سێکسیزم ژن دەکوژێت

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

نووسینی: هێرۆ خوسرەوی

241173448 4237919522959340 8173489529157175078 n.jpg

تێگەیشتن لەسێکسیزم ڕەنگە هێندە کارێکی ئاسان نەبێت، بەڵام دەستبردن بۆ سێکسیزم و ناوهێنانیشی دەکرێت لەئێستادا چەندبەرابەر ئەستەمتر بێت.

چونکە سێکسیزم ئەوەندە تیاماندا چێنراوە، کە نازانین چۆن جیایبکەینەوە، بەتایبەتیش سێکسیزمی ناوەکیی، چونکە شتێکە هەر یەکێک لە ئێمە وەک واقیعێک قبوڵی کردووە.

نایبینین، نایبیستین، هەستیپێناکەین،...هتد، بووە بەتارماییەکی نادیار، بەڵام ئەم نادیاربوونەشی ئەو خۆراکەیە کە وەک تینی ئاگرێک دەیپشکوێنێتەوە، بەردەوام گڕوتینی زیاتری پێدەدات، کە دواتر لە نێو دەسەڵاتی پیاوێکدا خۆی نمایش دەکات و بەمەرگی ژنێک دەچێتەوە سوڕی نادیاریی. بەڵێ پیاوێک، چونکە سێکسیزم تیۆریزەکردنی ئەفسانە و ڕقە دژەژنییەکانە.

دژەژنی سەرەتا لە بیرو باوەڕە خەیاڵاویی و ئەفسانەدروستکردنەکانەوە سەرهەڵدەدات و لەڕێگەی نوسینەوە ڕەوایەتییبوونی خۆی وەردەگرێت، دەبێت بە حەقیقەتێکی ساختە و جێی خۆی دەکاتەوە، چونکە نادیاریشە تەنیا دەرکەوتەکانی (سیمپپتۆمەکانی) لەنێوماندا لە ڕق، توندوتیژی، بوغز و کینە،...هتد ئاڕاستەی دەرەوە دەکرێن.

لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم بابەتێکی بۆ ناردم، منیش هەروا چاوێکم پیاخشاند، کە بزانم چییە. ئەگەرچی بابەتە سەرەکییەکەی هەوڵدەدرێت لەبارەیەوە قسەی لەسەر بکرێت هیچ سەرنجێکی ڕانەکێشام، چونکە بێجگە لە کۆمەڵێک هەوڵی نمایشکارانە بۆ وانیشاندان، کە بەشێوەیەکی بێلایەنانە (نۆیترال) بابەتەکە تاووتوێ دەکەن، هیچی دیکەم بەرچاو نەکەوت، بەشێوەیەک وانیشاندان کە ئەوان ئایدۆلۆژی نین، بەڵام تەواوی ئەو نوسینە هەوڵدەدات بەرگری لە ئایدۆلۆژیایەک بکات، کە مرۆڤ بێشوناس بکات، مرۆڤ تا ئەو ئەندازەیە بێشوناس ببێت، کە ئامادەبێت بۆ هەر ژێرفەرمانیی و ژێردەستەییەک، کە وەک شانۆیەکی تراژیدی و لەهەمانکاتیشدا گاڵتەئامێز بۆی نمایشبکرێت و هەر ئەوە وەربگرێت و هیچی تر.

تەنیا ئەم پەڕەگرافەم لەم تێکستە دەرهێناوە، کە دەکرێت ئەو شتەی لای من گرنگە تیایبخوێنمەوە:

"كیژۆڵەیەكى تازەڕۆژنامەنووس بێ ئەوەى دوو سێ دەقى فەلسەفى خوێندبێتەوە و پەرەگرافێكى بۆ زمانى كوردى وەرگێڕا بێت، بەجارێك بەرهەم و ڕەنجى سى ساڵەى نووسەران و ڕۆشنبیران و وەرگێڕەكان، كە بە نێو دەیان ململانێ و كێشمەكێش لەگەڵ نەریت، ئایین، سیاسەتدا ڕۆیشتوون، ڕەت دەكاتەوە و گوایە ئەمانە فەلسەفەى ڕۆژئاواییان گواستۆتەوە كە ئێمە پێویستمان پێیان نییە؛ تەنیا ڕێكخستنى سیاسى و ئەكتمان گەرەكە. نووسەرێکی گەنج لە ڕێگەی یەکەم کتێبییەوە هەواى "یەكەم"ـى داوییە لە كەللەى و كەوتۆتە سەر سیك و سەواى تێپەڕاندنی پێش خۆى! ئیدی ئەو پێش خۆیە پرۆژەی ڕەهەند بێت یان هەموو دەقە نووسراوەکانی پێشتر بێت.

