دیوە پۆرنۆگرافییەکەی دیموکراسی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Wenaka.jpg

نووسینی: شارا تاهیر

کات، کاتی هەڵبژاردنە: هەموو ئەو دروشم و وێنا و کلیپانەی کە رۆژانە دەیبینینن و دەیبیستین جا چ لە ڕێی ووروژمی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانەوە بێت کە بەلاماندا فیچقە دەکەن و هەراسانمان دەکەن، یان لە ڕێی خۆ سەپاندنی پاڵیوراوەکانەو بێت بۆ ناو فەزای تایبەتی ئێمە لە مالەکانی خۆماندا، یاخود لە سەر شەقام .

ئەم هاژ و هوژ و تەپوتۆزە کە بە ناوی هەڵبژاردنەوە دەکرێت ئەوەمان بە بیر دەهێننەوە کە بۆشاییەک و نوقسانییەک هەیە ،ئەمان وەک پاڵێوراو دەتوانن و لە توانایاندا هەیە، بۆمان پڕبکەنەوە.

بەرزکردنەوەی دروشمی بریقەدار و پرشنگدار بۆ بە بیرهێنانەوەی ئێمە کە لە ئێستادا شتێکمان لە دەستچووە ، تەنها بە هەلىژاردنی ئەم کەسانە، بەڵام لە ڕیی دەنگەکانی خۆمانەوە وەک جەماوەر دەتوانن بۆمان بگەڕێنەوە. ئەم دروشمە تەلیسماویانە دنەدانی ئێمەیە بەوەی لە دونیادا ناژین و نازانین چی لە دەورمان دەگوزەرێت.

ئێمە خاوەنی ئێستای خۆمان نین. ئەم نمایش و خۆ دەرخستە لە ڕێێ وێنای جیاواز جیاوازەوە گەمەکردنە بە تراژیدیا : تراژیدیا وەک دیوە کارەساتبار و شکستخواردووەکەی دەسەڵات.

تراژیدیا وەک گوزارشتکردن لە حەقیقەت بەلام حەقیقەتێک کە پەیوەندی بە ڕابردووەوە هەیە نەک بە ئێستامانەوە بە مانا لاکانییەکەی. ئەو حەقیقەتیش سوتاندن و لە بارچوونی دەنگەکەکانی ئێمەیە کە دامانە دەست کاندیدەکانی پێشوو ، وەک بڵێیت شتیک هەبوو دەکرا بکرێت بەڵام نەکراوە، وەلێ ئەمجارە لە ڕێی ئەم پاڵیوراوە نوێیانەوە دەگەینەوە بە ترۆپکی دەسەڵات ئەویش لە ڕێێ دەنگی خۆمانەوە.

بە مانایەکی ترئەوە دەنگەکانی خۆمانە کە لە فۆڕمی دەسەڵات و کاندیکردنی ئەم تازە پاڵێوراوەنەوە بە دەستی دەهێننیەوە ئەو دەنگانەی کەلە کابینەکانی پێشووی پەرلەماندا لە دەستماندا و لە کیسمان چوو.

دەسەڵات هەر چوار ساڵ جارێک پیویستی بە نمایشێکی نوێ، بە کۆمیدیایەک لە جۆرێکی تر هەیە تا لە ڕێیەوە خۆی توند و تۆکمە بکاتەوە. کۆمیدیا بە پێچەوانەی تراژیدایاوە نمایش و گوزارشتە بۆ ئەوەی کە لە ئێستادا دەگوزەرێت و هەیە بە مانا دەروونشیکارییەکەی. کۆمیدیا وەک بەرجەستەکردنی دیوە قۆشمە و گاڵتەجاڕییەکەی دەسەڵات، وەک فەزایەک بۆ نمایشکردن، چونکە تەنها لە رێێ ئەو نمایش و خۆ دەرخەستنەوە دەسەڵات دەتوانێت خۆی جارێکیتر نمایشبکاتەوە وەک فالوس بەڵام فالوسێکی گریمانەیی و دوورەدەست کە تەنها بە دەنگی ئێمە دەبێتە حەقیقەت.

گەر ئێمە ئەو پئناسە هۆبزیەمان بۆ چەمکی دەسەڵات قبوڵ بێت کە دەسەڵات لە ساناترین پێناسەیدا برییتیە لە و هێزەی کە تۆ بە قەرز لەو خەڵکانە وەریدەگریت کە دواتر دەسەڵاتت هەیە بە سەریاندا. واتە خەڵک دەسەڵاتی خۆی لە ڕێی دەنگەکانیانەوە بە قەرز دەدەن بە تۆ، تاوەکو تۆیش وەک پیاو—ژنی دەسەڵات ئیش بۆ ، پێدانی مووچە ، بودجەی شەفاف، خۆشگوزەرانی، سەقامگیری و یەک ڕیزی ...هتد ئەوان بکەیت. ئەوەی لە پێناسەکەی هۆبزدا گرنگە ئەوەیە کە خەڵك دەسەڵاتی خۆی بۆ تۆ جێدەڵێت و ڕادەستی تۆی دەکات.

