دەنگی ڕەسەنی کوردی لای خەلیفە میرزا غەوزوی و خەلیفە کەریم لە شاری سنە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: سەردار حەمەڕەش

1524333.jpg


(دەنگی ڕەسەنی کوردی لای خەلیفە مێرزا غەوزوی و خەلیفە کەریم لە شاری سنە)



ئەم وتارە ساڵی 2000 لە ڕۆژنامەی پەیام لە لەندەن بڵاوبویەوە بە بۆنەی هاتنی خەلیفەی قادری بۆ ئاهەنگێکی مۆسیقی لە پاریس.

دەنگێک هەیە لە ژێر لێوەوە دێت و دەنگێکی تر لە ڕۆحەوە، بەڵام خەلیفەی کەسنەزان، کەس نازانێت دەنگی لە چ سەرچاوەیەکەوە هەڵدەقوڵێت ؟ ئەو دەنگانە کەمن کە هەموو سنورێکی هەست دەشکێنن و لە بیرو هۆشی هەموو مرۆڤێکی کولتوور جیاوازدا خۆیان بە ئاشتیانە نیشتەجێ دەکەن. دەنگو ئاوازی خەلیفە میرزا غەوزی لە ڕیبازی قادری لە شاری سنە لە کوردستانی ڕۆژهەلات یەکێکە لەو دەنگانە. بە بیستنی دەنگی خەلیفە، ڕادەچڵەکێیت و بە ئاگا دێیتەوە، تەوژمی وزەی ڕۆحیی بە بەدەنتا دێت و دەڕوات. هەر کە بە پەنجەی شایەتومانی پەلەپیتکە لە دەفەکەی دەداو بەدوایدا دەخوێنێت، موچڕکە بە ورووژمەوە لە نوکی پێتەوە هەتا تەوقی سەرت جۆشت تێ دەخات و دەتهێنێتە جۆش و خرۆش.

هەرچەندە خەلیفە تەمەنی حەفتاو دوو ساڵە، لە و تەمەنەدا مرۆڤ تەلی دەنگی تێک دەچێت و پوختەیی نامێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی خەلیفە هێشتا بە توانا و پوختە و بێ هاوتایە. کەس نیە لە بەردەم ئەم دەنگە مەزنەدا بە بێ پرسیار لەخۆ بمێنێتەوە، مەحاڵە گوێی بۆ شل نەکەیت و رۆحی خۆتی پێ نەسپێریت هەتاوەکو دەتهێنێتە جۆش وخرۆش و پاشان حاڵ و لەرزە . توانا و کاریسمی خەلیفە هێندە مەزنە کە ژۆن دورینگ (Jean Douring) موزیکۆلۆگی فەرەنسی، دەیخاتە پاڵ مۆسیقارە بەناوبانگەکانی وەک بتهۆڤن و مۆزارت.

سۆفیە قادریەکان وەها ناودەبرێن کە ناسراوترین ڕەوتی سۆفیگەرین لە وڵاتانی ئیسلامی ڕۆهەڵاتی ناوەراست و ئاسیادا، لە مەغریب و هندستان و هەر چوار پارچەی کوردوستان خانەگایان هەس، ڕێبازەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ عەبدولقادری گەیلانی کە ناوەکەی بەخۆیەوەیە لە گیلانی لە کوردستانی باشور لە ساڵی 1077 هاتۆتە دنیاوە و لە 1166 کۆچی دوایی کردوە. هەندێک سەرچاوە بە جیلانی ناوی دەبەن و بە عەرەبی دەناسێنن، گوایە لە نزیک دەریای قاسپیانەوە هاتۆتە دنیاوە، بەڵام لای کوردان ڕوون و ئاشکرایە کە سۆفیەکی گەورەی کورد بوە.

