سەرخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی چاوەڕوانکراو ئەرکێکی نیشتمانی و مێژووییە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

عادل موراد

610814096.jpg

لە هەولێری پایتەختەوە ئەوە ڕاگەیەنرا کە زیاتر لە 30 پارتی کوردستانی، بەتەمای پێکهێنانی سەرکردایەتییەکی نەتەوەیی هاوبەش کۆبوونەتەوە.لەکاتێکدا هەموو هەوڵیک بەرز ئەنرخێنین بۆ یەکگرتنی وتاری کوردی و یەکخستنی ڕیزەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گۆرانکاریانەی لە ناوچەکەدا ڕووئەدات، هەندێ تێبینیشمان هەیە لەسەر چونیەتیی بەریوەبردنی کۆنگرەکە. بەلام بەر لە تێبینییەکان، ئەمەوێ ئەوە وەبیری برایان بێنمەوە کە یەکەم کۆبوونەوەی پارتە کوردستانیەکان، لە تشرینی دوەمی 1977دابوو لە بارەگای نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لە بێروت (کە من شانازیی بەرپرسیارێتی ئەو نووسینگەیەم هەبوو) دەسپێشخەرییەکەش لە مام جەلالەوە بوو پێش ئەوەی بەتەواوی بیروت بەجێبێلێ بەرەو کوردستان ڕۆژی 15/7/1977بەهاوکاریی هاورێیان لە ڕێکخراوی شۆڕشگێرانەی حیزبی تودەی دژ بە ڕژێمی شا.

ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەم ناوەرۆکیک ئەژمار ئەکرێ بۆ کارێکی نەتەوەیی کوردستانی یەکگرتوو. وەک لەبیرمبێ ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە بەڕێزان:

1- ئەمیری قازی – وەک نوێنەری ئەوسای حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەلاتی کوردستان.

2- حەمید دەروێش-سکرتیری پارتی دیموکراتی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

3- خوالیخۆشبوو شیخ محەمەد باقی-سکرتیری حیزبی دیموکراتی کوردی ڕۆژئاوا.

4- خوالیخۆشبوو عیسمەت فەتحوڵا-سکرتیری پارتی کوردی چەپ لە ڕۆژئاوا.

5- نێردراوی حیزبی پێشکەوتنی کوردستانی لە باکوری کوردستان (دی دی کەی دی) ئەو کاتە عومەر چەتین سکرتیریبوو،یارمەتیی گەورەی شۆرشی نوێیاندا بە ڕابەرایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی.

6- شەهید مستەفا نێردراوی پارتی سۆشیالستی کوردستانی لە باکور (نارەوا لە کۆتایی هەشتاکاندا شەهیدکرا).

7- ئەحمەد ئەحمەد جمهورو مستەفا سۆفی (ئیستە لە سوید ئەژین) لە کوردەکانی لبنانەوە کە ڕاستگۆترین هاوپەیمانی یەکیتی بوون.

8- عەدنان موفتی – بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان-لیژنەی ئامادەکار (سەرۆکی ئەو پارتە د. مەحمود عوسمان بوو و لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی یەکێتیبوو.. ئەیویست پارتی لەسەر بنەمایەکی تازە بنیات بنێتەوە.

9- خوالیخۆشبوو عومەر دەبابە کە نوێنەری بزووتنەوەی سۆشیالستی کوردستانیبوو (شەهید سالح یوسفی ڕابەری بزووتنەوەکەبوو،شەهید عەلی عەسکەری بەرپرسیاری کوردستانبوو،خوالیخۆشبوو ڕەسول مامەندو ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی و سیاسیی دەرکەوتووی لەگەڵدابوو)


1- د. فوئاد مەعسوم و عادل موراد نوینەرایەتی یەکیتی نیشتمانیانکرد. بەلام بەداخەوە ئەم هەنگاوە نەچوە باری جێبەجێکردنەوە لەبەر زۆر هۆ، لەوانە: بەرەنگاربوونەوەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ولاتانی ناوچەکە بەرامبەر ئەم پرۆژە نەتەوەییە کۆرپەیە، سەرباری هۆکاری خۆیی بزووتنەوە ڕزگاریخوازە کوردیەکە کە بە دەست کەرتبوون و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆوە ئەیناڵان.

تێبینییەکانم لەسەر کۆبوونەوەکە:

وەلانانی هەندێ پارتی سەرەکیی سیاسیی خاوەن جەماوەری فراوان لە بەڕیوەبردنی دانیشتنی یەکەمدا، سەرەتایەکی باش نەبوو!

2- بچووککردنەوەی دەوری هەندێ پارتی سەرەکی و مامەڵەکردنیان بە یەکسانی لەگەڵ پارتگەلێکی بچووکدا کە بوونیان لەسەر زەمینەی واقیع نیە. بۆ نموونە یەک کورسی بۆپارتی کریکارانی کوردستان/ پەکەکە و بۆ حیزبۆکەیەکیش کە ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێپەڕناکا یەک کورسی ! کە ئەم ڕێکارە لە ویستێکی ناڕاستەوەیە و بۆ یاریکردنە بە تای ترازوو بۆ بەرژەوەندیی لایەنێک!

