دیسپلین و تەنگژەباری

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Sher11.jpg

نووسینی: شیرزاد حەسەن

یەکێک لە پەندە سەنگینەکانی خودی "گاوتما بوودا" و ئایینی سەرزەمینی "بوودیزم" کە سەرنجی منی راکێشاوە دان-نان و سەلماندنی هەقیقەتێکی رەهایە کە گەرەکییەتی بڕوا بەوە بێنین کە خودی ژیان گەلێک قورس و پێچیدە و تەنگژەبارییە، زۆربەی فەیلەسووف و بیرمەند و دەروونناسەکان و کۆمەڵناسەکان هاوڕان سەبارەت بە هەمان پەندی "بوودا" کە خودی ژیان ئاسان نییە و زیندەگی پڕە لە تاڵی و سوێری، زۆرینەی ئەو زاتانەی کە سەرگەرمی پشکنین و هەڵکۆڵین و خوێندنەوەی مەردمگەلن؛ بڕوایان وایە کە وا چاکترە دان بەو راستییە دابنێین کە ئیدی زیندەگی بێ ئازار و وەیشوومە و کارەسات نەبووە، بە واتا مرۆڤ بۆ خۆی بوونەوەرێکی گیرۆدە و سەوداسەر و مەینەتبارە.

یەزدان غەزەبی خۆی دەبارێنێت

هەڵبەتە، بەڵام داننان و سەلماندنی ژیانی کولەمەرگی مایەی خۆبەدەستەوەدان و نوچدان نییە لە بەرامبەر هیچ کام لەو رووداوە جەرگبڕانەی کە دەستکردی خودی بنیادەمەکانن یان زادەی سروشتی کێوی و تووڕە و نابینا، کە ئەمڕۆکە سەلمێندراوە کە خودی سروشت چەندە میهرەبانە و هێلانەی هەر هەموومان بووە، بەڵام تۆڵە و هەڕەشەی کوشندەی خۆی هەیە بەرامبەر ئێمەی بەدکار کە ئاو و هەوا و خاکمان گەنیو و پیس کردووە، زۆرێک لە مەزهەبزەدکانیش بڕوایان وایە کە خودی "یەزدان" لە مرۆڤ زیز و داخدارە و زوو زوو غەزەبی خۆی بەسەریدا دەبارێنێت، گەرچی گوایە خودا مرۆڤی لەسەر شێوە و شەمایلی خۆی خوڵقاندووە، بگرە خەلیفە و جێگری خۆیەتی لەسەر زەمین کە بۆ من پڕە لە تەوس و پارادۆکس، هەر کامیان بێت، گرنگە کە ئەم دۆخە تەنگژەبارییەی کە لە باری رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فیکرییەوە پێوەی دەتلێینەوە، مەرجە کە لای هەموومان نەبێت بە دۆخێکی چارەنووسگەرا و قەدەری ئیلاهی، کە گوایە لە ئاسمانەوە بەسەر زەویدا داباریوە، جۆرێک لە تەنگژەباری رەوانی و رۆحی لە لای رۆحانییەکان رەوایەتی پێدراوە کە دەکرێت سەر بە ئایین و ئایینزا و مەزهەبی جیاواز بن، بەڵام مەرج نییە ژنان و پیاوانی رۆحانیی روویان لە ئاسمان بێت، چونکە ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆحانی و سۆفییە گەورەکانیش بۆ گەیشتن بە تەجەللای خۆیان خەڵوەتنشینی هەلدەبژێرن، نەک تەجەللای ئیلاهی، بەڵام پەنا نابەن بۆ نزا و نماز و پاڕانەوە بۆ هێزێکی دەرە سروشتی و گەردوون، بەڵکو خودی سروشت دەبێت بە کانگای تێڕامان و دۆزینەوەی هارمۆنیا و جوانی و پاکی.