نزیکەی بیست خێڵی قادری لە کوردوستان هەنە ، سەرەمۆنی و زکر و گۆرانی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەناوبانگترین و رەسەنترینیان خێڵی کەسنەزانە لە شاری سنە لە کوردوستانی ڕۆژهەلات. وەک ژۆن دورینگ لە کتێبەکەیدا بە ناوی میستک و سۆفی لە کەڵچەری ئێرانیدا، دەڵێت: خێڵی کەسنەزان لە شاری سنە، رەسەنترین و مەزنترین گۆرانیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕواست و ئاسیادا، بێ شک لەبەر ئەوەی کە دوو خەلیفەی دەنگخۆشی وەک خەلیفە کەریم و خەلیفە میرزا غەوزی لەوێن. ئەمە دووهەمین جارە کە خەلیفە میرزا غەوزی بێت بۆ فەرەنسا، یەکەمین جار لە ساڵی 1991 میوانداری کرابو لە ڤیستیڤالی ئەڤینیۆن ( festival d'avignon) لە خواروی فەرەنسا و دواهەمین جار مانگی سێی ساڵی 2000 لە شانۆی شارەوانی پاریس .

....3ard03.jpg

سەرەمۆنی قادریەکان لە خانەگادا لە دوو بەش پێک دێت، بەشی یەکەم، خەلیفە؛ سەرۆکی دەنگبێژ، لەسەر پێستێکی مەڕ بە چوار مشقی دادەنیشێت کە رەمزی بەتوانایی و گەورەیی ئەو نیشان دەدات، پاش ئەوەی سڵاو و بەخێرهاتن لە هەموان دەکات، خەڵکەکە بە بازنەیی بە چواردەوریدا دادەنیشن. جیاوازی ئەم خەڵکە بە رووکەش لەگەڵ خەڵکی تردا نیە، جگە لەوەی کە ئەمانە قژیان وەک مێژویان لە ژێر جامانەکانیانەوە شاردراونەتەوە. پاشان خەلیفە دەست دەکات بە گۆرانی ووتن لەسەر ریتمی دەف و بە چواردەوریدا دەروێشان دەست دەکەن بەسەر راوەشاندن و دەکەون ئێکستازەوە.

لە بەشی دوەمی سەرەمۆنیەکەدا هەڵدەسنە سەرپاو قژیان بەردەدەنەوە و دەکەونە زکر و حاڵکردن، لەگەل بە خێرابوونی ریتمی دەفەکەدا دەکەونە حالەتێکی شێتی پیرۆزی وەها کە زمان ناتوانێت لێی بدوێت و گوزارشت لەو دیمەنە بکات، زکرو حاڵ دەچنە پلەیەکەوە کە لادەدات لە مەبەستی سێرەمۆنیەکە کە خوامان وەبیر بهێنێتەوە، زیاتر لەوە دەچیت کە ببنە ڕاوکەری خودا. بەڵام لە ئەوروپا لەبەر ئەوەی سەرەمۆنیەکانیان لەسەر شانۆ وەکو خانەگا شوێنێکی گونجا و نیە بۆ ئەو مەبەستە، تەنها بەشی یەکەمی سێرەمۆنیەکەیان پێشکەس دەکەن، واتە لە پلەیەکی مەستیدا مۆسیقاکەیان دەوەستێنن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندەها ڕوداوی سەیر و سەمەرە رویان داوە لەکاتێکدا خەلیفە گۆرانی وتووە : جارێکیان یەکێل لە گوێگرەکان لەساڵەکەدا لەگەل ڕیتمی مۆسیقا و گۆرانیەکە و دەنگی خەلیفە دەکەوێتە لەرزین و پاشان دەکەوێت بەزەیدا، دکتۆرێک بە ڕێکەوت لە ساڵەکەدا دەچێت بەرەو ڕوی، خەڵکەکە ڕێگە لە دکتۆرەکە دەگرن و پاشان خەلیفە وەک ئۆستادێک کە دەوای بۆ ئەو دەردەهەیە، ئەو دەردە ڕۆحیە، ڕیتمی دەفەکە دەگۆرێت و کابرا دێتەوە باری ئاسایی خۆی .

سۆفیەکان لەبەر ئەوەی کە لەسەر خاکی مادەکان دەژین و بە پشتاو پشت دەگەڕێنەوە سەر ماژەکان، ئەمانیش هەر بەدوای حەقیقەتا وێڵن، هێندە بە دوای ڕەوانیی ڕۆح و هەڵسوکەتا وێڵن کە ڕاوی ڕۆحیان کردوە، دەستەمۆیان کردوە؛ ئەوەی نابینرێت بەچاو ئەوان دەیبینن و ئەوەی نابیسترێت ئەوان دەیبیستن، لەژێر هەموو شکڵێکەوە ڕۆحێک دەبینن و لەژێر هەموو بزاوتنێکەوە سەمبۆلێک دەبینن.