3- لەو شتانەی سەرسامیکردم، ئەو دژیەکیانەبوو کە لە یەکەم دانیشتنەوە سەریهەڵدا، بۆ نموونە چۆن ئەوە لێکئەدەیتەوە بانگهێشتی چەند پارتێکی کوردی لە سوریا ئەکرێ لەکاتێکدا ئابلووقە ئەخرێتە سەر دەروازەی (سیمالکا) کە ئەوە تاکە دەروازەیەکە لەنێوان ڕۆژهەلات و ڕۆژئاواوای کوردستان بۆ گەیاندنی خواردەمەنی و گواستنەوەی نەخۆش و بریندار و پەککەوتەکان؟؟

4- لەو کۆبوونەوەی یەکەمەدا باسیک لەسەر هێزەکانی تورک نەکرا لە ناوچەی ئامێدی و بامەرنێ کە ئەوە نارەوایەتییەکە بەرامبەر پەکەکە. ئایا ئەو دوو بنکەیە بۆ لێدانی هێزەکانی ئەوان نیە لە ناوەراستی نەوەدەکانی چەرخی ڕابوردوەوە؟

پیشنیارەکانم بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی:

گرنگتریین کارێک کۆنگرە لە سەری پێکبێ (پەیمانی شەرەف)ە ناتوانرێ پێوانەی ئەو کۆنگرەیە بکرێ بەبێ ڕێکەوتن لەسەر ئەو پەیمانە. کۆنگرە، یا ئەو قەوارەیەی لێوەی دروست ئەبێ، ناتوانێ ڕوانینەکانی لەسەر زەمین بچەسپێنێ ئەگەر پەیمانێکی واژوکراوی نەبێ لەلایەن بەشداربوەکانیەوە کە پشتی پێببەستن. نامانەوێ ئەم کۆنگرەیە وەک کۆنگرەی نیشتمانی فەلەستینیبێ کە نەیتوانی شەڕی حەماس و فەتح ڕاگرێ. بۆیە ئەم پێشنیارانە ئەکەم:

1- پێویستە (پەیمانێکی شەرەف) لە کۆنگرەکەوە دەرچێ کە ئەمانە لەخۆ بگرێ.

أ-ئەو پارتانەی لە شەڕی ناڕەوای ناوخۆدا بەشدارییانکردوە،یەکەمجار دان بە هەڵەکانیاندا بنێن، دوایی ئەو پەیمانی شەرەفە واژو بکەن بۆ حەرامکردنی بەکارهێنانی چەک بەرووی هیچ پارتێکی کوردیدا و بەبێ هیچ بیانوویەک.

ب-تەرمی قوربانیە ونبووەکانی شەڕی برایەتی! بدەنەوە بە کەسوکاریان و داوای لێبوردن لە خاوەن شەهیدەکان بکەن و قەرەبوویان بکەنەوە. ئەمەش بۆ هەموو پارتەکان بەبێ هەڵاوێردن. هەموومان خاوەنی تۆمارێکی شەڕی برایەتین. باشترینیشمان ئەوە ئەبێ یەکەمجار دان بەوەدا بنێ.

ت-بەلێن بدەن بە دوورکەوتنەوە لە نەخشەکانی دەوڵەتە هەرێمیە دوژمنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی. هەموو پارتە بەشداربوەکان بە ڕوونی مامەڵە بکەن و پەیوەندییەکانیان بە حکومەتە هەرێمی و جیهانیەکانەوە ئاشکرا بکەن. گفتیش بدەن هیچ پەیمانیک ئەنجام نەدەن لەگەڵ هیچ لایەنیک کە زیان بە سەرجەم دۆزی نەتەوەیی کورد بگەیەنێت.

پیشنیار ئەکەم ڕابەرایەتی کۆنگرەکە بە نۆرە بدرێ بە پارتەکان لەگەڵ ڕەچاوکردنی پارتە سەرەکیە کاریگەرەکان. ماوەی سەرۆکایەتیەکەش شەش مانگ یا ساڵێک تێپەڕنەکات. کۆنگرەکە ماوەی سەرۆکایەتیەکە دیاری بکات بەلام ماوەی شەش مانگەکە کردەییانەترە.

هەڵبژاردنی ئەم کاتە گونجاو نیە بۆ کۆنگرەکە کە پارتە کوردییەکان خۆیانی تیا ئامادە ئەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان. بەستنی کۆنگرەکە لەو کاتەدا ئەشێ پرسیار ی هەندێک بورووژێنێ لەسەر ئەو کاتە. ئەشێ هەندێکیش دانیشتنەکانی کۆنگرە بقۆزنەوە وەک مادەیەکی ڕاگەیاندن بۆ هەڵبژاردنەکە. بۆیە پیشنیار ئەکەم بەستنی کۆنگرەکە دوابخرێ بۆ دوای هەڵبژار دنەکان.

4- بەشداریی کەسایەتییە نەتەوەیی و ئەکادیمیەکان لەکۆنگرەکەدا بکری کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبوە لە ئاراستەی نەتەوەیی کوردستانیدا وەک: (کامیل ژیر، جەمال نەبەز، نەجمەدین کەریم، دلیر سدیق، حەمە عەزیز، عەبدولا ئاگرین، حەکیم کاکە وەیس، هەڵۆ بەرزنجی، بەختیار شەمەیی، ئارام قادر، ئاراس نوری ئەحمەد تەها، زاهیر لەتیف، فەرهاد عەبدول حەمید، هۆگر مەحمود، حسین محەمەد عەزیز، سامان شاڵی، جەواد مەلا، دارا عەتار، تەها عەبدوڵا خەیات، دلیر شاوەیس، ئازاد مەنتک، پشکۆ ئەمین، حەمەرەشید هەرەس، ئەحمەد میراودەلی، حسین خەلیقی، سیروان کاوسی و هیتریش کە ئستە ناوەکانیانم لەبیرنیە ئەوانەی ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیان کردوە.

لەگەڵ ڕێزی براتان عادل موراد