سۆڤیەت کوردستان - ڕۆژنامە ژمارە:1 ساڵ: 1937 لاچین.

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Sovyetkurd (1).jpg

نووسینی: فه‌خره‌دین تاهیر

بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردی زۆر پەرتو بڵاوە، کۆکردنەوەی ئەوەی دەرەوەی کوردستان ئەوەندە ئاسان نییە،چونکە هەندێکیان هەن تا ئێستاکە بەشی زۆربەمان یان ناومان نەبیستوون یانیش ئەگەر ناویشمان بیستوون بەناوەڕۆکیان ئاشنانین.


ئەز هاوینی ساڵی پار سەردانی شاری مۆسکۆم کرد، و بەمەبەستی دۆزینەوەی ‌هەندیک لە چاپەمەنییە کوردیەکان چەند ئەرشیفخانەیەکەم بەسەرکردەوە، لەبەرئەنجامدا لە ئەرشیفخانەیەکی دەرەوەی شاری مۆسکۆ ڕۆژنامەیەکی تازەم بەسەر ناوی (شورا کوردستان 1936-1937) دۆزیەوە و لە وتاری پێشترمدا باسم لێوەکردوە، هەر لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەیە تازەیە ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستانیشم بەدەستخست،هەروەک دەزاندرێت بەندە لە شوباتی ساڵی 2001 دا، لە شاری سانکت پیترسبوورگ لە ڕوسیا لە ئەرشیفخانەی ڕۆژنامە کۆنەکاندا هەندێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی (سۆڤیەت کوردستان)ی، نێوان ساڵانی 1938- 1945م، دۆزیبۆوە و دواتر لە تۆیی کتێبێکدا لەلایەن دەزگای خەندان بۆ پەخش و وەشاندن لەساڵی 2006 دا لە هەولێر بەچاپ گەیشت و بڵاوکرایەوە و لە ڕۆژنامەکانی هەولێر و سلێمانی زۆریان لەسەر نووسی و ڕۆژنامەی( المدی) بەزمانی عەرەبی لەشاری بەغدا دەردەچێت، وتارێکی تێر و تەسەلی لەسەر بڵاوکردەوە و هەمان وتار تەرجەمەی کوردی کرابوو و جارێکی تر لە ڕۆژنامەی خەبات بڵاوکرابۆوە، ‌هەرچەندە پێشتر ڕۆژنامەی خەبات وتارێکی بە پێنووسی شاعیر و نووسەر مەسعود پەرێشان بەدوور و درێژی لەسەر بڵاوکردبۆوە و پێموایە یەکێک لە وتارە باشەکان بوو لەسەر کتێبەکەم نووسرابێ،هەروەها وێڕای ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ و ئاسۆ و هەفتەنامەی هەرێمی کوردستانیش بە پێنووسی بەبڕشتی مامۆستا مەحموود زامدار وتارێکی باشی لەسەر بڵاوکردەوە.


ڕۆژنامەی شورا کوردستان دوا ژمارەی لە ڕۆژی 10ی مانگی حوزەیرانی ساڵی 1937 دا،کە ژمارە: 31(303)ە و ڕۆژی هەینی سەرلە ئێوارە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژنامەی شورا کوردستان و سۆڤیەت کوردستان بە زمانی ئازەری و بەئەلفوبێی لاتینی ولەسەر ئەلفوبێی کریلی/ سلاڤی بڵاودەکرایەوە،مەبەستم ئەوەیە ببێژم: ئەو ئەلفوبێیە لاتینیە لەسەر ئەلفوبێی کریلی/ سلاڤی دروستکراوە. هەڵبەتە بە دیقەت ئەو ژمارانەی هەردوو (ڕۆژنامەی شورا کوردستان و سۆڤیەت کوردستان)م خوێندەوە بۆم دەرکەوت ڕۆژنامەیەکی هەفتانە بووە و ئەو ژمارانەی لە ڕۆژانی نۆرمالی هەفتەدا دەرچووبێتن سەر لە بەیانیان بڵاوبوونەتەوە و تەنیا ژمارەی ڕۆژی هەینی سەرلە ئێواران دەرچووە، چونکە ژمارەی ڕۆژانی هەینی بەم شێوەیەی لەسەر نووسراوە: جوومە- ئەقشام واتە جومعە- ئێوارە ،بەشی زۆری ژمارەکانی تری لە ڕۆژانی شـەمە و چوارشـەمە بڵاوبوونەتەوە.