ئەم جۆرە نەفییانە، كە پتر سەگڕەفتارانەن، سەرەڕای ئەوەی هیچ بەهایەکی ڕەخنەییان نییە، ڕەنگدانەوەی گاڵتەجاڕانەی بیرنەکردنەوەیە.

چەمکی تێپەڕاندن لەناو مەعریفەدا ئیش ناکات، لایەنیكەم بەو جۆرە ئیش ناكات كە لاى ئێمە بەكاردەبرێت. کایەی مەعریفە لەسەر ڕاستە هێڵێک بەرەو پێشەوە پێش ناکەوێت تا دەرچوون لە پنتێکەوە بۆ پنتێکی تر تێپەڕاندنی پنتی پێش خۆی بخاتەوە."

نامەوێت زۆر لەسەر مەسەلەی تێپەڕاندن بدوێم، بەڵام تەنها بۆ بەرچاو ڕوونییەک و نمونەیەکی بەرجەستەی مێژوویی دەکرێت کتێبی 'هەژاریی فەلسەفە' ی کارل مارکس بهێنینەوە، کە وەڵامێک و بەرگرییەکی زانستییە دژی هێرشەکانی ئەنارشیستی فەڕەنسی پیەر ژۆزێف پرۆدۆن.

پڕۆدۆن کتێبێک دەنوسێت بەناوی 'فەلسەفەی هەژاریی'، سەرەڕای نازانستی بوونی (هەتا پڕبوون لە بانگەشە شاراوە و کۆدەکولتورییەکان بۆ دژەجولەکەیی و ڕاسیزم) کتێبەکەی پرۆدۆن، سەرەتا لەنێو کۆمەڵگای فەرەنسیدا دەنگۆیەکی باشی نایەوە، بەڵام لەدوای ڕەخنە زانستییەکەی مارکس، شتێک بەناوی تیۆرییەکانی پرۆدۆن نەمایەوە، بەشێوەیەک تێپەڕێندراوە، کە مەگەر بەتایبەتی لەنێو کتێبێکی مێژووییدا بۆ ناوەکەی بگەڕێیت، ئەگینا تیۆرییەکان و بەرهەمەکانی چونەتە خاڵێکی مێژووەوە و لەگۆشەیەکدا جێهێلراون.

بەمشێوەیە دەکرێت تێپەڕاندن ڕووبدات، کاتێک کەسێکی هۆشیار هەبێت بتوانێت بنج و بناوانی ئەو ئایدیایانە دەرکبکات و بیانناسێتەوە. کاتێک دەگوترێک گۆڕانی ڕادیکالیزم مەبەست بەدروستی هەر لەمەیە دەستبردن بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەو کێشانە و دەرکێشانیان، کە نەکرێت بەشێوەیەکی دیکە گەشە بکەنەوە.

بۆ مەسەلەی سێکسیزمیش هەمان ڕادیکالیزممان پێویستە، کە بتوانێت هەموو ئەو ڕەگە دژەژنی و پڕ لە ڕقانە لەبنچینەدا وشک بکات.

کاتێک ئەم بابەتەم خوێندەوە، کەوتمەوە بیری نەریتێکی وڵاتی مەداگاسکا، کە هاوڕێیەکی خەڵکی ئەوێم بۆی باسکردم. لە مەداگاسکا ڕێوڕەسمی ناشتن و سەردانکردنی مردووەکان زۆر جیاوازترە لەوشێوەیەی ئێمە پێی ئاشناین (ئەگەرچی لەڕووی ژینگەیی و ئیکۆلۆژییەوە ئەو نەریتە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام ئەمە تەنیا وەک مێتافۆرێک لێرەدا باسدەکەم، نەک شەرحی ئەم ڕێوڕەسمە).

لەوێ مردووەکان دوای ئەوەی دەنێژرێن، هەموو ساڵێکیش لەهەمان بەرواری وەفاتی ئەو کەسە هاوڕێیان و کەسە نزیکەکانی ئەو کەسە دەچنەوە سەر قەبرەکەی و کێلەکەی هەڵدەدەنەوە، مردووەکە دووبارە لە شوێنەکەی دەردەهێنرێتەوە و بەرگی تازەی بەبەردە دەکرێت و لەگەڵ هەموو کەس و ئاشنایانی دادەنیشێنرێت و نانی لەگەڵدا دەخورێت، وەکئەوەی دووبارە کەسەکە گەڕابێتەوە نێو کۆمەڵەی هاوڕێ و ئازیزانی. دواتر لەئێوارەدا جارێکی دیکە دەنێژرێتەوە.