گەر تۆیش وەک خاوەن دەسەڵات لە خزمەتی خەڵکیدا نەبیت ئەو کارانە نەکەیت کە بانگەشەت بۆ کردووە بە هۆیەوە کاندید کراویت، ئەوا خەڵک بێدەنگ دەمێننەوە و تۆیش وەک دەسەڵات دەبیتە دیکتاتۆر.

کێشەی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە نایەوێت باوەڕ بکات کە ئەو دەنگەی لە سەرەتاوە بە قەرز لە تۆ وەریگرتووە نەیداوەتەوە پێت، لە فۆڕمی خۆشگوزەرانی و مافی هاونیشتمانبوون هەموو ئەو دروشمە بریقەدارانەی کە ئێستا و لە کاتی خۆشیدا داویانە بە گوێماندا.

بە مانایەکی تر، ئەو دەنگەی کە هەمان بوو هێشتا هەر لای ئەوانە ئێمە وەرمان نەگرتۆتەوە تا جارێکی تر پێیان بدەینەوە.

داوای شتێکمان لێدەکەن کە نیمانە لای خۆیان ماوەتەوە. ئەم گەمەکردنە بە دروشم و پێکدادانی بەهاکان تەنها لە ناو درۆیەکی گەرورەدا جی دەبیتەوە کە ناوی دیموکراسییە پرۆسەی دانگدانیش بەشێکە لەم درۆیە.

ئالان بادیۆ باس لەم سەردەمەدا دەکات بە سەردەمێکی پۆرنۆگرافی ناویدەبات و دەلێت: دیوە گاڵتەجارێیەکەی دەسەڵات خودی دیموکراسی خۆیەتی. بادیۆ بۆ قووڵبونەوە لە سەر ووشەی دیموکراسی نمونەی شانۆ کۆمیدییەکەی جان جانێت دەهێنێتەوە بەناوی (بالکۆنەکە).

بە ڕای بادێو ئەم کۆمیدیای جان جانێت ئیشکردنە لە سەر پەیوەندی نێوان وێنا، نادڵنیایی تەنانەت ئەوەیش کە نابینرێت لەم سەردەمەدا کە دەسەڵاتی ڕووتە.

جوانی ئەم کۆمیدیا نیشادانی ئەو ڕاستییە کە لە ژێر دروشمە پڕشنگدارەکانەوە هێزو دەسەڵاتێکی ڕووت ڕەجاڵ خۆی مەڵاس داوە کە ناتوانێت کەموکورتی و پووچیەکانی خۆی تا سەر بشارێتەوە. کێشەکە ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە ڕووتە ی کە خۆی دەشارێتەوە لە پشت وێنا فریودەر و پلاستیکیەکانی دیموکراسی و جیهانی سەرمایەدارییەوە خۆی لە ڕاستیدا هیچ وێنایەکی نییە، بەڵکو بە تەواوی ڕووتە و بوێری ئەوەی نییە خۆی دەرخات و هیچ وێنایەکی ڕاستەقینە بدات بە ئێمە.

دەسەڵاتی ڕاستەقینە ئەو دەسەڵاتە داپڵۆسێنەر و وێرانکەرەیە کەلە ئێستادا هەیە ژیانی لە هەموو ئاستەکاندا بەرەو بنبەست بردووە، بەڵام هێشتا هەر ناتوانین وەک خۆی وێنای بکەین جونکە زۆر بە ئاسانی خۆی لە ژێر ماسک و ودروشمی دیموکراسیدا شاردۆتەوە.

هەڵبژاردنی بادیۆ بۆ ئەم شانۆیەی جانێت (بالكۆن)، بۆ ئەوەی لە ڕێیەوە باس لە دیموکراسی بکات لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم شانۆیە ئەو دژبەیەکی بە یەکداچوونی وێناکانمان بۆ بەرجەستە دەکات. شانۆکە بە ماڵی سۆزانیەکان دەست پێدەکات.

ئەم ماڵە لە ژێر رکێف و هەژمونی دەسەڵاتی یەک کارەکتەردایە بە ناوی (ئیرما)، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەی ئەم ماڵە دەبات بەڕێوە خەێاڵ و وێناکانە.

ماڵی سۆزانیەکان ئەو شوێنە شانۆییە کە تیایدا وێناکان دەچن بە گژیەکدا ئەوەمان بۆ نمایش دەکات کە ئۆبێکتێکی ئارەزوو هەیە، تۆ دەتوانێت داوای بکەیت و بیگۆڕیتەوە بە پارە.

بادیۆ دەڵێت: ((جانێت لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەوەی بینییوە کە لە ئەمڕۆدا تەواو دیار و ئاشکرایە، ئەویش ئەوەی کە دیوە کەموکورت و نوقسانییەکەی دەسەڵات دەشارێتەوە بەربەرەڵایی و وەحشتناکی وێناکانە لە سەر هەموو ئاستەکان، لەوانەیش ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی.