ئەوی جێگەی گوتنە پێموایە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا ئەگەر لەسەرتاسەری کوردستانیش نەبووبێ،وەلێ لەو باوەڕەدام لەدوای هەڵوەشانەوەی قەزای کوردستانی سۆر لەساڵی 1929دا، هەردوو ڕۆژنامە (شوراکوردستان و سۆڤیەت کوردستان) لەشاری لاچین پایتەختی کوردستانی سۆری پێشوو لە نێو سنووری یەکێتی سۆڤیەت کە بۆ یەکەمین جار دوو ڕۆژنامەی کوردی بەزمانی ئازەری لە دوو قۆناخی جیادا هەفتەی جارێک ڕۆژانی هەینی ئێواران بڵاوبۆتەوە.


پسپۆر و شارەزایانی بواری زانستی ڕۆژنامەوانی لەسوید لە کتێبی بەسەرناوی (مێژووی پرێسی سویدیی) کە نووسەران کلاس- یۆران هاڵمبێری و ئینگمار ئۆسکارشۆن و پێر رایدن لە ڵاپەڕە 2 دا بەم شێوەیەیان نووسیوە:(هەر ڕۆژنامەیەک بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بڵاوببێتەوە و بەلای کەم هەفتەی یەک ژمارەی لێدەربچێت لەبزاڤی ڕۆژنامەگەریی مۆدێرندا بە ڕۆژنامەی ڕۆژانە هەژمار دەکرێت).


نووسەری کوردی سۆڤیەت شامیل عەسکەرۆڤ لە کتێبی خۆی بەسەرناوی (دیاسپۆرا کورد واتە ڕەوەندی کورد) کە بەزمانی ڕوسی لەساڵی 2007 دا چاپ و بڵاویکردۆتەوە و لەڵاپەڕە 61 دا بەم شێوەیە دەربارەی (ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان)ی نووسیوە:(دوای هەڵوەشاندنەوەی دەڤەری ئۆتۆنۆمی کوردستانی سۆر،لە کۆتایی ساڵی 1930دا بڕیاردرا کە ڕۆژنامەیەک بەزمانی کوردی و ئازەری بەسەرناوی سۆڤیەتیسکی کوردستان لە شاری لاچین چاپ و بڵاوبکرێتەوە،ڕۆژنامەی سۆڤیەتیسکی کوردستان لە ساڵی 1931 دا ،تەنیا بەزمانی ئازەری لەلایەن نووسەر ئیبراهیم ئاڵڵاوێردی دەرچوو و ئەم ڕۆژنامەیە تا 13ی مانگی تەمووزی ساڵی 1962 بڵاوکرایەوە).


ئەوی جێگەی گوتنە ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان ژمارەی یەکی لەبەر دەستی مندایە بەم شێوەیەی لەسەر نووسراوە: (سۆڤیەت کوردستان ژمارە:1 ، مانگ : پووشپەڕ ، ساڵ: 1937 لاچین).


ئەوی ڕاستی بێ ڕۆژنامەکە ناوی سۆڤیەت کوردستانە نەک سۆڤیەتیسکی کوردستان. هەرچەندە لە زۆربەی هەرە زۆری کۆمارەکانی ئەودەمەی یەکێتی سۆڤیەتدا ڕۆژنامە بەسەرناوی سۆڤیەتیسکی یان سۆڤیەتیسکایە هەبووە، هەر بۆنموونە: سۆڤیەتیسکایە ئیستۆنیا، سۆڤیەتیسکایە بیلاڕوسیا، سۆڤیەتیسکایە ئەرمینیا،سۆڤیەتیسکایە سپۆرت و...تاد.

