قەناتی کوردۆ - کوردۆیڤ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Qanat01.jpg

ژیاننامە کوردناس و زانای مەزنی کوردی یەکێتی سۆڤیەتی جاران پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ 97 ساڵ لەمەوبەر لەڕۆژی 1909-09-12 لە گوندی سوسزی ناوچەی قانزمانی هەرێمی قارس لەکوردستانی باکورری سەر بەدەوڵەتی عوسمانی لەدایکبووه، ناوی تەواوی قەنات کوڕی کوردۆ کوڕی کەلەش کوڕی خدرەو لەسەر ئایینی ئێزیدی بووه. لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی لەساڵی 1918دا کە تورکەکان جینۆسایدی ئەرمەنی کرد، بنەماڵەی قەنات و خەڵکی ئاواییەکەیان خۆیان لەچنگی تورکەکان رزگار کردو بەرەو ناوچەی ئاپارانی ئەرمەنستانی ژێر دەستی رووسیا کەوتنەڕێ و لەو ناوە لە گوندی کۆربلاخ نیشتەجێ بوون، کەخەڵکی گوندەکە هەموویان کورد بوون، هەر لەو ساڵەدا تورکەکان ناوچەی ئاپارانیان داگیر کرد، بەتایبەتی گوندەکانی کورد، بۆیەماڵی قەنات ماوەیەک دەربەدەربوون و لەدواییدا گەڕانەوە ئاپاران و باوکی بە حەماڵی گوزەرانی دەکردو لەساڵی 1920دا روویان کردە گورجستان و لەشاری تفلیس نیشتەجێ بوون و ملیان دایە ڕەنجبەری و باوکی لە1921دا کۆچی دوای کرد و پەروەردەکردنی ئەو کوڕە 12 ساڵییە کەوتە ئەستۆری دایکی و هەر لەو ساڵەدا لەقوتابخانەی هاگۆب گازاریانیی ئەرمەنی ناسراو بە لازۆ دەستی بەخوێندن کرد و ئەو زانایە بە پیتی لاتینی ئەرمەنی فێری کورد و ژنەکەشی زمانی ئەرمەنی فێرکرد.

خوێندن

قەناتی کوردۆ لەساڵی 1928دا خوێندنی سەرەتایی لەو قوتابخانە تایبەتیە تەواوکرد و لەکۆلیژی کارگەران لەشاری لینینگراد وەرگیراو لەساڵی 1931دا ئەو کۆلیژەی تەواو کرد، کەبەرامبەر قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی بووەو لەکۆتایی ئەو ساڵەدا قەنات و دوو هاوڕێی کوردی کۆلیژی زمانەوانەی زانکۆی لینینگراد وەرگیران و لەساڵی 1936دا خوێندنی تەواو کرد و بڕوانامەی دیبلۆمی وەرگرت و هەر ئەو ساڵەلەبەشی دکتۆرا وەرگیراو لە ساڵی 1941دا خوێندنی باڵای تەواو کرد و بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت و لەپەیمانگای ئەسنۆگرافیای ئەکادیمیای زانستی سۆڤیەت دامەزراوه، دوای ماوەیەکی کەم نێردایە فابریکەی شەفەقی سوو تا مانگی شوباتی 1942. دکتۆر قەناتی کوردۆ لەساڵی 1945دا بووە ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی رووسیا و لەپاش جەنگ بوو بەمامۆستای زمانی کوردی بەخوێندکارانی بەشی ئێرانی دەگوتەوه. لە ساڵی 1947ەوە تاکو 1960 سکرتێری لیژنەی ناوچەی پارتی کۆمۆنیستی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناس بووە لەو شارەی لینینگراد دا تاکو ساڵی 1958 قەناتی کوردۆ و ئیسحاق تسوکەرمان و مارگریت رودینکۆ خەریکی کوردناسی بوون لەبەشی ئێرانی پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی و لەساڵی 1958دا بەشی کوردی بەیارمەتی یوسف ئۆربێلی سەرۆکی پەیمانگای رۆژهەڵاتناس جیاکرایەوە و بووەبەشێکی سەربەخۆ. لەسەرەتادا ئۆربێلی خۆی بووەسەرۆکی، بەڵام لەدواییدا دکتۆر قەناتی کوردۆ بەسەرۆکی بەشەکە هەڵبژێردرا. ئەوەی شایانی گوتنیشە دکتۆر قەنات لەساڵی 1968دا بڕوانامەی دکتۆرای ناووک واتە دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت و پلەی زانستی بووەتە پڕۆفیسۆر. تاکو رۆژی کۆچی دوایی لە 1985-10-31دا وەک سەرۆکی بەشی کوردی و زانایەکی مەزنی کورد و کوردناسێکی دڵسۆز و لێهاتووی نەتەوەکەی خزمەتی زمان و وێژەی و مێژووی کوردی کرد.

Qanat.jpg

هەندێک لە بەرهەمەکانی پڕۆفیسۆت قەناتی کوردۆ گەلێک بەرهەمی بەنرخی نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە لەوانه:

  1. تەحویری مێژووی کورد لەزانستی مێژووی بۆ رجوازیی فارس - ساڵی 1954
  2. خەپاتۆر ئابۆڤیان وەکو کوردناس و ئەسنۆگراف - ساڵی 1955
  3. بیروباوەڕی ناڕاست لەبارەی زمانی کوردییەوە- ساڵی 1955
  4. کورد لەپەرتووکی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست - ساڵی 1957
  5. فەرهەنگی کوردی - رووسی شێوەی کرمانجی باشوو - ساڵی 1983
  6. پەرتووکی رێزمانی کوردی - رەوان - ساڵی 1956
  7. ئەحمەدی خانی و بەرهەمی وێژەیی
  8. دروستبوونی وشەلەزمانی کوردیدا
  9. کوردی سۆڤیەت لەوێژەیی کوردی دەرەوەدا
  10. بیروباوەڕی قارەمانیەتی لەبەرهەمی وێژەی ئەحمەدی خانی دا