لەپشت مێژووەوە . ئەو پیاوەی سایکیس-پێکۆی دروستکرد!

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Sai.jpg

نووسینی: هونەر تۆفیق

ملازمێکی موسڵاوی ناو سوپای عوسمانی ، لە سەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمدا دەگوێزرێتەوە بۆ دیمەشق . جەمال پاشا ( وەزیری ئیتحادو تەرەقی- باڵی تورکە قەومیەکان) سەرپەرشتی سوپای عوسمانی لەشامدا دەکات . بەهۆی توندڕەویە تورکیەکەیەوە پاکتاوی ئەفسەرە عەرەبەکانی ناو سوپادەکات . لەناو ئەو ئەفسەرە غەیرە تورکانەدا کۆمەڵەیەکی نهێنی دروستدەکەن ١٣ ی ئۆکتۆبەری ١٩١٣ بەناوی کۆمەڵەی عەهد .

لە فرسەتێک دەگەڕێن لە جەمال پاشا هەڵگەڕێنەوە ، سەرەتای بزوتنەوەی قەومی عەرەبیش لەو کۆمەڵەیەوە دەستپێدەکات کە بەنهێنی لە ئیتحادوتەرەقی خۆیان جیاکردبوویەوە .

ملازم محەمەد شەریف فاروقی کە خەڵکی موسڵ بوو ، لەناو سوپادا ئاگاداری ئەو کۆمەڵە نهێنیەبوو .

لەسەرەتای جەنگەکەدا بەریتانیەکان نیازیان نەبوو هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی لەناوچەکەدا دروستبکەن .

تەنیا بیریان لەوە دەکردەوە لەناو عەرەبەکاندا خەلیفەیەکی موالی بەخۆیان بەبێ دەستەڵاتی سیاسی ، تەنیا وەک مەرجەعێکی ئایینی بۆ موسڵمانەکان دروست بکەن . لەبری سوڵتان کە بەریتانیا بڕیاری دابوو بیڕوخێنێت ، ڕۆڵی مەرجەعی ئایینی موسڵمانەکان بگێڕێت .

ئەو کەسەش شەریف حسەینی ئەمیری مەککەبوو کە پەسەندیان کردبوو بکرێت بە خەلیفە . شەریف حسەینیش ئەو مەرجەی بەریتانیەکانی قبوڵکردبوو .

سوڵتان و سەرۆک وەزیرانەکەی ( سەدری ئەعزەم) ئەو ڕێککەوتنەیان بیستبوو بۆیە ناردبوویان بەشوێن شەریفی مەککەدا ڕوونکردنەوەیان پێبدا . ئەمیر حوسەینیش ، فەیسەڵی کوڕی لە ڕێگای شامەوە نارد بۆ ئەستەنبوڵ تا سوڵتان دڵنیابکاتەوە . لە ڕێگای گەڕانەوەی فەیسەڵ لە دیمەشق چاوی بە هەندێک لە ئەندامەکانی کۆمەڵەی عەهد کەوتبوو . لەو ماوەیەدا جەمال پاشا کوشتاری عەرەبەکانی کردبوو . زۆرێک لە سەرکردە سەربازیەکانیانی لە سێدارەدابوو ، باقیەکەشیانی ناردبوو بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگ لە گالیپۆلی و دەردەنیل .

ئەوانەی مابوون ، بەنهێنی لە ڕێگای فەیسەڵەوە نامەیەک بۆ شەریف حسەینی باوکی دەنێرن کە ئەگەر ئەو پێشەڕەویان بکات ئەوان ئامادەن ببنە سەربازی بەردەستی بۆ ئەوەی شۆرش لەدژی عوسمانیەکان بەرپابکەن و دەوڵەتی عەرەبی دروستبکەن .

ئەو نامەیە شەریف حسەینی هاندا بەجۆرێکی تر لەگەڵ بەریتانیەکاندا ڕێکەوتن بکات . لەبەری تەنیا خەلیفەبوونی بێ دەستەڵاتی سیاسی ، داوای دەوڵەتی عەرەبی لێکردن . بەریتانیەکان داواکەی حسەینیان بەگاڵتەپێکردنەوە وەرگرت و هیچ بەڵێنێکیان پێنەدا .

لەوکاتانەدا ملازم محەمەد شەریف فاروقی گوسترابوویەوە بۆ بەرەی شەڕ لە دەردەنیل ( ئەستەنبوڵ) .

لە ٢٠ ی ئابی ١٩١٥ دا ، لە سەنگەرەکەیەوە ئاڵای سپی بەرزکردەوە و خۆی تەسلیمی سوپای بەریتانیەکان کرد .

