هەولێر

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
هەولێر

شاری ھەولێر دەکەوێتە ناوەڕاستی کوردستانی باشوور. شوێنێکی گرنگ بووە لە کۆنەوە تا ئێستا.

زۆربەی ناوچەکانی زەوی بە پیتە بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری دەست دەدات.

کەشوھەوایەکی چواروەرزەی ھەیە. ھاوینی گەرم و زستانی سارد.

مێژووی ھەولێر ھەولێر (بە کوردیی باکووری: Hewlêr)، (بە عەرەبی: أربيل) شارێکی دێرینی کوردستانە، ئێستا ناوەندی پارێزگای سلێمانی و پایتەختی ھەرێمی کوردستانە. شاری ھەولێر بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیھان دەژمێردرێت کە مێژووی بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ ٩٠٠٠ پێش زایین.

لە نووسراوەکانی پاشای سۆمەری، سۆلکی ناونراوە بە ئوربیلم، لە نووسراوەکانی بابلی و ئاشووری بە ئەربائیلۆ ناودەبرا، کە بە واتای چوار خودا دەھات، لە سەردەمی بابلی شوێنی پەرستنی عەشتار بووە.

لە ھێڵکارییەکی خەتی بزماری ناسراو بوو بە (ئای کشان کلاما) واتە (ماڵی خاتوونی ھەرێمەکە)، ھەروەھا پەرستگایەک بوو بۆ پادشای ئاشورییەکان کە پەیکەرێکی پادشای پانیپاڵ و پەیکەری خواوەندی عەشتار کە لە بڕۆنز دروست کرابوو دۆزراوەتەوە.

بەھۆی گرنگی ئەم شارە، پادشای ئاشوری، سەنحاریب ھەستا بە پەنگاوکردن (خزن) ی ئاو لە تونێل (نۆین) ی دروستکراو بە بەردی مەڕمەڕ، کە لە گوندی مورتکیانی بەستۆڕە دەست پێدەکات تا دەگاتە ھەولێر، کە درێژی ئەم نۆینە (تونێلە) ٢٢ کیلۆمەترە لەژێر زەوی لێدراوە، لەبەر دەرکی ئەم نۆینە سەنحارێب بەردێکی ھەڵکەندراوی بەجێ ھێشتووە و لەسەری نووسراوە (من سەنحاریبم، پادشای ئاشوری، ھەستاوم بە دروستکردنی سێ جۆگەی ئاوی لە چیای خانی بۆ شاری خاتوونە جوانەکە…).

لە دوای ڕاپەڕینەوە لە ساڵی ١٩٩١، ھەولێر بە ھۆی بوون بە پایتەختی ھەرێمی کوردستانی عێڕاق، فراوانبوونێکی خێرای بەخۆوە بینی و بووە یەکێک لە ئارامترین و پاکترین شارەکانی عێڕاق، لەم دواییانە بە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی ھەڵبژێردرا، گەشتیاران لە ھەموو وڵاتانی دەوروبەرەوە ڕووی تێدەکەن.

3164456.jpg

دانیشتووان

زۆربەی دانیشتوانی ھەولێر کوردن، کەمینەیەکی جیاواز ھەن کە بە ھەولێری (یاخود (ئەربیلی یان ھەولێری)) دەناسرێن و لە ڕۆژگاری دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا لە ناو قەڵای ھەولێر دا ژیاون و زۆربەیان مەئمووری دەوڵەت بوون، ئەمانە لە بەر زۆر ھۆکار زیاتر بەیەکێ لە شێوەزارێکی تورکی ئازەربایجانی قسە دەکەن.

بەپێی ئامارەکانی ٢٠١٤ بێت ١٫٧٥ میلیۆن کەس لە ھەولێر دەژین.


پێش زایین

لە ساڵەکانی (٢٣٧١ تاوەکوو ٢٣١٦ پێش زایین) بەمەبەستی دەست بەسەرداگرتنی داھات و فرە سامانێتی دەڤەرەکە، پەلاماری ھێرشەکانی سەرگۆنی ئەکەدی گەیشتوونەتە ھەولێر و دەستی بەسەرداگیراوە.

دواتر لە ساڵانی (٢١٥٠ تاوەکوو ٢٠٥٠پێش زایین) بووە بە بنکەیەکی سەرەکی لە دەوڵەتی گوتییەکان کە لە نەتەوە دێرینەکانی زاگرۆسن؛ و لە ساڵانی (٢٠٥٠ تاوەکوو ١٩٥٠ پ. ز) کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی خانەوادەی سێھەمی ئیمپراتۆریەتی ئووری سوومەرییەوە.

