عێزەدین مستەفا ڕەسوڵ

لە Kurd collect
(ڕەوانەکراوە لە عێزەدین مستەفا ڕەسووڵەوە)
Jump to navigation Jump to search

عیزەدین کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژەیە، ساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، سێیەم منداڵی باوک و چوارەم منداڵی دایکیەتی.

0010 (2)44.jpg

کاتێک دایکی لە مێردی یەکەم جیا بووەتەوە، لەگەڵ مەلا مستەفای سەفوەتدا خێزانی پێک هێناوەتەوە.

عیزەدین لەناو بنەماڵەیەکی خوێندەواردا ژیاوە؛ حاجی مەلا ڕەسووڵ کە دەکاتە باپیری یەکێک بووە لە زانا ئاینیەکانی سەردەمی حکومەتی خوارووی کوردستان و لەلایەن مەلیک و کاربەدەستانەوە گوێی لێ گیراوە. حاجی مەلا ڕەسووڵ 5 کوڕی هەبووە، کە سەرجەمیان خوێندەوار و مامۆستای ئاینی بوون، مەلا مستەفا کە باوکی دکتور عیزەدینە بە کاری مەلایەتییەوە لە شاری سلێمانی ژیانی گوزەراندووە، ژیانێکی مام ناوەندی بەڕێ کردووە و بەردەوام خەریکی خوێندنەوە و بەتایبەت تەسەوف بووە.

71578933.jpg

عیزەدین لە لای باوکی لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە خوێندویەتی، پاشان ساڵی 1939 وەک گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە، پاش نیوەی ساڵ بەهۆی ئەوەی کە خوێندکارێکی وریابووە، کراوە بە خوێندکار و سەری ساڵیش بە یەکەم دەرچووە.

چووەتە ناوەندی و لە سێی ناوەندی تاقیکردنەوەی بەکەلۆریی ئەنجام داوە و سەرکەوتوو بووە، مستەفای سەفوەت پێی وتووە: بۆ درێژەدان بە خوێندن بچۆ بۆ بەغدا و لە کۆلێژی شەریعە بخوێنە، هەم خوێندنێکی ئەکادیمیە، هەم مەلایەتییەکەشت دەمێنێتەوە.

دوای چوونی بۆ بەغدا، بووەتە خوێندکاری کۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسییەوە، ساڵی یەکەمی شەریعەی پێتەواو نەکراوە و دەرکراوە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ساڵی دواتر چووەتە پۆلی چوارەمی بەشی زانستیی تەواو کردووە، لەو دەمەدا بەشی ئەدەبی لە شاری سلێمانی نەبوە، ساڵی دواتر کراوەتەوە، یەکێک لە مامۆستاکانی بە ناوی مووسا داوای لێ کردووە بچێتە بەشی ئەدەبی لە پۆلی پێنجەم لە خوێندنی شەوانە، پاش تەواوکردنی پۆلی پێنجەم، چووەتە بەغدا.

ساڵی 1951 لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، ساڵی 1952 بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵە بووە لە شاری بەغدا، بریندار بووە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە لەبەر بەشداریی کردنی لە راپەڕینەکەدا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بە ناونیشانی کرێکار دامەزرێندراوە.

خێزان.jpg

دواتر لە ڕێی چەند کەسێکەوە باوکی کردوویەتی بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بە هۆی کاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچووغە، لەوێش بە کاری سیاسییەوە خەریک بووە، دووبارە گێڕاویانەتەوە بۆ سلێمانی.

بەڵام لەبەر خراپی موتەسەریفی سلێمانی عیزەدین هەڵهاتووە بۆ شام و عیراقی بەجێهێشتووە، دووبارە لە کۆلێژی ئاداب لە شام درێژەی بە خوێندن داوە و پۆلی 2-3ی بەشی عەرەبیی ئادابی تەواو کردووە، هەتا شۆڕشی 14 تەمووزی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و لە قۆناغی سێهەمی خانەی مامۆستایان دانراوە.

پاشان تەواوی کردووە و هەر لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی کە یەکەم ساڵ بووە پێک هێنراوە دامەزرێنراوە.

لەوسەردەمەدا عەبدولکەریم قاسم کەوتە ناردنی خوێندکار بۆ سۆڤیەت لەسەر ئەرکی دەوڵەت. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵیش یەکێکبووە لەو خوێندکارانەی چووەتە سۆڤیەت. دوای تەواوکردنی زمان، لەگەڵ کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چووەتە باکۆ، 24/6/1963 پلەی دکتورای وەرگرتووە و پاشان بە داوای حیزبی شیوعیی عێراق چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتیی ڕادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق.

54788ages (1).jpg

ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چووەتە شاخ و بووە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی، 26/12/1966 بە هەوڵێکی مەلا مستەفا بارزانی بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزرێنراوە. ساڵی 1979 چووەتەوە بۆ مۆسکۆ، درێژە بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرای و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە.

لە ساڵی 1992 بووە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی باشووری کوردستان لەسەر لیستی ی. ن. ک بەڵام وەک کەسێکی بێلایەن.

عیزەدین مستەفا یەکێکە لە دامەزرێنەکانی یەکێتیی نوسەرانی کورد، یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی بە قەڵەمی عیزەدین نوسراوە. دەستەی دامەزرێن 11 کەس بوون.

0002 (2)66.jpg

ساڵی 1969 مۆڵەتیان وەرگرتووە و جەمال بابان کراوە بە سەرۆکی دەستەی دامەزرێن.

بەڵام دوای گەڕانەوەی نووسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی 11ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بەغدا هەڵبژاردن کراوە، د. عیزەدین بە کۆی 63 دەنگ بووەتە سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد.

ساڵی 1974دا لە هەولێر کۆنگرە گیراوە، لەم کۆنگرەیەدا سەیدا ساڵح یوسفی بووەتە سەرۆک و د. عیزەدین جێگری بووە.

دواتریش درێژەی بە کاری ڕۆشنبیریی خۆی داوە لەناو ئەم ڕێکخراوەیەدا. دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ئازادانەتر کاری کردووە.

د. عیزەدین ڕۆڵێکی گرنگی لە یەکێتیی نووسەراندا گێڕاوە، چ لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا و چ لەچالاکیەکاندا، بەتایبەت دەرکردنی گۆڤاری یەکێتیی نوسەران.

86 بەرهەمی ناوازەی سەرەتای نووسینی لە ڕۆژنامەی دیوارەوە دەست پێ کردووە، کاتێ خوێندکاربووە لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە مەکتەبی فەیسەڵییە دوای ئەمە کەوتووەتە نووسینی هەندێک بابەتی سیاسیی ڕۆژانە، دواتر کە لە خانەی بەرزی مامۆستایان وەرگیراوە، یەکسەر بووەتە ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامەی ئەهالی پاش داخستنی گۆڤارەکەش گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ڕۆژنامەی ژین بابەتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

دکتۆر عیزەدین مستەفا لە ساڵی 2009 خەڵاتی بلەی بۆ کەسایەتیی ساڵ لە بواری ئەدەبدا وەر گرتووە.[1]

Images (3)544.jpg