U13532 derwesh7.jpg

خەلیبە میرزا غەزوی

دەگێڕنەوە جارێکێان خەلیفە میرزا غەوزی ساڵی 1991 لە ڤیستیڤالی ئەڤینیۆن لە فەرەنسا لەسەرەتای ئاهەنگەکەدا، پێش ئەوەی دەست بکات بە گۆرانی ووتن، کوتووپڕ کورسیەک دەکەوێتە خوارەوە لەناو شانۆکەدا، پاشان چەند تەنێکی تر بەدوایدا لەسەر شانۆکە، خەلیفە هەر خێرا کۆتایی بە ئاهەنگەکە دەهێنێت و ئاهەنگەکە دەگوێزنەوە بۆ ڕۆژێکی تر. وەک ژۆن دۆرینگ دەلێت : ئایا پێویست بەوە دەکات کە پرسیار بکەین بۆچی خەلیفە کۆتایی بە ئاهەنگەکە هێنا ؟ ڕوکەشی خەلیفە هەمیشە زەردەخەنەیەک لەسەر لێویەتی و هەرگیز چرچ و گرژی ناوچەوانی دانەپۆشیوە، دەستێکی بە ئاستەم لەسەر پشتێنەکەیەتی و لەسەر خۆ دەڕوات بەڕێوە، بەلام ڕۆحی بێ شک وەک خۆر دەسوتێت.

مانگێک پیش ئەوەی ئاهەنگەکەیان لە پارسی دەست پێ بکات، هەموو بلیتەکان فرۆشرابوون، جێگە نەمابوو، منیش یەکێک بوم لەوانەی کە چەند خولەکێک پێش ئەوەی کە ئاهەنگەکە دەست پێ بکات لە بەردەم دەرگای چونە ژورەوەدا چاوەڕێم دەکرد بە هیوای ئەوەی بلیتێکم دەستکەوێت، خەلیفەم بینی لە دورەوە لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا : عەبدولڕەحمان و عەلی ڕەزا و دوو دەف لێدەری تر، بە پیریانەوە چووم و داوام لێکردن کە ئایا دەتوانم رەسمێکیان بگرم بۆ وتارێک لە ڕۆژنامەیەکدا لەسەر ئەوان، خلیەفە زۆر دڵی پێ خۆشبوو کە کوردێک چووە بە پیریەوە و وتاریان لە سەر دەنوسێت، رووی کردە کوڕەکانی و ووتی : نەم ووت کە پرێسی کوردی دێت بۆ لامان ؟

لەسەر شانۆ دەفەکان لە بەردەم لامپەکاندا، گەرم بوبوون ساڵەکە پربوو لە مۆسیقاژەن و دەفلێدەری پاریس و کەسانی تر، جێگەی کەسێکی تر نەدەبویەوە، ڕادیۆ و تەلەفزوێن ئامادەبوون، هەر بەهاتنیان خەڵکەکە بە چەپڵە ڕیزانێکی خێرا و کورت بەخێرهاتنیان کردن. ئینجا خەلیفە بۆ ماوەی چەند ساتێک سەری دانەواند بە بێ دەنگی، بی دەنگی خێرا باڵی کێشا بەسەر ساڵەکەدا، پاشان لە ژێر لێویەوە بە بێ ئەوەی زەردەخەنە لێوەکانی جی بهێلێت، چرپەچرپێکی کرد و ئینجا دەستێکی هێنا بەسەرو چاویدا و دەفەکەی بە قایشێک گرت بەدەستیەوە و هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشاو پاشان چراندی :

یاران.........

لەو ڕۆژەوە ڕۆشتوە تۆراوە دڵی من،

هەرچەند دەگەرێم بی سەرو شوێن ماوە دڵی من.....

دەبێت ئەوە بووترێت کە ژۆن دورینگ، بۆ یەکەم جار توانی لە خانەگادا مۆسیقا و زکر و حاڵی قادریەکان تەسجیل بکات بە کەوالیتێیەکی ئێجگار پوخت، بە دوو سیدی کە لەسەری نوسراوە ؛ كوردستان، زکر و مۆسیقای کوردی.

