لەژێر عەرشەوە ..

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
لەژێر عەرشەوە.jpg

نووسینی: هونەر تۆفیق

نیکۆس کازانتزاکیس لە براکوژیدا دەڵێت : لەپێناو شتێکدا دەجەنگێن کە هیچکات پێ ی ناگەن .

سەرەتا ، ئێستای دیمەنەکە بەمشێوەیە . لەزۆنی سەوزدا، ناو یەکێتی شلۆقە ، ئێران مەترسی لە ئاژاوە و سستی ئەمنی لە سنورەکەیدا هەیە لە حاڵێکدا خۆپیشاندانەکانی ناو ئێران توندتر دەبنەوە .

تورکیا جگەلەوەی لەزمانی وەزیری ناوخۆکەیەوە دەڵێن :

بەمنزیکانە بەپیادە دەچینە ناو عێراق و سوریاوە ، ئۆپراسیۆنێکی گشتگیری سەربازی بۆ سەر پەکەکە دەستپێکردووە بەتایبەتی لەناو هەرێمی کوردستاندا .

عێراق لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکادا ، لەبەردەم پێکدادانێکی نێوخۆیی سیاسی و فیرقە چەکدارەکاندایە .

پەکەکە چەند هەنگاوێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دوورە ، مەترسی لە تەقینەوەیەک هەیە کە شیرازەی ئەمنی بپچڕێت و ئامادەیە پێشئەوەی هیچ هێزێکی تر بەتایبەتی ئیسلامیەکانی لایەنگری تورکیا بۆشاییە ئەمنیەکە پڕ بکەنەوە ئەوان خۆیان قایم بکەن .

پارتی لە زۆنی زەردەوە لەهەمووان وردتر چاودێرە و لەهەمووان زیاتر لە دڵە ڕاوکەی ڕووداوەکانی ژێر کورسیەکەی عەرشەوەیە ..

لەژێر کورسیەکەی عەرشەوە :

ناکۆکی عەرشی یەکێتی نیشتمانی ئەگەر لەناو حیزبەکەدا پرسێکی ناوخۆیی بێت ، بەڵام لەژێر عەرشەکەوە ڕەهەندەکانی بەپێ ی دیمەنە سیاسیەکە زیاتر لە پرسێکی نێوخۆیی حیزبێکە .

لەلایەکەوە ئێران نیگەرانە لە نزیکبوونەوەی بەریتانیەکان لە سنوورە هەستیارەکەیەوە . تورکیا بڵاوبوونەوەی پەکەکە لە سنووری سەوزدا بەهۆکاری شکستی ئۆپراسیۆنە بێهودەکانی دەزانێت .

ئەمریکیەکان ترانزێتی دۆلارە سەرچاوە نادیارەکانیان لە هەولێر و سلێمانیەوە بەرەو وەزارەتی ناوخۆی تورکی بە مەترسی دەزانی تا نوێنەری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکی ڕاستەوخۆ بۆ چارەسەری ئەو پرسە دێتە سەرخەت . ئەمانە کۆمەڵێ پرسی هەستیاری ناکۆکی عەرشەکەبوون . زەمینەلەرزەی ژێر عەرشەکەی خێراترکرد .

دەرئەنجامی عەرش لەرزینەکە :

هەرکاتێک بوومەلەرزیەک لەیەکێتی دەدات ، گردێک پەیدادەبێت . لەئەنجامی عەرش هەژانەکەی نەوشیروان مستەفای ناو یەکێتی گردی زەرگەتە دروستبوو .

ئەم بوومەلەرزەیەشیان گردی دەباشانی کردەوە بە غوسڵی تەعمید و پاکبوونەوە .

ئەزموونی تەعمیدی زەرگەتە سەلماندی هەرکەسێک بەو گردەدا سەرکەوت مەرج نی یە غوسڵی دەرچووبێت .

ئێستاش ئەوانەی سەرەیان بۆ غوسڵی دەباشان گرتووە مەرج نیە هەموویان بەتەعمیدیك لەو خەوشیانە پاکبنەوە کە هەر ئەوان هۆکاری ئەو دۆخەن بەسەر حیزبەکەیاندا هاتووە .

