دنیای نیفاق و دنیای ئافاق

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: نیزام فەیسەڵ

314328164 .jpg

لەم ڕۆژگارەدا دوو جۆر جیهانی جیاوازو پێچەوانە دەبیندرێت؛ جیهانی خوڕافیات و نیفاق لەگەڵ جیهانی تەکنۆلۆژیاو ئافاق.

لە جیهانی خوڕافیاتدا:

تاک بێهێزو بێ تواناو ترسنۆکە، لە جن و چاوەزارو لە سێبەری خۆشی دەترسێ، میللەتەکانیان ناکام و نەوجەوان و پێنەگەیشتووە، بەتەمەنەکانیشیان تێر پەروەردەو تێر عەقڵ نین و هەڵەشەو وێرانکارن، خێڵەکین چەکدارن، لەو جیهانەدا تاک بەبێ پێشڕەوی ئایینی یان سیاسی ناتوانێت یەک شەقاوی باوێت، وەک کەم ئەندامێک هەمیشە پرسیاری سادەی ژیان لە مەلایەک دەکات و سەرکردەیەکیش تا ڕادەی پەرستن دەپەرستێت.

لە جیهانی خوڕافیاتدا سەرلێشێوانی فکری و دەروونی باڵی بەسەریاندا کێشاوەو و هەموو کێشەیەکی خوڕافی بە خوڕافیاتێکی دیکە چارەسەر دەکەن. هەمیشە قدوەیەکی سیاسی یان دینیان هەیە تا لە جیاتی هەموان بیربکاتەوە. یەمەن و عێراق و وڵاتی بزگوڕی هاوشێوە نموونەن، ئەگەر ئامێرێکی جیهانی تەکنۆلۆژیا کەتەلۆگی لەگەڵ نەبێت لە جیهانی گوفەکی خوڕافی هەر نایزانن بەکاری بهێنن.

لە جیهانی تەکنۆلۆژیادا:

تاک بەهێزو بوێرو سەرکێشە، میللەتەکانیان کامل و پێگەیشتوون (سەیری هەڵوێستی خەڵکی نیوزلەندا بکا لەکاتی هێرشە خوێناویەکەی تیرۆرستێک بۆ سەر مزگەوتێکی موسڵمانە بێتاوانەکان)، لە جیهانی تەکنۆلۆژیادا منداڵەکانیشیان وەک پیرێکی بەحیکمەت تێر پەروەردەو تێر عەقڵن، منداڵ گەورەیەکی ژیری بنیاتنەرە، لەپەڕینەوەی شەقامێک، لە پاکژی هۆبەیەکی باخچەی ساوایانەوە دەردەکەوێت.

تاک ڕۆژانە لەناو پاسیش بێت ڕۆژنامەیەک دەخوێنێتەوەو لەسەر کاریش کتێبێکی لەگیرفانە بۆیە پێویستی بەکەس نییە ڕێنمایی ژیانی بکات، چوار ساڵیش جارێک سەرۆکێک دەگۆڕێت و دەیکاتەوە بە هاوڵاتیەکی ئاسایی.

لەجیهانی تەکنۆلۆژیای پڕ داهێنەردا بەئاسانی تاک ئاراستە ناکرێت، ڕۆژانە مرۆڤایەتی بە داهێنەکانیان سەرسام دەکەن. تەنیا لە لقێک لە لقەکانی زانستی پزیشکی وردببیەوە ئینجا دەزانی کەرو کوندەمان لەکێ کەوتووە.

کوردەواریی سەیرکەن خەڵکەکەی عەقڵیان داوەتە دەست کێ بۆ ئەوەی بیریان بۆ بکەنەوە:

بەڕێز مەلا عەبدولـلەتیف سەلەفی لەپەیجێک ٢٧٢٣٩٠ لایکی هەیە، کە خاوەنی نەزەریەی حەرامکردنی مۆسیقاو حەرامکردنی پاسکیل بۆ ئافرەتان و واجبوونی ملکەچییە بۆ وەلی ئەمر (حکومەت) ئەگەر سەدام حوسێن-یش بێت.

بەڕێز مەلا کرێکار بە هەموو پەیجەکانی لایکی بە دەیان هەزارە، خاوەنی نەزەریەی بەیعەت دان بە قاعیدەو داعش.