بەپێی ئەو نەریتە و تێگەیشتنی من بۆ ئەو تێکستە، وا دەردەکەوێت ئەو کەسە بەهەرشێوەیەک بووە نایەوێت دەست لەشتێک بەربدات، کە دەمێکە مردووە.

مردنێک کە ئەمرێکی واقیعییە و دەبێت قبوڵبکرێت، نەک خۆتی پێوە هەڵبواسیت.

ئەو دەزانێت کە خۆی بەچییەوە هەڵواسیوە، کەواتە بۆئەوەی نەکەوێت ئامادەیە بە هەرڕێگەیەک بووە، بکەوێتەوە ناوهێنان و هێنانەوەی شتێک کە دەمێکە تێپەڕێنراوە.

ئەم تێپەڕاندنەش بەشێوەیەکی خۆڕسکی ڕوویداوە، لەڕێگەی گەشەی هۆشیاری و بەردەستکەوتنی ئامرازەکان بۆ ئەو گەشەیە، نەک لەبەرئەوەی ئەوان ئەو دەرفەتەیان ڕەخساندبێت، بەڵکو ئەگەربەویستی کەسانی لەو شێوەیە بێت، دەبێت هەمیشە کەسانێکی 'بێئاگا' هەبن، تا بکرێت ئەوان ئامۆژگاری و ڕوونکردنەوەیان بۆ بدەن، وەکچۆن لەم بابەتە هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت، کە دەیەوێت ئەو نەوە نوێیەی نایەوێت لەژێرسێبەری ئەو مرۆڤە نامۆکراو لەمرۆڤخراوەدا، کە ڕق و کینە سەرتاپای جەستەی داپۆشیوە دا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت ئەو لاشە سەنگین و بۆگەنبووە هەرچۆنێک بێت لەگەڵ خۆیاندا بگوازنەوە بۆ دەمی ئێستا.

هاودەمیش دژی هەر دەنگێکی نوێ کە بیەوێت خۆی لەو نەریتەی ئەوان ڕزگار بکات، بوەستنەوە و بەهەموو شێوەیەکی سوکایەتیپێکردن و کەمکردنەوەوە بەرامبەر ئەو دەنگە نوێیانە بێنە مەیدانەوە و هەرچی تواناو وزەی نوێیە بیکوژن، تا لاشە بۆگەنبووەکەی چەندین ساڵە خۆیانیان پێوە هەڵواسیوە لەنێو هێڵی زیندوواندا بهیڵنەوە. لەم پەرەگرافەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە نەوەی نوێ هەرچی نوسەران، ڕۆشنبیران و وەرگێڕان کردوویانە دەسڕێتەوە، بەڵام بێخەبەر لەوەی کە لەڕێگەی بەخواکردن و خۆهەڵواسین بە ئەو لاشەیەوە ئەوانیش هەمان کار ئەنجام دەدەن، لەسەکۆدا وەستاون تا ڕێگری بکەن لەتێپەڕینی هەر دەنگێکی نوێ، هەرچی ڕەخنە و بیری تازەیە.

لەسەنگەرێکدان لە بەرامبەر هەر وزەیەکی زیندوو، کە لەخۆیاندا لەمێژە خنکێندراوە.

Gender-inequality-concept-illustration.jpg

هێرشکردنە سەر ژنێکیش و بچووککردنەوەی بۆ کیژۆڵەیەک ئەمە باشتر ئاشکرا دەکات، کە ئەگەر ئەو پەردانەی سەر دەربڕینەکانی وەلابنرێت، دەیەوێت بڵێت، تۆ هەرچییەک بیت، وەکو من ناتوانی لەدەقی فەلسەفی تێبگەیت، تۆ توانای تێگەیشتن و وەرگێڕانی پەڕەگرافێکت نییە، مادام تۆ وەک منی پیاو نیت، ئەوا تۆ ناتوانیت قسەو بۆچوونت هەبێت، مادام تۆ وەک منی پیاو نازانیت یاری بە وشەکان بکەیت و بیانڕازێنیتەوە، ئەوا تۆ بۆت نییە دەنگت هەبێت.

