فەرماندەی سوپای قەیسەری رووس نامە بۆ شێخی بەردەقارەمان دەنێرێ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
127645.jpg

نووسین و ئامادەکردنی: عومەر مەعروف بەرزنجی

مەلیکی کوردستان شێخ مەحموودی بەرزنجی 1886 – 09-10-1956 رۆڵەیەکی نموونەیی و سەرکردەیەکی دانسقەو لەخۆبوردو بوو، ئەم قارەمانە بەجەرگە لە بێشکەی دارەوە تابێشکەی خاک لەپێناوی سەرفرازی نەتەوەکەیدا سرەوتی نەبوو، لەسەرەتادا لەژێر کاریگەرێتی سۆزی ئایینی و نیشتمانیدا بەرەو باشووری عیراق کشاو لە بەرەبەیانی رۆژی 12 ی نیسانی ساڵی 1915 دا لەگەڵ لەشکری عوسمانی و چەکدارانی عەرەبدا پەلاماری سەربازگەی (شوعەیبە) ی داو شەڕێکی نەبەردانەی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا کرد، لەکاتێکیشدا گەڕایەوە سلێمانی هەواڵی وەرگرت کە سوپای قەیسەری رووس گەیشتووەتە سنووری باشووری کوردستان و پێشتریش (بانەو سەقزو بۆکان و میاندواوی) گرتبوو.

شێخی نەمر بەمەبەستی بەرگری وڵات لە هێرشی ئەم سوپا دڕندەیە لەشکرێکی پێکەوەناو لە ناوچەی (بانەو مەریوان) لەشکری قەیسەری تێکشکان و سوپاکەی گەڕانەوە دواوە. لەم کاتەدا قوماندانی تورک (حیلمی بەگ و عەبباسی بەتلیسی) چەندکردەوەیەکی ناپەسەندیان بەرانبەر بە هۆزە کوردەکان کرد بەتایبەتی هۆزی جاف و ژمارەیەکیان لێکوشتن، دیارە ئەم کارەچەپەڵە کوردەکانی ساردکردەوە و بوو بە مایەی نیگەرانی شێخی نەمر، جارێکی تر سوپای قەیسەر بە فەرماندەی مارشاڵ (بۆدینی) و ژەنەراڵ (براتۆڤ) هێرشیان هێنایەوە سەرناوچەکە و لە بەهاری 1916 داو لە رێگەی (کرماشان) ەوە نزیک بە ناوچەی (خانەقین) بوونەوە، فەرماندەکانی رووس ئەو ساردییەی نێوان کوردەکان و سوپای تورکیان قۆستەوەو دوونامەی یەک لە دوای یەکیان بەهۆی (عەبدوڵڵا خانی گوڵانی) یەوە بۆ شێخی نەمر ناردو لە دووتوێی نامەکاندا باسی خراپەکاری و تاوانی تورکەکان دەکەن و دۆستایەتییان لە کوردان دەوێ.

نامەی یەکەم :

لە مارشاڵ (براتۆڤ) ەوە بۆ سەرۆکی هێزی کوردان شێخ مەحمودی بەرێز شەرکردنتان لەگەڵماندا و یارمەتیدانتان بۆ تورک کە دوژمنی هەردوولامانە بەزیانی خۆتان کۆتایی دێت، ئێمە چاومان نەبڕیوەتە وڵاتی ئێوە و ئامانجمان دەرکردنی تورکە ستەمکارەکانە لە هەموو زەوی رۆژهەڵاتدا، یارمەتی نەدانتان بۆ تورک کردەوەیەکی چاکە بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆییتان، ئێمەیش ئامادەین یارمەتیتان بدەین هەروەکوو چەند ساڵێک لەمەوبەر هەستی خۆمان بەرانبەر رووداوی دڵتەزێنی موسڵ دەربڕی، ئێستاش لەلایەن سەرۆکایەتی فەرماندەی لەشکرەوە شمشێرێکیان بە دیاری بۆ دەنێرم، بە وەرگرتنی هیوامان بە دۆستایەتیتان پتەوتر دەبێت.