بەڕێز مەلا محەمەد شارەزووری ٨٣٠٦٥٩ لایکی هەیە، کە دەڵێ: هەندێ پرسیار نابێت لە شەرعدا بکرێت و بیرکردنەوە قەدەغە دەکات، دەشڵێ: بۆیە لێرە باران کەم دەبارێت چونکە دادپەروەریی لێرە نییە، بۆیە لە ئەوڕوپاش باران زۆر دەبارێت چونکە دادپەروەریان هەیە! بەڕێز بانگخواز د. عەبدولواحێد ٢٤٠١٨٨ لایکی هەیە، کە دەڵێ؛ کرێکارێکی ئێزیدی تا ئێوارە کاری پێ بکەو دواتر ئیستیفزازی بکەو کرێی مەدێ! لە هەموو پسپۆڕییەکیش قسەی پڕ لە خوڕافی هەیە کە نازانم باسی کامەی بکەم.

بەڕێز مەلا کوڕی پاک ١٦٣٦٩٤ لایکی هەیە، کە بەردەوام خەریکی بەزمی جنەو دەڵێ: ئەوەی پرسیاری ناوی دایکی کردی ساحیرە! بەڕێز مەلا عەلی کەڵەک چوار ملیۆن و نیو لایکی هەیە کە خاوەنی نەزەریەی چارەسەرکردن بە میزی حوشترە! بەڕێز مەلا هەڵۆ ٢٤٥٠٢٩ لایکی هەیە، کە دەڵێ تەنانەت دەنگی ئافرەتیش عەورەتەو هەر ئافرەتێک پرسیاری شەرعی هەیە دەبی لە ژنەکەم بپرسێت و ئینجا ژنەکەم بەمن بڵێت و منیش وەڵامەکەی بە ژنەکەم بڵێم و ئەویش وەڵامی بداتەوە! بەڕێز مەلا عومەر دارەتوو ٢٦٢٠٠٠ لایکی هەیە ئەویش یەکێکە لەوانەی دەستێکی باڵای هەیە لە شێتکردنی ڕەشوڕووتی حەشیمەت. بەڕێز مەلا کاوە ٢٠٠٠٠ لایکی هەیە کە دەڵێ: ئەگەر ئافرەت قژی هەڵوەرێت، یان بێتاقەت و خەواڵو بێت سیحری لێکراوە! یان دەڵێ: ئێمە دینی ئیسلاممان هەیە، دیموکراتیش دینی ئەمریکایە ئەوەی باوەڕی پێ بێت کافرە.

سەیر لەوەیە دەرچوی زانکۆ تا بەرزترین بڕوانامە بە عەقڵی ئەمانە بەڕێوەدەچێت! نازانم ئەگەر مەلایەکان نەبن ئەو خەڵکە چۆن نانی دەخۆن؟ چۆن خۆیان دەشۆن، چۆن دەچنە سەرپێشاو؟! چۆن بەماڵی خۆیان دەکەونەوە؟! بۆچی کوردەواریی لەسەردەمی جەنابی عەبدولکەریمی مودەڕیس و مەلا شێخ محەمەدی خاڵ و مەلا عەلائەددینی سەجادی ئاوها خوڕافی و خۆفریودەر نەبوون؟! دوو ڕوویی !

ئایا حوکمی درۆو دووڕوویی لە ئیسلامدا چییە؟ ئایا دەکرێ باوەڕ بە تەفسیرێکی ناعەقڵانی ئایەتێکی قورئانی پیروز، یان گێڕانەوەی فەرموودەیەکی نازانستی بهێنم و لە ناخیشەوە باوەڕم پێ نەبێت؟ ئایا دەکرێ زانستی سەردەم و بیری لیبڕالیزمی ڕۆژئاوایی لە هەندێ گێڕانەوەی فەرمودەی پێغەمبەری سەروەرمان (د.خ) پێشکەوتوو ترو عەقڵانی تر بێت و منیش لەترسان فەرموودەکە جێبەجێ بکەم و لەناخیشەوە باوەڕم پێی نەبێت؟ ئەو دوو ڕوویی و دووفاقی و نیفاقە چۆن چارەسەر دەکرێت؟