هۆشیاریی نەک رەشبینی

داننان بە کارەساتباری زیندەگی خۆمان لە هۆشیارییەکی زۆر و زاڵەوە دێت نەک رەشبینی، نیازمان بەوەیە کە چلۆن ئەم دۆخە تەنگژەبارییە تێبپەڕێنین، بێگومان خەڵکانی فامیدە و ئاوەزدار و عەقڵزەدە نەخشە و پلانی کۆنکرێتی دادەرێژێت بۆ خۆقورتارکردن لە دۆخێکی نالەبار لەسەر هەموو ئاستەکانی ژیان و ژیار و زیندەگی، هەن بڕوایان وایە کە قایلبوون بەوەی دونیا خراپە و مەردمگەل بەدکارن، بەسە بۆ ئەوەی خۆیان رابێنن لەگەڵ ئەو دۆخە نالەبارەی هاتۆتە پێشێ، گوایە دەرککردن بە ژینی کارەساتباری بەسە بۆ ئەوەی چیدیکە وەک دۆخێکی دراماتیک و تراژیک چاوی لێنەکەین کە لە باری واقیعگەراییەوە دروست نییە، یانژی ژمارەیەکی دیکە لە حەشامات بڕوایان وایە کە خودا خۆی بیەوێت؛ چاکی دەکات، بە واتا مەزەندی ئەوە دەکەن کە ئاسمان تؤلەیان لێدەکاتەوە یان خودی یەزدان تاقیمان دەکاتەوە، هەن خرقە دەپۆشن و دەبنە خەڵوەتنشینی دوور لە خەڵک و ئاوایی بە کەمترین پێویستی لە پۆشاک و خۆراک و خواردنەوە قایل دەبن و پشت دەکەنە دونیا. هەن سکاڵا لە بەختی خۆیان دەکەن و لە کەشکەئەژنۆی خۆیان دەدەن.

دیسپلین و خوێندنەوەی ژیرانە بۆ کێشەکان

وەڵامی دروست و پراکتیکی ئەوەیە کە ئاخۆ ئێمە بایی چەند لەسەر ئەوە پەروەردە کراوین کە لە رێگەی "دیسپلین" و خوێندنەوەیەکی عەقڵانی بۆ گرفت و کێشەکانمان پەنا بۆ چارەسەری تۆکمە و دامەزراو ببەین؟ دوور لە خورافات و سیحر و نێونیگای چارەنووسگەرایی کە لە هەنووکەدا لای خۆمان لە برەودایە. "دیسپلین" نەخشە رێگایە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا کە مەرجە لە منداڵییەوە، بگرە لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە، کچەکان و کوڕەکانمان فێر بکەین بە چ مەشق و راهێنانێک ببنە خاوەنی خۆیان و کۆی ئەو میکانیزمەی کە وا دەکات هێزی ئەوەیان ببێت بە ویست و رۆحێکی بوێرانەوە روو بە رووی کۆسپ و تەگەرەکان ببنەوە.

دەگەڕێمەوە لای "بوودا" کە بڕوای وا بووە ژیان تلانەوە و ئازارچەشتنە، هەموومان دەزانین کە وایە، بەڵام گەر لەم راگەیاندنەی ئەم زاتە بڕوانین، دەگەینە ئەو راستییە تاڵەی کە خودی پرۆسەی چارەسەرکردنی گرفت و کیشەکان مایەی ئازار و ماندوێتی و دەردەدڵە، هەر کێشە و گرفتێک سروشتی خۆی هەیە کە لێمان دەخوازێت چارەسەری جیاوازی بۆ بدۆزینەوە، کە رەنگە نائومێدی و پەژارە و تۆران و تەنیاکەوتن و هەستی گوناهباری لەگەڵ خۆی بێنێت و نەخۆش بکەوین.

خوێندکاران و توانای رکابەری

بەڵام دەلوێت کە خودی پرۆسەی گەڕان بە دوای چارەسەرێکی بنەبڕ پەیام و مانایەک بە ئێمە ببەخشیت کە ئاوەدانمان بکاتەوە، لە میانەی ئەم هەوڵەدا ئەگەری شکست و سەرکەوتن حاشا هەڵنەگرە، هاوکات رەنگە هەوڵی خۆ رزگارکردن لە گرفت و کێشە هەڵایساوەکان ئازایەتی و توانست و حیکەمەتێکمان پێببەخشێت، گەر بێ گرفت و کێشە بین لە باری رۆحی و و فیزیکی و عەقڵییەوە گەشە ناکەین، دیارە لە قوتابخانە هاوچەرخەکاندا گرفت و کێشە زانستی و مرۆییەکان دەخەینە بەر دەستی قوتابیان تا هێزی ئاڵانگاری و رکابەری بخوڵقێنین بە نیازی هاندانی بەهرە و توانا شاراوەکانیان لە بواری عەقڵیدا، هەڵبەتە ماندوو دەبن و دەتلێنەوە، وەک بیرمەندی ئەمریکی {بنیامین فرانکلن:١٧٠٦-١٧٩٠} درکاندوویەتی، " ئەو شتانەی کە ماندوومان دەکەن و پێی دەتلێینەوە؛ دەمانخاتەوە سەر راستەرێ." بە واتا ناکرێت خۆ بدزینەوە لە ئازاری گرفتەکانی فێربوون.