مارشاڵ براتۆڤ

نامەی دووەم :

لە مارشاڵ (براتۆڤ) ەوە بۆ سەرۆکی هێزی کوردان شێخ مەحمودی بەڕێز: کاتێک جەنگمان دژ بە تورکیا دەستپێکرد، هیوامان وابوو کە سەرکردایەتی کوردان یارمەتیمان بدەن، بەڵام جێی نیگەرانییە زوڵمی تورکتان دژ بە گەل و وڵاتەکەتان لەبیر چووە وە، تاکو ئێستایش هەر بەر بەرەکانیمان لەگەڵدا دەکەن و یارمەتی تورک دەدەن. بیستمان ژمارەیەک لە سەرۆکە کوردەکان لەلایەن دەسەلاتدارێتی تورکەوە نراون بە نیشانەی تفەنگەوە، ئێمە وا چاوەڕێمان دەکرد تۆڵەیان لێبکەنەوە و وڵاتەکەتان رزگار بکەن، ئێستا هاتووین رزگارتان دەکەین نەک داگیرتان بکەین، وڵاتی خۆتان بۆ خۆتان و دەشمانەوێ پەیمانی دۆستایەتیتان لەگەڵدا ببەستین، ئەگەر لەسەر ئەم رێگەیە بڕۆن هیواتان نایەتە دی و دوور نییە لەلایەن ژێر کەوتووەکات یان سەرکەوتووەکان تۆڵەتان لێبکرێتەوە.

مارشاڵ (براتۆڤ)

سەرچاوە :

1 – یاداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید، چاپی یەکەم، 1995، ل28

2 – دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، رۆشنبیری نوێ ژ، 125 ساڵی 1990.

شێخی نەمر وەڵامی مارشاڵ براتۆڤ دەداتەوە...

کاتێک مارشاڵ (براتۆڤ) ی فەرماندەی سوپای قەیسەری رووس دوو نامەی کاریگەری بۆ قارەمانی کوردستان (شێخ مەحمودی بەرزنجی) نارد سەبارەت بە تاوان و ستەمی تورکان و داواکردنی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هێزی کوردان، هەرلەو کاتەدا و راستتر لەبەهاری 1916 دا شێخی نەمر بە نامەیەکی مێژوویی وەڵامی داوەتەوە :

بەرێزقوماندانی قەیسەری رووس مارشاڵ (براتۆڤ)

نامەکەت بەهۆی (عەبدوڵڵا خانی گوڵانی) یەوە گەیشت... سوپاسی نییەتی باشتان بەرانبەر گەلی کوردو بنەماڵەکەمان دەکەم، باوەڕپێکراوی ئێمە هەندێ تێبینی دەمی دەگەیەنێتە سەرکردایەتی فەرماندەی بەڕێزتان، دڵتەنگم بەرانبەر بەو هەموو جیاوازییەی لە پەیمان و نییەتتان دا هەیە لەلایەک و ئەوکارانەی کە سەربازەکانتان بەرانبەر بە دانیشتوانی گوندو شارۆچکەکان و دیل و بریندارو ئازاردراوەکان دەیکەن، لەلایەکی تر کارەکانتان دژی مرۆڤە، لەگەڵ نییەتی چاکتان کە لە نامەکانتاندا هاتووە یەکناگرنەوە، ئەم رەفتارانەتان بۆ سومعەتی عەسکەریتان و ئەو دەستی یارمەتییەی بۆی تێدەکۆشن خراپە، تکایە داوا لە سەربازەکانتان بکەن ئەم جۆرە کردارانە لەگەڵ دانیشتوان و دیل و بریندارەکاندا نەکەن، بۆ ئەوەی لێتان نزیک بینەوە و گەلی کوردیش قەناعەت پێبکەین لەگەڵتاندا بن، بەم شێوەیە نەخشەکە سەردەگرێت و دەتوانێت تورک لە وڵاتەکەماندا دەربکەین و برایەتی زیاتر لە نێوان گەلی کورد و رووسدا دژی دوژمنی هەردوولا پتەوتر بکەین، ئێمە دۆستایەتیمان لێتان دەوێ و دان بە مافماندا لە ناو سنووری سروشتی دیاریکراومان دا بنێن. ناشمانەوێ سەر بۆ هیچ دەوڵەتێک دابنەوێنین، ئەگەر بۆ دۆستایەتی و یارمەتی و باوەڕکردن بە مافی کورد نەبێت.