8885ard02.jpg

وەک دەیخوێنینەوە بە فارسی نوسراوە مۆسیقای ناوچەیی ئێران نەک کوردستان

خەلیفە وەک ئەوەی کە ڕۆحی تینو و چاوەڕوانی دەکرد، جارە جارە لەدوای دێڕیک هۆنراوەوە هەر خۆی هاواری دەکرد : ئەڵا.....ئەڵا...وەک ئەوەی بە دەنگی خۆی سەرسام بووبێت،. بیرم بۆ جۆنهۆکەر (John Lee Hooker) ی بلوزمانی ئەمەریکی دەچوو کە دەیوت : زۆر جار گۆرانی هێندە خۆش دەڵێم، هێندە مەستی دەنگی خۆم دەبم، فرمێسک بە چاونمدا دیتە خوارەوە.

بێ شک زۆر لە هونەرمەندان کە دەکەونە پلەیەکی بەرزی ڕۆحیی، دەنگی خۆیان وەک دەنگێکی غەریب دێتە بەر گوێیان وەک ئەوەی کە هێزێکی تر هاندەری سەرچاوەی دەنگیان بێت؛ هێزێک لە دەرەوەی ئەوان، لە سەروی سروشتەوە. خەلیفە میرزا غەوزی دەڵیت : جارێکیان لە گەرمەی گۆرانی وتندا هاوارم کرد : یا عیسا...یا موسا...هەستم کرد کە دەنگی خۆم نەبوو دەنگێکی تربوو دەنگی حاڵ بوو.

لە بەشی کۆتایی ئاگهەنگەکەدا خەلیفە هەستایە سەرپی و دەفلێدەرەکانیش بە دوایدا، چەند کەسێک لە ساڵەکەدا کە جۆشیان تێ کەوتبوو دەستیان کرد بە چەپڵە ڕێزان لەگەڵ ڕیتمەکەدا، خێرا خەڵکەکە دەنگی وس وسیان لێکردن هەتاوەکو بێ دەنگ بن. لە دوای ئاهەنگەکە هەرکەسەو بەجۆرێک باسی مۆسیقاکەی دەکرد، هەندێک کەسیش دەیانویست شیکار بۆ مۆسیقا و دەنگی خەلیفە بکەن بە پێی ئاستی شارەزاییان لە هونەری مۆسیقا و سۆفیگەریدا، بەلام وەک ژۆن دۆرینگ دەڵیت، مۆسیقایەکە کە ناتوانرێت بە مەنتیقی مۆسیقا شیکاری بۆ بکرێت و بەرگری لێ بکرێت، مۆسیقایەکە لە خوێن و لە ڕۆحیاندایە.

وەک نور ئەلی ئیلاهی دەڵێت : هەتاوەکو بیربکەیتەوە لە یاسا و لە تەکنیک کاتێک کە مۆسیقا دەژەنیت، ناتوانن بگەیتە ئەو حەڵەتەوە، کاتێک بیری لێ ناکەیتەوە و دەچیتە قوڵایی ڕۆحتەوە ئەوسا دەیگەیتێ . بە شیوەیەکی گشتی گەلانی هندۆئەوروپی بەتایبەتی لای کوردان، شتێکی نامۆ، سڕێک دەبینرێت لە نیگایاندا، سۆزێک لە دەنگیاندا کە جێگەی پرسیارە، مەبەستم لێرەدا ئەوە نیە کە گەلی کورد بە زیاتر لەوانی تر بزانم، بەلام بیرو باوەڕی زەدەشتی و مانیان تێدا نیشتەجی بووە، کاتێک خەڵکی لە سەردەمانێکدا لێیان ترساون و بە جادوگەر و شەیتانیان لە قەڵەم داون، توانا و هیمەتیان هێندە بەهێزبووە، هێندە بە دوای راستیدا وێڵ بوون کە توانایان گەشتۆتە سەروی توانای مرۆڤ، لەبەرئەوەی کە هێندە توند و تیژن و سەرپەلن لە بیروباوەڕیاندا، کاتێک ئیمانیان بە شتێک دەبێت پەردەی سنوری خۆشەویتی دەبەزێنن و خۆیان دەکەن بەیەک لەگەل ئەودا. وەک ژۆن دورینگ دەڵێت: کورد هێندە سەرپەل و توندوتیژن لە بیروباوەریاندا کە زۆر جار خۆشەویستیان دەچێتە ئاستی ڕقەوە، بۆ نمونە لەم دێڕە هۆنراوەی ىێخودا :