لە ساڵی (١٦٠٠ پ. ز) و دواتر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی کاشییەکانەوە، کە مەزەندە وایە لە ھۆزە دێرینەکانی کورد بووبن.

ھاوکات دەوڵەتی ئاشووریش لە باکوور دامەزرا و چەند ھۆزێکی تری وەکو میتانی و خۆرییەکان دەسەڵاتیان لەو ناوەدا پەیدا کرد لە ناوچەکانی ئاشوور و ھەولێر و کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی میتانییەکاندا بوون.

لە ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی ئاشوورییەکانەوە لە (٢٥٠٠ تاوەکوو ٦١٢ پ. ز) ھەولێر لە ئەوپەڕی گەشەسەندن و پێشکەوتنی دابوو، ئەوکاتە پایتەختی ئایینی ئاشوورییەکان و تەختی خوداوەندی عەشتار (عەشتار ئەربیلا) پەرستگای ئاشوورییەکان بووە، ناوی ھەولێر لە نووسراوە مێخییەکانەوە بە شێوەی (ئی کشان کلاما) ھاتووە کە دەکاتە (ماڵی خانمەکەی ھەرێم) کە سەرچاوە و ھێمای سەرکەوتن بووە و (عەشتاری نەینەوا) ش خوداوەندی ئەڤین و ڕابواردن بووە.

ساڵانی (٧٠٥*٦٨١ پ. ز) , لە دوای سەرگونی ئەکەدی سەنحاریبی کوڕی بووە بە فەرمانڕەوا، ئەو پادشایە لە دووری (٢٠) کیلۆمەترەوە لە ڕووباری بەستۆڕەوە ئاوی بۆ شار و قەڵای ھەولێر ڕاکێشاوە، کە بە جۆگەی سەنحاریب ناسراوە و بۆ ئەو سەردەم کارێکی دەگمەن و مەزن بووە.

دواتر لە ساڵی (٦١٢پ. ز) ئیمپراتۆریەتی ماد دامەزرا و ھەولێریش کەوتە نێو ئەو ئیمپراتۆرییەتەوە و بووە بە بەشێک لە بنکە و ناوەندی دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆرییە.

دوای ئەمە ھەولێر بووە بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی.

لە ساڵی (٣٣١پ ز) و بە فەرماندەی ئەسکەندەری مەزنی مەکدۆنی و لە شەڕی (ئەربیلا) یان گوگمەلا (Gaugamela) کە ھەڵکەوتەکەی نزیکەی سەد کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای ھەولێر مەزەندە دەکرێت نزیک ڕووباری گۆمەلی ناوچەی گۆرانەتی، ئیمپراتۆریەتی یۆنانی بەسەر دارای شای ھەخامەنییەکان زاڵبوون و ھەولێر بووە بەشێک لە مولکەکانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە.

لە پاش مردنی ئەسکەندەر لە ساڵی (٣٢٣*پ. ز) لە شاری بابل، ھەولێر (تێکڕای عێراق و سووریا) ش کەوتنە ژێر دەسەڵاتی (سلۆقس) کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی ئەسکەندەر، ئەم فەرمانڕەوایە ھەولێری زۆر ئاوەدانکردۆتەوە و خزمەتی کردووە.

لە ساڵانی (١٤٨. پ. ز*٢٢٦ز) فارسەکان توانیان بەسەر سلوقییەکاندا زاڵ بن کە بەر لەوکاتە حوکمڕانی ھەولێر بوون، ئەم فارسانە دەوڵەتێکی فیدراڵییان دامەزراند کە لە چەند میرنشینێک پێکھاتبوو وەک میرنشیینەکانی (رەھا (ئورفا),تەدمور، شنگار، حەزەر (ھەترا), دواتریش حەدیاب (ئەدیابین))، ھەولێر گرنگترینی شارەکانی میرنشینی حەدیاب بووە.

ئەم میرنشینە (لە نێوان ھەردوو زێی گەورە و گچکە دامەزراوە) میرەکەی (ئیزات) بووە، لە میرە بە ناو و مەزنەکانی فارسان بووە، مافی لەسەرکردنی تاجی بەرز و خەوتنی نێو چوار پایەی زێڕینی ھەبووە، ئەم پلە و پایەی بە خەڵات پێدرابوو لەلایەن پادشا (ئورتەبانی سێیەم), کە ھاوکاریی بووە بۆ گەیشتن بە تەختی پادشایی.

ساڵی (٨٣پ. ز) و بۆ ماوەی (١٠) ساڵێک لە ڕۆژگاری (تیگران شا) ی ئەرمەنی ھەولێر کەوتە ژێر ڕکێفی سوپای ئەرمەنەوە.