لەم پەڕەگرافەدا دوو وشە تاڕادەیەک وەک هاوواتایە بەکارهێنراون، ئەویش کەسێکی بەتەمەن کەپێی وایە مادام ئەوانی دیکە تەمەنیان کەمترە، ئەوا توانای عەقڵییشیان گەشەی کەمترە، ئەمە خستمییەوە یادی ئەو پیاوە بەسەرچوانەی نێوسیاسەت، کەپێیان وایە مادام ئەوان دەمێکە دەستیان بەسەر دەسەڵات و سیاسەتدا گرتووە، ئەوا ئەوان داناترن، لە دەنگی نوێ و دەنگی ژنان.

ئەم نوسینە دوو کەسی گەنج (ژنێک و پیاوێک) بە خستنەپاڵی سیفەتێک جیایان دەکاتەوە لەیەکتری و تێمان دەگەیەنێت کێ ژنەکەیە و کێ پیاوەکەیە.

نمونەی ژنێک دەهێنێتەوە کە لەکاری ڕۆژنامەوانیدا کاردەکات و چالاکە، ناوی دەنێت کیژۆڵە، لەبەرامبەریشدا پیاوەکە چونکە 'ژن نییە' ئەگەرچی هێشتا دەیەوێت لە تواناکانی ئەویش بدات، بەڵام هێشتا وشەی بەرامبەری کیژۆڵە (کە کوڕۆڵە یان کوڕیژکەیە) بۆ ڕەگەزە نێرەکە هەڵنابژێرێت، بەڵکو وەک نوسەرێکی گەنج ئاماژەی پێدەکات.

بەڵام لێرەدا ژنەکە وەک ژن ئاماژەی پێناکردێت، بەڵکو وەک کیژۆڵەیەک کە ئەوی نوسەر (وەک شوگە دادییەک) دەتوانێت دەستی بەسەردا بهێنێت، کیژۆڵەیەک کە خۆی هیچ نییە بێجگە سیفەتێکی ناسک و مناڵکارانە.

هەر لەبەرئەوەشی وەک ئەوانی ڕۆشنبیر نەکەوتۆتە کێشمەکێشم و تیۆریزەکردنی لۆژیکەکانی دژەژنی بۆ سێکسیزم، ئەوا نابێت دەنگ هەڵببڕێت، نابێت قسەی هەبێت لەسەر ئەو لاشە مردووە بۆگەنبووەی کە بێجگە لە دژەژنی و سێکسیزم هیچی لە ئەواندا جێنەهێشتووە.

هەر ئەم پەڕەگرافە دەیەوێت ئەو تێزە دەروونشیاکارییە بسەلمێنێت، کە چەندین دەیەیە لەنێو زانستی ئەناتۆمی و تیۆرە فێمینیستییەکاندا ڕەتکراوەتەوە، هەتا بەخوێندنەوەی ئەمڕۆیی بۆ ئەو تێزە، یەکێکە لە هەرە مەترسیدار و دژەژنییەکان.

بەڵام ئەم پەڕەگرافە هێشتا لەو تێزەی فرۆیددا ماوەتەوە و دەیەوێت ئەو تێزەی فرۆید بە واقیع بگەیەنێت، کە ژن لەڕووی سێکسوالیتەوە کامل نین و بەبەراورد بەپیاو کە خاوەنی پێنیسە، گەورە دەبێت و گەشە دەکات، بەڵام ژنان هەر لەدۆخی ناکامڵبوویی خۆیاندا دەمێننەوە کە ئەویش کچی منداڵە (بەدەربڕینی ئەم پەڕەگرافە کیژۆڵە)، هەر بەوپێیەش ئەم پەرەگرافە لەژێر سێبەری ئەم تێزە دەروونشیاکارییەدا ڕەوایەتی بۆ دژەژنبوونی خۆی دەدۆزێتەوە.

ئەگەر باشتر لە دوو دەربڕینە بڕوانین 'کیژۆڵە' و 'نوسەری گەنج' دەبینین، نوسەرێکی گەنج دەکرێت وەک هەر مرۆڤێکی دیکە بەهۆی چونە تەمەن و ئەزموونکۆکردنەوەوە بەرەو قۆناغێکی دیکە بڕوات و ببێتە نوسەرێکی بە ئەزموون، بەڵام کەسێک کە 'کچێکی ناکاملی لەپیاوخراوە' بەپێی تێزەکەی فرۆید، ناتوانێت بڕواتە نێو قۆناغێکی دیکەوە، بۆ هەمیشە 'کیژۆڵە' دەمێنێتەوە.