لەگەڵ خاتوونێکی خەریج کولیەی موسڵمان گفتوگۆمان بوو، گوتم: لێدانی هاوسەر(ژن) و لێدانی منداڵ لە زانستی دەرونناسی و کۆمەڵناسی بپرسەو بخوێنەوە چ شوێنەوارێکی خەراپی لەسەر کەسایەتی و توانای لێ دەکەوێتەوە، گوتم: منداڵی ناسیارێکم لەهەولێر بابی شەقا زلەیەکی لێدابوو، کە گەڕابوونەوە لە سوید لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردبوو، گوتم: ئەسڵ ئەوەیە لە کەرو ئاژەڵیش نادرێت. گوتی: پێغەمبەر(د.خ) بە سیواک لە ژنەکانی داوەو نابێت بە لێدانەکە دەموچاوی زامداربێت. پێویستیشە لەسەر نوێژنەکردن لە منداڵ بدرێت. گوتم: ئەتوو ژنی ڕازی دەبی مێردەکەت لێت بدات و کەڕامەتت بشکێنی؟! گوتی: ناوەڵڵا لەوانەیە شکایەتی لێبکەم و نێوانمان تێکدەچی و لەگەڵ هیچ لێدانێک نیم بەڵام ئەوە شەرعەو دەبی باوەڕم پێی بی!

گۆتی: فرەژنی شەرعە. گۆتم مێردەکەت خۆشدەوێ؟ گوتی: هەر زۆر. گوتم: ئێستا ژنت بەسەربینی ئەو خۆشەویستیەت دەمینێ؟ گوتی: کورە خۆشەویستی چی هەر منداڵەکانم لەگەڵی بەشەڕدێن و ئەمنیش داوای جیابوونەوە دەکەم! گوتم: ئەدی کوا مەوەدەو ڕەحمەو حورمەتی خێزان؟ گوتی: نابی ئەوە شەرعەو دەبی باوەڕمان پێی بی! گوتم: ئەوڕوپی دەڵێن: "هاوڵاتیبوون" لەسەر جیاکاری ئایین و نەتەوەو هیچ شتێک سەیری هاوڵاتی خۆیان ناکەن، سەیرکە کچە کوردێک لەوێ دەبێتە وەزیرو هندییەک دەبێتە سەرۆک وەزیران کە ئایین و نەتەوەیان جیاوازە، ئیسلامیش دەڵێ دەبی غەیرە دین جزیەی بدا، کامەیان باشترە؟

بێگومان کامەی باشترە لە بنەڕەتەوە پرسیارێکی هەڵەیەو نابێت لیبڕالیزمی ٢٠٢٢ بە ئیسلامی ١٤٤٤ ساڵ لەمەوبەر بەراوردبکرێت، لەوانەیە زانست و بیری ئێستای ڕۆژئاواش دوای هەزارو چوارسەد ساڵی دیکە بەکەڵک نەیەت، چارچییە؟ پێویستە بەبوێرییەکی بێستوورەوە لە ئێستادا بژین و بە تەفسیری ئەمڕۆ بە عەقڵی زانای کوردی منەوەری هاوچەرخ تەفسیری ئایین بۆ ئەمڕۆ بکەین. مامۆستا مەلا شێخ عزەدینی حوسێنی نەماوە، بەڵام فەرمایشتی بە ڤیدیۆ ماون. قورئانی پیرۆزو فەرمودەی حەکیم چەسپاون، بەڵام ڕاڤەی کۆنی مەزهەبەکان دەبێ نوێ بکرێتەوە، چۆن ئیسلامی تورکیاو ئیسلامی مالیزیا بە ئیسلامی عەرەبی ناچێت، بەهەمان شێوە پێویستە ئیسلامی کوردیش لەهی عەرەب نەچێت.

کوردەواریی پێویستی بە زانای هیچ میللەتێک نییە بیری بۆ بکاتەوەو داعش و قاعیدەو سەلەفی و زنجیرلەخۆدانی بۆ بەرهەم بهێنێت، چوار زانای کوردی هاوچەرخ هەیە کتێب و ئەدەبیاتەکەیان ماوەو دەتواندرێت وەک چوار مەزهەب نەک تەنیا سوود لە تەفسیرو دنیابینیان ببیندرێت، بەڵکو ئیلهامی بوێری و چاونەترسیان لێ وەربگیرێت، ئەوانیش: جەنابی مەلای گەورەی کۆیە، جەنابی مەلا شێخ عزەدینی حوسێنی، جەنابی مەلا د. مستەفا ئیبراهیم زەڵمی، جەنابی مەلا د. محەمەد گەزنەیی.