  • قوربانی کەسێک بم کە بە قوربانی نەبی بێت
  • وەک بەندە سەگی بەردەمی شاهی عارەبی بێت

...

  • هەم موریدی شا حوسیەنم سەیدی سێحیو مەرام
  • جانشینی ئەو قبوڵم کا لەدەرگای خاکی پاکم
  • من حەقیرم وا لەدەرگای ڕۆڵەکەت پاڕامەوە

سۆفی میرزا غەزوی دەڵێت : هەر لەتەمەنی 21 ساڵیدا هەستم کرد بەوەی کە بەرەو ڕێبازی سۆفیگەری دەچم، بۆیە هەر خێرا خۆم فێری دەف و گۆرانی کردن لەتەک باوکم : حاجی غەوزی ڕێگەی سۆفیەگەریم گرتە بەر، ڕێگەی سۆفیگەریش ئەوەیە کە دەبێت پیش هەموو شتێک تۆبە بکەیت و خۆت پوختە بکەیتەوە، گوێ رایەڵی فەرمانەکانی ئیمامی عەلی و شێخ عەبدولقادری گەیلانی هەتاوەکو شێخی کەس نەزان بیت، ئەوجا دەبیتە دەرویش، کاتێک وەک دەروێشێکی نمونەیی هەڵسوکەوت دەکەیت لە ژیاندا و نوێژ دەکەیت و سوێند بە هەژاری دەخۆیت، نێت بە لێبوردەیی و خۆ بەکەم زانینن و دڵپاکی دەهێنیت، ئەو کاتە شەهادەی خەلافەتیت پێ دەسپێردرێت کە گەورەترین پلەی دەروێشیە، دەبێت خاوەنی هێزو توانایەکی بێ هاوتا بیت، چونکە بەرپرسیاریتتێکی زۆر گەورەیە .

خەلیفەی مییزا غەوزی ساڵی 1928 لە شاری سنە هاتۆتە دنیاوە، خەلیفە کەریم کە لەو بە تەمەنترە ساڵی 1920 لەهەمان شار هاتۆتە دنیاوە، هەردوکیان لە کەرکوک لای شیخ عەبدولکەریمی کەسنەزان ئیچازەی خەلافەتیان وەرگرتوە، بۆ ماوەی دە ساڵ خەلیفە کەریم ئۆستادی خەلیفە میرزا غەوزی دەبێت، بەڵام بەداخەوە، خەلیفە کەریم بێ شک لەبەر زۆری تەمەنی، ئاهەنگی لە دەرەوەی کوردستان نەگیڕاوە ، دەڵێن کاتێک بەرامبەر بە یەک پێکەوە گۆرانی دەڵێن و بۆ یەکتری دەسێنییەوە دڵ نازانێت بە چ لایەکدا بیشکێنێتەوە. گویە داوایان لێ کراوە کە هەردوکیان گۆرانی بچڕن لە بەردەم کەسایەتیەکی گرنگی ئێراندا، بە بێ ئەوەی ناوی کەسایەتیەکە بەرن !

11026237 .jpg

لە خانەگادا پیش ئەوەی دەوروێشان بکەونە زکر و حاڵ، وەک هەموو کۆمەڵە سۆفەیکانی تر، دەبێت پشتاو پشت ناوی هەموو شێخەکانی ڕێبازەکەیان بهێنن لە ئیمامی عەلیەوە هەتاوەکو شیخی کەسنەزان، بۆ ئەوەی کە ئەوانیش بەشداری لە سێرەمۆنیەکەدا بکەن و بیان پارێزن. لە کۆنفراسێکی کە ژۆن دۆرینگدا لەسەر مۆسیقای سۆفی کورد بەبۆنەی چاپکردنی سیدیەکەوە لەسەر قادریەکان لە پاریس، کوڕێکی کورد پرسیارێکی ئاراستە کرد و وتی :

