فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان بەشی 7

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
48398606 n.jpg

کاتێک هاوڕێی سایکۆپاتیت

نووسینی: ئارام سەعید

بەشی حەوتەم

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەهەموو سوچ و قوژبنێکی ژیانماندا هەن، ئایا پەیوەندیکردن و دۆزینەوەی هاوڕێ لەسەر فەیسبوک و تویتەر و ئەنستا گرام هەمان پەیوەندیە کە لە واقیعدا هەن؟

وەڵامی ئەم پرسیارە دوو بەرە هەیە یەکێکیان دژ و ئەوی تر لەگەڵ ئەو هاوڕێەتیە، چونکە لەپشتی شاشەکانەوە هەندێک کەس خۆیان مەڵاس داوە بۆ بڵاوکردنەوەی رق و کینە، هەربۆیە گرنگە بزانین ئەو هاوڕێانەی لەسەر فەیسبوک لە واقیعدا هەمانە تاچەند دەچنە خانەی سیکوچکەی تاریکیەوە، چۆن بیانناسینەوە؟

لە زۆر ناوەندی پزیشکیی و زانکۆ لەجیهاندا کار لەسەر ئەوەکراوە کە کاردانەوەی مێشکی سایکۆپاتەکان چۆنە لەکاتی روداوەکاندا یان ئەوبەشەی مێشکیان کەپەیوەندی بەسۆزداریەوە هەیە لەکاتی بینینی تەنگژەکاندا کاردانەوەیان چۆنە.

بۆ ئەوەی ئەو هۆکارە بدۆزنەوە کە بۆچی سۆزداریان نیە زۆر تاقیکردنەوەیان لەسەر نەخۆشەکان ئەنجامداوە، کەئەنجامەکانی زۆر سەرنج راکێش بوون، لەیەکێک لەتاقیکردنەوەکانی زانکۆی شیکاگۆ وێنەیەک نیشانی کەسی سایکۆپات دەدەن کە وێنەی کەسیکە بۆ نمونە دەستی بوە بەدەرگایەکەوە، دوو پرسیاری لێدەکەن یەکێکیان ئەگەر تۆ وات لێ بێت ، دووەم ئەگەر کەسێکی تر وای بەسەر بێت، لەکاتی پرسیاری یەکەم کە پەیوەندی راستەخۆی بەخۆیانەوە هەیە ئەوبەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بە سۆزداریەوە هەیە چالاکی تیا دروست دەبێت و هەستی پێدەکەن ،بەڵام کاتێک دەپرسن ئەگەر کەسێکی تر ئەوەی بەسەر بێت ئەوکات مێشکیان و ئەوبەشەی کاردانەوەی سۆزداری تێدایە هیچ ناجوڵێت و کاریان تێناکات...

سایکۆپاتەکان هەمویان پیاوکوژ نین و لەزیندانەکاندا بن، جۆریان زۆرە، هەندێکیان ئاستی بیرکردنەوەو مێشکیان نزمە بۆیە دەبنە پیاوکوژ و لەزیندانەکاندان،بەڵام هەندێکی تر ئاستی بیرکردنەوەیان بەرزەو ئەوانە دەبنە بەریوەبەری گەورە یان سیاسی یان بزنزمانی گەورە.

سایکۆپات رەنگە کەسێکی نزیکت بێت و رۆژانە بیبینیت، رەنگە بەرێوەبەر یان بەرپرست بێت، یان خۆشەویستت بیت، چونکە ئەوان لە روخساردا هیچ جیاوازیان نیە لە کەسی ئاسایی بەڵام لەدەرونیاندا هیچ ویژدانێکیان نیە، هەربۆیە دەکرێت لەتەنیشتمانەوە سایکۆپات هەبێت و نەزانین.

ئەوان خۆیان خۆشەویست دەکەن، هەلسوکەوتیان وایە کە سەرنجت رابکێشن، ئەو گۆرانیە دائەنێن لە سۆشیاڵ میدیا کە تۆ حەزی پێ دەکەیت، ئەو قسانە دەکەن کە تۆ بڕوات پێیەتی.

هەمیشە هەوڵ دەدەن پێت بڵێن کە زۆر خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوانتاندا، تائەوکاتەی بەوهەلسوکەوتانەی دەتکاتە هاوڕێ و ئیتر ئارامیی لەژیانتا ناهێڵێت.

لەکۆتایی فیلمەکەی کەباسی تێد باندی سیاکۆپات دەکات نوسراوە" تاوانبارەکان شەو بەددانی درێژەوەو لیکی زۆرەوە دەرناکەون،خەڵک نازانێت کە پیاوکوژێک لەناویاندایە،ئەوکەسانەی خۆشیان ویستوەو لەگەڵی ژیاون وکاریان لەگەڵ کردون، تا ئەوکاتەی رۆژی دواتر کە ئاشکرا ئەبن ئەوکات ئەزانن لەگەڵ چ شەیتانێک بوون"

ئەوکاتەی هاوڕێی سایکۆپاتیت ئیتر دودڵی تۆ و دەسەڵاتی ئەو دەست پێدەکات..سایکۆپات هەمیشە یاریت پێدەکات هەرکاتیش بەبەڵگەوە بۆت سەلماند کە یاری دەکات ئەو بەتوندی رەخنە دەگرێت و رەتیدەکاتەوە کە ئەوکارەی کردبێت.