خۆدزینەوە و خۆسڕکردن

خودی عیشق بۆ خۆی گرفتاری و ئازاربەخشە کە چ بدۆڕێین و چ سەر بکەوین؛ پەندێکی تازەمان فێر دەکات، هەرچەندە گرفتەکانمان فەرامۆش بکەین و یان بە درۆ لە یادیان بکەین، یان بە مەی خواردنەوە و تلیاک کێشان خۆمانی لێ گێل بکەین، یان خۆمان بکوژین، بەم چەشنە خەمی خۆمان زیاتر دەکەین و خەڵکانی نزیک لە خۆمان ئازار دەدەین، چارەسەری راستەقینە ململانێ و ڕکابەرییە نەک پاشەکشێ.

خۆ دزینەوە لە ژان و دەردی کێشەکانی ژیانی سۆزداری بێت یان هەر ئاریشەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رامیاری؛ بەوە دەشکێتەوە کە پتر نەخۆش بکەوین و بتلێینەوە، هەر لە سۆنگەی ئەو بەزین و خۆ هەڵخەڵەتاندن و چاوشارکێکردنەیە لەگەڵ خودی خۆمان کە بە دەست سەدەها لە نەخۆشییە دەروونی و دەمارییەکان گیرۆدە دەبین کە دەتوانین لە "نیرۆسس/عوساب"دا چڕی بکەینەوە کە کۆبەندی هەموو دەردە دەروونییەکانمانە.

مەرجە وا بڕوانینە خودی ئازار و تلانەوە کە دۆخێکی ئاساییە کە مەرجە نەوەی نوێ فێر بکەین کە خودی زیندەگی بێ گرفت و کێشە نییە لە سەر هەموو ئاستەکانی ژین و ژیاردا، ئەرکی ئێمەیە ئەو هێز و توانا شاراوانە بخەینە گەڕ لەواندا کە ئەگەر بیانەوێت لە باری دروونی و جەستەیی تەندروست بن و نەشونما بکەن، مەرجە خۆیان بۆ وەیشوومە و جۆرەها تەنگژەباری ئامادە بکەن و چارەسەری عەقڵانی بۆ بدۆزنەوە، چونکە خودی ژیان بێ هەوراز و نشێو نییە، واتا زەمینەخۆشکردن بۆ ژیانێکی تەندروست لە باری سایکۆلۆژی و هەم فیزیکی.

گەڕان بە دوای هاوسەنگی و هارمۆنیا

لە بواری پەروەردە و دەروونناسیدا ئاسانە بزانین 'دیسپلین' چیمان بۆ دەکات وەک دابینکردنی کۆی ئەو ئامراز و میکانیزمەی کە پەیڕەوی لێبکەین، چ وەک کەسانی گەورەساڵ و هەم بۆ نەوەی نوێ کە بە مەشق و راهێنانێکەوە پەیوەست بکەین، بەو نیازەی کە چلۆن بەرگەی ئازار و تلانەوە بگرین و بیکەین بە هێزێک بۆ پێگەیشتن و تێگەیشتن و کامڵبوون بە دیوە مرۆییەکەی، زۆرینەی پەروەردەکارانی ئەم سەردەمە کۆکن لەسەر ئەوەی کە چوار رێنمایی هەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە: یەکەمیان قایلنەبوونە بەو دۆخەی کە بۆ چارەسەری دەردەکانی خۆمان پێیگەیشتووین، دووەمیان هەستکردنە بە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر خۆمان و نەوەی داهاتوو، سێیەمیان، خۆ تەرخانکردنە بۆ جیاکردنەوەی هەقیقەت و راستی لە ساختەکاری، چوارەمیان گەڕانە بە دوای هاوسەنگی و هارمۆنیا کە سەرچاوەکانی زۆرن و لەبەردستمانن گەر کەمێک فامیدە بین.

باشترین کارێک کە بیکەین ئەوەیە: مەرجە هەر لە سەرەتاوە دەست پێبکەین کە قۆناغی ساواییەتی منداڵەکانە، واتا بەر لە باخچەی ساوایان، ئامراز و میکانیزمەکان هەن، بەڵام چۆنییەتی بەکارهێنانی وا دەکات گرەوەکە ببەینەوە، بەڵام بەر لەوە جێگەی بایەخترە کە ویست و بڕیارمان دابێت کە ئەوەیان ژیانی ئێمە رەنگینتر دەکات، کە رەنگە دوا دەرمانی هەموو دەردەکان 'خۆشەویستی' بێت کە گومان دەکەم هەمانبێت!