سەرەتا بەریتانیەکان وەک دیلێکی ئاسایی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵداکرد و گواستیانەوە بۆ قوبرس . بەڵام لەکاتی لێپرسینەوەدا فاروقی خۆی وەکو نوێنەری ئەفسەرە عەرەبەکانی کۆمەڵەی نهێنی عەهد ناساند .

پێ ی گوتن ئەو وەک نوێنەری ئەوان خۆی تەسلیمکردووە بۆئەوەی پەیامی ئەو کۆمەڵەیە بگەیەنێت کەنیازی ئینقلابیان هەیە لەناو سوپای عوسمانیدا . ناوی زۆرینەی ئەفسەرە عەرەبە پلەدارەکانی سوپای عوسمانی پێدان . بەریتانیەکان بایەخی تایبەتیان بە فاروقی دا . گواستیانەوە بۆ ئۆفیسی عەرەبی بەریتانی لە قاهیرە .

کاتێک موخابەراتی بەریتانی لەقاهیرە زانیاریەکانی فاروقی لێکدایەوە ، هاوکات بوو لەگەڵ نامەکەی شەریف حسەینی کە داوای دەوڵەتی عەرەبی لێکردن و پێ ی ڕاگەیاندبوون لەناو سوپای عوسمانیدا ئەفسەرە عەرەبەکان لەپشتی ئەون ( بەپێ ی ئەو نامەیەی بە فەیسەڵدا لە دیمەشقەوە بۆیان ناردبوو ) سێر سایکس تازە لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دامەزرابوو . کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێدابوو .

ئەویش ئۆفیسی عەرەبی لە قاهیرە کردبوویەوە . بەریتانیەکانی هیندستان دژ بەکردنەوەی ئۆفیسەکەبوون چونکە دەیانوویست عەرەبەکانیش ببەستنەوە بە دەستەڵاتی بەریتانی لە هیند .

سایکس بۆئەوەی ڕازیان بکات سەردانی ئیدارەی بەریتانی لەهیندکردبوو . لەگەڕانەوەیدا لەقاهیرە لایدا و پرسی فاروقیان خستەبەردەستی . ئەویش بۆئەوەی وەزارەتی دەرەوە لە لەندەن ڕازی بکات کە ئۆفیسی عەرەبی پێویستە و نابێت دژایەتی ئیدارەی بەریتانی لەهیند سەربگرێت .

فاروقی وەک دەستکەوت هاتبووە بەردەستی .

لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ لەندەن تا شەرحی بارودۆخی عەرەبیان لەناو سوپای عوسمانیدا بۆبکات . ئیتر ئەستێرەی فاروقی گەشایەوە .

لەلایەک لای کۆمەڵەی عەهد وەک نوێنەری ئەمیر حسەین خۆی نیشاندەدا ، لای ئەمیر حسەینیش خۆی کردبوو بە نوێنەری نهێنی کۆمەڵەی عەهد ، بەبێ ئەوەی هیچ لایەکیان ئاگایان لەوەبێت فاروقی نوێنەری هیچ لایەکیان نیە . لەهەمان کاتدا بەریتانیەکانیش بڕوایان پێکردبوو نەیاندەزانی کە فاروقی جگە لەوەی ئەفسەرێکی دیلە و کەمێک شارەزایی لە جموجوڵەکانی کۆمەڵەی عەهد هەیە ، هیچی تر نیە .

بۆیە بایەخیان پێدا و بووە نوێنەری کۆمەڵەی عەهد و شەریف حوسەین لای بەریتانیەکانیش لە ئۆفیسی عەرەبی . لەدیدی شەریف حوسەینیش کە فاروقی نەناسراو بوو پێ ی وابوو نوێنەری بەریتانیەکانە و ئەویش حسابی بۆ ڕاوێژ و پێشنیارەکانی دەکرد .

لەکۆتاییدا ئەو نامانەی نێوان ماهکماهۆن و شەریف حسەین بەئارەزووی فاروقی دەنووسران کەبووە سەرچاوەی دروستکردنی دەوڵەتە عەرەبیەکان و سێر سایکس بەپێ ی ئەو سەرچاوانە ڕێککەوتنی لەگەڵ لایەنە فەرەنسیەکە - پیکۆت دا دەکرد و ئیتفاقیەی سایکس - پیکۆ لێوە دروست بوو .

لەکۆتاییدا ( پاش جەنگ) کە دەرکەوت فاروقی درۆی کردووە نوێنەری هیچ لایەکیان نەبووە .

بەڕێکەوت ئەو ڕۆڵە گەورەیەی لە مێژووی ناوچەکەدا پێدراوە . لە ڕووداوێکی نهێنی دا لە بەغدا ١٢ ئەیلول ١٩٢٠ دەکوژرێت و ناوی لەمێژوودا وەک یەکێک لەو فێڵبازە کاریگەرانە تۆمارکرا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دروستکرد .