بەڵام دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان ناوەکەیان بەکوردی و بە ئەلفوبێی لاتینی لەسەر ئەلفوبێی کریلی نووسیوە و چۆن نووسراوە هەرئەوهاش دەخوێندرێتەوە.


ئەوی جێگەی گوتنە ژمارە یەکی ڕۆژنامەی ( سۆڤیەت کوردستان) تەنیا یەک ڵاپەڕەی قەوارە گەورەیە و بەزمانی ئازەری لەشاری لاچین چاپ و بڵاوکراوەتەوە و سەرنووسەرەکەشی ئیبراهیم ئاڵڵاوێردی نییە و لەژێری ژێرەوەی ڕۆژنامەکە لە دەستەڕاستدا نووسراوە: مەسئول ریداکتۆر: سەدیخ بەیرەمۆڤ، واتە (بەرپرسی دەستەی نووسەران سەدیخ بەیرەمۆڤ)ە.


مخابن شامیل عەسکەرۆڤی نووسەری کوردی سۆڤیەت وادیارە زۆر ئەرکی نەکێشاوە بۆ زێدەتر زانیاری بەدەستخستن دەربارەی چاپەمەنیەکانی دوای هەڵوەشاندنەوەی دەڤەری قەزای کوردستانی سۆر، ئەگەرنا دەیتوانی زانیاری وورد و بەدیقەت بەدەستبخات،وەک دیارە زانیاریەکانی نێو ڕووپەڕی کتێبیەکەی ئەو بەشەی تایبەتە بە ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان زۆر هەڵە و ناتەواوی تێدا بەدی دەکرێت کە بەداخەوە هیچ سوودێکمان لەو چەند ڵاپەڕەیەی نێو کتێبەکەی ناوبراو کە تایبەت بوون بەم ڕۆژنامەیە نەبینی.


ئەوی ڕاستی بێ تا ئێستاکە سێ پرسیار لە لامان بەبێ وەڵام ماونەتەوە و هیچ وەڵامێکمان لەم بارەوە بەدەست نەخستووە و هەر بۆیە بەپێویستی دەزانین هەر سێ پرسیارەکە لێرەدا بەم شێوەیە بخەینە ڕوو، کە بریتین لەمانە:


• ئایە ڕۆژنامەی شورا کوردستان یەکەمین ژمارەی لەساڵی 1931 دا ،دەرچووە ...؟

• ئایە پێش ڕۆژنامەی شورا کوردستان ڕۆژنامەیەکی دیکە بەناوێکی تر دەرچووە...؟

• ئایە ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان درێژە پێدەری ڕۆژنامەی شورا کوردستانە...؟


بێگومان ئەم سێ پرسیارە جارێ وەڵامدانەوەیان ئەوەندە ئاسان نییە،چونکە نە ژمارە سەرەتاییەکانی ساڵی 1931 مان بەدەستخستووە و هەروەها یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی شورا کوردستانیشمان نەدۆزیوەتەوە و دوا ژمارەی ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستانیش هەر دیارنییە ،بێگومان جارێ هەندێک سەر داومان دۆزیوەتەوە تا هەموو سەرداوەکان نەدۆزرێتەوە،ناتوانین هیچ کۆمەنتارێک لەم بارەیەوە بخەینە ڕوو،هەڵبەتە ئەمەش پشوو درێژی و ماندووبوون و گەڕانی چڕ وپڕی دیکەی گەرەکە.


سەرچاوەکان:

1. Claes-Göran Holmberg، Ingemar Oscarsson، Per Rydén

EN SVENSK PRESSHISTORIA

Stockholm 1983

2. ЩАМИЛЯ АСКЕРОВА

КУРДСКАЯ ДИАСПОРА

БИШКЕК 2007

3. فەخرەدین تاهیر

ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان بیبلۆگرافیا و شرۆڤە

لەبڵاوکراوەکانی خەندان بۆ پەخش و وەشاندن هەولێر 2006

4. ژمارە یەکی ڕۆژنامەی سۆڤیەت کوردستان ساڵی 1937 لاچین.

5. هەر پانزە ژمارەی ڕۆژنامەی شورا کوردستان 1936-1937 لاچین.