زۆر بڵێی و کەم عەمەلی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Stranabdu.jpg

نووسینی: ستران عەبدوڵڵا

«زۆر بڵێی لەسەر روباری نیل» رۆمانە ناسراوەکەی نەجیب مەحفوزە لەسەر توێژی خوردە بۆرژوای میسر کە عیدەیەکی زۆر بڵێیان لە عەوامەیەکی لێواری نیل لەبەزم و رەزمی خۆیان ناکەون، تەمبەڵ و تەوەزەل ھەر خەریکی تانەوتەشەرن، بێ ئەوەی کارێکیان لەدەست بێت.

لاوانی میسر لە کۆری نەبەزیندا گیانبازی دەکەن بۆ پەڕینەوە لە نائومێدی و بنکۆڵکردنی سەختی بەردەم سەرکەوتن و سەرەنجام لە قاودانی نەیاران، کەچی زۆر بڵێکان ھەر ئەیڵێن و ئەیڵێنەوە و قسەش ، وەك شاعیری نەجیبی قەومی نەجیبی کورد دەیڵێت ، ناچێتە گیرفانەوە.

نەجیب مەحفوز لەم رۆمانە گەورەیەدا وێنای چارەنووسی توێژێکی مشەخۆری کۆمەڵی میسری دەکات کە فایق بێکەسی شاعیر ، بە رۆمان نا بەڵکو بە دێرە شیعر، وەسفی حاڵی کردون: «کوردیەت خورمایە بۆچی یان قسەی شێتانەیە».

نە مەحفوز و نە بێکەسی باوك کەوتنی ئەم بتی زۆر بڵێیەیان نەدی لە میسر و لە کوردەواری ، بۆیە لەھەشتاکانی سەدەی رابردوو لەگەرمەی نەبەردییەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێدا شێرکۆ بێکەسی کوڕ ھاتەوە کایەو لە ئەدەبی موقاوەمەدا توانجی لەم زۆر بڵێیانە گرتەوە.

جا ھێمن گوتەنی «نەما خانی» و نەما مەحفوز و بێکەس تا نەشتەرگەری بۆ زۆر بڵێکانی ئەم رۆژگارەشمان بکەن. زۆر بڵێکانی ئەم رۆژگارە ھەم زۆر بڵێ و ھەمیش چاوقایم و رووقایمن و لەھیچ عەیبەیەك سڵ ناکەنەوە. ئەمانە وەك کارەکتەرەکانی رۆمانەکەی مەحفوز خێر و شەڕیان لە عەوامەیەکدا گەمارۆ نەدراوە، ئەمانە وەك کۆرۆنای سیاسی تەشەنەیان کردووە خەریکە ئیقلیمگیر دەبن.

جا ئێستا پێش ئەوەی بکەونە بەر بیراز و کوتانەوە ھێشتا خەڵك قەرزاربار دەکەنەوە.