئەفلاک یان قەڵای شاپورخواست لە ئاسەوارە بەجێماوەکانی سەردەمی ساسانییەکان وەک هێما و ناسنامەی شارەکە ماوەتەوە.

ڕاکێشیگەلی سرووشتی و مێژووییەکی زۆر لە شاری خوڕەم ئاوا هەیە کە دەتوانین ئاماژە بە قەڵای فەلەکولئەفلاک، مەنارەی خشتی، پردی شاپوری، بەردەنووس، دەریاچەی کێو و …. بدەین، بە شێوازێک کە ئەم شارە بۆ یەکەم جار لە ئێران لە لایەن نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک شارێکی نموونەی گەشتیاری دەستنیشان کراوە.

شاری خوڕەم ئاوا کەشوهەوایەکی دڵڕفێنی هەیە و بە تایبەت لە وەرزی بەهار و زستان ڕێژەی بارینی زۆرە و لەم ڕووەشەوە بە شەشەم ناوەندی پڕبارشتی ئێران هەژمار دەکرێت.

نیشتمانی فەلەکولئەفلاک بە مێژووەکەی و هەبوونی سرووشتێکی جوان و دڵڕفێن وەک پایتەختی سرووشتی ئێران ناسراوە، ئەو شارەی کە تاڤگە جوانەکانی بووەتە هێما و دیمەنێکی جوانی سرووشت لەم ناوچەیە.

خوڕەم ئاوا مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەی هەیە و یەکێک لە شارە کۆنەکانی ئێرانە کە لە کاتی دامەزراندنی تا ئێستا، چەندین شارستانیەتی جیاجیای وەک کاسییەکان، بابلییەکان، ساسانییەکان، سەلجوقییەکان و خواڕەزمشاییەکانی تێدا هەڵکەوتووە.

لە چواردەوری شارەکەش ئاسەواری مێژوویی تایبەت بەو سەردەمانە ماوەتەوە، خوڕەم ئاوا لە نێو دۆڵێکی پڕ ئاودایە و قەڵا کۆن و مێژووییەکانی بووەتە شوێنێکی پارێزراو و سەنگەرێکی بەهێز بۆ دەسەڵاتدارانی هەر سەردەمێک لە بەرامبەر هێرش و پەلاماری دوژمنان.

خوڕەم ئاوا شارێکی بازرگانی، خزمەتگوزاری و سەربازی کە وەک ناوەندی پارێزگای لوڕستان و هۆکاری ڕاکێشانی کۆچبەرانی شار و گوندەکانیش بووە. شێوازی شاری خوڕەم ئاوا بەسراوەی هۆکارە جوگرافییەکانە، بۆ نموونە، گوشاری زۆربوونی حەشیمەت وایکردووە کە خانووەکانی خەڵک لە شارەکەدا تا نزیک شاخەکان بەرەو پێش بڕوات و لە ئێستادا خوڕەم ئاوا ڕێگا و کۆڵانە کۆن و سرووشتییەکانی تێدا دەبینرێت.

قەڵای فەلەکولئەفلاک، میراتێکی سەردەمی ساسانییەکان

قەڵای مێژوویی فەلەکولئەفلاک وەک یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی ئەندازیاری و بیناسازی جیهان لە سەر گردێکی مێژوویی و سرووشتی لە ناوەندی شاری خوڕەم ئاوادایە.

مێژووی قەڵاکە بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە، هەشت تاوەر و دوو حەوشەی هەیە کە بە یەکێک لە کەم وێنەترین بینا مێژوویی و گەشتیارییەکانی وڵاتی ئێران هەژمار دەکرێت.

قەڵای شاپور خواست، دوانزە تاوەری و کۆشکی ئەتابەکان لە ناوەکانی دیکەی ئەم بینا مێژووییەیە و بە ژمارە 883 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە.

پردی کەشکان، دایکی پردە مێژووییەکانی ئێران

پردی کەشکان کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە و لە ناحیەی چگنی لە سەر ڕووباری کەشکان لە ڕێگای مێژوویی شاپور خواست بەرەو تەرهان دایە بە ژمارە 355 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە و لە ڕیزی کاتیی تۆمارکردنی ئاسەوارە جیهانییەکانیشدایە.

ئەم پردە کە لە لایەن شوێنەوارناسان و ئاسەوارناسان نازناوی دایکی پردە مێژووییەکانی ئێرانی پێدراوە، درێژترین و گەورەترین پردی مێژوویی ئێرانە کە درێژاییەکەی 320 مەتر و پانتاییەکەشی 23 مەتر زیاترە و بەرزاییەکەشی لە بەرزترین شوێندا 26 مەتر و لە نزمترین شوێندا 10 مەترە.

