شێخ محەمەدی دێرێ و مەربێن قەدیش

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
134485.jpg

مەزارێک بۆ دوو ئایین

لەدووری سێ کیلۆمەتر لە شاری کۆیە مەزارێک هەیە، کە جێگای باوەڕی خەڵکانی هەردوو ئایینی مەسیحی و مسوڵمانەکانە، پەیڕەوکارانی هەردوو ئایینەکە ئه و مەزارە بەپیرۆز دەزانن و رۆژانە سەردانی مەزارەکە دەکەن، تەنیا یەک شت ئه و مەزارە لای موسڵمانەکان و مەسیحییەکان جیادەکاتەوە، ئەویش ناوی مەزارەکەیە، چونکە لای موسڵمانەکان بە شێخ محەمەدی دێرێ و لای مەسیحییەکانیش بە مەربێن قەدیشە ناودەبرێ.

مێژوویەکی نەناسراوو باوەڕێکی بەردەوام

ئەگەرچی بەتەواوی روون نییە کە کەسی ناو ئه و مەزارە لەکام سەردەمدا ژیاوه و لەسەر پەیڕەوی کام ئایینی ئاسمانیی بووە، بەلام هێندەی زانراوە، زۆر لەمێژە ئه و مەزارە هەبووه و خانووی لەسەر دروستکراوه و دانیشتوانی سنورەکە بەپیرۆزییەوە تێیان روانیوه و سەردانیان کردووه و دوعاو مرازخوازیان لێکردووه و هەرچەند موسڵمان و مەسیحییەکان ئه و مەزارە بە هی خۆیان دەزانن، بەلام هەرگیز رۆژێک نەبۆتە گرفت لەنێوان باوەڕدارانی ئه و دوو ئایینه و قەتیش هیچ لایان لەسەردانکردن و مرازخواستنی ئه و پیاوچاکە ساردنەبوونەتەوە.

شالاوی ئەنفال ئه و مەزارەشی گرتەوە

هەم بەهۆی ئەوەی هەڵکەوتەی ئه و مەزارە لەلایەک لەشاری کۆیە نزیکه و بەدووری سێ کیلۆمەتر کەوتۆتە رۆژئاوای کۆیە و بناری چیای باواجی و لەلایەکی تریش نزیک رێگای کۆیە-هەولێره و زۆرجار پێشمەرگە بۆ چالاکی له و شوێنەدا دابەزیوون.

ئه و مەزارە لەکاتی شالاوەکانی ئەنفالدا وەک هەر شوێنێکی مێژویی ناوچەکانی کوردستان دەستی رەشی بەعسی گەیشتە مازارەکه و تەقێنرایەوە.

قەشە دەنحا تۆما، قەشەی کۆیه و هەرمۆتە، ئاماژە بەوەدەکات: لەشالاوەکانی ئەنفالی چوارداو لەبەهاری 1988دا سوپای عیراق هاوکات لەگەڵ تەختکردنی سەرجەم گوندو ئاوەدانییەکان و ئەنفالکردنی دانیشتوانی ناوچەکە، ئه و مەزارەشی تەقاندەوە، بەلام دوای راپەڕین قۆناغ بەقۆناغ مەزارەکە چاککرایەوه و سەرەتاش دەستەیەک لەپیاوانی مەسیحی پارەیان کۆکردەوه و بەشێوەیەکی سادە خانووەکەیان دروستکردەوە، پاشان لەقۆناغی دووەمدا بەهاوکاری مام جەلال و بەبەشداری ئیداری قەزای کۆیە چەند بەشێکی لەبەر هەیوان و پەیژه و سەوزایی و رێگاو شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ زیادکرا.

رۆژێک بۆ مەربێنە قەدیشە دانرا

دوای تەواوبوونی قۆناغی دووەم، پیاوانی ئایینی مەسیحی لەمەتران و قەشەکان بڕیاریاندا هەموو ساڵێک یەکەم رۆژی هەینی دوای جەژنی هەڵسانەوە بکرێتە رۆژی مەربێنە قەدیشه و تەواوی مەسیحییەکانی کوردستان و شارەکانی تری عیراقیش سەردانی ئه و مەزارە بکەن و مەراسیمی ئایینی تێدابکەن و سەیران و گەشتی تێدابکەن.

بڕی یەک ملیار دینار بۆ خەرجکرا

لەقۆناغێکی تری فراوانکردن و جوانکاری مەزارەکە حکومەتی هەرێم بڕی یەک ملیار دیناری بۆ ئه و مەبەستە دابینکرد، مامۆستا پەترۆس، سەرپەرشتیاری فراوانکردن و جوانکاری پرۆژەکە : ئەمجارە هەوڵمانداوە کاری زۆرو بەرچاو لەمەزارەکەدا بکەین و ماوەی زیاتر لە دووساڵە بەشێوەیەکی بەردەوام کاری تێدادەکەین و بەشێکمان لەوەی پێشوو هەڵوەشاندەوه و ئێستا مەزارەکە بریتییە لەدێڕی سەر مەزار، گۆڕەپانی قوداس، سەکۆی مەتران و قەشه و شەمامشە راهیبەکان، دوو پارکی سەوزایی، یاریگایەکی مندالان، گەراجی ئۆتۆمبێل، سێ چەتری کۆنکرێتی خێزانی، چەند ژوورێکی مانەوەی خێزان، چەند فوارەیەکی ئاوپرژێن و چەند دیمەنێکی جوانکاری هونەریی و پەیکەرەکانی هونەرمەند زیرەک میرە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی کۆیە