واتە بەیەکدادان و بە گژداچوونی هەموو وێناکان لە ناو یەک شوێندا کە ماڵی سۆزانیەکانە، ئەمەیش تەنها لە ڕێی دنەدانی ئارەزووی مرۆڤەکانەوە دەکرێت بە بەکارهێنانی پرۆپاگەندەی بازاڕی.

ماڵی سۆانیەکان لە شانۆکەی جانێت بازاڕی وێناکانە کە تیایدا تەواوی چێژ دەخەمڵێنرێت و دەگۆڕێتەوە بۆ پارە. لە کاتێکدا لە دەرەوەی ئەم ماڵە شۆڕشی کرێکارە ڕووت و ڕەجاڵەکان بەردەوامە، هەروەک چۆن لە ئێستادا لە دەرەوەی ئەو قەحبەخانەیەی خۆرئاوا بە هەزارەها کرێکار لەباکوری ئەفەریقا خەریکی هەڵگرتنەوەی مینەکانن(ئەلغامەکانن)، بە هەزارەها کرێکار لە چین شۆڕش دەکەن، یان شۆرش و خوێنگەرمی خەڵک کە لە سەرەتای بەهاری عەرەبیدا بینیمان.

ئەوەی لە دەرەوەی ماڵی سۆانیەکانە خودی ژیانە، ئەوەیە کە پێدەڵێن واقیع…)).

بە ڕای بادیۆ بۆ ئەوەی وەڵامێکی ڕاست دروست بدەینەوە دەبێت پرسیارەکە بەم شێوەیە بکەین: ئەو فالوسە فیتشییەی ئەم سەردەمەی ئێمە چییە؟ وەڵامەکەشی بێ دوو دڵی ئەوەیە: دروشمە بریقەدارەکەی ئەم سەردەمە، فیتشی ئەم سەردەمە کە وێنایەکی هەڵخڵەتێنەری دەسەڵاتێکی ڕووتە کە وێناناکرێت خودی ووشەی دیموکراسییە. ئەو دەسەڵاتە ڕووتەی کە هەموومانی داغانکردووە دایڕمانوین لە ساتێکدا شیرین دەبێت و تەنانەت خۆشیشدەویسترێت کاتێک بە ووشە بریقەداری دیموکراسی خۆی دادەپۆشێت.

ئەو درۆ دەلاسانەی کە بەناوی دروشمەکانی دیموکراسیەوە دەکرێت کە گوایە دەسەڵات بۆ هەمووانە لە پێناوی هەمووانە، خودی ئەم درۆیە ئەوەیە کە نایەلێت دیموکراسی وەک خۆی ببینین. پلاتۆ دەڵێت: (ئەوەی دیموکراسی هێشتۆتەوە و ئیدامەی پێدەدات ئەوەیە کە هەرگیز ناگەیت بەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات، دەسەڵات بۆ هەمووان و لە پێناوی هەمووان خۆی مەحاڵەکەی دیموکراسییە.

دیموکراسی فیتشی ئێمەیە بۆ دەسەڵات، بە دەست ‌هێنانەوەی دەنگی خۆمان کە یەکەم جار وەک کوردێک_تاکێک لە ژێر ناوی دیموکراسیدا بە قەرز دامان بە پیاوانی دەسەڵات ئیترلەو کاتەوە وەرمان نەگرتەوە. هەموو بانگەشە و دروشمەکانی هەلبژاردن ئەوەمان بە دیوێکدا بۆ دووپاتدەکاتەوە کە ئەمجارەیش وەک هەموو جارەکانی تر هیچ ڕوونادات بەڵام ناشتوانین باوەڕ بکەین کە هیچ ڕوونادات.

دیموکراسی وەک فیتش هەم نکولیکردنە لەوەی کە ئێمە وەک دەنگ و دەسەڵات خەسێنراوین، وە هەم ڕازیبوونە بەوەی کە لە ڕیی دەنگدانەوە(وەک قەرەبوویەک بۆ ئەوەی کە یەکەم جار لە دەستمان چووە)وەریدەگرینەوە.

ئەگەر ئێمە وە ک جەماوەر_خەڵک جارێکی تر باوەش نەکەینەوە بۆ ئەم دەسەڵاتە ڕووتە ئەوا بە خۆفرۆش، کوردفرۆش و نا دیموکرات و دژ بە دەنگ و دەسەڵاتی خەڵک چەندین ناو ناتۆرەی ناوزەند دەکرێن. وەڵی گرنگە بۆ ئـێمە ڕەخنەی جدی خودی دیموکراسی بکەین ئەو کەسانەیش کە بانگەشەی بۆ دەکەن بخەینە ژیر پرسیارەوە.

گەر ئەمە نەکەین ئەوا زۆر ئاساییە ئەم گەمەیەی دەسەڵات بەردەوام بێت.


لە بەشی دووەمی ئەم ووتارەدا باس لە پەیوەندی نێوان پۆرنۆگرافی و دیموکراسی دەکەم بۆ زیاتر تێگەشتن، وەڵامێک کە بۆچی بادیۆ سەردەمەکە بە سەردەمێکی پۆرۆگرافی دەبینیت.