کارێک دەکەن تۆ پێویستت پێیان بێت و بەئەنقەست فەرامۆشت دەکەن بۆ ئەوەی رابکەیت بەدوایانا... ئیتر هێمنی و ئاسایش لەناختدا ناهێڵن.

ئەو هاوڕێیانەی بەردەوام درۆ دەکەن ئەوە بەڵگەیەکی گرنگە بۆئەوەی بزانیت کە سایکۆپاتن، چونکە داهێنەرن لە دروستکردنی درۆدا، دەیان و سەدان چیرۆکی گەورەی درۆ هەیە کە دروستکراوی سایکۆپاتەکانە وەک ئەوانەی تێد باندی دەیکات و تەنها خۆی بەر لەسزای کورسی کارەبایی دانی نا بە کوشتنی ٣٠ کچدا و کەرەنگە هەندێکیانی باس نەکردبێت کە دادگایی و تاوانبارکردنەکەی چەندین ساڵی خایاند و تۆمەتەکانی رەتدەکردەوە تا کورسی کارەبایی بوە هەرەشەیەک ویستی تەمەنی دریژتر کات بەو دانپیانانە کە ئەویش فریای نەکەوت.

ئەوجۆرە لەهاوڕێ لە فەیسبوک پاش ئەوەی بوون بەهاوڕێت ئیتر هەوڵ ئەدەن ئیرەییت تیادا بچێنن، دوای تۆ گرنگی بەکەسانی تر ئەدەن،ئەگەر پێشتر هەندێک گۆرانی لەبەر تۆ دانابێت ئیتر بیر لەوە دەکاتەوە ئەوگۆرانیانە دابنێت کە تۆحەزی پێ ناکەیت، ئەچنە ئەو لاپەرانەی ترەوە کۆمێنت دەنوسن و بۆ تۆی نانوسن، فەرامۆشت دەکەن، چونکە سایکۆپاتەکان زوو هەست بە بێزاری دەکەن و دوور دەکەونەوە لەوەی هاورێیەتی نزیک ودرێژخایەن و سۆزداری دروست بکەن کەسیش ناتوانێت ئەو بۆشاییەی رۆحی ئەوان پڕبکاتەوە، ئەوان خۆشەویستی دەگۆڕن بۆ ترس و دڵەڕاوکێ،هەموو بەیانیەک کە لەخەو هەڵدەسیت هەست بە نیگەرانی و دوودڵی دەکەیت...پارە و تواناکات نامێنێت هەموو ئەمانە ئەو سیفەتانەن کە کەسی سایکۆپات هەیەتی لە خۆشەویستی و هاوڕیەتیدا....

لەو نمونانەی کە تەواو بیرکردنەوەو هەلسوکەوتی سایکۆپاتمان نیشان دەدات زنجیرە درامای "تۆ- You" ی جۆ گۆڵدبێرگە کە ئێستا لە نێتفلێکس هەیە و چیرۆکی ئەو زنجیرەیە باسی کوڕێکی گەنج دەکات کە بەرێوەبەری کتێبخانەیەکەو چەند هەست وخولیایەکی سەیری هەیە و بەبینینی هەموو زنجیرەکە تێدەگەین بۆچی کەسێک دەکەوێتە داوی خۆشەویستی سایکۆپاتێکەوە و چی بەسەردێت لەو پەیوەندیەدا؟

گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو پاڵەوانە وادەکات لەسەرەتاوە بینەر پشتگیری لەهەلسوکەوتەکانی بکات سەرەرای فێل و کارە خراپەکانی چونکە هەمیشە پاساوی هەیە بۆ تاوانەکانی و دەبینیت چۆن لەهەموو ئەو تاوانانە خۆی قوتار دەکات...رەنگە زۆر لەو بینەرانەی زنجیرەکە حەزبکەن پەشیمان بێتەوە لەو کارانەی، بەبینی زنجیرەی "تۆ" تەواو تێدەگەین لە تواناو ئاستی بیرکردنەوەی خۆشەویستی و هاوڕێی سایکۆپات...

هاوڕێەتی سایکۆپات زیانێکی درێژخایەنی دەبێت کە هەندێک گومان و هەستی جیاوازت لا دروست دەکەن کەهەمیشە هەست بکەیت هەڵەیت، باشترین رێگاش بۆ دورکەوتنەوە لێیان ئەوەیە کە هیچ پەیوەندیەکی نامەو سۆشیاڵ میدیاو تەلەفونیت لەگەڵیان نەمێنێت تا رێگە بگریت لەو نائارامیەی لەدەرونتدا دروستی دەکەن.