ماڵی ئاخوند ئەبو

ماڵەکەی ئاخوند ئەبوتالب یەکێکە لە بینا مێژووییەکانی شاری خوڕەم ئاوا کە لە گەڕەکی دەرگای باباتایەر لە شەقامی ئیمام خومەینی (رە)، ڕوبەڕوی قەڵای فەلەکولئەفلاکدایە. ئەم ماڵە مێژووییە سەر بە کەسێک بە ناوی میرزا موحسین قازی بووە کە لە بنەڕەدا خوزستانی بووە و وەک یەکێک لە دادوەرەکانی شار ناسراو بووە و لەو ماڵەدا ئیش و کاری دادوەریی کردووە.

پردی شکاو یان شاپوری
پردی شکاو یان شاپوری


پردی شکاو یان پردی شاپوری وەک یەکێک لە دەسکەوتە ئەندازیارییەکانی سەردەمی ساسانییەکان لە بەشی باشوری قەڵای فەلەکولئەفلاک لە باشوری شاری خوڕەم ئاوا لە پارێزگای لوڕستاندایە.

پردی شکاو تەنیا پردێکی جیهانە کە بە تەواوی لە بەردە و گەورەیی پردەکەش بە یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی پردە شکاوەکەی لوڕستان دادەنرێت.

پردی سەفەوی یان پردی گەپ

پردی سەفەوی یان پردی خشتی کە لە ناو خەڵکی خوڕەم ئاوا بە پردی گەپ یان پردی گەورە ناسراوە، لە سەردەمی شا سوڵتان حوسێنی سەفەوی بونیاد نراوە و سەر بە حوسێن خان دەسەڵاتداری لوڕستانە.

ئەم پردە خشتییە لە ناوەندی شاری خوڕەم ئاوا و لە سەر ڕووبارێک درووست کراوە، بە شێوازێک کە دوو بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای پێکەوە بەستووەتەوە.

مەنارەی خشتی


مەنارەی خشتی یەکێک لە بینا مێژووییەکانی سەدەی چوارەمی کۆچی مانگییە کە لە باشوری خوڕەم ئاوا و لە تەنیشت شوێنی شاری کۆنی شاپور خواست لە سەر ئەستوونە بەردینەکان بونیاد نراوە.

ئەم مەنارە خشتییە کە نزیکەی 30 مەتر بەرزە، بە ژمارە 376 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و بۆ ڕێنمایی کاروانەکانی ئەو سەردەمە کە بەرەو شاری شاپور خواست کەڵکی لێ وەرگیراوە.

تاڤگەی بیشە

تاڤگەی بیشە.jpg


تاڤگەی بیشە بە یەکێک لە سرنجڕاکێشترین تاڤگەکانی وڵاتی ئێران دادەنرێت و لە 65 کیلۆمەتری شاری خوڕەم ئاوا و لە نزیک هێڵی ئاسنی تاران – باشور و لە نزیک وێستگەی بیشەدایە.

ئەم تاڤگەیە 48 مەتر بەرزە و پانتاییەکەی 20 مەترە، یەکێکە لە گەورەترین تاڤگەکانی ئێران.

ڕووباری خوڕەم ئاوا

بە یەکێکی دیکە لە ڕاکێشیگەلە سرووشتییەکانی ناوەندی پارێزگای لوڕستان دادەنرێت کە بە درێژایی 110 کیلۆمەتر لە نێو دۆڵی خوڕم ئاوا لە باکورەوە بەرەو باشور تێپەڕ دەبێت.

ڕووباری خوڕەم ئاوا شارەکە دەکاتە دوو بەشی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و لە زمانی خۆجێیدا بە گەلاڵ ناسراوە بە دیمەنێکی جوانی بە ناوەندی پارێزگای لوڕستان بەخشیوە.

دەریاچەی کێو


دەریاچەی کێو وەک نقێمێکی شاری خوڕەم ئاوا بە دیمەنێکی جوان و دڵڕفێن و وەک یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای لوڕستانە و لە وەرزەکانی بەهار و هاویان بە هەزاران گەشتیار بەرەو خۆی ڕادەکێشێت.

ئاوی ئەم دەریاچەیە لە کانیاوەکانی مەخەمڵ کێو و هەروەها لە کانیاوەکانی ناوەوەی دەریاچەکەوە دابین دەکرێت./.