دڵسۆزت شێخ مەحمود فەرماندەی هێزە کوردییەکان

وەڵامی مارشاڵ براتۆڤ :

لە فەرماندەی سوپای قەیسەری رووسەوە بۆ سەرکردەی تێکۆشەری کوردان شێخ مەحمودی بەرێز :

نامەی نووسراوو دەمیتان گەیشت، سوپاسی هەستی نارەزایی دەربڕینتان بەرانبەر نامەی دووەممان دەکەم کە دەربارەی کردەوەکانی سوپامان و ئەو تۆمەتانەی بۆ سومعەی عەسکەریمان خراپن.

گرنگ ئەوەیە ئەو کوشتارانەی کە تورک دژ بە سەروو، فەلەو ئەرمەنەکان کردیان بیرتان بخەمەوە، هەروەها لە هەموو ناوچەکانی تری دیار بەکر و بەتلیس و وان و باشقەڵا و عەزیزییە و قارس و ئەردەهان و هەموو ئەو ناوچانەی لە تورکیادان و دانیشتوانی کوردو ئەرمەنن، لە کوشتن و تاڵانکردن و سوتاندنی پیاوو ژن و منداڵ و ئاوارە کردنی پاشمماوەکەیشی لە پەککەوتەو پیر و منداڵ.

کوشتنی حاجی شێخ سەعیدی باوکت لەبیر چووەوە، تۆ بەرگری لەوان دەکەیت کە ڕۆڵەکانی گەلەکەت و باوکت و کورانی نیشتمانەکەتیان کوشتووە و سوپا ئازادیخوازەکەمان تاوانبار دەکەیت.

ئێمە دان بە هەڵەی خۆماندا لە هەندێ شوێندا دەنێین، لاتان شارراوە نییە زروفی ئاژاوەو جەنگ بووە هۆی لەناوچوونی زۆر لە بێگوناهان، پێشت رادەگەیەنم سوپاکەمان ژمارەیەک ئەرمەنی راکردووی لە دەست تورک تێدایە، بەهۆی ئەوەی تووشی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر هاتوون و گوێیان لە هاواری منداڵ و کورەکانیانە کە چۆن کراون بە سەرەنێزەی تورکە ستەمکارەکانەوە و سەربڕاون، هەموو رۆژێک ئەو دیمەنە ترسناکە بە بەردەمیاندا دەڕوات و تازە دەبێتەوە، ئێمە دەبینین کۆمەکی بە دوژمنەکانتان و دوژمنانی ئەوان دەکەن، ئەوانیش مەجبورن تۆڵەی خۆیان بەهۆی ئەو کردارە ناڕەوایانەی عوسمانییەکانەوە بەرانبەریان کردوون بسێننەوە، من گرنگی بەم رووە دەدەم و پێشیان رادەگەیەنم کە ئەم کردارەیان بە پێچەوانەی یاسای عەسکەری و سومعەیانەوەیە، هیوای خێرتان بۆ دەخوازین، لە کۆتاییدا تکام وایە پەیوەندی بە بزوتنەوەی (1909) ەوە بکەن پێش ئەوەی کودەتاکە سازبدەن.

مارشاڵ براتۆڤ

سەرچاوە:

یادداشتەکانی شێخ لەتیفی حەفید، چاپی یەکەم، 1995