ئێمە چۆن ئەوانە ( قادریەکان ) بە کورد بزانین لە کاتێکدا ئەوان پشتاو پشت خۆیان دەبەستنەوە بە پێغەمبەری ئیسلام و عەلیەوە کە عارەبن ؟

لەوەڵامدا ژۆن دۆرینگ وتی : من ڵیڕەدا وەڵامی ئەو پرسیارەت نادەمەوە لەبەر ئەوەی کە ئەگەر لە هەر کوردێکی هاوڕێت بپرسیت وەڵامی ئەو پرسیارەت باش دەداتەوە.

مێژوونوسەکان هەمیشە دەلێن کە کورد یەکێکە لەو گەلە ئێرانیانەی کە کولتوری ئێرانی خۆی پاراستوە، هەمووشمان دەزانین کە مۆسیقاو گۆرانی لای سۆفیەکان دەورێکی گرنگی هەس، مێژووی سۆفیەکانیش زۆر دێرینە و لە پێش ئیسلامدا بوونیان هەبووە، مۆسیقا و گۆرانیش لای ئیسلام قەدەغەبووە، دەلێن گوایە کاتێک ناوی زەدەشت براوە، وەک ئەوە وابووە ناوی گۆرانی و مۆسیقا برابێت، بەڵام کە لەشکری ئیسلام هاتوە و دین و گۆرانی و مۆسیقای لێ زووت کردوون ئیتر چۆن بتوانن بەردەوامی بدەن ئەگەر ناوی شێخەکانیان نەگۆڕن و خۆیان نەبەستنەوە بە ئیسلامەوە ؟ هەروەک چۆن ئیراق و ئێران و تورکیا ناوی لادیکانیان گۆڕی هەر ئاوا پاش چەند سەردەمێکی تر پێ دەچێت کە ناوە رەسەنەکەیان لەبیر بەرینەوە.

ڕۆژێک جەلالەدینی رۆمی بە شاگردەکانی دەڵیت : مۆسیقا وەک جیڕەی دەرگای بەهەشت وایە، شاگردەکانیشی دەڵێن : جیڕەی دەرگا ناخۆشە، ئەویش لەوەلامدا دەڵێت : من مەبەستم لە کردنەوەی دەرگای بەهەشت بوو، ئیوە بە داخستنی دەرگای بەهەشت تێگەیشتن.

لەدوای ئاهەنگەکە لە دەرەوەی ساڵەکەد خەلیفە و دەفلێدەرەکانی لە کونجوڕێکدا لە بەردەم دیسکەکانیاندا چاوەڕوانی مشتەریەکانیان دەکرد، خەلیفە بە خۆیی و مۆرەکەیەوە وەستابوو، هەرکەسێ دیسکێکی لێ بکڕیایە ، مۆرێکی تایبەتی خەلیفەی لە دیسکەکە دەداو دەستی دەگوشی و کاتێکیش دەیزانی کە فۆتۆگرافێک رەسمی دەگرێت بەرانبەری دەوەستا و دەستی دەخستە سەر پشتێنەکەی و زەردەخەنەیەکی خۆبەکەمزانی دەخستە سەر لێوانی و لەبەردەمیا دەوەستا بەوپەڕی دڵخۆشیەوە.


لەدوای خوێندنەوەی ئەم نوسینەی خۆم کە سی و چوار سال لەمەوبەر نوسیبومە، ئێستاکە تێدەگەن بۆچی من هێندە دژی بەختیار عەلیم کاتێک لە ڕۆمانی مۆسیقارە سپیەکاندا بەختیار عەلی بە ئاوازی فلوتێک پێشمەرگەیەک و جەلادێکی عارەب بە هۆش خۆیاندا دەهێنێتەوە، فلوتێک کە زۆر نامۆیە بە کولتوری کوردی. چۆن بەختیار عەلی توانیویەتی کوفرێکی وەها گەورەبکات ؟ خۆ ئەگەر یەک تۆز شارەزایی هەبوایە لە کولتوری مۆسیقای کوردی ئەوا هەرگیز شەکری وەهای نەدەشکاند .