ئەمانەش ئەوپەڕی بۆ پەنجا ساڵێک، دوای ئەوە پێویستە زانای نوێتر بێتەکایەوە، بەوپێیەی ئایینی ئێمە ئایینی هەموو زەمان و مەکانێکە، لە هەر سەردەمێک بەتەفسیری ڕۆژەکە ڕاڤە بکرێت. هەروەکو زانایەکی هاوچەرخی شەریعەی ئیسلامی دەفەرموێت: پەنجا ساڵی دیکە گوێ لە قسەکانی من مەگرن.

مەلا شێخ عزەدینی حوسێنی دەفەرموێ: "دین هەمەکارە نییە، ئەلئان خودا لە زانستەکانەوە موعجیزەی خۆی دەردەخا، نابێ دین دەخالەت لە سیاسەت بکا، ئەگەر دین دەخالەتی لە سیاسەت کرد دەبێ لێیدەی بیگەڕێنیە دواوە" واتە بۆ هەموو لانێکی ژیان دین بەکارنایەت و زانستەکان لەبوارە جۆراوجۆرەکان چارەسەرن.

پێویستە بە بنبڕی و بوێرییەوە یەکلابینەوە هەر بۆچوونێک لەناو تەفسیری قورئان و فەرموودە لەگەڵ عەقڵ و مەنتق و زانست یەکی نەگرتەوە؛ ڕەتبکرێتەوە، چونکە مەعقول نییە پەیامێکی گەردوونی و پیرۆز نا عەقڵانی بێت، پێویستە ڕاڤەی ئایین لەگەڵ عەقڵ و مەنتق و زانست بگونجێندرێت، نەک بەپێچەوانەوە.

ئێستا هەزارو چارسەد ساڵە نەتواندرا یەک سوودی ڕیشی پان و درێژ بسەلمێندرێت کە لە خوڕافیاتێک زیاتر هیچی دیکە نییە، هەروەکو د. مستەفا زەڵمی ڕەتیدەکاتەوەو دەڵێ: کاتێک پێغەمبەر (د.خ) ڕیشی هەبووە عورفی ئەو سەردەم بووەو پرچیشی درێژ بووە، ئەدی بۆ پرچ بەرنادەنەوە؟ ئایین بەبێ عەقڵ نابێت.. ئەمڕۆ سەردەمی زانست و پسپۆڕیی و ئیختیساساتە، مەلا بۆی نییە باسی بابەتێک بکات کە پسپۆڕی و شارەزایی و ئیختیساسی ئەو نەبێت. مەلایەک دەیگوت: خواپەرستی پێویستی بە بیرکردنەوە نییە! دوای چل ساڵ بەراوردکردنی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام لەگەڵ بیروباوەڕەکانی دیکەی جیهان، پ.د. مستەفا ئیبراهیم زەڵمی دەفەرموێ: "شتێکم نەدی ئیسلام بڵێت مەیکە ژیری بڵێت بیکە، بەپێچەوانەوەش" ئەو زانا مەزنەی ئیسلامەتی خۆمان دەشڵێ: "موسڵمانەکان بەتایبەتی عەرەبەکان هەمویان دوژمنن بە عەقڵ، ئەوانەی پێشوو چیان وتوە هەر ئەوەی دەڵێنەوە، تەنیا ئەمە دووبارە دەکەنەوە کە هەزار ساڵ لەمەوبەر گوتراوە، بەبێ ئەوەی بیربکەنەوە کە ئەوەی گوتراوە جیاوازە لە کاتی ئێستاو پاشەڕۆژ."

لە کۆتاییدا وەک موسڵمانێک لە خودای تاکوتەنیا دەپاڕێمەوە؛ موسڵمانان لەجیاتی دوعا کردەوەیان هەبێت و وەک یابانیەکان بە ئەخلاق و پەروەردەو و داهێنەر بن، وامانلێبێت ئەوڕوپیەکان کۆنە کەلوپەلی ئێمە بەکاربهێنن، هەروەکو چۆن ئێستا ئێمە لە بازاڕی لەنگە بە کۆنە کەلوپەلی فڕێدراوی ئەوڕوپیەکان شاگەشکە دەبین.