کێشە یان ئیشکالیەت ؟

ئەوەی لەناو حیزبی سیاسی کوردیدا دەگوزەرێت کێشە نیە ، بەڵکە ئیشکالیەتە .

جیاوازی نێوان کێشە و ئیشکالیەت لەوەدایە ، کێشە پرسێکە چارەسەری ئامادەی هەیە .

بەڵام ئیشکالیەت چارەسەری ئامادەکراوی نیە ، دەبێت بەداهێنان و گۆڕینی ڕیشەیی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە .

گەڕان بەدوای هۆکاری کێشە و ئیشکالیەتەکان لەناو ئەوانی دیدا ناکاتە چارەسەر . یەکێتی لەکەرتبوونیدا خەتای کێشەکان بەسەر ئەوانی تردا دەدات .

گۆڕان هۆکاری گەندەڵیەکان لەوانی تردا دەبینێتەوە .

پارتی پێ ی وایە لەناو ئەودا هیچ خەتایەک نیە ، ئەوەی ڕوویداوە لە حیزبەکانی ترەوەیە .

ئەمەش ئیشکالیەتی ئیداری و سیاسی هەرێمی گەیاندووە بەو ئاستەی دۆزینەوەی چارەسەر مەحاڵ بێت .

ئەو حیزبەی پەند لە ڕابردووی خۆی وەرناگرێت :

لەمێژووی یەکێتی دا چەندین زەمینلەرزەی قورس لێ ی داوە .

بەڵام تەنیا حیزبیشە کە پەند لە ڕابردووی خۆی وەرناگرێت .

بەردەوام بەدەستی خۆی هەموو خەتاکان بەسەر خۆیدا ساغ دەکاتەوە .

ساڵی ١٩٨٨ کاتێک سوپاکەی سەدام هەڵەبجەی کیمیا بارانکرد ، هێزە کوردیە هاوپەیمانەکانی ئێران هەریەکە و بەسەنگی خۆی بەشداری هەم هێرشەکە و هەم تاڵانکاری هەڵەبجەیان کرد .

ئەو ئابڕووچوونە هەموو پارتە کوردیەکانی ناچارکرد لەناو خۆیاندا لیژنە پێکبهێنن بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەو سەرکردە و پێشمەرگانەیان بکەن کە دەستیان هەبووە لەتاڵانی هەڵەبجەدا .

یەکێتی ئەنجامی لیژنەکەی خۆی ڕاگەیاند و چەند سەرکردەیەکی ئەوسای خۆی تەجمید( ڕسوا) کرد . بەڵام حیزبەکانی تر بێدەنگیان هەڵبژارد .

کاتێک مێژوو دێتە سەر هەڵدانەوەی لاپەڕەی ئەو تاڵانکاریە ، هەموو حیزبەکانی تر خۆیانی لێ بێبەری دەکەن .

دەڵێن ئەوەتا یەکێتی ئەنجامی لیژنەکەی خۆی دەریخست چ تاڵانیەکیان کردووە ، ئێمە نەبووین !!

هەمان ئەزموون لەم قەیرانەی ناو یەکێتیدا دوبارە دەبێتەوە . عەرش لەرزینەکەی لەداهاتوودا دەبێتە هۆی سپیکردنەوەی ڕووی حیزبەکانی تر .

هیچ حیزبێکی هەرێمی کوردستان نیە لە گەندەڵیەوە نەگلابێت . بۆیە پرسی گەندەڵی یەک پاکێجە بۆ هەموو حیزبەکان .

یەکلاکردنەوەی لەناو خۆی یەک حیزبدا دەبێتە هۆی خۆ بێبەری کردنی حیزبەکانی تر و تاوانبارکردنی ئەو حیزبەی بەتەنیا ئیعتراف بە بەشداریەکەی خۆی لە گەندەڵیەکەدا دەکات .

کۆتایی دیمەنەکە :

هەمووان دەستیان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانیانە .

بە گولەیەکی غافڵ یان لەدەست دەرچوونی فیشەکێک ، پێکدا دەدەن .

ئەوساکە ئەو دیمەنەی سوریا دەبینین کە شەڕێکە وەک دەگوترێت : هەمووان لەدژی هەمووانە .